پارتی سیاسی: کێ ئاییندە دەباتەوە؟
لاوک سەلاح
لە ئێستادا، چ پارتێکی سیاسی لە جیهاندا بەدەست
قەیرانەوە ناناڵێنێت؟ هەر لە پارتە سیاسییە چەپڕەوەکانەوە تا دەگاتە راستڕەو و
سۆشیال دیموکرات و ئیسلامییەکان و ناسیۆنالیستە راستڕەوە توندڕەوەکانیش.
قەیرانەکان هەمەجۆرن، هەر لە شیتەڵبوونی پەیکەر و
دیسپلینی ڕەفتاری سیاسی و نەبوونی متمانە و راستگۆیی کاری سیاسی تا دەگاتە لاوازیی
ستراتیژیەتی پارتی سیاسی و ئاستنزمیی پڕۆگرامی سیاسی.
کەڵەکەبوونی قەیرانە سیاسییەکان لەسەر هەموو
ئاستەکان هۆکاری هاتنەکایەی دۆخێکی سیاسییە کە بەندە بە "تەنیایی و گۆشەگیریی
سیاسی" ناوزەندی دەکەین.
بۆ قەیران هەیە؟ چ جۆرە قەیرانێک هەیە؟ هۆکار
چییە؟ ئایا ئەم قەیرانە سیاسییانە لە ئێستادا بوونەتە دیاردە و پەتای سیاسی؟ ئایا
قەیرانەکان پەیوەندییان بە بوونی بۆشاییی سەرکردەی سیاسییەوە هەیە؟ بەریتانیا
دیارترین نموونەیە، یاخود هۆکارەکە پەیوەندیی بە بونیادی پارتە سیاسییەکەوە هەیە؟
وەک ئەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، یاخود هۆکارەکە پەیوەندیی بە ئاستی پەروەردەی
سیاسی و ئاستی خوێندەواریی گشتی و پێشکەوتنی سیاسی و دۆخی سیاسیی کۆمەڵگەکەوە هەیە
لە قۆناغێکی دیاریکراوی سیاسیدا.
لە ڕاستیدا، پارتی سیاسی بە دونیایەک گرفتدا
تێدەپەڕێت؛ هەر لە شێوازی سەرکردایەتیکردنی سیاسی و لاوازیی کاریزمای سیاسیی
کەسەکان و سکانداڵە سیاسییەکان، پارتی سیاسی گرفتارە.
بەر لە هاتنە نێو سیاسەتەوە، کەسایەتییە
سیاسییەکان، هەندێک لەوانەی پارتی سیاسییان دامەزراند، چەندان خەونی شۆڕشگێڕیی رۆمانسیی
سیاسییان هەبووە، لە هاتنەدەرەوەدا لە پارتی سیاسی، میراتێک لە تاوانی شەخسی و دزی
و ژێرزەمینێک لە پارەی کەڵەکەبوویان بەجێهێشتووە، بۆیە، باسی ئاڵنگارییە
داراییەکان جارێ هەر مەکە.
سەرنجێکی بچووک لە مێژووی هەموو پارتە
سیاسییەکانی سەرتاسەری دونیا بدەین و نەخشەیەک وەک ئەوەی لە بنکەکانی پۆلیس
هەڵدەواسرێت بۆیان بکەینەوە، کەم تا زۆر، تێدەگەین گرفتەکانیان بە شێوازی جیاواز،
لە ریشەدا وەک یەکن، گرفتەکان پەیوەندییان بە نەبوونی میکانیزمی کاریگەر و توانای
پیشەییی کەسەکان و نەبوونی دامەزراوە و نەبوونی مێژوویەک لە عورفی سیاسیی پێوەر و
بوونی مێژوویەک لە ناسەقامگیریی سیاسییەوە هەیە، هەموو ئاڵنگارییەکانیش دەڕژێنە
یەک ناونیشانەوە کە ئەویش نەبوونی "متمانەی سیاسی" و نەبوونی توانایە بۆ
جێبەجێکردنی پەیمانی کۆمەڵایەتیی گشتگیر، کە ئەگەر سەدان جاریش بنووسرێتەوە،
مەرەکەبەکەی هەر کاڵ دەبێتەوە.
مەرجی سەرکەوتنی کاری سیاسی، بوونی ژینگەیەکی
سیاسیی تەندروستە، کار و هیلاکیی لەبننەهاتوو دەخوازێت.
پرسیارە گرنگەکان ئەمانەن: بۆ هەموو پارتە
سیاسییەکان، کەم تا زۆر، بەدەست هەمان گرفتەوە دەناڵێنن، خۆ ناوی پارتە سیاسییەکان
و مانیفێستیان لە رووکەشدا جیاوازە؟ تۆ بڵێی مێژووی فەلسەفەی سیاسی بەتاڵ
بووبێتەوە و پەی بە کارەساتە سیاسییەکان نەبات؟ تۆ بڵێی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی و
زانکۆکان و بەشەکانی زانستی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵناسان و میدیا و ڕێکخراوەکانی
کۆمەڵگەی مەدەنی ئیتر نەتوانن سەرکردەی سیاسیی راستگۆ بۆ ئاییندە پەروەردە بکەن؟
ئایا ئەم سەردەمە سەردەمی ئەو پارتە سیاسییانەیە کە کادیرەکانیان بە سەرکردەکانیان
نامۆن؟ چی بکرێت ئاشتبوونەوە لە نێوان سەرکردە و ئەندامان و کۆمەڵگەدا بێتە
کایەوە؟ کێ لە توانای پێغەمبەراندایە بۆ ئەوەی بەردی سیزیف بخاتە سەر شانی و نزکە
و ناڵاندنی مێژوو بکاتە چرایەک بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئاییندە؟ ئەگەر ئەم پارتانە بەم
شێوە پەرتەوازەیە بەردەوام بن، بەردەوام دەبن؟ بێگومان نەخێر.
پرسیاری قووڵتر ئەوەیە بە کێ دەوترێت پارتی
سیاسیی ئاییندە؟ واتە کێ دەتوانێت نەخشە و پلان بۆ ئاییندە دابنێت بۆ ئەوەی
ئاییندە بباتەوە؟ لە سەردەمێکدا، کە ئاڵۆزترین سیما و رووخساری نەبوونی
ئایدیۆلۆژیایەکی تایبەت و عەقیدەیەکی سیاسییە کە لە مێژوودا بەجێماوە و قەناعەت بە
نەوەکانی ئاییندە ناکات کە ئاییندە بۆ ئەوانە.
سەرهەڵدانی تەوژمە سیاسییە ڕاستڕەوەکان و
ناسیۆنالیزمە نوێکان لە ئەورووپا و ئەمریکا و شوێنەکانی دونیا لەم چەند دەیەی
ڕابردوودا، لە سەرێکەوە دەگەڕێتەوە بۆ بەتاڵبوونەوەی پارتی سیاسی لە مەسەلەی
ئینتیمای سیاسی و نیشتمانی، ئاخر ئەگەر وانەبووایە بە هەڵە تەفسیری هۆنراوەکانی
شاعیری سووری "محمد الماغوط" لای ئێمە نەدەکرا، هانابردنی نەوەکانی
ئاییندە بۆ وتە و دەستەواژەکان لە ژینگە سیاسییە هاوشێوەکانەوە بۆ ئەوەی پارتی
سیاسی ڕەجم بکات، کارێکی ناچارییە.
لەم سەردەمەدا، پارتی سیاسی تا نووسینی ئەم چەند
وشەیە خۆی نۆژەن نەکردووەتەوە، کە دەبێت بیکات، خۆی ڕێک نەخستووەتەوە کە دەبێت
بیکات.
ئەندامە زیندووە بەتەمەنەکانی پارتی سیاسی لە
گۆڕستان و پرسەی هاوڕێ و ئەندامە کۆنەکانیان، سڕ دەبن و بەندی دەستەواژەکانی
سەردەمی سەختی شۆڕش دەبن، کە نەوەکانی ئاییندە نایانەوێت بەو مێژووە ببەسترێنەوە،
لەبەرئەوەی هاوڕێ زیندووەکان، زیندووی ڕابردوون و مردووی ئاییندەن.
هەریەکەیان لە وێستگەی جیاوازدا چاوەڕوانی مەرگی
خۆیان دەکەن بۆ ئەوەی بەشەکانی ڕۆمانی شۆڕش کۆتایی پێ بێت و بخرێتە مۆزەخانەی
نیشتمانییەوە.
ئەوان ناتوانن، بەدەست خۆیان نییە، لە بازنەی
یادگاریی شۆڕشگێڕەکان و قارەمانەکانی خەیاڵ دەرچن، بەدەست ئەمان بێت، ئاییندەش
بکەنە قوربانیی ڕابردوو، بۆ ئەوان ڕابردوو پیرۆزە، نەوەک تەکنەلۆژیا و دونیای
دیجیتاڵ و گۆڕانکارییە ئابوورییە خێراکان کە دونیای سەرمەست کردووە، بۆ نەوەکانی
ئاییندەش، بە پێچەوانەوە.
سەرباری ئەم هەموو دەردەسەرییە، پارتی سیاسی وەک
یەکەیەکی گرنگی کۆمەڵگە هەر دەمێنێتەوە. پارتی سیاسی کۆڵەکەی ژیانی سیاسییە.
لە نووسینەکانی رابردوودا باسمان لەوە کرد کە
ژیانی سیاسی بەبێ بوونی پارتی سیاسی نابێت، بەڵام ئەگەر پارتی سیاسی خۆی دەمەزەرد
نەکاتەوە دەپووکێتەوە و ناتوانێت شانبەشانی گۆڕانکارییە سیاسییەکان هەنگاو بنێت.
هەر بۆیە مەبەست لەم نووسینە راکردن نییە لە
پارتی سیاسی، بەڵکو هەڵسەنگاندنێکی بابەتییانەیە بۆ ئەوەی پارتی سیاسی بەتەواوی
ببێتە کایەیەکی مەدەنی، نەوەک سەربازی و ئەمنی، لە زۆر دۆخدا، بە پشتبەستن بە
زانستی ئەنسرۆپۆلۆجیا کە باسی ئەو کۆمەڵگەیانە دەکات کە یاسا و دەوڵەت تێیاندا
بوونیان نییە، بوونی پارتێکی عەشایەری کە ئەندامانی کۆمەڵگە لە دەوری خۆی
کۆدەکاتەوە، لە پارتێکی ئەمنیی ستەمکاری وەک بەعس باشترە یان ئەوانەی مەیلیان
بەرەو تۆتالیتاریەتە.
ئەی دۆخی پارتی سیاسی لە عێراق و هەرێمی کوردستان
چۆنە؟ پرسیاری سەرەکی وەک دەستپێک ئەوەیە: ئایا دەتوانین پێناسەیەکی زانستییانەی
ئەو پارتە سیاسییانە بکەین کە لە کایەی سیاسیی عێراقدا کار دەکەن؟ ئایا هیچ
پێوەرێک هەیە لە دەرەوەی پارە و هێز پێمان بڵێت کێ پارتی ئاییندەیە؟ کێ براوەی ئاییندەیە؟
بە بڕوای من تاوەکوو پارتە شیعەکان و سوننەکان و تەنانەت کوردییەکانیش، لەژێر
فشاردا، ئەگەر بیانەوێت ببنە پارتی سیاسیی ئاییندە دەبێت ببنە خاوەنی ناسنامەیەکی
نیشتمانی بۆ ئەوەی لە ناوچەکانی خۆیان دەرباز بن، ئەمەش لە دۆخی سیاسیی ئێستادا
کارێکی مەحاڵە، ئەوەی کە لە عێراق هەیە خڕبوونەوەی گرووپەکانی خەڵکە، بێگومان لە
کوردستان کێشەکە جیاوازە، لێرە، مێژوویەک لە چەوساندنەوەی سیاسی و نەتەوەیی هەبووە
کە لەلایەن هەموو حکوومەتە مەرکەزییەکانەوە لە بەغدا بەرامبەر کورد کراوە، بەڵام
دەبێت وریابین ئەو راستییانەش کاڵ دەبنەوە و ڕابردوو دووردەکەوێتەوە و لە زەیندا
دەسڕێنەوە، لەبەردەم شەپۆلەکانی ئاییندە و رەفتارە سیاسییە ناجۆرەکان! لە هەرێمی کوردستان، بە شێوەیەکی ئاشکرا هەست بە
لاوازیی پارتی سیاسی دەکرێت، ئەوە مانیفێست و مێژوو و ستراتیژیەت و پلانی سیاسی و
بودجەی تەندروست نییە کە پارتی سیاسی دەبات بەڕێوە، ئەوە کەسایەتیی نێو پارتە
سیاسییەکانە کە پارتی سیاسییان لە کەسایەتیی خۆیاندا بەرجەستە کردووە، لە راستیدا،
لە سۆنگەی خەمخۆرییەوە، دەڵێین ئەم جۆرە مەنهەجە دوورمەودایە، کاریگەریی باشی
نابێت، نە بۆ خۆیان، نە بۆ پارتە سیاسییەکەیان و نە بۆ کۆمەڵگە، لەبەرئەوەی ئەم
هەوڵانە ناڕژێنە نێو خولقاندنی پڕۆسەی دامەزراوەبوونی کۆڵەکەکانی کۆمەڵگە.
بەداخەوە، زۆر لە کەسایەتییە سیاسییەکانی نێو
پارتە سیاسییەکان تەنانەت کەسە نزیکەکانیشیان نازانن سەر بە چ مەنهەجێکن.
سیاسەتکردن شاردنەوەی حەقیقەتی کار نییە، پێویستی
بە ڕەفتاری سیاسیی ڕوون و ئاشکرا هەیە.
پوختەی قسە: کێ دەتوانێت ببێتە پارتی سیاسیی
ئاییندە؟ ئەوانە دەتوانن کە گۆڕانکاریی ریشەیی لە دید و پەیکەر و مانیفێستی خۆیان
دەکەن و توانایەکی راستگۆیانەی عەمەلییان هەیە جێبەجێی بکەن.
ئەوانە پارتی سیاسیی ئاییندەن کە لە کۆشکەکانی
خۆیان دێنە دەرەوە و وەک کەسێکی ئاسایی راستگۆیانە، قەناعەت بە ئەندامانی کۆمەڵگە
دەکەن کە پارتی سیاسی هی گرووپێک نییە، هی هەموو کۆمەڵگەیە.
پارتی سیاسیی ئاییندە توانای خۆنوێکردنەوەی هەیە،
هەر لە خێزانەوە بۆ ئەندامانی پارت و هەموو توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگە، پارتی سیاسی
و سەرکردەکانی بۆ ئەوەی ببنە پارتی سیاسیی ئاییندە دەبێت رێژەی راستگۆیی سیاسی بۆ
هێنانەدیی ئینتیمای سیاسی و دڵسۆزیی سیاسی لەبری ئایدیۆلۆژیاکان کە لە مێژوودا
ژەنگیان هێناوە، زیاد بکەن. پارتی سیاسیی ئاییندە، سەردەمێکی نوێ لە سیاسەت و
میکانیزمی سیاسی دێنێتە کایەوە و دابڕان لەگەڵ تاوانەکانی رابردوو دەکات.
PM:08:36:01/10/2026
ئهم بابهته 176
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی