بۆچی ڕژێمەکانی ئەمڕۆ بەرامبەر شۆڕش و ناڕەزایەتییەکان خۆڕاگرترن؟

‌رێژەن جەمال

لە سەردەمی شۆڕشی فەڕەنسیدا، شۆڕشگێڕەکان لە ژێرزەمینەکان، لە ساڵۆنە ئەدەبییەکان یان لە قاوەخانەکانی پاریسدا کۆدەبوونەوەو نەخشەی شۆڕشیان دادەڕشت و بەیاننامەیان چاپ دەکرد، پۆلیسی پادشا نەیدەزانی لەناو مێشکی ئەو خەڵکەدا چی دەگوزەرێت، کاتێکیش پادشا بە خەبەر هات، خەڵک گەیشتبوونە بەردەم کۆشکەکەی و یەکەم دەرگایان سوتاند.

دەیەی 2010 تا 2020، کە زۆرترین خۆپیشاندانی لە شوێنە جیاوازەکانی جیهان بەخۆیەوە بینیوە، بەشێکیان بە گۆڕینی حکومەتەکان کۆتاییان هاتووە، بەڵام خۆپیشاندەران نەیانتوانی ڕەگ و ڕیشەی سیستمەکان هەڵبکێشن، ئەو دەیەیە زیاتر لە هەر قۆناغێکی مێژوو، خەڵک ڕژانە سەر شەقامەکان (هەر لە بەهاری عەرەبییەوە تا بەڕازیل، تورکیا، هۆنگ کۆنگ و چیلی).

لەو دەیەیەدا،خۆپیشاندانەکانی تشرین لە عێراق عادل عەبدولمەهدی لە دەسەڵات لادا، لە لوبنان سەعد حەریری کشایەوە، لە سودان عومەر بەشیر و لە جەزائیر عەبدولعەزیز بوتەفلیقە لادران، بەڵام ئەنجامەکانیان چی بوو؟ لە عێراق و لوبنان هەمان چینی سیاسی لە فۆرمێکی تردا مانەوە، لە جەزائیر و سودانیش دەسەڵات لە دەستی هێزی سەربازیی و ئەمنیدا مایەوە، یاخود وەک سودان بەرەو شەڕی ناوخۆ چوو. ساڵانی دواتریش لە ئێران، شەپۆلە یەک لە دوای یەکەکان بەتایبەت شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، ڕووبەڕووی سەرکوتکردنێکی تۆقێنەر بووەوە، بە بێ ئەوەی پایەکانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران لەق بکات.

دەیەی ڕابردوو، ساتەوەختێکی یەکلاکەرەوە بوو بۆ تێکچوونی هاوسەنگیی هێز لەنێوان خەڵک و دەسەڵات-دا. یان وەک یۆڤاڵ نوح هەراری دەڵێ؛ تەکنەلۆژیا هاوسەنگییەکەی بۆ هەمیشە تێکدا.

هەراری نموونەی یەکێتیی سۆڤیەت و پۆلیسی نهێنیی ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات دەهێنێتەوە؛ لە سەدەی بیستەمدا، ئەگەر حکومەتێک بیویستایە چاودێریی هەموو هاووڵاتیەکانی بکات، پێویستی بە سەدان و ڕەنگە هەزاران سیخوڕ هەبوایە، تا شەو و ڕۆژ کاربکەن و ڕاپۆرتەکان بخوێننەوە، ئەو سیخوڕانە دەبوایە گوێ لە تەلەفۆنەکانی خەڵک بگرن، لە کۆتایشدا سیستەمەکە لەژێر قورسایی زانیارییەکاندا پەکیدەکەوت، یان سیخوڕەکان خۆیان لە خەڵک نزیک دەبوونەوە و خیانەتیان لە ڕژێمەکە دەکرد، وەک ئەوەی لە شۆڕشی ڕۆمانیا و ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات لە ساڵی 1989 ڕوویدا.

بەڵام ئەمڕۆ کامێرا و ژیریی دەستکرد ماندوو نابن، بەزەییان نییە، مووچەیان ناوێت و خیانەت لە حکومەت ناکەن، یەک سیستمی ناوەندیی دەتوانێت لە چرکەیەکدا چاودێریی سەدان کەس بکات. دەسەڵاتە تۆتالیتارییەکانی وەک ستالین یان هیتلەر، بۆ کۆنترۆڵکردنی جەستەی خەڵک پشتیان بە ترس و توندوتیژی دەبەست، بەڵام دەسەڵاتی نوێ تەنها پشت بە قامچی نابەستێت، چیتر جێهێشتنی ئەشکەنجە لەسەر جەستەی خۆپیشاندەرەکان داهێنانێکی گرنگی دەسەڵات نیە بۆ تۆقاندنی ئەوانەی لەسەر شەقامەکانن، ئەو لە ڕێگەی مۆبایل و شاشەکانەوە دەچێتە ناو نەست و دەروونی مرۆڤەوە، لەوێوە دەست دەخاتە نێو ڕەفتارەکانیەوە.

لە سەدەکانی پێشوودا دەسەڵات کوێر بوو، نەیدەزانی خەڵک لەناو ماڵەکانیان، یاخود لە قاوەخانەکاندا بیر لە چی دەکەنەوە، تا ئەو کاتەی دەڕژانە سەر شەقامەکان و هەموو شوێنێک بە ئاگری تووڕەیی خەڵک دەسوتا، بەڵام ئەمڕۆ لە ڕێگەی ئەلگۆریتم، مۆبایلی زیرەک و چاودێریی دیجیتاڵییەوە، سیستمە پێشکەوتووەکان بەرلەوەی خۆپیشاندانەکە دروست ببێت، دەزانن کێ ڕێکیدەخات، ئاستی تووڕەیی خەڵک چەندە و چۆن دەتوانن لە ڕێگەی شەڕی دەروونی و ئاراستەکردنی زانیاریی چەواشەوە، ناڕەزایەتییەکە لەباربەرن.

لە سەدەکانی پێشوودا، بۆ ئەوەی جووڵانەوەیەک بتوانێت سەد هەزار کەس بهێنێتە سەر شەقام، دەبوو ساڵانێکی زۆر کاری ڕێکخستن و دروستکردنی شانەی نهێنی ئەنجامبدات، چەندان ڕۆژ بڵاوکراوە بەسەر خەڵکیدا دابەشدەکرا تا دەگەیشتە ڕۆژی خۆپیشاندانەکە، لە سەردەمی شۆڕشی فەڕەنسا یان لە شۆڕشەکانی دیکەی سەدەی بیستەمدا، خەڵک پێکەوە "ئێمە"یەکی سیاسییان دروست دەکرد کە خاوەنی ئیرادەیەکی هاوبەش بوو، بەڵام ئەمڕۆ، مرۆڤەکان لەناو فەزای دیجیتاڵیدا تاکی دابڕاون؛ ئەوان کۆدەبنەوە و ژاوەژاوێکی گەورە و کاتیی دروست دەکەن، بەڵام ناتوانن "ئێمە"یەکی گەورە دروست بکەن، شۆڕش و ناڕەزایەتییە گەورەکان گۆڕاوە بۆ "پیاسەی دەستەجەمعی" یان "هەڵمژینی هەوای پاک" یاخود "سەیرانی بەکۆمەڵ".

لە بەرەبەیانی 14ی تەمموزی 1789دا، کاتێک خەڵکی برسی و تووڕەی پاریس سەدان تفەنگ و چەند توپێکیان بەدەست هێنا و هێرشیان کردە سەر قەڵای باستیل، جیاوازیی نێوان چەکی خەڵک و هێزی دەوڵەت بەو ئەندازەیەی ئەمڕۆ نەبوو، بەڵام تووڕەیی جەماوەر توانی دیوارە ئەستوورەکانی ستەمکاریی بهەژێنێت. دەڵێن کاتێک لویسی شازدەهەم هەواڵەکەی بیستووە بە سەرسوڕمانەوە پرسیویەتی: ئەرێ ئەمە یاخیبوونە؟ لەوکاتە دۆق دی لا ڕۆشفۆکۆڵد وەڵامە مێژووییەکەی داوەتەوە و گوتویەتی: نەخێر گەورەم، ئەمە شۆڕشە!. بەڵام ئەگەر ئەمڕۆ لویسی شازدەهەم زیندوو ببێتەوە و لە پەنجەرەی کۆشکەکەیەوە تەماشای ملیۆنان خۆپیشاندەری پاریس، بەغدا یان تاران بکات کە لەژێر چاوی کامێرا زیرەکەکان یاخود درۆنەکاندا هاوار دەکەن، ئەمجارە ڕۆشفۆکۆڵد پێی دەڵێ: گەورەم هیچ نیە، ئەوە پێی دەگوترێ ترێند!

شۆڕشەکانی سەدەی نۆزدەهەم و سەدەی بیستەم بوونە وانەیەکی گرنگ بۆ دەوڵەتی مۆدێرن. وایکرد دەسەڵات پێشوەختە خۆی بۆ شۆڕش ئامادە بکات، یان وەک ئەو دابەشکارییەی زیگمۆنت باومان باسیدەکات، کە لە سەردەمی شۆڕشی فەڕەنساوە تا کۆتایی سەدەی بیستەم، دەسەڵات واتە؛ (توانای ئەنجامدانی کارەکان و کۆنترۆڵکردنی سامان)، سیاسەت-یش واتە؛ (حکومەت و پەرلەمان) هەردووکیان لە یەک شوێندا بوون کە دەوڵەتی نەتەوەیی بوو. بۆیە ئەگەر خەڵک باڵەخانەی حکومەتیان بگرتایە، دەسەڵاتیان دەگرتە دەست.

بەڵام ئەمڕۆ بەشێکی زۆر لە دەسەڵاتی ڕاستەقینە لە دەستی سەرمایەی جیهانیی، کۆمپانیا فرە ڕەگەزەکان، بانکەکان و زلهێزە هەرێمیی و نێودەوڵەتییەکاندایە، سیاسەتیش لەسەر زەوی و لەناو گەڕەکەکاندا گیریخواردووە، کاتێک خۆپیشاندەران لە بەغدا، بەیرووت، پاریس یان ئەسینا حکومەتێک تەنگەتاو دەکەن، دەبینن حکومەتەکە خۆی بێدەسەڵاتە لە گۆڕینی هاوکێشە ئابووریی و ئەمنییە گەورەکان دا.

لە کۆتایی سەدەی 20 و سەرەتای سەدەی 21دا، ترازانێکی گەورەی مێژوویی لەنێوان دەسەڵات و سیاسەتدا ڕوویدا، دەسەڵاتی ڕاستەقینە واتە (پارە، چەک، بڕیاری ستراتیژیی) چووە ناو تۆڕە نادیارەکانەوە. سیاسەت-یش واتە (بینای پەرلەمان، ئەنجوومەنی وەزیران) کرۆکی دەسەڵاتیان لێ داماڵرا و لەگەڕەکەکانی خۆیدا جێهێڵدرا، کاتێکیش ملیۆنان خۆپیشاندەر دەڕژێنە سەر شەقامەکان و داوای باشکردنی بژێوی ژیانیان و نەهێشتنی بێکاری یاخود گۆڕینی سیستم دەکەن، ئەوان ڕوو دەکەنە بینای حکومەت و پەرلەمان، بەڵام کاتێک دەگەنە ئەوێ، دەبینن ژوورەکان بەتاڵە!

لەساڵی 2022 لە سریلانکا خۆپیشاندەران هێرشیان برد و چوونە نێو کۆشکی سەرۆکایەتیی وڵاتەکەیانەوە، هەندێکیان ئەوەندە شاگەشکەی دۆخەکە بوون لەسەر جێگەی نوستنی سەرۆک خەوتن و پشوویەکی چاکیان دا، کەسانێکیش لە مەلەوانگەکەیدا مەلە و گاڵتەوگەپیان دەکرد، بەڵام ڕۆژی دواتر چی ڕوویدا؟ هیچ شتێک! چونکە بەشێکی قەرزدەرەکانی سریلانکا چین و بانکە جیهانییەکان بوون، سوپاش هەر لە شوێنی خۆی بوو، وڵاتیش قاچەکانی هێشتا لەنێو قەرزاری و خراپی دۆخی ئابووریدا بوو، وەک سلاڤۆی ژیژەک دەڵێ: کێشەکە لە کەوتنی دیکتاتۆر یان حکومەت دا نییە، بەڵکو لە ڕۆژی دوای خۆپیشاندانەکەدایە.

دەسەڵات زۆر زیرەکانە سوودی لەو دابەشبوونە وەرگرتووە کە باومان باسی دەکات، دەسەڵات حکومەتەکان وەک کیسەی بۆکسێن لەبەردەم خەڵکدا دادەنێت، کاتێک خەڵکی برسی و تووڕەش دەڕژێنەسەر شەقامەکان، خۆیان لە حکومەتەکاندا بەتاڵ دەکەنەوە، جنێوی پێ دەدەن و هەندێک جار سەرۆک وەزیرانەکانیش دەگۆڕن، بەڵام خەڵکیی پەلاماری سێبەری دەسەڵات دەدەن نەک جەستەی دەسەڵات، بەمەش تووڕەییەکەیان خاڵی دەبێتەوە چونکە پێیانوایە دەستیان بە سەرجەم دەمارەکان گەیشتووە و هەموویان بڕیوە، بەڵام ئەوەی دەستی خەڵکەکەی پێی نەگەیشتووە، تۆڕە ئاڵۆزەکەی دەسەڵاتە، تۆڕێک کە لە سەرکردەی میلیشیاکان، ژەنەڕاڵەکان، مافیاکانی بانک و نەوت و دەزگا هەواڵگرییەکان پێکهاتوون.


PM:01:52:22/10/2026

ئه‌م بابه‌ته 48 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی