کاتێک میدیا خۆی دەکاتە هەواڵ!

‌هەڤاڵ عارف


هەڤاڵ عارف

کاتێک کەناڵێکی ڕاگەیاندن بۆ ڕوماڵکردنی بۆنەیەکی کلتوری، چالاکییەکی هونەری یان هەر ڕوداوێکی دیکە ئامادە دەبێت، ئەرکی سەرەکی ئەوەیە، کە ناوەڕۆک، ئامانج و گرنگی ڕوداوەکە بگەیەنێتە بینەر بەڵام، کە هەمان کەناڵ هەوڵ دەدات ئامادەبونی خۆی بکاتە گرنگترین بەشی ڕووداوەکە و سەرکەوتنی بۆنەکەش بە بەشداریی خۆیەوە گرێ بدات، لێرەدا ڕوماڵی ڕۆژنامەوانی ئاراستەیەکی دیکە وەردەگرێت و دەگۆڕێت بۆ نمایش و  خۆ بەهەواڵکردن.

ئاشکرایە لەم ساڵانەی دواییدا، بەتایبەت لەگەڵ فراوانبونی میدیای سێبەردا لە هەرێمی کوردستان، نەخشەی کاری ڕاگەیاندن لە ڕوی فۆرم، شێواز و میکانیزمی کارکردنەوە گۆڕانکارییەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، بێگومان ئەم وەرچەرخانەش هەلی نوێی بۆ گەیاندنی زانیاری و پەرەپێدانی کاری ڕۆژنامەوانی ڕەخساندوە، بەڵام لە هەمان کاتدا دەرگای بۆ کۆمەڵێک هەڵسوکەوت و شێوازی ناپیشەییش کردوەتەوە، کە هەندێکیان نەک تەنها لەگەڵ پرەنسیپەکانی ڕۆژنامەوانیدا ناکۆکن، لەگەڵ بەها و نەریتە کلتوری و کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگەشدا یەک ناگرنەوە.

لێرەدا مەنتیق و دادپەروەری تێدا نیە بڵێین هەمو کەناڵەکان لە یەک ئاستدان، چونکە بەشێکیان توانیویانە تەکنیک و پێشکەوتنە نوێیەکان لەگەڵ ئێتیکی پیشەیی و بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتیدا بگونجێنن و بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن، بەڵام لەپاڵ ئەواندا ئاراستەیەکی دیکەش سەریهەڵداوە، کە  سنوری نێوان ئەرکی ڕۆژنامەوانی و مەرامی تایبەتی تێکەڵ دەکەن و بەبێ پشتبەستن بە پێوەرێکی ڕون و هەڵسەنگاندنێکی پیشەییش، خۆیان بە پێشەنگ و بێ مونافیس دەناسێنن.

هیچ عەیبەیەکی تێدانیە دەزگایەکی میدیای یان ئیعلامی هەوڵی جیاوازبونی خۆی بدات، هەمو دەزگایەک مافی ئەوەی هەیە کار و هەنگاوەکانی خۆی بناسێنێت و هەوڵی فراوانکردنی قەبارەی هەوادارەکانی بدات، بەڵام جیاوازییەکی زۆر لەنێوان ناساندنی کارەکان و بەکارهێنانی کاری ڕۆژنامەوانی بۆ خۆدەرخستن هەیە، چونکە کاتێک کەناڵێک بۆنەیەک ڕوماڵ دەکات، ئەوە بۆنەکەیە کە شایانی سەرنجە، نەک ئەو کەناڵەی مایک و کامێراکەی بۆ هێناوە.

لەواقعیشدا پێگە و ئیعتیباری دەزگایەکی ڕاگەیاندن بە ژمارەی ئەو بۆنانە ناپێورێت، کە تێیاندا ئامادە بوە و ڕوماڵی کردون، یان بەو ستایش و بانگەشانەی لەبارەی خۆیەوە بڵاویان دەکاتەوە، بەڵکو بە میسداقیەت و بەو زانیارییە دروست و مامەڵە پیشەییانە دەپێورێت، کە دەیگەیەنێتە جەماوەر، بۆیە ئەرکی میدیا ئەوەیە ڕوناکی بخاتە سەر ڕوداوەکان، نەک هەمو ڕوداوێک بکاتە هۆکارێک بۆ ڕوناککردنەوەی وێنەی خۆی وەک ئەوەی لەئێستادا لێرەو لەوێ دەیبینین.

لە قوڵاییدا، مەترسی ئەم جۆرە مامەڵەیە هەر لە پێشێلکردنی ئیتیکی رۆژنامەوانیدا کورت نابیتەوە، بەڵکو دەستکاری خودی خاسێتی روداوەکان و مافی وەرگریش دەکات، کاتێک میدیا لەئامرازی گواستنەوەوە دەگۆڕێت بۆ چەقی روداوەکە ئیتر لە بری ئەوەی ببێتە پردێک  لەنێوان  وەرگر و ئەوەی رویداوە، دەبێتە پەردەیەک زەینی بینەر دەشێوێنێت، لەم حاڵەتەشدا وەرگر دەگۆڕێت بۆ تەماشاکاری نمایشێکی خۆسەپێن، کە تێیدا دەنگ و رەنگی کەناڵەکە بەسەر کرۆک و راستی پێشهاتەکاندا زاڵ دەکرێت.

​دانانی سنورێک بۆ ئەم جۆرە ڕەفتار و پاشەکشە پیشەییەی کاری ڕۆژنامەوانی و جیاکردنەوەی سنوری نێوان هەواڵ و خۆبەپاڵەوانکردنی هەندێک میدیا بوەتە زەڕورەت، تاکو پێگەی کەناڵەکان بە کارنامە و بنەما پیشەییەکان هەڵبسەنگێندرێت، نەک بە ناونیشان و ستایشەکانی خۆیان.

خۆ  ئـەگەر کەناڵێک بە پێی ویست و مەرامی خۆی مامەڵە لەگەڵ ڕوداوەکان بکات، پلە و سیفەتی پیشەیی بۆ خۆی دابتاشێت و ڕوداوەکان بکاتە مۆرک و پاشخانی بانگەشە بۆ دەزگاکەی، هیچ جیهەتێکی پەیوەندیداریش نەبێ بۆ لێپرسینەوە، ئیدی چ ماناو  ماهییەتیک بۆ پرنسیپ و بنەما پیشەییەکانی کاری راگەیاندن دەمێنێتەوە؟!


PM:01:40:31/10/2026

ئه‌م بابه‌ته 392 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی