سەردەمی دیدی نوێی سەرمایەداری ترامپیزم و ئابوری جەنگ

‌رێبین عومەر

جەنگ ئەمڕۆکە تەواو جیاوزە چیتر بریتی نییە لەبەرکەوتنی دوو گروپی سیاسی و شارستانی و ئایینی جیاواز بەرامبەر بەیەک بەڵکو ئەمڕۆی جەنگ بەشێکی لە گەورەکردنی سیستمی جیهانی و پێویستی سەرمایەو بازاڕو دۆزینەوەی هەلی بازرگانی نوێیە، سیستمی سەرمایەداری دەستی لە بڵاوکردنەوەی دیموکراسی و خۆشگوزەرانی هەڵگرتووە؛ چاوی لە رێگەو رێبازی پاوانخوازییە.

لە جیهانی ئەمڕۆدا هەر گۆڕانکارییەکی ژێۆپۆلیتیکی دەتوانێت بەتەواوی ئاراستەی بازاڕو چەرخی ژیان بگۆڕێت و نرخ بەرزوو نزم پێبکات، وەک ئەوە لەجەنگی ئێران لەگەرووی هورمزدا دەرکەوت؛ گەروەکە خۆی کراوەبوو، دواتر ویستی دەسەڵات وایکرد گفتووگۆ بە زمانی جەنگ لەسەر کردنەوەو نەکردنەوەی بکرێت و جڵەوی سەرچاوەی ووزەی پێبکرێت.

لەدیدی ڕەخنەگرانەی (نۆم چۆمسکییەوە)، نابێت جەنگ تەنها لە ڕووی سەربازییەوە بخوێندرێتەوە؛ پێویستە بزانرێت لە پشت پەیوەندییەکانی دەسەڵات، میدیا و بەرژەوەندییە ئابورییەکاندا چی ڕوودەدات. چۆمسکی، بە تایبەتی باس لەوە دەکات کە چۆن دەسەڵات و دامەزراوە گەورەکان دەتوانن شێوەی تێگەیشتنی کۆمەڵگە لە ڕووداوەکان ئاراستە بکەن؛ بۆیە جەنگ تەنها لە مەیدانی شەڕدا چیتر ڕوونادات، بەڵکوو لە مەیدانی زانیاری و دروستکردنی گوتاری گشتیدا خۆی دەردەخات.

لە سیستمی سەرمایەدارییە گەورەکاندا، جەنگ دەتوانێت ببێتە بازاڕێکی گەورە بۆ ساغکردنەوەی چەک، ووزە، تەکنەلۆجیا و کۆمپانیاکانی پەیوەندیدار بە بواری سەربازی و زۆر بواری تر کە ووزە بەجەنگ دەدەن.

بەم تێگەیشتنە سادەیە، جەنگ بۆ هەموو لایەنەکان بریتینییە لە زیان؛ بەڵکو زۆرکات دەبێتە مایەی قازانج و سود.

ئەمەش ئەو خاڵەیە کە دەبێت جیاوازیی نێوان ئابوریی جەنگ و ئابوریی ئاسایی تێبگەین.

کاتێک جەنگ دەبێتە فاکتەری سەرەکی دیاریکردنی ئاراستەی بازاڕ، نرخەکانی نەوت و ئاڵتون، دراوەکان و تەنانەت بڕیارەکانی سەرمایەگوزاریش لە ژێر کاریگەریی ترس و ناڕوونیدا دەبن.

لە جیهانی ئەمڕۆدا، جەنگ سنووری جوگرافیایی خۆی تێپەڕاندووەو لەکوێی بوێ لەوێ هەڵدەگیرسێت.

ڕووداوێک لە ناوچەیەکی دیاریکراوی دوور دەتوانێت کاریگەرییەکەی خۆی بگەیەنێتە نیویۆرک، لەندەن، دووبەی و بازاڕەکانی ئاسیا واتە سیستمی جیهانی بەتەواوی تۆڕەکەی خۆی بەیەکەوە گرێداوە چیتر هیچ پانتاییەک نییە لەدەرەوەی ئەوتۆڕەدابێت.

بۆیە بازاڕی جیهانی بەردەوام لە نێوان ترس و متمانە، مەترسی و پەناگە، جەنگ و ئاشتیدا دەجوڵێت و بەرزی و نزمی دەکات.

ئەگەربێت و جەنگ بەردەوام بێت، دەکرێت بڵێین جەنگ تەنها بەرهەمی بڕیاری سیاسی نییە؛ بەڵکو خۆی دەبێتە فاکتەری دروستکردنی سیاسەت و ئاراستەکردنی ئابوری هەمەلایەنە.

ئەمەش واتای ئەوەیە کە ئابوریی جەنگ، بۆتە یەکێک لە هێزە هەژمووندارەکانی بازاڕی جیهانی؛ دیاردەی ترامپیزم زۆر بەڕوونی لەم رۆماندا پێمان دەڵێت: ئیتر شتێک نییە بەناوی ئابوری جێگیرو هاوسەنگ، هەمووشت لە ژورە داخراوەکانەوە بڕیاری لەسەردەدرێت.

ئەوەش بەرهەمی ئەو سیستمەیە کە ئێستا فۆڕمێکی تری بۆ ئابوری پێیەو رێگەیەکی تری سەرمایەدارییە کە بلۆکی دژ بەر ناخوێنێتەوە؛ هەمووشت لە خۆیدا دەتوێنێتەوە و یان وەک خۆی لێدەکات.


PM:04:31:02/09/2026

ئه‌م بابه‌ته 92 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی