ئەنتیگراسیۆن، فۆڕمێکی دیکەی کوردبوون لە تورکیا

‌ئاسۆ عەبدوللـەتیف

ئاسۆ عەبدوللەتیف
 
لە تورکیا ماوەی دووساڵە پرۆسەی ئاشتی دەستیپێکردۆتەوە لەگەڵ تەڤگەری باکور، فۆڕمێکی دیکەی هاوژیانی بۆ قبوڵکردنی ناسنامەی کوردبوون خراوەتە بەردەم ڕای گشتی، ئەمجارەیان، دۆخەکە بریتیە لە ئەنتیگراسیۆنی کۆمەڵگەی دیموکراتی و نەتەوەی دیموکراتی و کۆنفیدڕاڵیزم، ئەمە تەرح و ڕوانگەی قوڵی عەبدوڵا ئۆجەلان بوو لەسەرەتای پرۆسەکەوە دواتر دەوڵەت باخچەلی، وەک نوێنەری دەوڵەتی قووڵ و سەرۆکی مەهەپە قبوڵی کرد، بەڵام ئایا هەریەک لەو تەرحانە لەچوارچێوەی دەوڵەتی ئێستای تورکیاو عەقڵی دەوڵەتی سێنتڕاڵدا جێگایان دەبێتەوە، بەمانایەکی تر ئەنتیگراسیۆن (یەکگرتنەوە) جێگای ئایسیملاسیۆن(توانەوە) دەگرێتەوە یان نا؟
 
بۆچی لە ئەنتیگراسیۆن دەترسن؟
 
چارەسەریەکە ئەمجارە لەدۆخی ئاڵۆزترین گۆڕانکاریی دراماتیکیی ناوچەیی و نێودەوڵەتی و پێچ و دەورانی مێژوویی خۆیدایە،  شۆڕشی چەکداریی وەک مۆدێل بەسەرنەچووبێت کۆن و بێکاریگەربوە، تەکنەلۆژیای چەکی زیرەک و درۆن کۆتایی بە خەباتی چەکداریی کلاسیک هێناوە،  بۆیە چەکدانانی تەڤگەرێکی چل ساڵە بەو تەرزە کلاسیکە دەکاتە ڕۆژەڤ وپرۆژە، بەڵام بەبێ ئامڕازە بەردەست و زەمانەتکراوەکانی دیموکراسی و دەستەبەری مافەکان مەیسەرنابێ،پرۆسەکە فرەلایەنە وەک ئەوەی باسی لێوەدەکرێت، فڕێدانی مێژووی کۆن و دەستپێکی مێژوویەکی تازەیە بە کەرەستەی تازە، زۆر توێژەرو شیکاریست بە کردەی خۆبەدەستەوەدان و ڕۆژی ڕەشی کوردان و تەسلیمکردن و شکست ناوی دەبەن و دەترسن لە خودی ناولێنانەکە، بەڵام بۆخۆیان یەک رۆژ چەکداریان نەکردوەو خوێن لە پەنجەیەکیان نەهاتوە، جودا لەو بیرکردنەوە ئایدۆلۆژیست و کەمخوێنە، دەکرێت وەک دۆخی ئومێدو تاقیکاریی و پارادایمێکی تر وێنای بکەین بۆ قۆناغی ڕزگاریی نیشتیمانیی و هاوژیانی کوردو تورک لە چوارچێوەیەکی دەستووریدا.
 
 پارادایمێک ئیشدەکات و تێدەکۆشێ لەدەرەوەی چەک و توندوتیژیی تۆڵەو کوشتن و خوێن، لەسەر چەمکێک ئیش دەکات «دەوڵەت-نەتەوە» تێدەپەڕێنێ بۆ کورد، بکەرە ئەساسیەکە دەوڵەت و ئیمڕاڵییە بۆ خۆبەڕێوەبەری کۆمەڵگایی و کۆمیناڵیزەکردن ئەوەی ڕێبەری زیندانیکراو ناوی هێناوە لەدوا بەرهەمی فیکری خۆیدا "مانیفێستۆی کۆمەڵگەی کۆمیناڵی دیموکراتیک" کۆمین – کۆمیناڵ، وەک بنەمای خۆبەڕێوەبەریی ناوچەیی و پشتبەستن بە یەکەو ئەنجومەنە خۆجێییەکان لە گەڕەک و گوندو شارەکاندا وەک یەکەی بنەڕەتی بۆ بەشداری و هاوبەشی سیاسی و حوکمڕانی مەدەنی و بەڕێوەبەریی، ئەمە پێی دەوترێت چوونە ناو عەقڵی دەوڵەت، دەستکاریکردنی هێواشی عەقڵی دۆگمای دەوڵەتە لەدەرەوەی خەباتی چەکداریی گەرچی پرۆسەکە سەختە بەڵام دەبێت کورد بچێتە ناو ئەم ئەزموونکاریەوە.
 
قەندیل درەنگتر دێتە ناو ئەم پرۆسەیەوە، چونکە بۆ عەسکەرو گەریلا، باوەڕهێنان بە ژیانی مەدەنی بێ چەک سەختە بۆیان، دیارە دەستەبەری زیاتریان دەوێ، بەئاسانی ناچنە ناو چوارچێوەکەوە کە وەک تەڵەی میتۆدیی و ستراتیژیی سەیری دەکەن بەتایبەت کاتێک دەزانن مێژووی خوێناوی تورکیا چۆنەو چییە، بەڵام کاتێک تۆ زیاتر لە چل ساڵە کاریزمایەک دروست دەکەیت و دەیپەرستیت و کردووتە بە ڕوگەو قیبلەی ئایدۆلۆژیی خۆت، لە دەرەنجامدا دەبێت بەشوێن فەتواو دیدگاکانیەوە بچیت و داخڵی مەعبەدخانەکەی بیت و موریدانە کڕنوشی بۆبەریت، چونکە ئەم گفتوگۆیە شانی داداوەتە بەر کۆمەڵێک چەمکی فیکری و فەلسەفی و ئایدۆلۆژی ئاڵۆز، وەک مانیفێستۆکان و بەرگرینامەکان و چەمکی سۆسیالیزمی دیموکراسی و مۆدێرنێتەی کۆمەڵگای دیموکراسی فرەچەشن، بۆیە کاتێک ئۆجئالان بەشداری ئازادانەی کۆمیناڵەکان و ڕێککەوتنی کۆمەڵگەیی لەسەربنەمای ماف و ئازادیەکان تەرح دەکات دەزانێت سەختە بەڵام دەیەوێت باوەڕیەکە بکاتە سیستم و ئەرکی قۆناغەکەو ئەستۆی میلیتانەکان، راستە ئەوەندەش پشتی بەو تیۆرانە بەستوە ئەوەندە واقیعی سیاسی تاڵی پێشچاو نەخستوە، وەک ماف و ئازادیەکان و پاراستنی زمان و خوێندن و ئیکۆلۆژیاو ئازادی ژن و هاونیشتیمانبوونی یەکسان و هێواشکردنەوەی فاشیزم و فەزای کۆمەڵگاو ئەحکامەکانی گرتن و زیندانیکردن.
 
بەڵام گفتوگۆیەو دەبێ بکرێ بۆئەوەی کورد تۆمەتبار نەکرێتەوە بە جوداخوازو تیرۆریست و کۆتاییەک دابنرێت لەسەر ئەو خەباتە بێزەنتیە، ئەم پیڤاژۆیە بەئیمتیاز تێزی فیکری و عەقڵانییە، وەک پڕۆژەیاسایەکی ستراتیژیی خراوەتە سەرمێزی یاسادانان و دەنگی لەسەردرا لەپەڕلەمانی تورکیا لە ١٠-٨-٢٠٢٦ و دوازدە کاتژمێر گفتوگۆی خایاند،یاساکە ناونرا یاسای چوارچێوە یان بازنەی یاسایی، بەکۆی ٤٦٠ دەنگی پەسەندو ٨٨ دەنگی ناپەسەند، هیچ لەمانە ڕێککەوت نیەو پرۆسەیەک لەئارادایە بۆ چارەسەریی پرسی کورد لەدەرەوەی چەک، دەوڵەت لەئێستادا پێویستی بە کوردو دەمپارتی هەیە چیتر وەک ئۆپۆزسیۆن و لەڕیزبەندی شەش پارتە ئۆپۆزسیۆنەکە نەمێنێتەوە، تاوەکو هەندێک پڕۆژە تێپەڕ دەکەن کە دیارترینیان هەڵبژاردنی ئایندەی سەرۆکایەتی تورکیاو ویلایەتی سێهەمی ڕەجەب تەیب ئەردوگانە بۆ ساڵی ٢٠٢٨ کەواتە ڕەنگە دەرفەتێک بێت بۆ کورد دووبارە بچێتەوە ناو مێژوو بەبێ خوێنڕشتن و بەپشتبەستن بە یاسا کارپێکراوە مەدەنیەکان و تێزەکانی خۆگونجاندن و وازهێنان لە کردەی دەوڵەت و خەباتی پاڕلەمانی و مەدەنی.
 
هەربۆیە لەو چوارچێوەدا پارتی کرێکارانیان هەڵوەشاندەوە وەک ڕێکخراوێکی چەکدار لە ١٢-٥-٢٠٢٥ ئەوە دەرەنجامی کۆنگرەی کەجەکە بوو، دواتر بە چەند قۆناغێکی تەکتیکی گەریلاکان لە ناوچە هەستیارەکانی زاب و هەفتانین و گارا کشانەوە، دیداری ئاپۆو بەشێک لە سەرکردایەتی پەکەکە بەسترا لە ئیمرالی لە شوباتی ٢٠٢٦ وەلێ هێشتا ئاسۆی چارەسەر ڕوون نیە، بۆیە ئەو جیاوازی و پارادۆکسە لەنێوان ئیمڕاڵی و قەندیل ڕەنگە کوشندەترین گورزی کەمەری پرۆسەکەبێت هەندێک دەوڵەتی هەرێمیی قبوڵی نەکەن! هەرچۆن بێت خەباتی ناتوندوتیژیی گرنگە بۆ تورک و عەرەب و فارس و کورد، کۆتایی هێنان بە ڕۆڵی چەک و شۆڕشی خوێناوی گرنگرترە بۆ ئەو نەتەوەو جڤاتانەی سەدساڵە خوێن دەڕێژن لەجەستەی یەکتر، کەواتە ئاشتی و دیموکراسی و تێکەڵبوونەوەی ئەتنیک و نەتەوە جیاوازەکان و ئەنتیگراسیۆن بەنرخە بۆ کۆمەڵگا بەڵام بە میکانیزمی گونجاو؟ 
 
هەموو ئەو دروشمانە مایەی قوڵبوونەوەی فیکری و هەڵوەستەن، ئەگەر مۆدێل و پارادایمی سەدەی دوەمی کۆماربێ وەک ئاپۆ تیۆریزەی بۆ دەکات دەبێ چیتر کورد وەک ڕەگەزێکی نامۆ سەیر نەکرێ و حورمەت بۆ دایکانی ئاشتی بگێڕنەوەو کۆتایی بەو ستەمکاریانە بهێنرێت کە لە کۆمەڵکوژیەکانی دێرسیم و ئاراراتەوە درێژبۆتەوە بۆ ڕۆبۆسکی و عەفرین و کۆبانێ، ئەو پارادایمە سەرەتاکەی دەگەڕێتەوە بۆ  ١-١٠-٢٠٢٤ و تەوقەی گەرمی دەوڵەت باخچەلی و فراکسیۆنی دەمپارتی، بەڵام سەرباری هەنگاوە فیکری و تیۆریەکان و گفتوگۆو دانوستانی زیندان هێشتا هەنگاوی عەمەلی سست و لاوازە.
 
تورکیا تائەم ساتەوەختە لەقازانجیدایە دۆخەکە بەکۆتایی خەباتی چەکداری قەندیل و چەکدانانی بزوتنەوەکە تەواوبێت بەڵام دەمپارتی و بەشێک لەسەرکردایەتی تەڤگەری کوردیی پێشمەرجیان هەیە بۆ پێکەوە ژیانی کوردو تورک و لازو چەرکەس، بەگرنگی دەزانن هەمواری دەستوریی و یاسا بنەڕەتیەکانی ساڵی ١٩٢٣ی مستەفا کەمال ئەتاتورک و دەستوری ١٩٨٢ی تورکیای بەدوابێت بەتایبەت مادەی ٤٢ی تایبەت بەخوێندنی زمانی کوردی و مادەی ٦٦، کە قوفڵی دەرگای ژەنگاوی و کڵۆمدراوی هاتنە ژوورەوەی کوردە بۆ کۆمارەکە، وەک هاونیشتیمانی و خاوەن ڕەگەزنامەی یەکسان، چونکە مادەی ٦٦ بەڕوونی دەڵێ خاوەن ڕەگەزنامەو هاونیشتیمانی رەسەنی تورکیا تەنها تورکە واتە کوردی تیانیە! 
 
دەستپێکردنەوەیەکی پڕلەهیوا هەیە بۆ پرۆسەی ئاشتی و کۆتایی زمانی چەک و ئامادەسازیی بۆ هەمواری دەستوریی هەڵبژاردنەوەی سەرۆک، لەگەڵ ئەوەی ڕەنگە تاکتیکی ڕێگەخۆشکردنێک هەبێ بۆ ویلایەتی سێهەمی سەرۆک بۆ ساڵی ٢٠٢٨ . بەپێی مادەی ١١٦ی دەستوریی تورکیا سەرۆک کۆمار بۆی نییە لەدووخول زیاتر سەرۆکایەتی بکات بەڵام بە هەڵوەشاندنەوەی پەڕلەمان بەڕێژەی ٣٦٠ دەنگ لەکۆی ٦٠٠ دەنگ، ئەوا دەتوانن پەڕلەمان پەک بخەن و هەڵیبوەشێننەوە، ئەوکات بۆشایی یاسایی و تەشریعی دروست دەبێ، هەڵبژاردنی پێشوەختە دەبێ بکەن بەم تەکنیکە، چونکە ئەوکات سەرۆک خولی دوەمی بۆ هەژمار ناکرێ و خولی سێهەمی ٢٠٢٨ی بۆ دەبێتە خولی دوەم ئەوەش بەبێ هاریکاری و پاڵپشتی کورد فەراهەم نەبێت، گۆڕانێک هەیە دەبێ کورد هۆشیاربێ و بەئاگابێ تیایداو دەستوریزەی بکات، ئەوەی ئۆجەلان بەسەدەی کۆمارو سۆسیۆلۆژیای مۆدێرنێتەی دیموکراسی ناوی دەبات، بەس نییە، گرفتەکە ئەوەیە سۆسیۆلۆژیای کۆمەڵگەی دیموکراتی و ئینتیگراسیۆن، هێشتا زەماناتی ناوخۆیی و دەستەبەریی ئازادیەکان و دیموکراسیەتی ڕەهای نیەو مافی هیوا بۆ خودی ئۆج ئالان و سەدان سەرکردە فەراهەم نیەو دۆزی کورد لەناو تەمدایە، کورد لە باکورو ڕۆژاڤا بەو دۆخەدا دەڕوات، نازانرێ باشە یان خراپ، ئەزمونێکی نوێیەو دەبێ تاقی بکاتەوە بەڵام تەسلیم نەبێ.


AM:11:53:18/10/2026

ئه‌م بابه‌ته 132 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی