سێبەرە ژەهراوییەکانی سۆشیال میدیا
نووری بێخاڵی
لە جیهانی هاوچەرخدا، تەکنەلۆژیا و سۆشیال میدیا بوونەتە پردێکی گەورە بۆ پێشخستنی هۆشیاریی گشتی، ئاڵوگۆڕی بیروڕا و پتەوکردنی بنەماکانی دیموکراسی و ئازادیی ڕادەربڕین، کەچی لە هەرێمی کوردستاندا خەریکە ئەم ئامرازە پێشکەوتووانە بە جۆرێک بەلاڕێدا دەبردرێن، تا ئاستی ئەوەی بوونەتە ئامرازێکی ترسناک بۆ تێکشکاندنی شکۆی مرۆڤ، شێواندنی ڕاستییەکان و دروستکردنی کەشێکی ژەهراوی، کە بەهۆیەوە بێڕێزیکردن و تیرۆری کەسایەتی، بوونەتە دیاردەیەکی باو.
دیاردەی ئەکاونتی ساختە و پەیجی سێبەر (بەتایبەتی سیاسییەکانیان)، کە ئێستا بۆتە نەخۆشییەکی ناو جەستەی سیاسی و کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان، هەر تەنیا کێشەیەکی تەکنیکی یان سەرپێچییەکی سادەی سۆشیال میدیا نییە، بەڵکوو مۆدێلێکی داڕێژراوی تێکدەرە، کە لە تاریکی و پشت پەردەوە بەڕێوە دەبرێت و پاڵپشتیی دارایی دەکرێت.
یەکێک لە خاڵەکانی جێی سەرنجی ئەم دیاردەیە ئەوەیە، ئەم ئەکاونت و پەیجانە لە ڕووکەشدا بێ خاوەن و سەرچاوە نادیارن، بەڵام کە لە گوتار و پەیام و مەبەستەکانیان و ئەوانەی دەیانکەنە ئامانج ورد دەبیتەوە، ناتوانیت باوەڕ بە خۆت بهێنیت کە ئەم کارە هەڕەمەکی و بێ بناغە و بەرنامەیە. چونکە ناچێتە عەقڵەوە لە پشتی ئەم لەشکری ئەکاونت و پەیجانەوە، دەستێکی ئاراستەکار و گیرفانێکی پارەدار نەبێت. ئەکاونت و پەیجگەلێک کە بوونەتە سەرچاوەی هەڕەشە و مەترسییەکی جیددی بۆ سەر ژیانی کۆمەڵایەتی و کاری سیاسیی سەنگین، مەترسییەک تا ئاستی نەهێشتنی متمانە لە ئاستە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکەی کۆمەڵگا. ئەکاونت و پەیجگەلێک کە لە بری ئەوەی توانا مرۆیی و ماددییەکانیان بخرێنە خزمەتی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی سیاسی و کۆمەڵایەتی و بوون بە ئامراز و هۆکاری سەقامگیریی سیاسی و ئاشتیی کۆمەڵایەتی، کەچی پێچەوانەی ئەمە، بوونەتە ئامرازی کوێرکردنی هۆشیاریی گشتی و هۆکاری تێکدانی شیرازەی کۆمەڵایەتی و تەبایی سیاسی.
بەداخەوە، ئەم دیاردەیە بەجۆرێک هەرێمی کوردستانی کردووەتە گۆڕەپانی شەڕێکی نامەردانە، کە تێیدا لە جیاتی گفتوگۆی مەدەنی و ڕەخنەی بنیادنەر، تیرۆری مەعنەوی و تێکشکاندنی هێز و کاراکتەری سیاسی و کەسایەتیی کۆمەڵایەتیی ئەم و ئەو، جێیان گرتووەتەوە. تا ئەو ڕاددەیەی کە سیاسەتمەدار، ڕۆژنامەنووس، ئەکادیمی، کەسایەتیی کۆمەڵایەتی، پیاوی ئایینی و هەر کەسێک کە سەرنجێکی ڕەخنەگرانەی ڕاشکاوی هەبێت، ڕاستەوخۆ لە لایەن ئەم ئەکاونت و پەیجانەوە (هەریەکەو بەپێی ئەوەی کە ڕەخنەکە چەند لە بەرژەوەندییە سیاسییەکانیان دەدات!) دەکرێتە ئامانجی هەڵمەتێکی ڕێکخراوی ناوزڕاندن و جنێو و سوکایەتیپێکردن.
بەداخەوە؛ دێوێکی قێزەونی ئەم مۆدێلە، گەرمکردنی بازاڕی ئەو کەسانەیە کە لە ڕێگای زمانی زبر، قەڵەمی سووک و جنێودانەوە دەیانەوێت بژێوی و ناوبانگ پەیدا بکەن. بە داخەوە، لای هەندێک لەو ئەکاونت و پەیجانە، ئەو کەسەی زمانشڕتر، جنێوبازتر و دەمپستر بێت، زیاتر دەبێتە جێی بایەخ، پارە و پاداشت و پفدان. ئەمەش فەرهەنگێکی مەترسیدار لە کۆمەڵگادا دەچێنێت، کە تێیدا بەها بەرزەکان، پیشەییبوون، هەستکردن بە بەرپرسیارێتی، ڕێزگرتن و ئاکاری بەرز، دەچنە ژێر پرسیارەوە و لە بەرامبەردا ناپاکیی مەعنەوی، بێڕێزیکردن و درۆکردن دەبنە خەسڵەتی پاڵەوانە ساختەکانی سۆشیال میدیا.
دۆخەکە بەجۆرێکە، کە کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەم دیاردەیە سنووری سیاسەتیشی تێپەڕاندووە و ڕاستەوخۆ کەوتۆتە گیانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی. چونکە هێرشەکان هەر کەسایەتی و کاراکتەرەکە ناکەنە ئامانج، بەڵکوو زۆر جار سنووری خێزان، ئابڕووی بنەماڵە و حەوت پشتیشی دەبەزێنن.
دیوێکی دیکەی ترسناکی ئەم دیاردەیە ئەوەیە، کە ئەم پەیج و ئەکاونتە سێبەرانە بە چەشنێک مێشک و هۆشی گەنجانیان ژەهراوی کردووە، تا ئەو ئاستەی بگەنە ئەو بڕوایەی کە درۆ، بوختان و سووکایەتیکردن، تاکە ڕێگای ناوبانگ، سەرکەوتن و بەدەستهێنانی پارەن. لەمەش ترسناکتر، کاتێک گەنج دەبینێت سۆشیال میدیا بۆتە زێرابێکی پڕ لە درۆ و دەلەسە و ساختەکاری و ملشکاندنی ئەم و قۆڵبادانی ئەو، چیتر توانای جیاکردنەوەی ڕاستی لە درۆی نامێنێت، بەمەش متمانەی بە هیچ شتێک نامێنێت. بێ متمانەییەک، کە دواجار دەیگەیەنێتە لووتکەی بێهیوایی لە ئاستی کۆمەڵگا و نیشتمانەکەیدا.
بەداخەوە؛ ئەم ئەکاونت و پەیجە سیاسییە سێبەرانە، کە لە هەرێمی کوردستاندا وەک چەکی قەدەغەکراو تەڕ و وشک بەیەکەوە دەسووتێن، داهاتووی ئەم کۆمەڵگایەیان خستووەتە مەترسییەکی گەورە و کێڵگەیەکی چڕی مینڕێژکراون لەسەر ڕێی نەوەی داهاتوو. بۆیە هەتا ئەو کاتەی ئەوانەی ئاراستە و پارەداریان دەکەن، دەستبەرداری ئەم شێوازە نامەدەنی و ترسنۆکانەیان نەبن، یان فلتەرێک نەبێت بۆ ئاشکرا کردنیان و یاسایەک نەبێت لێیان بپێچێتەوە و سزایان بدات، ئەوا سەقامگیریی سیاسی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی لەبەردەم هەڕەشەی جیددیدا دەمێننەوە و نەوە دوای نەوەی ئەم وڵاتەش، لە ئاست نیشتمان و ئاییندەیاندا بێ ئومێد و هەناسەساردتر دەکەن.
AM:11:36:25/10/2026
ئهم بابهته 248
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی