میدیا لە نێوان چاوی کۆمەڵگە و چەپۆکی دەسەڵاتداران
ژینۆ محەمەد
لە هەموو دونیادا میدیا چاوی کۆمەڵگە و پردی پەیوەندی و گەیاندنە لە نێوان هاووڵاتی و دەسەڵاتدا، بەڵام لە هەرێمی کوردستان ئەیانەوێ فەرزی بکەن میدیا تەنها چاوی دەسەڵاتدارانی دەست ڕۆیشتوو بێ.
کەناڵی ئاسمانی زووم نیوز بووەتە نموونەیەکی زەق و ڕوون بۆ ئەو پێشێلکاری و غەدرانەی کە بەرامبەر بە دەنگی ئازاد و پیشەیی دەکرێن. ئەوەی ئەمڕۆ بەرامبەر ئەم کەناڵە دەکرێت پەلاماردانێکی ئاشکرایە بۆ سەر بنەمای ئازادیی ڕادەربڕین و کاری رۆژنامەوانی و کپ کردنی هەموو دەنگێك کە نەشاز بێت بەوان.
بەڵام ئەوەی لەهەمووی زیاتر نیشانەی پرسیارێکی گەورەیە و جێگەی داخە، لە بەرامبەر ئەم هەموو پێشێلکاری و نادادپەروەرییەدا، لایەنە پەیوەندیدارەکان و قەڵەم بەدەستە بە ناو ڕۆشنبیرەکانن کە بێدەنگییەکی کوشندەیان هەڵبژاردووە.
ئەم بێ دەنگیە پەیامێکی مەترسیداری لە پشتە کە پێمان دەڵێت: چیتر یاسا و دامەزراوە فەرمییەکان پارێزەری مافی دەنگە جیاوازەکان نین و ئەوانەی لە ژێر چەتری حزبە حوکمڕانەکان نەبن ئیتر لە بازنەی پارێزراوی نین و نابن و هەرچییەک بەرامبەرت بکرێت هەرچەند دوور لە عورف و یاساش بێت هیچ کەس و هیچ دامەزراوەیەك ئەرکی پاراستن و داكۆكیکردنت ناگرێتە ئەستۆ بۆیە زۆرینەیان بڕیاریان داوە لە ژێر ئەو چەترانە جێ بگرن. لانیکەم پێم وابوو لەم قۆناغە مەترسیدارەی کە چاوەڕوان دەکرێت بەرۆکمان بکرێت کەمێك بە خۆیاندا دەچنەوە و بەردەوام نابن لەسەر هەڵەکان بەڵام سورتر دیارن، جاران دەیانوت دروشمی دەسەڵات ( یان لەگەڵمی یان لە دژمی) یە ئێستا ئەوەش گۆڕا بە ( یان لەگەڵمی یان دەتسڕمەوە).
PM:11:28:03/10/2026
ئهم بابهته 132
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی