دووانەی تورنلی؛ کامێرا و پاراستنی ڕۆحی مرۆڤ لە ڕەحمی نەهامەتییەکاندا
نووری بێخاڵی
ئەوەی هانی دام ئەم وتارە بنووسم، ئەو پیشانگا فۆتۆگرافییە بوو کە (ڤیم فاوەندێیشن) لەناو پارکی شار و لە چەقی هەولێری پایتەخت بۆ فۆتۆگرافەری بەناوبانگی ئەڵمانی (ڕاڵف بێکەر)ی کردەوە، کە تیایدا چیڕۆکی تاریکترین قۆناغەکانی ژیانی نەتەوەکەمانی (کیمیاباران، ئەنفال و کۆڕەوی ملیۆنی) گێڕاوەتەوە و لەو ڕۆژە ڕەشانەدا پێ بە پێ لەگەڵ ئازارەکانی کورددا ژیاوە و دیمەن بە دیمەن تۆماری کردوون و بە زوومی کامێراکەی، مێژووی برینەکانمانی یاداشت کردووە و چیڕۆکی مەینەتییەکانمانی گێڕاوەتەوە.
دیارە (بێکەر) تەنیا فۆتۆگرافەری بیانیی دۆستی کورد نییە، کە لە ساتەوەختی کارەساتەکاندا دیمەنی دەردیسەرییەکانی گەلەکەمانی بە دنیا گەیاندبێ، بەڵکوو لانیکەم لە ماوەی نزیک بە سێ چارەگە سەدەی ڕابردوو، دەیان فۆتۆگرافەری ڕۆژنامەوانیی بیانی، ڕێگای دووریان بە ئاسمان و ناو ئاو و چیاکاندا بڕیوە، تا لە نزیکەوە دڕندەیی دوژمن و داگیرکەرانی کوردستان و هاواری ستەمدیدەیی نەتەوەکەمان لە ڕێی زوومی کامێراکانیان بگەیەننە جیهان و بەهۆیەوە ڕای گشتیی شەقامی وڵاتان بوروژێنن. کەسانێکی هاوسۆزی ئازار و ناسۆریی گەلان، کە پێویستە کورد بۆ هەمیشە ڕێز لەو هاوپشتی و هەڵوێستە ژیان و مرۆڤدۆستییەیان بنێت. بۆ نموونە، هەردوو جمکەبرای (تورنلی) لەو فۆتۆگرافەرە ڕۆژنامەوانییانەن، کە پشکێکی گەورەی ئەو شانازیی لاکردنەوە لە مەینەتی و ئێش و ژانەکانی کوردیان بەر دەکەوێت.
پیتەر و دێڤید تورنلی، دووانە (جمک)ی لەدایکبووی ساڵی ١٩٥٥ لە شاری فۆرت وەینی ویلایەتی ئیندیانای ئەمریکا، دوو لە دیارترین و کاریگەرترین فۆتۆگرافەرە ڕۆژنامەوانییەکانی هاوچەرخن، کە بۆ زیاتر لە چوار دەیە ڕەوتی مێژووی هاوچەرخی جیهانیان بە کامێراکانیان بەڵگەدار کردووە.
ئەوەی تورنلیی جمک لە مێژووی فۆتۆگرافیدا لە زۆربەی فۆتۆگرافەرە ڕۆژنامەوانییەکان جیا دەکاتەوە، توانای دەگمەنیانە لە تێکەڵکردنی تۆمارکردنی کارەساتی جەنگ لەگەڵ پاراستنی قووڵی شکۆ و ڕەهەندی مرۆیی کاراکتەری ناو وێنەکانیان.
لە ماوەی چەندین دەیە کارکردنیاندا، سەردانی زیاتر لە ٩٠ وڵاتی جیهانیان کردووە و لەبەردەم مەترسیدارترین ململانێکاندا وەستاون. کارەکانیان لاپەڕەی سەرەکیی گۆڤارە جیهانییەکانی وەکوو (نیوزویک، تایم و لايف)یان ڕازاندۆتەوە، بە شێوەیەک کە تەنیا (پیتەر)، زیاتر لە ٤٣ جار وێنەکانی بوونەتە بەرگی سەرەکیی گۆڤاری (نیوزویک).
سەرباری ئەوەی هەردووکیان سەربەخۆ کاریان کردووە، بەڵام جیهانبینییەکی هاوبەش ڕێڕەوی کارەکانیانی ئاراستە کردووە. دێڤید لە ساڵی ١٩٩٠ بەهۆی دەستکەوتە ناوازەکانی لە بەڵگەکردنی شۆڕشەکانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات، ڕووخانی بەربەستی بەرلین، شۆڕشی ڕۆمانیا و ڕووداوە مێژوویییەکانی مەیدانی تیانانمێن لە بێجینگ، خەڵاتی بەناوبانگی (پۆلیتزەر)ی لە فۆتۆگرافیی ڕۆژنامەوانیدا بەدەست هێنا. جگە لەمەش، هەردوو براکە خەڵاتی زێڕینی بەناوبانگی نێودەوڵەتیی (ڕۆبەرت کەپا) و چەندین خەڵاتی فۆتۆگرافیی ڕۆژنامەوانیی دیکەی جیهانییان بەدەست هێناوە، کە نیشانەی باڵادەستیی بێوێنەیانە لە گواستنەوەی ڕاستییە مەترسیدارەکاندا.
تۆماری کارەکانی ئەم دوو برایە؛ کە بەردەوام لە ناوچەکانی ململانێ و قەیران و جەنگ و کارەساتەکاندا ئامادە بوون، چیڕۆکی نەهامەتییە گەورەکانی کۆتایی سەدەی بیستەم و سەرەتای سەدەی بیست و یەکەم دەگێڕنەوە، هەر لە داڕمانی یەکێتیی سۆڤیەت و جەنگەکانی باڵکان لە بۆسنە و کۆسۆڤۆوە بگرە، تا دەگاتە قەیرانە مرۆییەکانی سۆماڵ، ڕواندا، خەباتی دژی ئاپارتاپید لە باشووری ئەفریقا، جەنگی کەنداو و کۆڕەوی ملیۆنیی گەلی کوردستان.
کامێرای تورنلییەکان لە هەموو ئەم شوێنانەدا، هەر تەنیا ئامرازی گواستنەوەی وێرانکاری و جەنگ نەبووە، بەڵکوو دەلاقەیەکیش بووە بۆ پێشاندانی ئازار، هیوای هاووڵاتیانی مەدەنی و جەنگانی کۆمەڵگەکان لەپێناو مانەوەدا.
کوردستان و نەهامەتییەکانی گەلی کوردیش یەکێک بووە لەو ڕووداوە جەرگبڕانەی، کە بە قووڵی لە یادەوەریی فۆتۆگرافیی براکانی تورنلیدا ڕەنگیان داوەتەوە. بڵاوبوونەوەی وێنەکانیان لەو ڕۆژگارە تاریک و بارودۆخە سەخت و دژوارەدا بۆ ئەوکات چەند گرنگ بوون، بەتایبەتی لە بێدارکردنەوەی ویژدانی مرۆڤایەتی و وروژاندنی شەقامی سیاسیی جیهان لە ئاست ئەو کارەساتەی بەسەر گەلەکەماندا هات، وەک گەنجینەیەکی ئەرشیفی بەڵگەنامەیی و مێژووییش، بۆ ئێستا و داهاتووی گەلی کوردستان و نەوە لەدوای نەوەکانمان، سەرمایەیەکی پڕ بایەخ و بەهادارترن.
لە دوای جەنگی کەنداو لە ساڵی ١٩٩١، کاتێک کوردی باشووری کوردستان لە ترسی کۆمەڵکوژیی ڕژێمی بەعس لە کۆڕەوە ملیۆنییە مەزنەکەدا ڕوویان لە چیا و سنوورە سارد و بەستەڵەکەکانی تورکیا و ئێران کرد، هەردوو براکە لە ناوچەکە ئامادە بوون. وێنەکانیان کە ڕەوشی سەختی ئاوارەکان، ئازاری دایکانی نێو بەفر و منداڵە برسییەکانیان دەگواستەوە، بوونە بەڵگەی زیندووی کارەساتێکی مرۆیی گرنگ و کاریگەر، کە سەرنجی ویژدانی نێودەوڵەتییان بۆ دۆخی گەلی کورد ڕاکێشا.
خاڵێکی جێی سەرنج ئەوەیە، کە ئەو وێنانەی لە کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ململانێ لە لایەن پیتەر و دێڤیدەوە گیراون و گوازراونەتەوە، نەک تەنیا ڕووخساری قوربانیبوون، بەڵکوو شکۆی خەڵکی ژێر ئەشکەنجە و ئاوارەیییان لە ناوەڕاستی بەدبەختیدا دەردەخست.
ئەم ئەزموونە هاوبەشەی دووانەی تورنلی، سەلماندوویەتی کە فۆتۆگرافیی بەڵگەنامەیی؛ توانای ئەوەی هەیە سنوورە جوگرافییەکان ببڕێت و زمانێکی گەردوونیی هاوبەش و هاوسۆز دروست بکات، کە تێیدا هەموو ئازارێکی مرۆڤ لە هەر شوێنێکی ئەم زەوییەدا بێت، شایانی بینین، ڕێزگرتن و بەهادانان بێت.
AM:10:24:29/09/2026
ئهم بابهته 696
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی