پەڕلەمانێکی غائیب و پەڕلەمانتارێکی خودپەسەند
ئاسۆ عەبدولـلەتیف
کاتێک نازانی ئەرک و خواستەکانت چیەو هەر ئیمتیازات دەبینی و گوێت لەدەنگدانەوەی ئەشکەوتەکەیە، دەگەیتە ئەم خاڵە کوشندەو جەوهەریە، کە تەژییە لەنائومێدیی و بێبڕوایی.
ئەوانەی پەلەیان بوو بچنە پەڕلەمان بۆ مشتێک ئیمتیازو دەستکەوت و ئانارشیەت، ئەزموونی حوکمڕانیان ناشیرین دەکردو حەزیشیان لە پەڕلەمان بوو، وایاندەزانی قسەو توڕەبوونی بێپلان و بێ ئەجێندا باجی نییە؟ خەڵک و دەنگدەرانیان هانداو بێ هیوا کرد، شوێن ئارەزوەکانیان کەوتن و بەرخۆریی زاڵ بوو، بەدرێژایی ئەو هەمووساڵە بە فەنتازیای لایڤ و دیبلۆماسیەتی خەڵەتێنەر، ئەو هەستە شۆڕشگێڕیی و حەماسەتەی هەژارانیان کوشت، ئەوە ئۆپۆزسیۆنی هیواکوژ بوو پەڕلەمانیان بەدروشم کردبوە قیبلەی شۆڕش و ڕیفۆرم، فەرقیان زۆرە لەگەڵ پاڵەواکانی ڕیفۆرم و چاکسازی و شۆڕشگێرانی خولگەی ئازادیی.
گروپێک بەڕێنوماو سەپۆرتی شاراوەی دەسەڵات لیست و قەوارەیان دروستکرد، تەخشان و پەخشانیان بەدینارو دۆلارەوە کرد، تۆمەتیان بۆ قەڵەمی ئازادو خەڵکی لیبڕاڵ و هەموان دروستکرد، شەو لەتیڤیەکانی دەسەڵاتەوە شرۆڤەیان دەکردو بەو ڕۆژگارەش وەک «میرابۆ»هوتافیان ئەدا دژی دەسەڵات، ئێستاش پێیان نەوتین سەرچاوەی داهاتەکانیان کوێ بوو، ئەوکات ووتمان کێشەیەکی زیهنی هەیەو دەبێ دەستنیشانی بکەین بۆتان. کە واتان دەزانی هەڵبژاردن گۆڕانکاری دروست دەکات و ناوەندی ئەو گۆڕانکاریەش پەڕلەمانە، دەی هەرگیز شتی وا ڕووی نەداو ڕوونادات، پەڕلەمان گۆڕانکاری جەوهەری دروست ناکا، بگرە شەرعیەت زیاد دەکات و قۆڵ و مەچەکی هێزە چەکدارەکان بە دەنگ و توڕەبوونی ئێوە بەهێزتر دەکات هەرواش بوو! ئێستا تێدەگەن پەڕلەمان دەزگای تەشریعە بۆ واقیعێکی داسەپاو نەک دەزگای تەشریعیی!
وتمان ئۆپۆزسیۆن بن، بایکۆت بکەن، مەچنە ناو سیاجی پەڕلەمان بۆ دونیا ئاخر نابێ، چونکە پەڕلەمان دەزگایەکی گرێدراوی ڕادیکاڵ و ئایدۆلۆژیی پڕاگماتیستە بۆ پتەوکردنی پایەو ڕایەڵەکانی دەسەڵات و شوێنی ئینحیازو ئیمتیازە، سیستمی جێبەجێکارو دەسەڵاتی دادوەریی نیە، دەزگایەکی سیاسی چاودێریکاری سادەیەو سەقفی عەقیدەو بڕواتان با ئەوەندە بەرزنەبێ، ئەوپەڕی ئێوەش چاودێری دەکەن لەگەڵ قاڵەقاڵ و زەبرو زەنای ئەوانیدیکە، دەسەڵات چاودێریەکی ئاوا کارتۆنی و قاڵەو ناڵەو دەفژەنیی پێویستە نەک پڕۆژەی جددی ڕەخنەگر، دەی ئاوا چۆن گۆڕانکاری ڕووئەدات هەر چاودێریی بکەیت و خەڵک نائومێد بکەیت و خۆت نەچیتە سەرجادەو شانت تۆزاوی نەکەیت و ئێستاش داوای کاراکردنەوەی پەڕلەمان بکەیت دوای دووساڵ لە پشووی ئیجباریی «تعطيل المؤسسة التشريعية»
نالی مەزن وتەنی ئیزهاری دانایی بەو خودپەسەندی و عەزەمەتە مەکەن با نادان و بچووکتر نەبنەوە لای خەڵک و جەماوەر ئەوەندەی تر.
هەرکەسێ ئیزهاری دانایی بکات و مەقسەدی
خودپەسەندی بێ، یەقین ئیزهاری نادانی دەکا.
PM:01:40:20/10/2026
ئهم بابهته 220
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی