نمایشە سیادییەکان و مەرگی ڕەخنە لە پەروەردەدا

‌کنێر عەبدوڵا

دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن لە هەموو کۆمەڵگەیەکدا دەبێتە ساتەوەختی گەشەسەندن، بوژانەوە و نوێبوونەوەی هیواکان بۆ داهاتوو. بەڵام لە هەرێمی کوردستاندا، ئەم بۆنەیە لە بری ئەوەی ببێتە چرکەساتی بەدیهێنانی خەونەکان، زۆرجار دەگۆڕێت بۆ شانۆگەرییەکی ساردوسڕ کە تێیدا ڕووکەش جێگەی ناوەڕۆک دەگرێتەوە. ناخۆشترین دیمەنی ئەم شانۆگەرییە، ئەو ساتەیە کە بەرپرسێک کە زۆرینەی جار دوورە لە ژینگەی ڕاستەقینەی قوتابخانەکان و زەحمەتییەکانی خێزاندا دەست دەبات بۆ لێدانی زەنگی دەستپێکردنەوەی خوێندن، بە واتایەکی دیکە هەمیشە لە نمایشە فەرمییەکاندا سەرکردە و بەرپرسانی باڵا (کە لە لوتکەی دەسەڵاتی سیاسی یان سیادیدا دەژین) دێن و بۆنە گشتییەکان، وەک دەستپێکی ساڵی خوێندن، دەکەنە سەکۆیەک بۆ ڕیکلامی سیاسی و دەرکەوتنی ڕووکەشانە.

بەو پێیەی ئەم دیمەنە سیمبولییە چەندین ڕەهەندی قووڵی نەرێنی لەخۆدەگرێت کە شایستەی هەڵوەستەلەسەرکردنە:

لەوانە؛دابڕانی تەواو لە واقع؛ واتە ئەو بەرپرسەی زەنگەکە لێدەدات، هەستی بەو بێهیواییە قورسە نییە کە باوک و دایکێکی کرێکار یان فەرمانبەر لە کاتی دابینکردنی پێداویستییەکانی منداڵەکانیاندا ئەزموونی دەکەن. بۆ خێزانێک کە لە قەیرانی بژێویدا دەژی، لێدانی زەنگ لەلایەن کەسێکەوە کە هیچ خەمێکی مووچە و گوزەرانی نییە، تەنها برینەکەیان تازەتر دەکاتەوە.

یان نمایش لەجیاتی کار؛ لە کاتێکدا کەرتی پەروەردە بەدەست کەمیی ژێرخان، نەبوونی کەرەستەی پێویست، تێکچوونی باڵەخانەی قوتابخانەکان و کەلێنی گەورەی مامۆستایانەوە دەناڵێنێت، دەسەڵات تەنها گرنگی بەو ڕووکارە دەدات کە لە ڕێگەی کامێراکانەوە دەگوازرێتەوە. ئەمە شێواندنی چەمکی خزمەتگوزارییە بۆ بەرژەوەندیی ڕیکلامی و دەروونی سیاسی.

هەروەها کوشتنی گیانی ڕەخنە؛ بەو واتایەی کاتێک گەورەترین دەزگای پەروەردەیی بە شانۆگەری و دروشمی بێ ناوەڕۆک دەستپێبکات، بە بێدەنگی پەیامێک دەداتە نەوەی نوێ کە لەم کۆمەڵگەیەدا فۆرم هەمیشە گرنگترە لە ناوەرۆک، و دروشم جێگەی کردار دەگرێتەوە. ئەمەش زیاتر کۆمەڵگە بەرەو مێگەلبوون و قەیرانی هۆشیاری و رەخنەگرتن دەبات.

بۆیە، تا ئەو کاتەی په‌روەردە لە پۆستەری ڕووکەش و دەستپێکی ڕەمزیی بەرپرسانەوە نەگوازرێتەوە بۆ پڕۆژەیەکی نیشتمانی و جدیی کە تێیدا ژیان و بەهاو بژێوی مامۆستا و فێرخواز لە سەرووی هەموو شتێکەوە بێت، و تا سستم بەرهەمهێنەری عەقڵ و بونیادی ژێرخانی هزری هۆشمەندی تاکەکان نەبێت؛ ئەم زەنگانەی ساڵانە تەنها دەنگدانەوەی بێهیوایی دەبن لە بۆشاییەکی گەورەی دەروونی و کۆمەڵایەتیدا.


AM:10:15:21/09/2026

ئه‌م بابه‌ته 56 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی