سوێند خواردن

‌رێبین عومەر

لە کوردەواریدا سوێند خواردن جوان نییە بۆ دەرخستنی پاکی و خاوێنی؛ لەم عێراقەدا باشتروایە چیتر بڕگەی سوێند خواردن نەمێنێت؛ بە تایبەت بە قورئانی پیرۆز، جاران دەیان ووت: ئەو قورئانە دەتگرێت؛ پیرۆزی قورئان باشتروایە بەکارنەیەت بۆ کەسانێک کە مەبدەئی کارکردنیان لەگەڵ پەیامی قورئان یەکناگرێتەوەو دوورن لەیەکەوە؛ رەنگبێت ئەوەی دەستی ناوە بە پەڕەی نوسراوێکی بەردەمی راستگۆتربێت لەوانە پەنجەیان خستۆتە سەر قورئانەکەو سوێندی پێدەخوات.

ئەو بەسوێندخواردنەی زەیدی لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی بۆتە جێگەی باس، هەندێک هەر لەویادا پێدەکەنین و هەندێکیش بێ دەستنوێژو سەرپۆش و لەگەڵی نایڵێنەوەو دەزانن دەیانگرێت و سوێندەکە دەشکێت..هتد. خەڵکی عێراق باش دەزانێت سوێندەکە هەرلەویادا کەوتووەو کاری پێناکرێت، بە گوێرەی راپۆرتی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی Transparency International، لە ساڵی ٢٠٢٥دا، عێراق لە پلەی ١٣٦ی جیهان دایە لە ڕیزبەندی پێوانەی گەندەڵی (CPI)، لە کۆی ١٨٢ وڵات و هەرێمدا.

دەرهاویشتەی گەندەڵیش هەمیشە هەژارییە،بەپێی داتا نوێکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە ساڵی ٢٠٢٤، ڕێژەی هەژاری لە عێراق ١٧.٥٪ ، بەپێی پێوەری هەژاریی نیشتمانی. عێراق خاوەن سامانێکی گەورەیەو دەوڵەمەندە، بەڵام بەهۆی نادادی و گەندەڵییەوە تا ئێستا خۆشگوزەرانی بە هاوڵاتییەکانی نەگەیشتووە.

وڵاتەکە بێخزمەت و هەژارو داماو دەژی. پارەو سامانی گشتی لەم وڵاتەدا تەواو بەهەدەردەچێت و حکومەتیش چەند سوێندبخۆن هەردەکەوێت و ناتوانێت بەر بە گەندەڵییەک بگرێت کە وەک پاکردنەوەی پلیکانەوایە لەسەرەوە بۆ خوارەوەدێت.


PM:12:37:22/10/2026

ئه‌م بابه‌ته 340 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی