مەسەلەی كەبابەكە

‌كاروان ئەنوەر

دوو هاوڕێ دەیانەوێت بۆ نیوەڕۆ کەباب بخۆن، ئوسوڵی ھەندێک کەس وایە دەبێت یەكێكیان پارەی هەردووكیان بدات.. پاشان دەچن بەرەو پیشانگەی فرۆشتنی ترۆمبێل! لەوێدا هەرکەسەو یەك ترۆمبێلی جۆری LADA لادای سور دەكڕن، كە دەیانەوێت پارەی كڕینی ترۆمبێلەكان بدەن، كەبابخۆری پارەنەدەر تەڵاق لە كەبابخۆری پارەدەر دەخوات، یەك دینار نادەیت و ئەوە لەسەر حسابی منە!! قسە لەم و قسە لەو.. تەواو پیاو قسەی كردووە و من پارەی لاداكە دەدەم ئەمیش مەكە بە مەسەلەی كەبابەكە!!

مەسەلەی ئەم كەباب و لادایە نوكتەیەك بوو لە كۆتایی حەفتاكاندا دەماودەم باسدەكرا، كاتێك خەڵكی گوندە سنوریەكان لە پرۆسەی راگواستندا خزێنرانە كۆمەڵگەی زۆرەملێ، لەپارەی نەوتی عیراق قەرەبوو دەكرانەوە، بۆ هەر دۆنمێك زەوی 2500 دیناری عیراقی دەدرا بە ئەو كەسەی بەناویەوە تۆمارکرابوو .. ئەم راگواستنە دوودیوی هەبوو، دیوە كۆمەڵایەتیەكەی ئەوەبوو كە خەڵكی شارەکان سەدان نوكتەی قۆشمەیان دروستكردبوو لەسەر شێوازی خەرجكردنی ئەو لێشاوە پارەیە، ئەو قۆناغە بەناوی (كاتی تەعویزەكە) ناسرابوو، هەندێك لەو نوكتانەش راستیی تێدابوو، بەڵام بە ترشوخوێوە خۆشكرابوون، بۆیە بە هەركەس بوترایە (تەعویزە) توڕەدەبوو دەستی بە جنێودان دەكرد.

دیوی دوەم، دیوی راستیە تاڵە تراژیدیا سیاسیەكە بوو:
لەدوای هەرەسی شۆرشی کورد و پەیماننامەی جەزائر لە ساڵی 1975، دامەزراندنی ینك لە ھەمان ساڵ و سەرهەڵدانی شۆرشی نوێ لە 1976، بیرۆکەی راگواستنی زۆرەملێ و چۆڵکردنی شریتی سنورەکانی کوردستان لەگەڵ ئێران و تورکیا، چوە مێشکی سەدام حسێن، کە داڕێژەری بیرۆکەکەو جێگری سەرۆککۆمار بوو، سەرەتا بە چۆڵکردنی 5 کیلۆمەتر، پاشان بە 10 و 15، لە هەندێک شوێنی سنورەکانی سلێمانی، گەیشتە 30 کیلۆمەتر، خەڵکەکە بەناچاریی ڕاگوێزران بەرەو ئۆردوگا زۆرەملێکان. بەپێی راپۆرتەکانی ئەو کاتەی Human Rights Watch، لە ساڵەکانی 1977و 1978، راگواستن گەیشتە ترۆپک، نزیکەی 250.000 ھەزار ھاووڵاتی کورد خزێنرانە موجەمەعەکان، مەبەست لەم پرۆسە بەدناوە، بڕینی خۆراك و شوێنی حەوانەوەی ھێزی پێشمەرگە بوو، پاشان بەناوی ھۆکاری ئەمنیەوە چۆڵکردنی سنورەکان بوو. ئەم پرۆسەیە لەزۆر شوێنی تر دژی کوردان بەناوی جیاواز بەکارهاتووە، وەک تەھجیر یان تەبعيد يان تەرحیل یان Cordon Sanitare، پێشتر لەلایەن جۆزیف ستالینەوە ملیۆنان خەڵکیان لە ساڵی 1944 ئاوارەکردو لەناویاندا کوردانی جۆرجیا، کە تا ئێستاش نەگەڕاونەتەوە..

بەپێی تۆمارە مێژووییەکان و راپۆرتی رێکخراوە نێودەوڵەتیەكان، سەدام چی پێكرا كردی، ستالینیش زۆر زیاتر، بە مەبەستی گۆڕینی دیمۆگرافیا و تۆبۆگرافیای ناوچەیەکی فراوان و تێکدانی پەیوەندیی دانیشتوانەکەی بە خاک و زەوی و سنور و ژینگە و گوند و سروشتەوە، خەڵکی ئەم گوندانەیان لە ئۆردوگا زۆرەملێکاندا توندکرد، لەھەمووی ترسناکتر نەھێشتنی جیاوازیی لەنێوان خەڵکی شارو خەڵکی گوند بوو، لەروی شارستانیەوە نەک جوگرافیا، کە تا ئێستاش کورد باجەکەی دەدات.. پێش سەدام، جوزێف ستالین هەمان بیرۆکەی تاقیكردەوە و میللەتی کوردی سۆڤیەتی دابەشکرد بەسەر کازاغستان و تورکمانستان و ئازەربایجان و چیچان و...ھتد، تا ئێشتاش پەرتەوازەیی کوردانی سۆڤیەت یەکنەخراوەتەوە، کەواتە هەڵكەندنی رەگی كورد لەسەرخاكی بابو باپیران، بەرنامەیەك بوە بۆ توانەوەو لەناوبردن و جینۆساید..

سەرباری ئەم كردارو رەفتارە وەحشیانە، پرسیارێکی زۆر کۆمێدی لە مێشکمدایە، ئەویش ئەوەیە: گەر ستالین و سەدام پێکەوە وەک دوو برادەرەکەی سەرەتا، بچونایە بۆ کەباب خواردن، کامیان پارەی ئەوی تریانی دەدا؟؟

دڵنیابن کەسیان پارەی ئەوی تری نەدەدا، چونکە ئەم دوو ناوە لەمێژوودا، دوو بەدترین سەرکردەن کە گەلی خۆیان ئاوارەكردوە، خوێنی میللەت و زۆرترین کەسی نزیک و ناسیاوو زاواو کەسوکاری خۆیانیان بەدەستی خۆیان کوشتوە، تا رۆژی مردنیان یەک كەس ھاوڕێیان نەبوە، ئیتر چۆن پارەی کەباب بۆ یەکتر دەدەن!!!؟؟

ئەمەش لە سێگۆشەی خڕ دەچێت.


PM:01:58:14/09/2026

ئه‌م بابه‌ته 212 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی