لە ئایاری ١٩٦٨ـەوە بۆ سەردەمی ماکرۆن؛ کاتێک پاریس لە شەقام و زانکۆکانی دەترسێت
ئارام سەعید
خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییە بەردەوامەکانی فەرەنسا بەرهەمی گرێکوێرەیەکی فرەڕەهەندن؛ شەقامێک کە بەدەست چەندین کێشەوە گیری خواردوە لەوانە بژێوی رۆژانەی خەڵک ، میراتی مێژوویی یاخیبوون، تێچووی گرانی شەڕی ئۆکرانیا و شەپۆلی پۆپۆلیزمی جیهانی . هەربۆیە خوێندنەوەی ئەم تەقینەوە کۆمەڵایەتییە گرنگە لەم چوارچێوە گشتگیرەدا بێت.
لە ناوخۆدا، ئابوری فەرەنسی دووچاری داڕمان بووە. دابەزینی دەسەڵاتی کڕین (Pouvoir d'achat)، هەڵاوسان و دابڕانی خزمەتگوزارییەکان لە شارۆچکە پەراوێزخراوەکان (La France périphérique)، بێئومێدییەکی قووڵیان دروستکردووە. ئەم دۆخە بە هەڵکشانی تەمەنی خانەنشینی بۆ ٦٤ ساڵ تەقییەوە؛ بڕیارێک کە لە دیدی هاووڵاتیی فەرەنسیدا زەوتکردنی دەستکەوتێکی مێژوویی کرێکاران بوو.
هاوکات، کۆشکی ئەلیزێ بەردەوام لە مۆتەکەی زانکۆکان و خوێندکاران دەترسێت؛ فەرەنسا هەمیشە ترسی لە دووبارەبوونەوەی شۆڕشی ئایاری ١٩٦٨ هەیە، کە تێیدا خوێندکاران بوونە پریشکی سەرەکیی شڵەقاندنی دەسەڵاتی شارل دیگۆل و ئیفلیجکردنی تەواوی وڵات. ئەم میراتە شۆڕشگێڕییە وا دەکات هەر ناڕەزایەتییەکی زانکۆکان خێرا ببەسترێتەوە بە کێشەی بێکاری، گەڕەکە پەراوێزخراوەکانی دەوروبەری شار و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ پۆلیس.
سیاسەتەکانی ئیمانوێل ماکرۆن بەنزینیان بەم ئاگرەدا کرد. ناوبراو لە سەرەتای دەسەڵاتییەوە بەهۆی لابردنی باجی سەر دەوڵەمەندان بە «سەرۆکی دەوڵەمەندەکان» ناوی دەرکرد. پەنابردنی بەردەوامی حکومەتەکەی بۆ ماددەی دەستووریی 49.3 بە مەبەستی تێپەڕاندنی یاساکان بەبێ دەنگدانی پەرلەمان، پێگەی دیموکراسیی دامەزراوەیی لەرزاند و وایکرد ماکرۆن وەک حاکمێکی تاکڕەو و دوورلە دەردی خەڵک لەقەڵەم بدرێت.
ئەم برینە ناوخۆییانە بەهۆی جەنگی ئۆکرانیاوە هێندەی تر قووڵبوونەوە. نەمانی وزەی هەرزانی ڕووسیا تێچووی پیشەسازی و وزەی ماڵانی بەرزکردەوە. لە لایەکی ترەوە، تەرخانکردنی نزیکەی ٤ ملیار یۆرۆ هاوکاریی سەربازیی ڕاستەوخۆ بۆ کیێڤ و بەرزکردنەوەی بودجەی بەرگریی فەرەنسا بۆ ٤١٣ ملیار یۆرۆ تا ساڵی ٢٠٣٠، ناڕەزایەتییەکی توندی دروستکرد.
سەندیکاکان و ئۆپۆزسیۆن بە توندی ئەو درووشمەیان بەرزکردەوە: «چۆن دەوڵەت پارەی نییە بۆ کەرتی تەندروستی و خانەنشینی، بەڵام ملیاران یۆرۆی بۆ بەرەی جەنگ هەیە؟». ئەم خەرجییانە لە کاتێکدایە کە کورتهێنانی گشتیی بودجەی وڵات سنووری ٥.٥٪ی بەرهەمی ناوخۆیی تێپەڕاندووە و بووەتە هۆی سەپاندنی سیاسەتی سکهەڵگوشین بەسەر هاووڵاتیاندا.
لە دیوی دەرەکیی جیهانیشەوە، سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپ ژینگەیەکی جیۆپۆلیتیکی لەباریان بۆ ئەم پشێوییە خوڵقاند. دروشمی «ئەمریکا لە پێشینەیە»، شەڕە بازرگانییەکان و سەپاندنی باج بەسەر کاڵای ئەوروپیدا، بازاڕی یەکێتیی ئەوروپای تووشی شۆک کرد. لەوەش گرنگتر، پۆپۆلیزمی ترەمپ و هێرشەکانی بۆ سەر سیستەمی حوکمڕانیی کلاسیک، ئیلهامبەخش بوون بۆ ڕاستڕەوە توندڕەوەکانی ئەوروپا و فەرەنسا، تا لە ڕێگەی گوتارێکی هێرشبەرەوە شەرعیەت لە دەسەڵاتدارانی بەشێکی ئەوروپا بسەننەوە.
لە کۆتاییدا، شەقامی فەرەنسا قوربانیی هاوکێشەیەکی فرەلایەنە: هاووڵاتی لەژێر باری گرانی و باجدا دەناڵێنێت، لەپاڵ ئەمەشدا خوێندکارانێک کە ژیانی رۆژانەیان پێ دابین ناکرێ ، ڕۆحیەتی یاخیبوونی ١٩٦٨ زیندوو دەکەنەوە، دەسەڵاتەکەش لە ناوخۆدا پەنا بۆ بڕیاری بەپەلە و خەرجیی سەربازی و سیاسەتی سکهەڵگوشین دەبات، جیهانیش خۆی پڕ لە ململانێە کە لێکەوتەکانی ڕاستەوخۆ دەگەنە سەر ژیانی هاووڵاتیی ئاسایی، ئەوا دەرئەنجام ئەو نارەزاییانە دەخولقێت.
PM:05:57:20/10/2026
ئهم بابهته 232
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی