پارتی سیاسی: کێ سەرۆکە؟
لاوک سەلاح
لەم چەند دەیەی دوایدا،
بونیادی کۆمەڵگە جیاوازەکان لەسەرتاسەری دونیادا، دووچاری کێشەی گەورە بوون، هەر
لە قەیرانە سیاسییە جیاوازەکان و جەنگەکانەوە کە لە پێناوی وەدەستهێنانی هەمیشەیی وزە
و کۆنترۆڵ کردنی جیۆپۆلۆتیکی دەوڵەتە هەژارەکان بوو، تا دەگاتە هەرەسی سیستمە
دارایی و ئابووریەکان کە وەک بوومەلەرزە هەموو کایەکانی کۆمەڵگەی هەڵتەکاند. لەو
دۆخە سیاسییەدا کەلێن و بۆشاییەکی سیاسی لە سەرکردایەتی کردنی هەم پارتە
سیاسییەکان و هەم حکومەتی دەوڵەتە زلهێزەکان روویدا. پارتی سیاسی متمانەی خەڵکی لە
دەستدا پاش ئەوەی بونیاد و پەیکەر و خیتابی سیاسییان ون بوون. ئەم قسانە هەموو
پارتە سیاسییەکان لە چەپەکانەوە تا راسترەوەکان دەگرێتەوە.
هەڵە لە کوێدا روویدا؟
بۆ ئەو دەوڵەتانەی کە بە سیستمی سیاسی سەقامگیر و جێگیر و بە دامەزراوە سیاسییە
پتەو و مێژوویەکان ناسراوان وایان بەسەرهات؟ بۆ نموونە دەوڵەتانی وەک بریتانیا و
ئەمریکا؟ بۆ ئەو کەسانەی کە ئیدارەدانی حکومەتییان پێ سپێردرا، شایانی ئەو
بەرپرسیاریەتە سیاسییە و حکومڕانییە نەبوون؟ لە بریتانیا، لە ماوەی ١٠ ساڵی
رابردوودا حەوت سەرۆکی حکومەت گۆڕاوە، لە ئەمریکا دەنگدەر سەرلێشێوانانە لە نێوان
هەردوو پارتی سەرەکیدا لە ماوەی هەشت ساڵدا لە دڵەراوكێی سیاسدا بوو. پرسیاری
جەوهەری؛ بۆ مانفێست و بەرنامەکانی پارتە سیاسییەکان کە هاتوونەتە سەر حوکم جێبەجێ
نەکراون؟ بۆ ئەو وڵاتانە کە بە سەرچاوەی فەلسەفە و میراتێکی سیاسی فراوان ناسراون،
نەیانتوانی ئیدارەی سیاسی کێشە نێودەوڵەتییەکان و تەنانەت ناوخۆش بدەن، و لە بری
جەنگ، بۆ نموونە جەنگی ئۆکرانیا، کێشەکان لە رێگەی دایالۆگی سیاسییەوە چارەسەر
بکەن، کارەکە لەوەندەدا نەوەستا، بەڵکو وڵاتێکی گەورەی وەک روسیا، لەبەر ئەوەی
رێکوتنە سیاسییەکانی سەرەتای نەوەدەکان لەگەڵ ئەمریکا وەک خۆیان جێبەجێ نەکران، رێکەوتنە
مێژوویەکانی بە ئاسانی سڕیەوە و هاوپەیمانییە نێودەوڵەتییەکانی زوو پووچەڵ کردەوە،
بەداخەوە ململانێ سیاسییە کۆنەکان وەک خەونەکانی قەیسەر سەریان هەڵدایەوە و هیچیان
کەمتر نەبوون لە داواکردنی عێراق بۆ خاکی کوێت، وەک بەشێک لە دەوڵەتی عێراق. پرسیارەکانی
دیکە؛ ئایا هەڵە لە میکانیزمە سیاسییەکاندا هەبوو، کۆن بوون و سواون؟ یاخود ئیتر
فەلسەفە سیاسییە کلاسییەکان کاریگەریان نەماوە و توانای دەستپێشخەریان نەماوە؟
یاخود زانکۆکان ئەو کەسە شیاوانە پەروەردە ناکەن وەک جاران توانای ئیدارەدانی
قەیرانە سیاسییە جیاوازەکانی هەبێت، ئایا رووداوە سیاسییەکان لە کۆنترۆڵی مرۆڤ
دەرچووە؟ ئایا هەموومان کۆین لەسەر ئەوەی کە سەرکردەی سیاسی ئەمرۆ پێویستی بە
ئامرازی سیاسی نوێ هەیە بۆ ئەوەی متمانەی سیاسی دەنگدەر بە گشتی بەدەست بهێنێتەوە؟
دواتر، پرسیاری هەرە سەرەکی ئەم نووسینە ئەوەیە چۆن پرۆسەیەکی دروست بۆ هەڵبژاردنی
سەرکردەی سیاسی لای خۆمان لە پرۆسەی سیاسیدا بخوڵقێنین؟ ئەم پرسیارە پلانێکی
دوورمەودایە و زۆرجار بەگومان دەبین لە بەدیهاتنی، یاخود خەونێکە و زۆر دوورە!
پرۆسەی هەڵبژاردنی
سەرۆکی پارتی سیاسی، نەوەک هەر لە رۆژهەڵاتی ناوەراست، پرۆسەیەکە لە نێوان ژیان و
مەرگدا ململانێ دەکات، دەتوانین بڵێن لە مێژووی دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەوە لە
رۆژهەڵاتی ناوەراستدا هیچ پرۆسەیەکی سیاسی نەبووە کە دیموکراسیانە لەسەر شێوازی
ستاندەردی نێودەوڵەتی بوونی هەبێت، زیادەرۆیی نییە کە بڵێین هەڵبژاردنی سەرۆکی
پارتی سیاسی لە دەرەوەی پارتی سیاسی خۆی بووە، ئەوە کاریگەری دەوڵەتان بووە کە هەمیشە
وەک تارمایی و سێبەری پرۆسەی سیاسی هەبووە و ململانێ سیاسییەکانی بەلای یەکێکدا
شکاندۆتەوە، یاخود لە باشترین دۆخدا، ئەو سەرکردانە هاتوونەتە پێش کە بەشێک بوون
لە کۆڵەکە رەسەنەکانی کۆمەڵگە، رەسەن بە پێوەرە لۆکاڵییەکانی کۆمەڵگە، نەوەک بە
پێوەرە سیاسییە نێودەوڵەتییەکان، بۆ نموونە، هەمیشە هەڵبژاردنی سەرکردە، ئێستاشی
لەگەڵ بێت، لە وڵاتێکی وەک عێراق هەر لەبەرەی چەپەکانەوە تا نەتەوەییەکان و
ئیسلامییکانەوە، لە رێگەی بوونی پرۆسەیەکی دامەزراوەی سیاسیی روونەوە نەبووە،
باشترین دەلیل، بۆ پشتیوانی قسەکانمان، ئەوەیە کە کاتێک سەرکردەی سیاسی کاریزمە
ئۆغر دەکات، پارتی سیاسی دەکەوێتە قەیرانێکی سەختی بونیادەوە، تا ئاستی بەش بەش
بوونی پارتی سیاسی دەڕوات. ئەگەر پرۆسەیەکی سیاسی چەسپاو بۆ هەڵبژاردنی سەرکردەی
سیاسی لە نێو پارتی سیاسیدا هەبێت، پارتەکە خۆی نابێتە سەرچاوەی هەرەشە بۆ بونیادی
خۆی. بەداخەوە ململانێ سیاسیەکانی نێو پارتی سیاسی سەرچاوەی یەکەمی هەرەشەی سیاسی
خۆیەتی، پاشان هەرەشەکانی دەرەوە دێنە سەر خەت بۆ مۆنۆپۆلکردنی خاڵە لاوازەکان.
نموونە سیاسیەکان زۆر دوور نیین!
باشە، لە مێژوویەکی
سیاسی کە نەخشەرێگایەکی روون وئاشکرا نەبێت بۆ هەڵبژاردنی جێگرەوەی سیاسی و
دامەزراوەی سیاسی نەبێت بۆ متمانەدان بە جێگرەوە بۆ ئەوەی کۆدەنگی سیاسی بەدەست بێنێت
و لە میراتێکی سیاسیدا کە سەرکردەی یەکەم لە جێگرەوەکەی دەترسێت و لە خەونیشیدا
وەک دێوزمەیەک دەیبینێت و دواتر بە تۆمەتێک دەیکوژێت، لە بەدبەختییەکی سیاسی لەو
جۆرەدا، چی بکەین؟ دیسانەوە وەک ئەوسا چارەنوس و کۆی ژیانمان بدەینە دەست مەرگ و
قەدرێک کە لەناکاودا، لە دووڕیانێکی سیاسیدا، کە سەرۆک ئۆغر دەکات کەسێکی نەشارەزا
دێتە پێشەوە، نموونەی سوریای حافز ئەسەد، دەستور بەئاسانی دەستکاری کرا بۆ ئەوەی
کوڕەکەی بکاتە جێگرەوەی خۆی، ئەوەی لە ئێستادا لە سوریا روو دەدات، رەگوریشەی
دەگەرێتەوە بۆ مێژووی نەبوونی ئەو سیستمە سیاسییە لە نێو هەناوی پارتی سیاسیدا،
یاخود وەک ئەوەی لە عێراق لە چەند هەفتەی رابردوو روویدا؛ زاوایەک و برایەک، پێگەی
وەزارەتیان وەرگرت. نەبوونی توانای سەرکردایەتی سیاسی بۆ ئیدارەدانی کۆمەڵگە،
چارەنوسی کۆمەڵگە بەرەو هەڵدێر و وێرانە و جەنگ دەبات، لەبەر ئەوەی لە کەلتوورێکی
سیاسی داخراودا کە بەرهەمی نەبوونی گەشەسەندنی سیاسیە، کۆمەڵگە بە گشتی و پارتی
سیاسی بە تایبەتی رەوایەتی سیاسی نابەخشێتە جێگرەوە کە هەمیشە بە ئینقلابی سیاسی
نهێنی هاتووە، بڕوانە مێژووی دەوڵەتەکانی کەنداو.
ئەم دۆخە سیاسیانە هیچی جیاواز نییە لەوەی لە
ئەفگانستان و سوریا روویاندا و هەر بۆیە ئەکتەرە سەرەکییەکانی دەرەوە لە رێگەی
دادگای باڵاوە سەرقاڵی گۆرینی کۆی سیستمی سیاسیین لە عێراقدا، لە پاش زیاتر لە ٢٣
ساڵ لە رووخاندنی رژێمی پێشوو، گەیشتنە
ئەو راستییەی کە کۆمەڵگەی عێراق لە دەرەوەی ئیدارەکی سیاسی دەستەجەمعی خۆی کە
لەسەر کۆڵەکە مێژووی و ئایینی و کەلتووری و ئەزموونە سیاسییە داخراوەکانی خۆی
بیناکراوە، توانای فراوانکردن و دەوڵەمەندکردنی پرۆسەی سیاسی نییە و ئەوانیش، واتە
رۆژئاوا، لەوەندە زیاتر لە بەردەم ئیفلیجی سیاسیدا دەستەوەستان نابن و چاوەڕوان
نابن و ناچارن کار لەسەر کۆڵکە خۆرسکەکانی کۆمەڵگە بکەن، ئەوانەی کە هاوڵاتی
عێراقی لە تێگەیشتنیدا ئاسانە و رەنگدانەوەی سادە و ساکاری ژیانێتی.
کە باس لە پرۆسەی سیاسی
بۆ هەڵبژاردنی سەرکردە دەکەین، باس لە چارەنوسی کۆی کۆمەڵگە دەکەین کە پێویستی بە
نوێنەرایەتی سیاسی سەرکردە هەیە، لە نەبوونی ئەو پرۆسە دادپەروەرەییەدا کۆمەڵگەی
عێراقی بە ئاسانی سەرکردەی سیاسی قبوڵ نییە، سەدام حوسێن باشترین نموونەی سیاسییە،
کە لە نێو پارتەکەیدا دانیان بە توانای سیاسیدا نەدەنا، ئەویش هەر بۆیە نەیارە
سیاسییەکانی بە هەرەشەیەکی هەمیشەیی لە قەڵەم دەدا.
پوختەی قسە؛ لەم
جوگرافییە لەعنەتییەدا، لەم مێژووە بەڵایەدا، کێ، چی بکات؟ چاوەڕوانی مەرگ بین؟ یاخود
بۆ یەکەمجار هەوڵی دروستکردنی ئەو پرۆسەیە بدەین؟ پرۆسەی دامەزراندنی عورفی سیاسی
بۆ هەڵبژاردنی سەرکردە، دەزانین خەونێکی مەودا درێژە، بەڵام با پیتەکانی سەرەتای
حونجە بکەین بۆ ئەوەی لە ئینقلاباتی سیاسی خۆمان بپارێزین. ئایا ئەو پرۆسەیە لە
رێگەی ئەنجومەنێکی فراوانەوە زامن دەکرێت؟ ئایا تا چەند پرۆسەیەک لە هۆشمەندی
سیاسی یارمەتی پاراستنی بونیادی پارتی سیاسی دەدات بۆ ئەوەی متمانە بە نوێنەرەکانی
بکرێت، لەبەر ئەوەی دواجار ئەو سەرکردە سیاسییە دەبێتە نوێنەری سەرتاپا کۆمەڵگە.
پارتی سیاسی پشت بە چی دەبەستێت بۆ ئەوەی نەخشەرێگایەکی سیاسی بۆ ئەرکەکانی
سەرۆکایەتی دارێژێت؟ نەوەک هەر ئەوەندە بەڵکو ئیرادەی جێبەجێکردنی هەبێت، بوونی
ئایدیۆلۆجیا و میراتی سیاسی بەس نییە بۆ دامەزراندنی پرۆسەی هاتنە پێشەوەی
سەرکردەی نوێ. سەرنجێکی بابەتیانە لە هەرێمی کوردستان، بە ئاسانی درک بەو راستییە
دەکەین ئەوە هێزی پارتی سیاسی نییە کە هەرێم بەرێوە دەبات، ئەوە هێزی کەسایەتی
سیاسی و کاریزمای سیاسییە کە هەرێم بەرێوە دەبات، لە راستیدا سیاسەتمەدارەکان
کارێكی مێژووی نەمر دەکەن ئەگەر خۆیان و دەستەڵاتی سیاسیان بۆ دامەزراندن و
پتەوکردنی دامەزراوەی سیاسی تەرخان بکەن. کاری لەم جۆرە تەنانەت مەرگێش پەی پێ
نابات، لەبەر ئەوەی لە دۆخی لەو جۆرەدا، ئەو دامەزراوانە کە دێنە ئاراوە حکومڕانی
بە میکانزیمی دادپەروەرانەی بەتواناوە بەرجەستە دەکات و هەرەشە دەرەکییەکان لە
ئاستیدا لاواز دەبن و دروشمەکانی پاراستنی قەوارەی هەرێم بەرجەستە دەبن.
PM:10:08:24/10/2026
ئهم بابهته 148
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی