ئەوەی بۆ پارە دەژی چاوەڕوانی ئایندەی سیاسی لێناکرێت

‌دارەوان حاجی حامید

ئەوەی ڕوودەدات، نەک قەیران، بەڵکو دەرفەتێکی زێڕینە بۆ یەکێتی، چونکە باشترە ئەمڕۆ ئەو کەسانە بناسرێن کە پۆست و بەرژەوەندی کەسییان لە ئینتیمای حزبی گەورەترە، نەک سبەینێ کە بەرپرسیاریەتییەکی گەورەتریان پێ سپێردراوە!

ئەوەی بۆ پارە، پۆست یان بەرژەوەندی کاتی هەڵوێستی خۆی دەگۆڕێت، نابێت سبەینێ چاوەڕوانی متمانەی سیاسی لێ بکەیت. متمانە بە قسە دروست نابێت، بە پابەندی و هەڵوێست دەسەلمێنرێت .

ئەم شەپۆلە یەک دوو ڕۆژە و تێدەپەڕێت، بەڵام یەکێتی هەرگیز وەک ئەمڕۆ خاوەنی یەک سەرۆک، یەک دەنگ، یەک هەڵوێست، یەک مەکتەبی سیاسی و یەک تیمی حکومی نەبووە.

بڕیاری حزبی نابێت تەنها کاتێک جێبەجێ بکرێت کە لەگەڵ بەرژەوەندی کەسیدا بگونجێت!

کادری ڕاستەقینە ئەوە نییە.. تەنها لە کاتی وەرگرتنی پۆستدا یەکێتی بناسێت؛ کادر ئەوەیە کە کاتێک حزب بڕیاری بەردەوامبوون دەدات، بەردەوام بێت، کاتێکیش بڕیاری وازهێنان دەدات، بە هەمان پابەندی ڕێز لە بڕیارەکە بگرێت.

پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە:

ئەگەر یەکێتی نەبوایە، چەند کەس لە ئێمە دەبووینە وەزیر، وەکیلی وەزیر، ڕاوێژکار، بەڕێوەبەری گشتی یان پەرلەمانتار؟

ئەگەر یەکێتی ئەو متمانە و دەرفەتەی پێداوین، ئایا ئەوە کەمترین مافی نییە چاوەڕوانی پابەندی و ڕێزگرتن لە بڕیارەکانی بکات؟

ئەم ڕووداوانە دەبێت ببنە خاڵی دەستپێکی پاکتاوکردنی پێوەرەکانی هەڵبژاردنی کادر، نەک تەنها گۆڕینی ناوەکان.

دەبێت مەڵبەندەکان، دەزگاکان و دەستەی گشتی دەنگ و ڕۆڵی یەکلاکەرەوەیان هەبێت لە دیاریکردنی کاندیدەکانی پۆستە حکومییەکاندا.

پۆست دەبێت بۆ کەسی شیاو، خاوەن ئەزموون و پابەند بێت، نەک بۆ ئەوەی زیاتر داوای دەکات.

یەکێتی پێویستی بە کەسانێک نییە کە تەنها کاتی پۆست و دەسەڵات یەکێتین؛ پێویستی بەو کادرانەیە کە تەنانەت بێ پۆستیش لەسەر هەڵوێست و پابەندییەکانیان دەمێننەوە.

کۆتایی پۆست، کۆتایی ئینتیمای حزبی نییە؛ بەڵام کۆتایی ئینتیمای حزبی، دەبێت کۆتایی متمانەی سیاسی بێت.

لەکۆتایدا پارتی هیچی پێناکرێت و ئەمە وەک فشاربەکار دەهێنێت ئەم جۆرە هەوڵانە نیفاقی سیاسی دروستدەکات، سەرچاوەی تەنگەژەی سیاسییە کە پرۆسەکە سەرناخاو پەکی دەخات.


PM:09:04:04/11/2026

ئه‌م بابه‌ته 132 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی