پەیوەندی ئەدەب و مێژوو؛ لە نێوان دیالێکتیک و تەواوکارییدا
راز ئەسعەد
ئەدەب هەر لە دەرکەوتنیەوە و بەپێی قۆناغەکان و بە گشتی خاوەن پەیام و ئامانجی دیاریکراو بووە، ڕۆڵی گرنگ و بونیادنەری لە بەرەو پێشبردنی شارستانیەتەکاندا گێڕاوە، هەرچەندە ڕەخنەگرانی بواری ئەدەبیات لە بارەی گرنگی و ڕۆڵی ئەدەب لە کۆمەڵگەدا بەسەر دوو بۆچووندا دابەش بوون، هەندێکیان لەو باوەڕەدان کە:
١- خودی ئەدەب بەو پێیەی کە پێویستی کۆمەڵگەیە دەبێت ئەرک و ئامانج و پەیامی تایبەت بەخۆی هەبێت، لە ڕاستیدا ئەرک و بەرپرسیارێتی ئەدەب لە ئاستێکدا خۆی دەبینێتەوە کە ئەرکی هۆشیاری و پەروەردەیی و ئەخلاقی کۆمەڵگەی لە ئەستۆدایە و پێویستە ڕەنگدانەوەی واقیع بێت.
٢- هەندێکی دیکە لە ڕەخنەگرانی ئەم بوارە بە شێوەیەکی دیکە وێنای ئەدەب دەکەن و پێیانوایە ئەدەب تەنها بەفیڕۆدانی کاتە، ئەدەب تەنها بۆ چێژ بینینە، کۆمەڵگە ناتوانێت لێی سوودمەند بێت و تاکەکانی بەرەو پەروەردەیەکی تەندروست ئاڕاستە بکات.
(١)
ئەدەب و مێژوو پەیوەندییەکی دیالێکتیکی بەهێز کۆیاندەکاتەوە، تا سەرەتای سەدەی بیستەمیش مێژوو بەشێکی دانەبڕاوی ئەدەب بوو، تەنانەت بەشێک بوو لە کۆلیژەکانی ئەدەبیات، پاشان مێژوو میتۆدی خۆی دۆزییەوە و چووە قۆناغێکی دیکەوە و بووە زانستێکی ئەکادیمی و کەرەستەیەکی بابەتیی توێژینەوەکان، ئەو قۆناغەش بریتیبوو لە گواستنەوە لە مێژووی گێڕانەوەوە بۆ میتۆدی زانستیی، بەتایبەت لەسەر دەستی لوسیان فیفەر و مارک بلۆخ(٢)، بەڵام ئەدەب و مێژوو لەو یەکانگیرییە دەرباز نەبوون، چونکە هەردووکیان لە پێکهاتەدا ئەدەبی گێڕانەوەن، ئەمە لە کاتێکدا لێکدانەوەی ئەدەب بە مێژووی شیعرەوە گرێدراوە، بەواتاییەکی دیکە وێڕای ئەوەی خودی ئەدەب درێژکراوەی گەشەی ئۆرگانی شیعرە و بنەڕەتی چەمکەکە لە سوکراتەوە سەرچاوەی گرتووە(٣)، هەروەها تەوەری سەرەکی ئەدەب و مێژوو مرۆڤە، دکتۆر قاسم عەبدە پێیوایە پەیوەندی نێوانیان پەیوەندییەکی تەواوکارییە، نەک کێبڕکێ، چونکە جۆرێک وابەستەیی دیالێکتیکیان لە نێواندایە، ئەمەش بۆتە وابەستەییەکی نیمچە ئەندامیی لە نێوانیاندا، چونکە وەک وتمان مرۆڤ بابەتی هاوبەشی نێوانیانە، هەر بۆیە زۆربەی نووسەران دەکەونە هەڵەی گەورەوە، کاتێک ناتوانن جیاکاری لە نێوانیاندا بکەن و دەبنە لایەنگری لایەکیان، وەک ئەوەی کەسێک کار لەسەر مێژوو بکات و بیکاتە کەرەستەیەکی ئاکادیمی ڕووت، بە بێ گرنگیدان بە ڕەهەندی ئەدەبی، یان بە پێچەوانەوە.(٤)
پێش ئەوەی زانستی مێژوو بەم شێوەیەی ئێستا پێش بکەوێت و میتۆدە زانستییەکان بەکاربهێنێت، کاری مێژوونووس ئەوەبوو بۆمان بگێڕێتەوە کە "چی ڕوویداوە"، بەڵام ئێستا ئەرکەکەی ئەوەیە "بۆمان شیبکاتەوە بۆچی ئەوەی کە ڕوویداوە، ڕووی دا"، ئەویش بە بەکارهێنانی میتۆدەکانی توێژینەوەی زانستی. جاران دەبوو مێژوونووس بابەتەکان کۆبکاتەوە و تۆماریان بکات و بۆمان بگێڕێتەوە، بەم شێوەیەش مێژوونووس دەبووە حیکایەتخوان و گێڕەرەوەی چیرۆک و ڕووداوە مێژووییەکان، بەمە کارەکەی لە چیرۆکنووسە ئەدەبیەکان نزیک دەبۆوە، لە هەمان کاتیشدا ئەدیبەکان بۆ دروستکردنی چیرۆکی سەرنجڕاکێش پەنایان دەبردە بەر چیرۆک و ڕووداوە مێژووییەکان، بەمەش کارەکەیان لەگەڵ مێژوو تێکەڵ دەبوو. هەر لێرەشەوە ڕۆمانی مێژوویی دەرکەوت و لەسەر دەستی چەندین ڕۆماننووسی جیهانیی برەوی سەند، لەوانە: تۆلستۆی، گۆستاف فلۆبێر، نابۆکۆف، ویلیام شکسپیر، چیخۆف و چەندانی دیکە. مێژوو هەر تێکەڵی ڕۆمان و گێڕانەوەی ئەدەبی نەبووە، بەڵکو پەیوەندیەکی زۆر پتەویشی لەگەڵ شیعردا هەبووە و زۆر کۆنیشە، ڕەنگە کۆنترین شیکردنەوەش لەسەر ئەم پەیوەندییە وتەکانی ئەرستۆ بێت لە کتێبی "هونەری شیعر"دا، کاتێک بەراورد لە نێوان داستان و مێژوودا دەکات و داستان بە ئەگەر لە قەڵەم دەدات و دەیکاتە مورادیفی شیعر، لە بەرامبەریشدا بێژەی (واقیعی) بۆ مێژوو بەکاردەهێنێت، جوانترین بۆچوونیشی ئەوەیە کە دەڵێت: "جیاوازی شاعیر و مێژوونووس ئەوە نییە کە ئەم شیعر دەنووسێت و ئەویش پەخشان، چونکە دەکرا مێژووی هیرۆدۆتس بە شیعر بنوسرایە، ئەو مێژووە بە شیعر نووسرابێت یان بە پەخشان هەر بە مێژوو دەمێنێتەوە، بەڵکو جیاوازیەکە لەوەدایە یەکێکیان ئەو ڕووداوانە دەگێڕێتەوە کە بەڕاستی ڕوویانداوە، لە کاتێکدا ئەوی دیکەیان ئەو ڕووداوانە دەگێڕێتەوە کە دەکرا ڕوو بدەن، لەبەرئەوە شیعر لە فەلسەفە بە بەختتر و لە مێژوو باڵاترە، چونکە شیعر بە جۆرێکی هەمەکی دەگێڕێتەوە، بەڵام مێژوو بەشەکی دەگێڕێتەوە"(٥).
مێژوو لە دیدی ئەرستۆوە ئەو هەواڵەیە کە ڕووداوگەلێک دەگێڕێتەوە کە لە ڕابردوودا ڕوویانداوە، بە بێ ڕاڤەکردنی بیری بزوێنەرەکانیان و دەکرێت بە پەخشان یان بە شیعر بیانگێڕێتەوە، واتە گرنگیدانی مێژوونووس بە ڕووداوەکانی ڕابردوو، دیاریکەری سروشتی کارەکەیەتی، ئیتر بە پەخشان بینوسێت یان بە شیعر، بەڵام شاعیر گرنگیدەدات بە گوزارشتکردن لەو ڕووداوانەی کە دەکرا یان دەبوو ڕوو بدەن.
ئەمە وەک ئەوەیە ئەرستۆ بیەوێت وا شاعیر دەربخات کە دەتوانێت پێشبینی داهاتوو بکات، ئەم پێشبینیکردنەش وایکردووە شیعر لە فەلسەفە و مێژوو باڵاتر بێت، چونکە پێیوایە شیعر بە گشتی لە شتەکان دەڕوانێت، بەڵام مێژوو بە شێوەیەکی بەشەکی ڕووداوەکان دەگێڕێتەوە.
بەتێپەڕبوونی کات پەیوەندی نێوان ئەدەب و مێژوو هاوشێوەی قەد و ڕەگی درەختی لێهاتووە، بەردەوام دەقە ئەدەبیەکان سوودێکی گرنگ و بەرچاویان لە ڕەگەزەکانی مێژوو وەرگرتووە، لەلایەکی دیکەوە ئاماژەکردن بە ئەدەب وەک درێژکراوەی گەشەسەندنی "ئۆرگانیی شیعر" پەیوەندییەکی ناوەکیتر پیشان دەدات، واتە ئەگەر ئەدەب وەک دەرئەنجامی پەرەسەندنی دەربڕینی شیعریی تەماشا بکرێت، ئەوە دەگەیەنێنێت کە خودی جەوهەری ئەدەب ڕەگ و ڕیشەی لە پێشکەوتنی مێژوویی شێوە و نەریتە شیعرییەکاندا هەیە، بە شێوەیەک شەپۆلەکانی مێژوو لەگەڵ بزووتنەوە ئەدەبیەکاندا ئاوێزان بوون و هەریەکەیان لە جەستەی ئەوی دیکەیاندا نیشتەجێ بووە(٦)، بەواتاییەکی دیکە دەتوانین بڵێن زۆربەی جار ئەرک و بەرپرسیارێتی قۆناغە مێژووییەکان لە ئەستۆی ئەدەبدا بووە، ئەدەبیش لە ڕێگەی ژانری شیعرەوە گوزارشتی لە واقیعی زیندووی کۆمەڵگە کردوە و هەر لە ڕوانگەی ئەو پەیوەەندییە قووڵەی نێوان ئەدەب و مێژوو، بەتایبەتی لە چوارچێوەی هۆنراوەدا، پەیوەندییەکی ئاڵۆز و فرەڕەهەندە، هەندێک ڕوانگە پێیانوایە ئەدەب بە تایبەت (هۆنراوە) بە قووڵی تێکەڵ بە زەمینە مێژووییەکان بووە، کە ڕەنگدانەوەی لایەنە کۆمەڵاییەتی و سیاسی و کەلتوورییەکانی قۆناغێکی دیاریکراوە، بۆیە لەم ڕوانگەیەوە تێگەیشتن لە (هۆنراوە) بۆ لێکدانەوەی بەرهەمە ئەدەبییەکان لە لایەکەوە و خودی واقیعی مێژوویی لەلایەکی دیکەوە گرنگە.
بە شێوەیەکی گشتی ئەو واقیعەی لە (هۆنراوە)دا ڕەنگ دەداتەوە واقیعێکی ڕەهایە، بەو واتایەی بە نەمان و تێپەڕبوونی واقیعە مێژووییەکەش خودی هۆنراوەکە لە ئەدەبدا بەهای خۆی لەدەست نادات و هەر بەزیندووی دەمێنێتەوە، بێگومان ئەدەب بەپێی قۆناغە مێژووییەکان گۆڕانکاری بەسەردا دێت، چونکە لە ڕاستیدا ئەوە مێژووە دەگۆڕێت و گۆڕانکاری لە ئەدەب و هۆنراوەدا دروستدەکات، بەمەش دەتوانین بڵێن پەیوەندییەکی ڕاستەوانە لە نێوان ئەدەب و واقیعدا هەیە.
سەرچاوەکان
١-د. فضل اللە، وظیفە الشعر عند النقاد العرب القدامی، مجلة القسم العربی جامعة بنجاب – باکستان، عدد ٢٨، ٢٠١١، ص١٥٧.
٢-د. عبدالحکیم الکعبی، الادب والتأریخ ..مقاربة منهجیة، ١٢ مارس ٢٠٢٢
https://www.alqabas.com/article/5878039
٣-هەڤاڵ ئەبوبەکر حسەین، ئەدەب و ژیانی مەدەنییەت، گۆڤاری زانکۆی سلێمانی، ژمارە ٤ی ئایاری ٢٠١٣ بەشی B ، ل ١٣٥.
٤-قاسم عبدە، الشعر و الروایة، مجلة فصول،م٣ ، ع ٢ ، القاهرة ، ١٩٨٣ ، ل ١٣٥.
٥-ئەرستۆ، هونەری شیعر (شیعرناسی) ، و: عەزیز گەردی ، چ ٢ ، چاپخانەی گەنج ، ٢٠١١ ، سلێمانی ، ل ٣٧.
٦-عدنان ملحم، جدلیة العلاقة بین التأریخ و الأدب العربی الإسلامی أ.د. عماد الدین خلیل، أنموذجا، مجلة جامعة القدس المفتوحة اللأبحاث والدراسات، عدد السادس والثلاثون، حزیران ٢٠١٥ ، ص٢٦١.
PM:04:17:22/10/2026
ئهم بابهته 348
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی