فەڕەنسا لەنێوان خۆپیشاندانی خوێندکارانی 2026 و 1968دا، ئایا مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە؟

‌نووری بێخاڵی

بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئەمڕۆی فەڕەنسا جارێکی تر کەوتووەتەوە ژێر کاریگەریی شەپۆلێکی بەهێزی ناڕەزایەتییەکان، بەتایبەتی کە لە سەرتاسەری وڵاتەکەدا خوێندکارانی ئامادەیی و زانکۆکان ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و دەرگای سەدان قوتابخانە و ناوەندی خوێندنیان داخستووە.


ئەم دیمەنانە یەکڕاست یادەوەریمان دەبەنەوە سەر ڕووداوە مێژووییەکانی ئایاری1968 لە مێژووی سیاسیی فەڕەنسا و پرسیارێکی جیددیش دەورووژێنن، کە ئایا لێشاوی ناڕەزایەتییەکانی ئەمرۆ دەتوانێت هەمان زەمینەلەرزەی سیاسی و کولتووری دروست بکاتەوە و سیمای سیستەمی فەڕەنسا بگۆڕێت؟

بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، ئەگەر بە خێراییش بێت، پێویستیمان بە بەراوردی زەمینە و هەلومەرجی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتووری هەردوو ڕووداوەکە و سروشت و چییەتیی داواکارییەکانیان هەیە، نەک وەک ئەوەی کە هەندێ دەنگی خۆماڵی قۆڵ و باسکی شیکردنەوەیان لێی هەڵماڵیوە و هاکا لەپڕێکدا ئەزموونەکانی ڕووخاندنی باستیل و شۆڕشی 1968ـی خوێندکاران دووبارە ببنەوە، کورد گوتەنی "بەهاریان هێناوەتە چۆکان!”

بەهەرحاڵ، خۆپیشاندانەکەی ساڵی 1968 تەنیا کێشەیەکی ناوەندەکانی خوێندن نەبوو، بەڵکوو بزووتنەوەیەکی فیکری و فەلسەفی بوو دژی دەسەڵاتگەرایی و سیستەمی کەپیتالیزمی کلاسیکی و بەها کۆنەپەرستەکانی کۆمەڵگا، کە تێیدا خوێندکاران داوای ئازادیی فیکری و شۆڕشی کولتوورییان دەکرد.

لە بەرامبەردا، بزووتنەوەی خوێندکارانی ئەمرۆ، خاوەنی داواکاریی زیاتر واقیعی و ماددیی دیاریکراوە. ناڕەزایەتییەکان لەمڕۆدا بەرەنجامی کەمبوونی بودجە، وێرانبوونی ژێرخانی قوتابخانەکان، قەرەباڵغیی پۆلەکان، مامەڵەی نەگونجاو لەگەڵ قەیرانە ژینگەییەکان لە ناو پۆلەکاندا و فشاری گرانبوونی ژیانن.

واتە؛ لە کاتێکدا 1968 شۆڕشێک بوو بۆ نەهێشتنی کۆتوبەندە نەریتییەکان، ناڕەزایەتییەکانی ئەمڕۆ زیاتر هاوارێکە دژی کەمتەرخەمیی دەوڵەت و دابیننەکردنی دادپەروەری لە خزمەتگوزارییە گشتییەکاندا.

لە لایەکی ترەوە، شۆڕشی 1968 کاتێک توانی سیستەمی سیاسیی شارل دێگۆڵ بلەرزێنێت، کە خوێندکاران توانییان ملیۆنان کرێکار و سەندیکا گەورەکان پەیوەست بکەن بە مانگرتنەکەیانەوە.

کەچی لە ناڕەزایەتییەکانی ئەمڕۆدا، سەرەڕای ئەوەی کە سەندیکاکانی مامۆستایان و ڕێکخراوە جەماوەرییەکان پشتگیریی خۆیان ڕاگەیاندووە و پێکەوە ڕژاونەتە سەر شەقامەکان، بەڵام هێشتا بزووتنەوەکە بە هەمان شێوازی 1968، نەکەوتووەتە قۆناغی مانگرتنی گشتی.

لەم گۆشەنیگایەوە؛ ئەستەمە ناڕەزایەتییەکانی ئەمڕۆ، بە هەمان شێوازی شۆڕشی کولتووری و هزری، ببێتە دووبارەبوونەوەی تەواوەتی ئایاری 1968، چونکە ڕووداوەکانی 1968کۆمەڵگای فەڕەنسای بۆ هەمیشەیی بەرەو کرانەوە برد، لەکاتێکدا خوێندکارانی ئەمڕۆ تەنیا داوای کاراکردنەوەی سیستەمی خزمەتگوزاری و دادپەروەریی پەروەردەیی دەکەن.

دواجار، نابێ ئەو ڕاستییە نادیدە بگرین، کە بەکارهێنانی توندوتیژیی پۆلیس، گازی فرمێسکڕێژ و دەستگیرکردنی بەکۆمەڵی خوێندکاران، باری سیاسیی ئاڵۆزتر کردووە و تۆمەتبارکردنی یەکتری نێوان حکوومەت و ئۆپۆزسیۆنیش، دەرخەری شڵەژانی ناوخۆیی سیستەمەکەیە. هاوکات ئەم بزووتنەوەیەی ئێستا نیشانەی قەیرانێکی قووڵی متمانەیە لە نێوان نەوەی نوێ و حکوومەتدا و ئەگەر بەردەوام بێت، ئەوا توانای ئەوەی هەیە ڕێڕەوی سیاسی و ئابووریی فەڕەنسا بگۆڕێت، حکوومەت ڕووبەڕووی قەیرانی ڕەوایەتی بکاتەوە و سیاسەتە ئابووری و پەروەردەیییەکانی وڵات بەرەو ئاراستەیەکی تر ببات.


PM:09:32:07/10/2026

ئه‌م بابه‌ته 468 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی