جەنگەکان خۆش ناکەنەوە: هەر بەرێوەن!
لاوک سەلاح
ئینگلیز بە شەستە باران دەڵێن پشیلە و سەگ دەبارێن.
لەم سەردەمەی ئێمەدا، جەنگەکان خۆش ناکەنەوە، درۆن و رۆکێت بەردەوام دەتەقنەوە! وا ئۆغر دەکەین، ئەم دونیا و جەنگەکانی بەجێ دەهێڵین و فریای نووسینەوەیان ناکەوین. دیجیتاڵکردن و بە بەڵگەکردنی جەنگەکان فریای رۆحی شەکەتمان ناکەوێت، بەپێچەوانەشەوە راستە، جەنگەکان خۆشەویست و برادەر و عاشقانی لە یەک ترازاند، زۆریانی لەگەڵ خۆی، لە چاوتروکانێکدا ون کرد، لە بوومەلەرزەیەکی شپرزەدا درزەکانی نێو زەوی هەڵی لووشین.
ئەوان نەهاتنەوە، کە هەندێکیان لە مەرگ هاتنەوە کەس نەیناسینەوە، سیماو روخسار و تەوێڵیان غوربەتی خوێنیان لێ دەتکا. ئەوە جەنگ بوو وای کرد دواتر کەس کەس نەناسێتەوە، ئەوە بەهۆی سێبەری جەنگ بوو کە بەسەر شەقامە خۆڵەمێشەکاندا پیاسەمان دەکرد، مۆڕەمان لە یەکتر دەکرد، بە بینی یەکتر دوومەڵەکانی جەنگمان دەهاتەوە یاد، سەردەمەکانی جەنگ کەلێنی، نەوەک هەر لە رۆحدا چەقاند بوو، بەڵکو زاکیرەی خۆمانی هەڵکۆڵی و لێی کردینە دوژمن، زاکیرەیەکی پڕ ئازاری شەرانگێز. ئەوە جەنگ و دوژمن و "خۆمانێ"یەکی بریندار، ناسنامە ونەکە بوو، پرۆسەی دیجیتال ئەمە قبوڵ ناکات لەبەر ئەوەی کۆدەکەی لە دەرەوەی مەوداکانی مرۆڤدۆستییە!
لە بەردەم بێ بەهای کردنی ژین، چ جەنگێک بنوسینەوە؟ بۆ بینوسینەوە؟ خۆ هەموویان یەک ڤێرژنن، بەڵام ئەکتەرەکانیان جیاوازن. شەوێک نەبووە، وەحشەتی سەرابە تاریکەکان نەیەتە خەونمانەوە، جەنگ فێری بێداری کردین، درۆنەکان بە بەراورد بە رۆکێتەکان و سێوی کیمیاوی هیچ نییە، دێوزمەکان بە جلکی فراوانی وەک رەشماڵ دێنە خەومان و بە ددانی درێژەوە بە بەرائەت و گێلیمان پێدەکەنن و لەگەڵ سپێدەی بەرەبەیان دەبنە نوقڵانەی جەنگێکی دیکە کە نازانین لە کوێوە هەڵدەکات و بەرەو کوێمان دەبات.
ئەوە جەنگ بوو مارکسیەکانی بەرەو ئینشقاق و تەخوینی سیاسی برد، ئەوە جەنگ بوو چەپەکانی تەسلیم بە دونیای ئیستعمار کرد و پرۆژەکانیان گەڕانەوە بەهەشت، ئەوە جەنگ بوو بارزگانە نیشتمانپەروەرکانی کردە لۆردات و مافیای جەنگ، ئەوە جەنگ بوو ئیسلامییەکانی لە یەزدان هەڵگەرانەوە، ئەوە جەنگ بوو رێبازەکانی سۆشیالیستی نەتەوەیی کردە فاشیەت و تۆتالیتاریزم، ئەوە جەنگ بوو، بەڵێ ئەوە جەنگ بوو دایالۆگە شارەستانییەکانی لە رەحمەت و دڵسۆزی و برایەتی و لێبوردەیی و پێکەوە ژیان و نیشتمانپەروەری بەتاڵ کردەوە، برام ئەوە جەنگ بوو، جەنگ دەماری شەرانگێزی کردە دۆخێکی مرۆڤانەی ئاسایی، هەست و حەواسی ئێمەی سڕ کرد، گورگئاسا هەموو کەینوونەی ئێمەی کردە ئەشکەوتێکی قووڵی ئەنگوستەجاو، کە لوورە و سەدای تەنیایی لە سینەدایە، تەنانەت لە خەویشدا.
ئێمە ئێستا بێ جەنگ ناژین، ناتوانین، جەنگ میرات و رەفتار و شێوازی ژیانمانە، لە پارچە شکاوەکانی ئاوێنەی خۆماندا بەدوای جەنگدا دەگەڕێین، جنێو بە ئاشتی دەدەین، لە نێو جەنگدا بەشەکەی دیکەی هاوکێشەکە کە ژیانە ونە، جەنگ جۆلانەیەکە بەرەو ئاسمان بەهەناسەیەکی قووڵەوە ئێمەی هەڵفراند، بەڵام لەو سەرەوە ناهاتینەوە سەر زەوی، ئەوە ئێمە نەبووین کە گوێمان لە تەپەی زەوی بوو، ئەوە زەوی بوو شایەتی خوێن و تەپەی رۆکێتەکان و هاژوهوژی کارەساتەکان بوو.
جەنگەکان خۆش ناکەنەوە، ئێمە بەبێ جەنگ ناتوانین نە شیعر و نە رۆمان و نە وتارێک و نە شانۆنامەیەک و نە کتێبێک بنووسین، ئاخر لەسەر چی بنووسین؟ لەسەر ژیانێکی ئاسایی کە نەمادی، لەسەر ماچێک کە مەرگ وەک لوولەی تفەنگێکی پڕ لە بارووت بۆی بەجێ هێشتین بۆ ئەوەی پێماندا بتەقێتەوە، جەنگ نەیهێشت هەست بکەین لێرەین، جەنگ بەرۆکمان بەرنادات، کاکە جەنگ خۆش ناکاتەوە!
گۆڕستانەکان بەهۆی جەنگەوە هەمیشە هەڵگیرساون و سوور دەدرەوشێنەوە، ئەرخەوانی دەردەکەون، جەنگ مەرگ و ژیانی تێکەڵ کردووە، هەروەک شانۆنامە تاریکە پڕ ترسەکان کە ئەکتەرە مردووەکان بە جلکی سپییەوە دێنە نێو بینەران و هەموو ئاوێزانی یەکتر دەبن، دەبنە مێژوویەک و حیکایەت و ئەفسانە وسەرگوزشتەیەکی پڕ تارمایی و دووکەڵی خۆڵەمێشی پاشماوە جەنگەکان.
هەمیشە بیر لەوە دەکەینەوە جەنگی داهاتوو هی کێیە، لە کوێوە دەست پێدەکات؟ قوربانی ئاییندە کێیە؟ تا لەمەیان تێدەگەین، جەنگێکی دیکە سەرهەڵدەدات، هەر جەنگە و بە جەنگێکی دیکەمان دەسپێرێت، هەمیشە ئەو پرسیارەش دەکەین کێ جەنگەکانی ئاییندە دەباتەوە؟ ئەوانەی هێشتا مەزەنەیان ناکەین و هێشتا بەخەیاڵماندا نەهاتووە. هەر جەنگە شۆکی ئەوەی رابردوو بچووک دەکاتەوە.
زۆر جار دەڵێم یەزدانی مەزن ئێمە جوگرافیاکەمان لەعنەتییە یان خۆمان؟ بۆ پەتای جەنگ هەمیشە رێرەوەکانی خۆشەویستی بۆ دونیا و بۆ عەشق پڕ لە ژەهری مەرگ دەکات.
PM:03:20:15/09/2026
ئهم بابهته 172
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی