گرانی نەوت و قڕکردنی داربەڕوەکان

‌فارس نەوڕۆڵى

لە ساڵانی نەوەدەکان و دواتردا، سەردەمێکی سەختی ژیان و گوزەرانی خەڵک بوو؛ سەردەمی چیرۆکی گوڵەگەنمە بەجێماوەکانی دوای دەڕاسە و دوورێنەبوو، کە ژنان و منداڵانی وڵات بۆ دابینکردنی بژێوی، گوڵەگەنمە جێماوەکانیان کۆدەکردەوە. لە پاڵ ئەمەشدا، کۆچی بەلێشاوی گەنجان بۆ گەڕان بەدوای ژیاندا دەستی پێکرد.

لەو هەلومەرجە سەختەی ژیان و گوزەراندا، کە کوردستان لەژێر گەمارۆی ئابووریی جیاجیادا بوو، زستان بە سەختی دەستی پێکرد. ئا لەو کاتەشدا، نەبوونی نەوت و سووتەمەنی ببووە کێشەیەکی گەورە، بەتایبەتی لە ناوچە کوێستانییەکاندا. بۆیە خەڵک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سەرما و ڕزگارکردنی ماڵ و منداڵیان لە دەست سەرمای سەختی زستان، ڕوویان لە ناوچە شاخاوییەکان کرد بۆ بڕینەوەی داری دارستانەکان.

لێرەدا ژینگەی کوردستان کە پێشتر ڕژێمی بەعس وێرانی کردبوو ،ئەوەشی مابووەوە بووە قوربانیی نەبوونی سووتەمەنی، چونکە خەڵک لەناچاریدا دەستیان کردبووە بڕینەوەی بەکۆمەڵی دار و درەختەکان، بەتایبەتی داربەڕووەکان.
ئێستاش کە لە هەلومەرجێکی ناجێگیر و خراپی ئابووریداین و نرخی نەوتی سپی ئەوەندە گرانە کە خێزانەکان توانای دابینکردنیان نییە ، ئەوەی لە ماوەی ۱۰ ساڵی ڕابردوودا کە ژینگەی کوردستان و ڕێژەی سەوزایی گەشەیەکی بەرچاوی کردوەتەوە و دارستانەکان ژیاو نەتەوە، جارێکی دیکە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی سپییەوە زەنگی مەترسی دژ بە ژینگە، بەتایبەتی دار و درەخت لێدەدرێتەوە.

پەیوەندیی نێوان تێکچوونی ژینگە و قەیرانی ئابووری بەرئەنجامی وێرانکاریی ژینگەی لێ دەکەوێتەوە و داربەڕووەکان ڕووبەڕووی قڕبوون دەبنەوە. بۆیە دەبێت لایەنی پەیوەندیدار لە خەمی دابینکردنی نەوتدا بێت ، چونکە داربەڕووەکان تەنیا درەختێکی ئاسایی نین، بەڵکوو هەناسە و سییەکانی ژینگەی کوردستانن. گەشەکردن و پێگەیشتنی داربەڕوویەک دەیان ساڵی پێویستە، بۆیە بڕینەوەی داربەڕوویەک لە نیو کاتژمێردا، ڕەنگە بە دەیان ساڵ قەرەبوو نەکرێتەوە.

لەبەر ئەوە، پێویستە مەترسیی قڕکردنی ژینگە و داربەڕووەکان بکەینە خەمێکی گشتی.


PM:01:54:02/10/2026

ئه‌م بابه‌ته 264 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی