هاوپەیمانەکان دەڕۆن و نیگەرانییەکان دەمێننەوە
نووری بێخاڵی
بڕیاری کۆتاییهاتنی ئەرکی سەربازیی هێزەکانی هاوپەیمانان بە ڕابەرایەتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان، خاڵێکی وەرچەرخانی مێژوویی و هێمای قۆناغێکی نوێیە؛ قۆناغێک کە لە یەک کاتدا تێکەڵەیەکە لە ئومێدی سەروەریی نیشتمانی و دڵەراوکێیەکی قووڵ سەبارەت بە داهاتووی ئاسایش و سەقامگیری.
لەم بارەیەوە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەغدا و لە ڕێوڕەسمی کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق، پەیامێکی ستراتیژی و گەشبینانەی ئاراستەی تەواوی لایەنەکان کرد، کە تیایدا بە ڕوونی ئاماژەی بەم ساتەوەختە هەستیارە کرد و گوتی: "ئەمڕۆ دەچینە قۆناغێکی نوێوە، قۆناغی بڕوابەخۆبوون و پشتبەستن بە توانا نیشتمانییەکانمان.” دیارە ئەم ئاراستەیە دەستپێکی خوێندنەوەیەکی واقیعییانەیە بۆ ئەوەی کە ئەم کشانەوەیە تەنیا ڕووداوێکی سەربازیی ڕووت نییە، بەڵکوو لێکەوتەی سیاسی، تەناهی و کۆمەڵایەتیی فرەڕەهەندی لێ دەکەوێتەوە، کە نەخشەی هاوسەنگیی هێز لە ناوچەکەدا دەستکاری دەکاتەوە.
لە کاتێکدا بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانی بەغدا تەنیا لە ڕوانگەی کشانەوەی سەربازییەوە دەڕواننە چەمکی سەروەری، کەچی دیدگای سەرۆکی هەرێمی کوردستان داڕشتنەوەیەکی وردی بۆ بەهێزکردنی دامەزراوە ئەمنییەکان پێشکەش کرد، بەتایبەتی کاتێک جەختی لەوە کردەوە کە: "سەروەری، تەنیا کشانەوەی هێزى سەربازيی بیانی نییە، بەڵکوو بەرپرسیاریەتییەکی نیشتمانییە... واتە بڕیاری شەڕ و ئاشتی تەنیا لە دەستی دەسەڵاتی شەرعیى دهوڵهتدا بێت.” بەو واتایەی کە بەبێ هەڵگرتنی ئەم بەرپرسیاریەتییە نیشتمانییە، ڕووبەڕووبوونەوەی پاشماوەکانی تیرۆر و ڕاگرتنی سەقامگیریی هەرێمی ئەستەمە. چونکە چۆڵکردنی ئەم شوێنپێیە بێ بوونی مەرجەعیەتی دەوڵەت، دەشێت ببێتە هۆی دروستبوونی بۆشاییەکی ئەمنیی مەترسیدار.
ئەم تێڕوانینە ستراتیژییەی سەرۆکی هەرێم، ڕاستەوخۆ پەیوەندیدارە بە داهاتووی هەرێمی کوردستان و ناوچە جێناکۆکەکانەوە. هەرێم کە لە ساڵانی ڕابردوودا وەک مەڵبەندێکی گرنگی جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنەکان و هاوبەشێکی سەرەکیی هاوپەیمانان ڕۆڵی دەبینی، ئێستا خۆی لەبەردەم پێویستیی داڕشتنەوەی پەیوەندییە سیاسی و ئەمنییەکانیدا دەبینێتەوە. بۆیە بۆ ڕێگریکردن لەوەی بۆشایی ئەمنی لە سنوورە جێناکۆکەکان ببێتە دەروازەیەک بۆ سەرهەڵدانەوەی شانە نهێنییەکانی داعش یان زیادبوونی هەژموونی هێزە ناوچەیییەکان و گرووپە چەکدارەکان، سەرۆکی هەرێم نەخشەڕێگای چارەسەری خستەڕوو، کاتێک گوتی: "کاتی ئەوە هاتووە تەواوی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی ناو ماڵی عێراقی، لە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغداوه تا پرسی چەک و مافی سەرجەم پێکهاتەکان، لەسەر بنەمای دەستوور و بە ئیرادەیەکی نیشتمانیی عێراقییانە چارەسەر بکەین.” ئەمەش جەختکردنەوەیە لەسەر ئەوەی کە ڕێگا نهدرێت لێکەوتەی بەهێزکردنی باڵادەستیی هەندێک لایەن لەسەر حساب و پێگەی هەرێمی کوردستان بێت، بەڵکوو پێویستە پشتبەستن بە دەستوور ببێتە گەرەنتیی هاوسەنگیی هێز.
لە ڕەهەندە کۆمەڵایەتی و مرۆییەکەوە، نەبوونی هێزە نێودەوڵەتییەکان لەم قۆناغەدا، شەپۆلێک لە دڵەراوکێ و نیگەرانیی جیددی لەناو گەلان و پێكهاتە جیاوازەکانی عێراقدا دروست دەکات، بەتایبەت کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکانی وەک ئێزدی، مەسیحی، تورکمان و شەبەک، کە ئامادەیی نێودەوڵەتییان وەک گەرەنتیی پاراستنی خۆیان دەبینی. لەم ڕووەوە پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە تەواوی ئاوڕ لەم مەترسییە دەداتەوە و دەبێتە وەڵامێکی سیاسیی ڕوون، بەتایبەتی لە دووپاتکردنەوەی ئەوەی کە خوازیاری عێراقێکە "بێ جياوازى؛ پارێزەری ژيان و ئاسایشی هەموو پێكهاتهكان و هاووڵاتییانی بێت.” تاوەکو لە سایەی گەرەنتییە ناوخۆییەکان و سەربەخۆیی بڕیاری ئەمنیدا، ترسی لەدەستدانی مافەکانیان و ئاوارەبوونەوەیان لە لای کەمینەکان بڕەوێتەوە.
تاقیکردنەوەی ڕاستەقینەی عێراق و هەرێمی کوردستان لە قۆناغی پاش کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، لە توانای هێزە ناوخۆییەکان بۆ تێپەڕاندنی ململانێ سیاسییەکان و داڕشتنی گوتارێکی نیشتمانیی ئەمنیی بەهێز، دەردەکەوێت. ڕێک وەک ئەوەی کە سەرۆکی هەرێم بە وردی هۆشداریی لەبارەیەوە دا و گوتی: "هێزی عێراق له چهكى دهرهوهى دهسهڵاتى دهوڵهتدا نييه... لهوهدايه لۆژیکی دەوڵەت و دەستوور زاڵ بێت.” بەو واتایەی کە سەقامگیریی ئاییندەی عێراق بەندە بە ئاشتەوایی ڕاستەقینەی نیشتمانی، بەهێزکردنی سوپا و هێزی پێشمەرگە وەک دامەزراوەی بێلایەن و دابینکردنی گەرەنتیی باوڕپێکراو بۆ پاراستنی کەمینەکان.
لەم ڕوانگەیەوە، ئەگەر بەغدا و هەولێر، بەپێی ئەو دیدگا نیشتمانییەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، هاوبەشییەکی ستراتیژیی تۆکمە لەسەر بنەمای بەژەوەندیی هاوبەش پێک بێنن، ئەوا دەتوانن ڕێگا لەوە بگرن کە بۆشایی یەکگرتوویی ناوخۆیی ببێتە مەترسی و دەرگاکان بە ڕووی ئاڵۆزیی نوێدا دابخەن.
PM:01:51:02/10/2026
ئهم بابهته 288
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی