هێزی نەرم و شەڕی کوردبوون لەناو زماندا
فارس نەوڕۆڵى
بەختیار عەلی لە ڕۆمانی (داگیرکردنی تاریکیدا) بە قوڵی هەڵوێستە لەسەر زمان و فاشیزم لە تورکیادا دەکات و پێمان دەڵێت کوردبوون لە باکوور، پێش ئەوەی دروشمێکی سیاسی بێت، کردارێکی زمانییە و زمان بەشێکی گرنگی خەباتی ئازادیخوازییە.
زمانی کوردی و کوردبوون لە دیدی شوڤێنیزمی تورکدا بوونی نەبوو، هەر بۆیە پاش دامەزراندنی کۆماری تورکیا لە ساڵی ١٩٢٣وە، دەوڵەت سیاسەتی "یەک نەتەوە، یەک زمان"ی کردە بنەما. لەو کاتەوە کەسێک بە کوردی قسەی بکردایە، یان دەیانبرد بۆ زیندان یاخود بۆ شێتخانە. کورد لەو سەردەمەوە تا ئێستا بە سەختترین ژیانی سیاسی، ئابووری، فەرهەنگی، سەربازی و کۆمەڵایەتیدا تێپەڕیوە. ئێستا هەلومەرجێک هاتۆتە پێشەوە کە داگیرکەران هیچ ڕێگایەکیان نییە جگە لە دانپێدانان بە کورددا، ئەگەر دوێنێ نەمانی کوردیان لە بوونی خۆیاندا دەیبینی، ئەمڕۆ یا بەیانی دەبێت باوەڕ بەوە بکەن کە بوونی ئارامییان گرێدراوە بە دانپێدانانیان بە کورددا. ئێستاش هەلومەرجی جیهانی دەرفەتی ڕەخساندووە کە کورد بتوانێت بە هێزی نەرم و خەباتی مەدەنی هەنگاو بە هەنگاو دۆزەکەی بباتە پێشەوە.
ئەوەتا لە ڕێگەی وەرزش، هونەر و زمانەوە جیهان دەکاتە لایەنگری خۆی. دەبینین لە ئەنجامی سەرکەوتنی ( یانەی ئامەد )لە باکووری کوردستان، منداڵێکی تەمەن ١١ ساڵ لە ڕۆژئاوای کوردستان بە پارچەیەک مۆسیقا و گۆرانی پاڵپشتی لە یانەی ئامەد دەکات و دڵخۆشی خۆی دەردەبڕێت، لە کاردانەوەی ڕوحی فاشیزمیشدا هەستان بە سزادانی ڕۆهان سەفۆ و هەژمارەکەیان دەستبەسەردا گرت و ڕایانگرت. ئەم ڕەفتارەی ئەقڵی فاشیزم خزمەتێکی گەورەی بە کورد کرد؛ لە لایەکەوە دەنگدانەوەی وەرزش و هونەری زیاتر خستە خزمەت کوردبوونەوە، لە لایەکی دیکەشەوە خەڵکانی ئازادیخوازی ناو تورکیای وشیار کردەوە کە بەڵێ، ڕوحی فاشیزم لە تورکیادا هێشتا زیندوە. ئەم ڕووداوە ئەو پەیامەشی بە کورد دا کە ئێمە دەتوانین لە ڕێگای هێزی نەرمەوە پەرە بە خەباتی ئازادیخوازی خۆمان بدەین تا دەگەینە دووا ئامانج... ئەو ئامانجەش کە کۆڵەکەیەکی بنەڕەتی زمان و گۆرانی و مۆسیقا و کولتور و کتێبی کوردیە بۆیە دەبێ هەموومان پەرەی پێ بدەین و بیپارێزین بۆ گەشەکردن و خزمەت کردن بە کورد بوون.
PM:11:28:27/09/2026
ئهم بابهته 96
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی