سیاسەتمەدار و کوردایەتی… لە ساڵیادی ڕێفراندۆمی شکۆمەندانەکەدا.
شێخ ئاری هەرسین
لە کوردستان دو جۆر سیاسەتمەدار وجودیان هەیە. هەندێکیان بۆ گیرفان، زەوق و سەفای شەخسی سیاسەت دەکەن. هەندێکیش عاشقی نیشتیمانی پیرۆزی کوردستانن و لە پێناو خۆشبەختی خەڵکی کوردستانا، ئامادەن هەمو چرکە ساتێک بمرن.
جیاکردنەوەی ئەم دو جۆرە ئینسانە لە یەکتر ئیشێکی ئاسان نیە. چونکە لە ناو کەوادری حیزبە کاندا مەسڵەحەتی شەخسی بەسەر مەسڵەحەتی گەل و نیشتیماندا زاڵە (مەبەستم لە کەوادر هەر لە هەندێک ئەندامانی مەکتەبی سیاسیەوەیە هەتا دەگاتە کادرێکی سادەی خوارەوەی ئۆرگانەکان). ئەویش چونکە کەوادری حیزبی قوتی ژیانی لەسەر حیزبە و، وەک مۆزەفی لێهاتوە. هەر بۆیەش گوێڕایەڵیەکەی بەتوندی بە قوتی ژیانیەوە بەستراوەتەوە، نەک خۆشەویستی بۆ بەرپرسەکەی. لە کاتێکا مەفروزە حیزبایەتی کار و فرمانێکی خۆبەخشانە بێت لە پێناو مەبدەئێکی سیاسی و نیشتیمانی. لە ناو حکومەتیشداهەر وایە. مەبەستەستم لە حکومەت بە هە هەمو دەزگا مەدەنی، ئەمنی و سەربازیەکانیوەیەتی. وردتر بڵێم، مەبەستم لە هەندێک لە وەزیرەکان، فەرماندەی عەسکەری و ئەمنی و هەتا دەگاتە کارمەندێکی سادەی فەرمانگەیەکی حکومی لە سلێمانی و دهۆک یان هەر شوێنێکی تر.
هەرچی کارمەندێکی حکومی یان کادرێکی خوارەوەی حیزبە، کەمتر تاوانبارە، چونکە هیچی بەدەست نیە. تاوانبار ئەو (بە ناو) سیاسەتمەدارانانەن کە پەروەردەیەکی بە گەندە ڵ کردنی کەوادری حیزبی و حکومی لە پێناو بەرژەوەندی شەخسی پیادە دەکەن. ئەم درۆزنانە بە خەڵک دەڵێن: من نوێژ دەکەم و بڕوام بە خوایە، کەچی لە ژێرەوە خەریکی خۆ دەوڵەمەند کردنن لەسەر حسابی میللەت. ئەمانە کەوادری حیزبی و حکومی بێ شەخسیەت و بێ کەرامەت دەکەن، بۆ ئەوەی لە کۆنفڕانس و کۆنگرەی حیزبیدا بۆ مەرام و سەرکەوتنی شەخسی بەکاریان بهێنن. یان لە مەراسیمی تەشریفاتی حکومیدا، لە ژێر چارشێوی پڕۆتۆکۆل و ئەتەکێت بچوکیان بکەنەوەو بیانکەنە دەستەمۆو پیاوی خۆیان. بە مانایەکی تر، لە قوڵایی مەوزوعدا، ئەمانە دژی خودای گەورەن (لقد کرمنا بنی ادم). ئەو کەرامەتەی خوای گەورە بە ئینسانی داوە، ئەمانە بۆ بەرژەوەندی شەخسی لێی دەسننەوە.
ئێمە شانازی بە پێشمەرگایەتی خۆمانەوە لە شۆڕشی ئەیلولی ١ و ئەیلولی ٢ (شۆڕشی گوڵان) ەوە دەکەین. ئێمە شەهیدە قارەمانەکانمان بەرز دەنرخێنین (کە بەشێکی زۆریان بەدە ستی ئێمەی کورد خۆمان کوژراون). بەڵام کوا ئەنجامی ئەو هەمو ماندوبون و فرمێسک و خوێن و گریانە؟… کوا ڕێزگرتن لە ئینسانی کورد؟ بۆچی واستە و واستەکاری حوکم دەکات؟… بۆچی هەر عەشیرە دەسەڵاتی هەیە و نەتەوەی کورد ون و بێ مانایە؟… بۆچی عەشیرە لە لە نەتەوەیەک موهیمترە؟
لە ساڵیادی ڕێفراندۆمە مەزنەکەماندا با لە خۆمان بپرسین: کەی دەبینە میللەت؟… کەی واز لە عەقڵیەتی تەسکی حیزبایەتی و عەشیرەتگەری دەهێنین؟ سەرۆک مەسعود بارزانی هەوڵی دا بمانکاتە میللەت، سەرکەوتوش بو، بەڵام دیارە هێشتا بەشێکمان حەزی لێ نیە ببێتە میللەت و عاشقی جەللادەکەیەتی. ئەو کەسانە شمولی (ستۆکهۆڵم سێندروم) دەکەن و نەخۆشن.
ئینسانی کورد بە بێ ئەوەی ئەندامی هیچ عەشیرەت و حیزبێک بێت بەندەی خوایە و کەرامەتی پارێزراوە. حەیف و خەسارێ کە هەندێک کەس ئەندامانی میلەتی کوردیان لە سەر بەرژەوەندی پارەو پلەو پۆستی حیزبی و حکومی ڕاهێناوە و پەروەردەیان دەکەن. ئەم جۆرە کردارە پەروەردە نیە، بەڵکو بێتەربێت کردنی میللەتێک و ناشیرین کردنی فەرهەنگەکەیەتی. خوایە گیان ژمارەی ئەو ئینسانانەی بەم جۆرە بیر دەکەنەوەو کردار دەنوێنن، عەمر کورت بکەیت و سوک و ڕسوا یان بکەیت و بیانکەیتە پەندی زەمانە. دەستەواژەی کوردایەتی تەنیا پێوەرێکی سیاسەتمەداری کوردە. هەرچی لەدەرەوەی ئەم پێناسەیە بێت، ئەوا مەسڵەحچی و خیانەتکار و فاشیلە، ئیتر هەر پلەو پۆستێکی سیاسی هەبێت و دو هەزار حیمایەشی بەدواوەبێت هەر فاشیلە.
دیموکراسیەت لە دەرەوەی قەوارەی دەوڵەت دا نەک هەر هیچ مانایەکی نیە بەڵکو گاڵتەجاڕە. ڕێفراندۆم هەوڵێکی جوامێرانە و عەبقەریانەی سەرۆک مەسعود بارزانی بو بۆ ئەوەی ئەم پەیامە سادەیە بە میللەتەکەمان ڕابگەیەنێت. کاک مەسعود وتی: حیزب وەسیلەیە، عەشیرە کۆمەڵگەیەکی زۆر بچوکی کۆمەڵایەتیە. جەنابیان گوتی: پێش ئەوەی حیزبی بیت و ئەندامی عەشیرەتک بیت کورد بە. بە عەشیرەت و حیزبەکەت مەنازە، بەڵکو شانازی بە کوردبونتەوە بکە.
دواجار با لە خۆمان بپرسین: کورد میلەتە، عەرەبیش میللەتە. بۆچی عەرەب ٢٢ دەوڵەتی هەیە، بۆچی کورد حەقی یەک تاکە دەوڵەتیشی نیە؟… ئیتر بۆچی ڕێفراندۆم کفری دنیایە؟
PM:04:52:24/09/2026
ئهم بابهته 284
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی