پرۆسەی فێرکردن لە هەرێمی کوردوستان قەیرانی عەقڵی ستراتیژی و لاوازی پلانی گەشەپێدان

‌عومەر عەلى محەمەد

پاش ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی تاقیکردنەوەی نێودەوڵەتی (PISA)ی 2025 کە تایبەت بوو بە بواری خوێندنەوە، زانست ، بیرکاری، ئەنجامەکان وێنەیەکی دژواریان پیشاندا لە ئاستی پەروەردە و فێرکردن لە هەرێمی کوردستاندا، چونکە لە کۆی 81 وڵات کە لە تاقیکردنەوەدا بەشدار بوون، هەرێمی کوردستان لە ڕیزبەندی 79هەمین دایە.

هەروەها پاش ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی تاقیکردنەوەکانی وزاری پۆلی 12، لە کۆی بەشداریی 117 هەزار قوتابی، تەنها 40 هەزار قوتابی دەرچووە.

هەموو ئەم ئەنجامانە پێمان دەڵێن کە ئاستی پەروەردە و فێرکردن لە هەرێمی کوردستاندا لە ئاستێکی قەیراناویدایە و پێویستی بەوەیە کە وەزارەتی پەروەردە پێداچوونەوە بەم دۆخەدا بکات و بۆ ساڵی داهاتوو نەخشەڕێگایەکی نوێی هەبێت بۆ گەیاندنی بە کەناری ئارامی و گەشەپێدان.

ئەگەر لە هەرێمی کوردستان سەرنجی بواری پەروەردە و فێرکردن و خوێندنی باڵا بدەین، دەبینین ڕووبەڕووی چەندان ئاستەنگ و قەیران بووەتەوە، بەتایبەتیش ئاستی سایکۆلۆژیی قوتابی کە تەوەری سەرەکیی خوێندنە، لە بارێکی ناهاوسەنگ و شڵەژاو و بێهیوایدایە. خوێندن لە ئێستای هەرێمی کوردستاندا شێوازێکی ڕۆتین و دووبارەبوونەوەی لەخۆگرتووە و پلانێکی پەرەپێدانی زانستی نابینرێت کە مایەی دڵخۆشی بێت بۆ قوتابی و خێزانەکان، کە بەهیواوە بڕواننە پرۆسەی خوێندن.

بارودۆخی خوێندن لە هەرێمی کوردستاندا پێویستی بەوە بوو کە لە سەرەتای ساڵەوە بە پلانی درێژخایەن دەرگای قوتابخانەکان بکرێنەوە و بەرپرسە باڵاکانیش تەنها بە وتار و فیستیڤاڵ دەستیان پێ نەکردایە، چونکە قەیرانەکان زۆر لەوە گەورەترن کە بە دیدێکی لۆکاڵی و هیوای سنووردار و ڕێگەچاری بچووک مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێ. پێویست بوو وەزیری پەروەردە و وەزیری خوێندنی باڵا لەسەر بنەمای بوونی توێژینەوەی زانستی مامەڵەیان لەگەڵ دۆخەکەدا بکردایە و پاش دیاریکردنی گرفتەکان و ئاڵنکارییەکان بە نەخشەڕێگایەکی نوێوە دەستپێکی ئەمساڵی خوێندنیان دەست پێ بکردایە و کۆبوونەوەی تایبەتیشیان لەگەڵ سەرۆکی حکوومەتدا بکردایە بۆ پشتیوانیکردن و چارەسەری قەیرانەکان و کردنی پرۆسەی فێرکردن بە بنەمایەک بۆ گەشەپێدانی هەمەلایەنە لە هەرێمی کوردستاندا. ساڵ بە ساڵ قەیرانەکانی بواری پەروەردە قووڵتر دەبنەوە، ئەمەش کاریگەری لەسەر مامۆستا و قوتابی و پرۆسەکە دەرکەوتوە. زۆر گرنگە ئێمە بزانین کە ئێستا لەناو فەزای بەجیهانیبووندا دەژین، زۆربەی قوتابییان و مامۆستایان و کەسە چالاک و هۆشیارەکانی کۆمەڵگا ،ئاستی پێشکەوتنی خوێندن لە وڵاتانی دراوسێ و وڵاتە پێشکەوتووەکان دەبینن و پاشان لای خۆیەوە بەراوردی دەکات بەو خوێندنەی کە لای خۆمان هەیە. کەواتە دەبێ بەرپرسانی باڵا لە هەردوو وەزارەت و سەرۆکی حکوومەت و ئەنجومەنی وەزیرانیش ئەو گۆڕانکارییانە ببینن و بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ دۆخی فێرکردن بکەن ، وەک کایەیەکی گرنگی ژیاری مامەڵەی لەگەڵدا بکەن و تایبەتمەندییەکی گرنگی پێ بدەن بۆ بنیادنانی پرۆسەیەکی سەرکەوتوو و گەشەسەندوو.

بەپێی دوایین ئامارەکانی وەزارەتی پەروەردە، ژمارەی قوتابییان لە هەرێمی کوردستان زیاترە لە 1750000 قوتابی، نزیکەی 7590 قوتابخانە هەیە، ژمارەی مامۆستایان و فەرمانبەران زیاترە لە 168000 کەس، 38000 مامۆستای گرێبەستیش هەیە، لەبەر ئەوە نابێت ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی پەروەردە وەک وەزارەتەکانی تر سەیر بکات، بەڵکو دەبێت وەک گرنگترین وەزارەت بۆ گەشەپێدانی هەمەلایەنەی کۆمەڵگە سەیر بکات و ئەو ڕاستیەش بزانێت کە کەوتنی پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن، کەوتنی تەواوی کۆمەڵگەیە بە هەموو چین و توێژەکانیەوە، چونکە پرۆسەی پەروەردە مامەڵەیە لەگەڵ سەرچاوەی مرۆیی و تواناکانی ئایندە، کە دەکرێت بکرێتە بنەمای گەشەپێدانی ئابووری و سیاسی و ڕۆشنبیری کۆمەڵگە، هیچ وەزارەتێک نیە ئەو ژمارەیە لە خۆ بگرێت و هیچ وەزارەتێکیش ناتوانێت ئەو ڕۆڵە کاریگەرییەی لە سەر پێگەیاندنی تاکەکانی کۆمەڵگە .

خوێندن لە هەموو وڵاتێکدا سەرچاوەی گەشەپێدان و پێشکەوتن و دابینکردنی گوزەرانی باشە بۆ گەنجەکانی، بەڵام سەد مەخابن لە هەرێمی کوردستاندا ئێستا بۆتە مایەی بەفیڕۆدانی تەمەن و سەرمایەی خێزانەکان، چونکە پاش ئەوەی خوێندکار زانکۆ تەواو دەکات، بێجگە لە بێکاری و نائومێدبوون لە ژیان هیچ ئەنجامێکی تری نیە. ئەو ڕاستییەش ئێستا کاریگەریی خراپی لەسەر سایکۆلۆژیای قوتابی دروست کردووە و دەبینین ڕۆژ بە ڕۆژ ئاستی زانستیی خوێندکاران لە دابەزیندایە و ڕێژەی وازهێنانی قوتابیش لە قوتابخانە ڕووی لە زیادبوون کردووە.

گرنگترین هەنگاوێک کە هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا پێویستە بیری لێ بکەنەوە، ئەویش پەیوەستکردنەوەی پڕۆگرامەکانی خوێندنە بە بازاڕەوە؛ بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە گرنگی بە پڕۆگرامێکی زانکۆیی نوێ بدرێت کە بتوانێت قوتابی فێری جۆرێک لە پسپۆڕی و پیشە بکات کە دوای تەواوکردنی خوێندن بتوانێت لە بازاڕدا کارێک بکات. دەبێت هەمووان بگەینە ئەو ڕاستیەی کە لە ئێستادا چارەسەری تەقلیدی و لۆکاڵی و کوردخایەن ناتوانێت پرۆسەی خوێندن لەو قەیرانانەی کە هەیەتی ڕزگار بکات.

بەڵکوو پێویستی بە پلانی كورتخایەن و درێژخایەن هەیە، کە بۆمان دیاری بکات ئایا پرۆسەی خوێندن لە هەرێمی کوردوستاندا لە چ ئاستێکدایە و دەیەوێت بگاتە کوێ؟

زۆربەی وڵاتانی پێشکەوتوو لە ڕێگەی گرنگیدان بە پرۆسەی فێرکردنەوە گەیشتوونە ئەو ئاستەی شارستانیەت و مەدەنیەت کە هەیانە، ئەویش لە ڕێگەی پلانی كورتخایەن و درێژخایەنەوە بووە.

لە هەرێمی کوردستانیش دەبێت بە پلانێکی درێژخایەن پرۆسەی فێرکردن ڕوون بکرێتەوە؛ ئایا ئێمە دەبێت جەخت لە چی بکەینەوە و دەمانەوێت کۆمەڵگەی کوردی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرەو چ ئاستێک بەرین؟

لە فینلەندا جەخت کراوەتەوە لەسەر گرنگیدان بە ڕۆڵی مامۆستا، چونکە مامۆستا بەهێزترین کاراکتەری پرۆسەکەیە و گرنگیدان بە گەشەی تواناکانی و باشکردنی دۆخی گوزەرانی دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئەویش بە هەموو توانایەوە لە خزمەتی پرۆسەی پەروەردەدا بێت و دڵسۆزانە وەک ئەرکێکی نیشتمانی کارەکانی ئەنجام بدات.

لە سنگافورە پرۆسەی خوێندن پەیوەست کراوە بە پلانی گەشەپێدانی ئابووری، ئەویش لە ڕێگەی پلانی ستراتیژی درێژخایەن و نوێکردنەوەی بەردەوامی پڕۆگرامەکانەوە.

لە کۆریای باشووریش جەخت کراوەتەوە لەسەر ئەوەی چۆن پڕۆگرامەکانی خوێندن بکرێنە سەرچاوەی وەبەرهێنان، ئەویش لە ڕێگەی چاندنی تۆوی دڵسۆزی و لێهاتوویی و نیشتمانپەروەری لەلای خوێندکار و مامۆستا، کە ئەمەش بە سەرچاوەی بنیادنانی ئابووری دادەنرێت.

لە هەرێمی کوردستانیش دەبێت پلانی كورتخایەن و درێژخایەن دابنرێت بۆ ئەوەی بزانین بەرەو کوێ دەچین ؟ لە ڕێگەی خوێندنەوە دەبێت هەرێمی کوردستان بەرەو کوێ هەنگاو بنێت،؟ چۆن خوێندن بکرێتە کلیلی گەشەسەندن و پێشکەوتن؟، نەک کوشتنی توانای گەنجان و بەفیڕۆدانی سەرمایەی خێزانەکان.٠


PM:12:02:23/09/2026

ئه‌م بابه‌ته 208 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی