واز لە هەڵەبجە بهێنن با هەناسەی خۆشی بدات

‌چرۆ شەهاب

وازیان لێ بهێنن با خۆشی و شادی بگێڕن. وازیان لێ بهێنن با فێستیڤاڵی جوان و دڵخۆشی بگێڕن، وازیان لێ بهێنن با بوژانەوەی ژیان و ژینگەیەکی تەندروست بۆ خۆیان دروست بکەن. وازیان لێ بهێنن هەرچییەک پێیان جوان و خۆش و جیاوازە بیکەن.

وازیان لێ بهێنن با فێستیڤاڵی کڵاش و فەرەنجی و سەروبەست و کۆڵوانە و گوێز و سیاچەمانەش بکەن، با ئەوان دڵخۆش بن و بەشدار بن بۆ خەندە و خۆشی خۆیان و ئێمەش.

جوانی و خۆشییەکانیانم لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بینی، لە ئاهەنگی گۆرانییەکانی پەیوەند جاف، پیر و گەنج و منداڵ و خاوەن پێداویستی تایبەت، حیجاب و بێ حیجاب، تەنانەت مونەقەبەشم بینی، پێکەوە ڕیزیان بەستبوو، گوێیان لە گۆرانییەکان دەگرت و بەشداری ئاهەنگ و میوزیک و خۆشییەکان بوون. ئەمە هەڵەبجەی ڕاستەقینەیە، شارێک کە هەموو جیاوازییەکانی لە یەک ڕیزدا کۆدەکاتەوە و بە یەکەوە خەندە دەکەن.

ئیتر بەسە تانە و توانج لە خۆشییەکانیان. سەیرە لە پشت شاشەیەکەوە هەر خەریکی بێڕێزی بین بە خۆشییەکانیان، بۆ دەبێت هەمیشە بەدوای برینی قوڵ بگەڕێین و مشتێک خوێی بەسەردا بڕێژین؟ ئەوەی ئازاری چەشتووە مافی ئەوەی هەیە ئاسوودە بێت، و ئەوەی لە دوورەوە تەماشا دەکات مافی ئەوەی نییە دیاری بکات ئەو خەڵکە کەی بخەندێت و کەی بگری.

ڕێزگرتن لە قوربانییان تەنها بە گوڵ لەسەر یادگارەکان نییە، بەڵکو بەوەیە ئەوانەی ماون بژین، نەخۆشخانەیەکی باش، ڕێگایەکی ڕێکوپێک، پارکێک بۆ منداڵان، هەلی کار بۆ گەنجان، گەشتیاری و کەلتوور و فێستیڤاڵ، ئەمانە هەموو شێوازێکی زیندوون بۆ مانەوە و بەردەوام بوون، شار نابێت بە ئەلبومی ئازار بمێنێتەوە، با ئازارەکەی ببێتە هێز و ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی، نەک کۆت و زنجیر.

هەڵەبجە سروشتێکی جوانی هەیە، چیاکانی هەورامان، شاخ و دۆڵ و خاکێکی ئارام. شارێکی جواندەتوانێت ببێتە شوێنی گەشتیاری کوردستان. هەر فێستیڤاڵێک، هەر ئاهەنگێک و هەر گەشتیارێک کە دێت، بازاڕێک زیندوو دەکاتەوە، دوکانێک دەکاتەوە و گەنجێک هەلی کار دەبینێتەوە. ئەمە ئابووری یاد و بۆنەیە، بەو مانایەی کە بۆنەو فیستیڤاڵ و کۆنسێرت و خۆشییەکان دەبنە هۆی ژیان، بۆیە بەڕاستی و بە دڵ دووبارەی دەکەمەوە، واز لە هەڵەبجە بهێنن، با هەناسەی خۆشی بدات.


PM:04:00:30/10/2026

ئه‌م بابه‌ته 120 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی