ڕۆژئاوای کوردستان لە نێوان ئامانج و ئامرازدا؛ کەی ئامراز دەبێتە مەترسی لەسەر ئامانج؟

‌سلێمان مستەفا حەسەن

پرسی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان لە ماوەی کەمتر لە پازدە ساڵدا قۆناغە جیاوازەکانی بەرخۆدان و خۆڕێکخستن و خەباتی سیاسیی تێپەڕاندووە. ئەزموونی یەکینەکانی ژنان و هەسەدە لە بەرگری و خۆپارێزیدا لە دژی داعش، پاشان ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزەکانی حکوومەتی سووریا، گفتوگۆی فرەلایەنە و بەدەستهێنانی پێگەی سیاسی، هەموویان بەشێک بوون لەو ڕێڕەوە. ئێستا کە ڕۆژئاوا بەرەو قۆناغی گفتوگۆ و ڕێککەوتنی سیاسی دەچێت، بۆ تێگەیشتن لەو گۆڕانکارییە نابێت تەنیا سەرپێییانە ڕووداوەکان ببینین؛ پێویستە بزانین ئامانج چییە و ئامراز چییە، و کەی ئامراز دەتوانێت ببێتە مەترسی لەسەر ئامانج.

لە ساڵانی جەنگی ناوخۆییی سووریا و سەرهەڵدانی داعشدا، هێزی شەرڤانان بۆ بەرگری و پاراستنی خەڵک و ناوچەکانی ژێردەستی هەسەدە و یەپەژە، ئامرازێکی گرنگ بوو. بەڵام لە تێڕوانینێکی سیاسیی پێگەیشتوودا، چەک نابێت ببێتە ئامانج. چەک کەرەستەیە بۆ پاراستن و بەدەستهێنانی ئامانجێکی سیاسی. ئەگەر لە قۆناغێکدا بەردەوامبوون لە شەڕ ببێتە هۆی لەدەستدانی ئەو ماف و ئازادی و ناسنامەیەی کە خەباتی بۆ دەکرێت، ئەوا پێویستە ئامرازەکە بگۆڕدرێت.

ئەم پرسیارە لە ئێستادا لەبارەی جەنەراڵ مەزڵووم عەبدی و هەسەدە و داهاتووی ڕۆژئاوای کوردستانەوە گرنگییەکی تایبەتیی هەیە. مەزڵووم عەبدی زیاتر وەک فەرماندەیەکی سەربازیی دژی داعش ناسراوە؛ بەڵام پرسیاری گرنگی قۆناغی نوێ ئەوەیە کە ئایا دەتوانێت هەمان ئامانجەکان بە ئامرازێکی جیاواز بپارێزێت؟

ئەم گۆڕانە نابێت بە ئاسانی بە مانای شکست یان خۆبەدەستەوەدان بخوێندرێتەوە. لە سیاسەتدا ڕێککەوتن خۆی نە سەرکەوتنە و نە شکست؛ بەڵکوو ئامرازە. بەهای ڕێککەوتن بەوە دیاری دەکرێت کە چی دەپارێزێت و چی بەدەست دەهێنێت. ئەگەر ڕێککەوتن بتوانێت مافی زمانی کوردی، ناسنامە، بەشداریی سیاسی، پەروەردە و مافە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان بپارێزێت و کورد بکاتە بەشێکی کاریگەر لە بنیاتنانی داهاتووی سووریادا، ئەوا دەتوانێت ئامرازێکی سیاسیی کارا بێت. بەڵام ئەگەر تەنیا بۆ کۆتاییهێنان بە هێزی چەکدار و هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە بێت، بەبێ ئەوەی مافەکان بە ڕوونی بپارێزرێن، ئەوا مەترسییەکەی زۆر گەورەیە.

لە مێژووی خەباتی نەتەوەکاندا نموونەی گۆڕینی ئامراز زۆرن. ئەزموونی غاندی هێزی جەماوەر، خەباتی ئاشتیخوازانە و ڕەوایەتیی ئەخلاقیی کردە بنەمای خەبات. ماندێلاش لە قۆناغی گواستنەوەی سیاسیدا، لێبوردەیی، گفتوگۆ و سازانی سیاسیی کردە ئامرازێکی سەرەکی بۆ دەرچوون لە بازنەی شەڕ. لەم چوارچێوەیەدا بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ پڕۆسەی ئینتێگراسیۆن و کۆمەڵگەی دیموکرات، گۆڕینی شێوازی خەباتی چەکداری و دانانی چەک و هەڵوەشاندنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان، دەتوانێت وەک بەشێک لە گۆڕانی ئامرازەکانی خەبات بخوێندرێتەوە. هەروەها، بەپێی ئەزموونی ڕابردوو، ناتوانرێت ئەزموونی ڕۆژئاوا بەتەواوی لە کاریگەریی پارتی کرێکاران و باکووری کوردستان جیا بکرێتەوە، لەوبارەییەوە دکتۆر بورهان یاسین سەرکەوتن و سەرنەکەوتنی ئەزموونی ڕۆژ ئاوا دەبەستێتەوە بە قەندیل.

خاڵی گرنگ ئەوەیە: ئامانج دەتوانێت بە جێگیری بمێنێتەوە، بەڵام ئامراز دەبێت لەگەڵ گۆڕانی بارودۆخدا بگۆڕێت.
بۆیە کاتێک دەوترێت ڕۆژئاوای کوردستان دەبێت لە هێزی چەکەوە بەرەو هێزی نەرم بڕوات، مەبەست ئەوە نییە کە کورد دەست لە خەبات و بەرخودان هەڵبگرێت؛ بەپێچەوانەوە، مەبەست گۆڕینی شێوازی خەباتە. هێز تەنیا چەک و شەڕڤان نییە؛ یاسا، دەستوور، دیپلۆماسی، ڕەوایی، زانست، پەروەردە، زمان، کولتوور، ڕاگەیاندن، کۆمەڵگەی مەدەنی، ئابووری، یەکڕیزیی کۆمەڵایەتی، کۆدەنگیی حیزبەکان و پڕۆژەی نیشتمانی هەموویان دەتوانن ببنە سەرچاوەی هێز.

لە قۆناغی نوێدا کورد لە ڕۆژئاوای کوردستاندا پێویستی بە هێزی ئاشتی، هێزی ماف، هێزی یاسا، هێزی ڕەوایی، هێزی دیپلۆماسی، هێزی زمان و کولتوور و، لە هەموویان گرنگتر، هێزی یەکبوون هەیە. ئەم هێزانە نابێت تەنیا جێگرەوەیەکی کاتی بۆ چەک بن؛ دەبێت ببنە بنەمای ستراتیژییەکی درێژخایەن.

بەڵام بۆ تێگەیشتن لەو گۆڕانکارییانە، تەنیا لێکدانەوەی ناوخۆیی بەس نییە. ڕۆژئاوای کوردستان لەناو سیستەمێکی ئاڵۆزی ناوچەیی و جیهانیدا بووە و سووریاش لە قۆناغی ڕاگوزەردایە. تورکیا، ئەمریکا، ڕووسیا، ئێران، ئیسرائیل و دەسەڵاتی دیمەشق هەریەکەیان بەرژەوەندی و هەژموونی خۆیان هەیە. بۆیە هەر گۆڕانێک لە دۆخی ڕۆژئاوادا دەبێت لە چوارچێوەی ئەو ململانێیەدا بخوێندرێتەوە. نابێت لە شیکارییەکاندا تەنیا ئارەزوو ببینین و فاکتەکان پشتگوێ بخەین؛ هەروەها نابێت هەڵەکانی ڕابردوو، لەوانە پەلەکردن لە شەڕی داعش یان هەڵە لە ناسینی پێگەی لایەنە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، پشتگوێ بخرێن.

بەتایبەتی ڕووداوی حەوتی ئۆکتۆبەر دەتوانرێت وەک خاڵێکی جیاکەرەوە لەنێوان دوو قۆناغی سیاسیی ناوچەکە سەیر بکرێت. دوای ئەو ڕووداوە، هاوسەنگیی هێز و پێشینەکانی ئاسایشی وڵاتە ناوچەیی و زلهێزەکان گۆڕانیان بەسەردا هات. جەنگی غەززە و پاشان پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان لە لوبنان و سووریا، هەریەکەیان کاریگەریی خۆی لەسەر هەژموون و بەرژەوەندییە ناوچەییەکان دانا.

لەو بارودۆخەدا، پرسی کورد لە سووریا ناتوانێت بە جیا لە پەیوەندییە ناوچەیی و جیهانییەکان لێک بدرێتەوە. تورکیا پرسی کورد بە بەشێک لە ئاسایشی نیشتمانیی خۆی دەبینێت، ئەمریکا لە ڕۆژئاوای کوردستان بەرژەوەندییەکانی خۆی لە دژی داعش و هاوسەنگیی ناوچەکەدا هەیە و دەیەوێت سووریایەکی یەکگرتوو بکاتە جێگرەوەی بەرژەوەندیەکانی لە ناوچەکەدا، ڕووسیا و ئێرانیش هەریەکەیان لە سووریا و ناوچەکەدا بەدوای هەژموون و بەرژەوەندیی خۆیان دەکەون. لەبەر ئەمە، هەر بڕیارێکی سیاسی لەلایەن مەزڵووم عەبدی و هەڤالانییەوە بدرێت دەبێت لەگەڵ تێگەیشتنێکی ورد لە هاوسەنگیی ئەو هێزانە بێت.

لە هەمان کاتدا، پێویستە شێوازی خوێندنەوەی ڕووداوەکان لە میدیا و سۆشیال میدیاشدا بگۆڕێت. بەشی زۆری هەڵسەنگاندنەکان لە باشووری کوردستان بە پێوەری ڕەش و سپی دەکرێن و زۆرجار لە کاتی گۆڕانێکی سیاسی، پرسیاری سەرەکی دەبێتە (کێ بردییەوە؟) و (کێ دۆڕاندی؟). ئەم شێوازە ڕووداوە سیاسییە ئاڵۆزەکان دەکات و شیکاریەکان لە بنەمای زانستی دووردەخاتەوە.

بەڵام باشتر وایە پێش بڕیاردانی ئاکاری، مرۆڤ خۆی لەگەڵ پرسیارە بنەڕەتییەکان ڕووبەڕوو بکاتەوە: چی ڕووی دا؟ بۆچی ڕووی دا؟ چۆن ڕووی دا؟ کێ بەرژەوەندیی لێ وەردەگرێت؟ و کاریگەرییەکانی لەسەر داهاتوو چی دەبن؟ ئەم شێوازەی لێکدانەوە بەتایبەتی بۆ خۆهەڵوەشاندنەوەی هەسەدە و گواستنەوەی قۆناغی سیاسیی ڕۆژئاوا گرنگە؛ چونکە ئەگەر ڕووداوەکە تەنیا بە «بردنەوە» و «دۆڕان» لێک بدرێتەوە، بەشێکی زۆر لە مانای سیاسیی خۆی لەدەست دەدات.

لە هەمان پەیوەندییەدا، تێگەیشتن لە گۆڕانی هزری عەبدوڵڵا ئۆجەلان و پەکەکەش گرنگە. هزری سیاسیی ئەم جولانەوەیەی( ئاپۆچی و تەڤگەر)لە دوای ساڵی ١٩٩٩ەوە گۆڕانکارییەکی زۆری بەخۆوە بینیوە و لە تێڕوانینی سەرەتایی خۆیەوە بەرەو بابەتەکانی دیموکراسی، ژینگە، مافە کولتوورییەکان، بەشداریی ژنان و شێوازە نوێکانی ڕێکخستنی کۆمەڵگە گواستراوەتەوە. بێ تێگەیشتن لەم گۆڕانە هزرییە، خوێندنەوەی هەنگاوە سیاسییە نوێکان زۆر قورس دەبێت.

لە هەمان کاتدا، نابێت ڕۆژئاوا لە بەرپرسیارییە ناوخۆییەکانی خۆی دوور بخرێتەوە. یەکێک لە کێشە سەرەکییەکان پەرتەوازەیی هێزە سیاسییە کوردییەکان لەڕۆژئاوا و پارچەکانی تری کوردستان. ئەگەر ئامانج پاراستنی مافە نەتەوەییەکان و بەشداریی سیاسیی فراوان بێت، ئەوا پێویستە پڕۆژەیەکی نیشتمانیی هاوبەش هەبێت کە بەرژەوەندیی گشتی لەسەر بەرژەوەندیی لایەنە سیاسییەکان دابنێت.

ئەمەش دەمانباتەوە بۆ بنەمای سەرەکیی وتارەکە: ئامراز نابێت جێگەی ئامانج بگرێتەوە.

هەر خەباتێک کە ئامرازی خۆی دەکاتە ئامانج، لە مەترسییەکی گەورەدایە. ئەگەر بۆ بەدەستهێنانی ئازادی، ئازادی لەدەست بدرێت؛ ئەگەر بۆ پاراستنی ماف، مافی کەسانی تر پێشێل بکرێت؛ ئەگەر بۆ پاراستنی ناسنامە، یەکڕیزیی کۆمەڵگە لەناو ببرێت، ئەوا ئامرازەکە بە هێواشی ئامانجەکەی خۆی دەخواتەوە.

لەبەر ئەوە، گۆڕینی ئامراز بە مانای گۆڕینی ئامانج نییە؛ بەڵکوو زۆرجار نیشانەی ئەوەیە کە خەباتێک بە قۆناغی پێگەیشتوویی خۆی گەیشتووە. ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە ئامانج بە ڕوونی دیاری بکرێت، ئامراز لەگەڵ بارودۆخ بگونجێت و هەر ئامرازێک بە پێوەری ئامانج هەڵبسەنگێندرێت.

ڕۆژئاوای کوردستان لە ماوەیەکی کورتدا توانایەکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی بەرچاوی دروست کردووە و نابێت ئەو دەستکەوتانە بە کەم سەیر بکرێن. لە هەمان کاتدا، نابێت هیچ دەسەڵاتێکی داهاتوو بە تەواوی ڕەت بکرێتەوە یان بە تەواوی متمانەی پێ بکرێت؛ پێوەری ڕاستەقینە ئەوەیە کە لە کرداردا مافەکانی کورد تا چەندە دەپارێزێت.

هەروەها نابێت مۆدێلی چارەسەرکردنی پرسی کورد لە یەک بەش بۆ بەشی تر بەبێ گوێدانە بارودۆخی تایبەتی هەر وڵاتێک کۆپی بکرێت. سروشتی پرسی کورد لە تورکیا، سووریا، عێراق و ئێران یەکسان نییە؛ سیستەمی سیاسی، جوگرافیا، ئابووری، پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و مێژووی هەر یەکەیان جیاوازە، بۆیە ڕێگەی چارەسەرکردنیشیان دەبێت جیاواز بێت. بەڵام ئەزموونی گفتوگۆ و ئینتێگراسیۆنی کورد لە باکوور دەتوانێت لە خوێندنەوەی داهاتووی پرسی کورد لە بەشەکانی تر گرنگ بێت، بەتایبەتی لەسەر ڕۆژئاوا و باشوور.

لە کۆتاییدا، پرسیاری سەرەکی ئەوە نییە کە کورد چەک دادەنێت یان دانانێت؛ بەڵکوو ئەوەیە کە کورد چۆن دەتوانێت ئامرازێکی کاریگەر بۆ پاراستنی ئامانجەکانی بدۆزێتەوە. ئەگەر بارودۆخی سیاسی گۆڕاوە، ئامرازیش دەبێت بگۆڕێت. ئەگەر هێزی چەکدار لە قۆناغێکدا ئامرازێکی پێویست بووە، هێزی یاسا و دیپلۆماسی و ڕەوایی و کۆمەڵگەی مەدەنی دەتوانن لە قۆناغێکی تردا کاریگەرییەکی گەورەتریان هەبێت.

بۆیە ئەوەی لە ئێستادا لە ڕۆژاوای کوردستان ڕوودەدات، پێویستی بە خوێندنەوەیەکی دوور لە هەست و سۆزداریی «بردنەوە و دۆڕاندن» هەیە. دەبێت ڕووداوەکان بە پێوەری بەرژەوەندیی گشتی، ماف، ئازادی، یاسا، ئاشتی و داهاتووی کۆمەڵگە هەڵبسەنگێندرێن.

ئامانجەکان نابێت ببنە قوربانیی ئامرازەکان؛ ئامرازەکان دەبێت خزمەتکاری ئامانجەکان بن؛ چونکە ئامانجی خەبات چەک نییە، ئامانجی خەبات پاراستنی مرۆڤ، ماف و ئازادییە.

مێژووی خەبات تەنیا مێژووی ئەوە نییە کە کێ چەکی هەڵگرت؛ مێژووی ئەوەشە کە کێ زانی کەی چەک هەڵبگرێت و کەی دایبنێت.

بۆ فەرماندەیەکی سەربازی دەستپێکردنی شەڕ دەتوانێت بڕیارێکی قورس بێت، بەڵام بڕیاری قورستر ئەوەیە کە بزانێت کەی بەردەوامبوون لە شەڕ دەبێتە مەترسی لەسەر ئەو ئامانجەی بۆی شەڕی کردووە.
ئەمەیە جیاوازیی نێوان ئامراز و ئامانجە.

چەک ئامرازە، شەڕ ئامرازە، گفتوگۆ ئامرازە، ڕێککەوتن ئامرازە، دیپلۆماسی ئامرازە ، یاسا ئامرازە.
بەڵام ماف، کەرامەت، ناسنامە و ئازادی ئامانجن.

کاتێک ئامراز خزمەتکاری ئامانج بێت، خەبات و بەرخودان بەردەوامیان دەبێت؛ بەڵام کاتێک ئامانج دەکرێتە قوربانیی ئامراز، ئەوا خەبات لە ڕێگاکەی خۆی لادەدات و بەرەو هەڵدێر و نسکۆ دەروات.

بۆیە قۆناغی نوێی ڕۆژاوای کوردستان نابێت قۆناغی کۆتایی خەبات بێت؛ دەبێت قۆناغی گۆڕینی ئامرازی خەبات بێت:
لە جەنگەوە بۆ سیاسەت،
لە چەکەوە بۆ یاسا،
لە مەیدانەوە بۆ دامەزراوە،
لە هێزی سەربازییەوە بۆ هێزی نەرم.
بەڵام ناکرێت ئامانج بگۆڕدرێت، چونکە ئامراز گۆڕاوە. ئامراز دەبێت بگۆڕێت، بەڵام ئامانج دەبێت وەک خۆی بێت و بپارێزرێت. ئەرکی قۆناغی داهاتوو قورس و گرانە: چەسپاندنی ئەو مافانە لەناو دەستووری داهاتووی سووریا. لەو ڕوانگەیەوە، دەتوانرێت بڵێین مەزڵووم عەبدی لە شۆڕشگێڕێکی ناو سەنگەری چەک و بەرگری و بەرخۆدان، بەرەو سەرکردەیەکی ئاشتیخواز، سیاسی و دیپلۆماسی هەنگاوی هەڵهێناوە؛ نە بە گۆڕینی ئامانجەکان، بەڵکوو تەنیا بە گۆڕینی ئامرازەکانە بۆ ئامەنجە گەورەکە.


PM:02:06:01/09/2026

ئه‌م بابه‌ته 176 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی