ڕۆژاڤا، دۆخەکە نە باشە، نە هێندەش خراپە، دیدێکی بان-حیزبی و بان-ئایدیۆلۆجی

‌شێرکۆ کرمانج

لە دوای ئەوەی کە مەزڵووم عەبدی وتارەکەی لە دیمەشق پێشکەش کرد و هەڵوەشاندنەوە هێزەکانی سووریای دیموکراتی (هەسەدە)ی ڕاگەیاند، جارێکی دیکە پرسی ڕۆژاڤای کوردستان بووەوە بە ڕۆژەڤ و مقۆمقۆیەکی زۆری لەنێو کوردستانیان دروست کرد. قسەکەران و شرۆڤەکاران بەسەر سێ بەرەدا، نەک دوو بەرە وەک زۆربەی خەڵک ئاماژەی پێ دەکەن، دابەش بوون.

بەرەیەکیان ڕەخنەکانیان هێندە توند بوو کە دۆخەکەیان وەک هەرەس و شکست لە قەڵەم دەدا. بەرەی دووەم گۆڕانکارییەکان وەک دەستپێکی قۆناغێکی نوێ بۆ ڕۆژاڤا دەبین. بەرەی سێیەم، نە وەک شکست و نە وەک سەرکەوتن گۆڕنکارییەکان نابین، بەڵکوو وەک پاشەکشە لە هەندێک بوار و سەرکەوتن لە هەندێک کایەدا دەیانبینن، بە واتەیەکی دیکە دۆخەکە نە ئەو شکست ‌و تراجیدیایە کە هەندێک وێنای دەکەن، نە ئەو دەستکەوت سەرکەوتنەشە کە هەندێک بە بەژن و باڵایدا هەڵدەڵێن چونکە بەگشتی هەم شکست هەم سەرکەوتن ڕێژەیین، واتە دەبێت بەراورد بکرێن بە پێودانگی دیکەی مێژوویی. ئێمە لێرە مەبەستمان ئەو تەپڵ و دەهۆڵە ئایدیۆلۆجیاییانە نییە کە هەردوو بەرەی پڕۆ-پەکەکە و دژە-پەکەکە لێی دەدەن چونکە دیدە ئایدیۆلۆجییەکان کوێرانە و پێشوەختەن و بنەمایان لەسەر فاکت و لۆجیک دانەناوە، بەڵکوو دژ-بوون و پڕۆ-پوون ئاراستەیان دەکەن.

دید و تێگەیشتن و شرۆڤەکانی ئەم بابەتە خۆی زیاتر لە بەرەی سێیەمدا دەبینێتەوە و هەوڵیش دەدات بە بنەما لەسەر ئەو هەواڵ و گوتار و پێشهاتانەی کە لەم چەند ڕۆژەدا لە ڕۆژاڤا‌ـوە دەگەن، دەستکەوت و پاشەکشەکان دەستنیشان بکات تاوەکوو وێنە گەورەکە باشتر دەرکەوێت.

سەرەتا با دۆخەکە وەک ئەوەی کە نوێنەرانی خۆسەری لە ڕۆژاڤا نیشانی دەدەن ببینین ئینجا بێیەنە سەر سەرکەوتن و پاشەکشەکان، ئینجا شرۆڤە و ڕەخنە و پێشنیازەکان. فەتحوڵا حوسەینی، نوێنەری خۆسەری لە باشووری کوردستان لە گفتوگۆیەکی لە درەو میدیا هەندێک وردەکاری خستە ڕوو کە دەکرێت لەم خاڵانەدا کۆیان بکەینەوە:

یەکەم، هێزەکانی هەسەدە بە تەواوی هەڵناوەشێنەوە وەک ئەوەی میدیای عەرەبی بانگەشەی بۆ دەکات بەڵکوو دەبن بە چوار لیوای نیمچە سەربەخۆ و پێکهاتوو و کۆنتڕۆڵکراو لەلایەن کوردەوە، لانی کەم جارێ بەم شێوازە ڕێک دەخرێن (لیوای قامیشلۆ، لیوای کۆبانێ، لیوای حەسەکە، لیوای دێریک). واتە جۆرێک لە سەربەخۆیی خۆیان دەمێنێت و ئەرکی پاراستنی ناوچە کوردستانییەکان لە ئەستۆ دەگرن. پێدەچێت سەرکردایەتی ڕۆژاڤا نەیانەوێت ئەو پرسە زۆر گەورە بکەن لە ترسی تورکەکان و جادەی سووری.

دووەم، ئاسایش، کە کاروباری ئەمنی ناوچە کوردستانییەکان بەڕێوە دەبن لە پاڵ ئەمنی سووری بوونیان هەر ماوە، بەڵام ئاسایش باڵا دەستە و ئەمنە سوورییەکان بوونێکی ڕەمزییان هەیە، بەتایبەتی لە قامشلۆ و حەسەکە و دێریک و کۆبانێ، واتە لانی کەم لە ناوچە کوردستانییەکان بە گوندەکانیشەوە.

سێیەم، ئیدارەی خۆسەری وەک خۆی ماوە و بڕیارە هەر وەک خۆشی بمێنێتەوە بەڵام ببن بە بەشێک لە وەزارەتە سوورییەکان وەک هەر بوونێک لە دەوڵەتێکی ناوەندی. واتە فەرمانبەرە کورد و ناکوردەکان کە لە ئیدارەی خۆسەری دامەزرابوون لە شوێنی خۆیان کارەکانی هاووڵاتییان ڕایی دەکەن.
چوارەم، تا ئێستا هەر حەوت نوێنەرایەتیی خۆسەری لە دەرەوەی وڵات وەک خۆیان ماون و کارەکانی خۆیان درێژە پێدەدەن، ئەمە تا کەی وا دەمێنێتەوە دیار نییە، بەڵام بەدڵنیاییەوە دەبێتە مایەی کێشمەكێش لە دواڕۆژ.

چوارەم، بڕیارە لیوایەک بۆ عەفرین، هاوشێوەی قامشلۆ و حەسەکە و کۆبانێ و دێریک، دروست بکرێت، ئەمە نەکراوە چونکە چەتەکانی سەر بە تورکیا هێشتان لە عەفرین زاڵن، بەڵام پێ دەچێت سوورییەکان بە سەرەزارەکیش بێت ڕەزامەندییان لەسەر دابێت. هەر چۆنێک بێت، بکرێ زۆر باشە، نەشکرێت ئێجگار خراپە، نەک هەر بۆ عەفرین، بەڵکوو نیشانەی ئەوە دەبێت کە ڕازییبوونی سوورییەکان بۆ بوونی لیوا کوردییەکان لە ناوچەکانی دیکەش کاتییە و دۆخی دیفاکتۆ سەپاندوویەتی نەک ڕەزامەندییەکی دووقۆڵیی.

پێنجەم، خەریکە ناوچە، کوردییەکان وەک هەرێم ناودەبرێن، ئەمە و تەواوی ئەو دۆخەی کە لە خاڵەکانی سەرەوە ئاماژەیان پێکرا، نیشانەی سەپاندنێکی ناڕاستەوخۆی فیدرالییە بۆ ناوچە کوردستانییەکان لە سووریا.

شەشەم، ڕێگەدان بە خوێندن بە زمانی کوردی. ئەم هەنگاوە نوێ نییە چونکە خوێندن بەشێوەیەکی یاسایی، بەڵام نەک دەستووریی، لەو مەرسومە کۆمارییەی کە سەرۆکی سووریا دەری کردبوو وەک زمانی نیشتمانیی، نەک زمانی فەرمی، دانی پێدا نراوە. ئەمەش یەکەمجارە کە دان بە زمانی کوردی دەنرێت لە سووریا. وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵاش فەرمانێکی دەرکردووە بۆ جێبەجێ کردنی ئەم یاسایە، بەڵام هێشتان چوارچێوەکانی بە تەواوی ڕوون نییە. ئەوەی جێگەی نیگەرانی منە ئەوەیە کە ئەم یاسایە خوێندن لە ئاستی زانکۆدا نەگرێتەوە چونکە ئەگەر خوێندن لە ئاستی زانکۆکانی ڕۆژاڤا، وەک زانکۆی کۆبانی، کوردی نەبێت ئەوە کاریگەریی لەسەر خوێندنی کوردی لە ئاستەکانی دیکەش دەبێت و وردە وردە زمانی کوردی گرنگی و پێگەی خۆی لە دەست دەدات.

حەفتەم، یەپەژە وەک کوتلەیەک، بەشێکیان نەک هەموویان، نزیکەی ١٥٠٠ کەسیان، دەخرێنە سەر وەزارەتی ناوخۆ نەک وەزارەتی بەرگریی. ئەمە جۆرێکە لە ڕازیکردنی هەردوولایەن، چونکە سوورییەکان قەبوڵیان نەدەکرد کە ژن لە سوپادا جێگەیان بکرێتەوە، هاوکات کوردانی ڕۆژاڤا ڕازی نەبوون کە یەپەژە هیچ ڕۆڵێکی نەبێت، بۆیە خراونەتە سەر وەزارەتی بەرگریی.

ئەمانەی سەرەوە ڕەوشی ڕۆژاڤایە لەم ساتە وەختەدا کە زیاتر بە بنەما لەسەر قسەکانی فەتحوڵا حوسەینی خراونەتە ڕوو، کە دەکرێت وەک ڕاستییەک وەری بگرین، بەڵام ڕاستییەکی کاتیی، نەک سەپا و کۆنکریتی. هەر چۆنێک بێت من پێم وایە دۆخی ڕۆژاڤا پاشەکشەی کردووە بەس بەتەواوی نەکەوتووە، ئەمن ئەم قسەیەم لە بابەتێکدا لە سەرەتای ئەم ساڵیش کرد و هۆکارەکانی پاشەکشەکەشم زیاتر گێڕایەوە بۆ ئەو پیلانگێڕییە نێودەوڵەتییە گەورەیەی کە تورکیا و قەتەر سەرکردایەتیان دەکرد، کە وای کرد ڕۆژاڤا بەتایبەتی دوای کشانەوەی ئەمریکییەکان لە هاوکێشەکە، دەرەقەتی گەلەکۆمەکییەکە نەێت. کوردانی ڕۆژاڤا بۆ ڕزگارکردنی گیانی هاونیشتمانییەکان و دوورخستنەوەی جینۆساید بە کەمترینی کە دەیانتوانی وەدەستی بێنن ڕازی بوون.

هاوکات، ئەو دەستکەوتانەی لەسەرەوە خرانە ڕوو پێمان دەڵێن کە دۆخی کورد لەوەی کە لە ٢٠٢٥ تێیدا بوو خراپترە بەڵام زۆر لە دۆخی ٢٠١١ی سەردەمی ئەسەدەکان باشترە. تا ٢٠٢٥ جوگرافیای ژێردەستی کوردانی ڕۆژاڤا دوو هێندی ئەوەی ئێستا لەژێر دەستیان دایە زیاتر بوو، ئەمەش پاشەکشەیەکی زەقە بەڵام ناکرێت ئەوە لەبیر بکەین کە بەشی هەرە زۆری ئەو ناوچانەی لەدەست دران، ناوچەی عەرەبنشین بوون. لە دەستدانیان زۆر شتی بۆ کوردانی ڕۆژاڤا ڕوون کردەوە ئەوە ئەگەر نەڵێین سەلماندی، پێش هەموویان کە "برایەتی گەلان" ئەگەر نەڵێم درۆیەکی گەورە بوو، ئەوە بە سانایی دەتوانین بڵێین کە لە دروشمێکی بێبنەما زیاتر هیچی دیکە نەبوو و نییە. ئەوە مانای ئەوە نییە کە نەتەوەکان و گرووپەکان دوژمنی هەتاهەتایین، بەڵکوو ئەوە مانای ئەوەیە کە نەتەوەی داگیرکەر برایەتی نەتەوەی داگیرکراو قەبووڵ ناکات، بەڵکوو هەمیشە چاوەڕوانی ملکەچییەتی. گۆڕانی ئەم عەقڵییەتە بە دەسەڵاتێکی لەرزۆک و ناسەقامگیر و هەڕەشە لەسەری وەک کورد زەحمەتە. بەهەر حاڵ، ئەوە پرسی سەرەکی ئەم کورتەبابەتە نییە.

بەکورتی، ئەگەر دۆخی کوردانی ڕۆژاڤا بە سەردەمی ئەسەدەکان (باوک و کوڕ) لە شەستەکانی سەدەی ڕابردووە و تا ٢٠١١ بەراورد بکەین و ئەو قۆناغانەی ئەوکات بکەین بە پێوەر ئەوە ئەوەی ئێستا خەریکە بەدەست بێت ئێجگار گەورەیە، لە ڕاستیدا وەرچەرخانێکی مێژووییە چونکە کوردی لەژێر سفرەوە گەیاندۆتە دانپێنان بە بوون و بە زمان و کولتووری، تا ڕادەیەکیش بە جوگرافیای کوردی، نەک جوگرافیای کوردستانیی. خۆ ئەگەر دۆخەکە بە تاف و هەڕەتی سەردەمی زێڕینی ڕۆژاڤا (٢٠١٧-٢٠٢٤) بەراورد بکەین، ئەوە بەدڵنیاییەوە ڕۆژاڤا لە ڕووی هێزی سەربازییەوە، لە پێگە ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و دیپلۆماسییەکەیەوە، لە ڕووبەری خاک و جوگرافیاکەیەوە بەتایبەتی، پاشەکشەی بەرچاوی کردووە.

ئەوەی ڕوونە ئەوەیە کە دۆخەکە دەڵەمەییە، داخۆ ڕۆژاڤا ئەوەی ئێستا بەدەستی هێناوە لێی کەم دەکرێتەوە یان بە تەواوی لە دەستی دەدات، یان دەبن بە بنەما بۆ دەستکەوی زیاتر، ئەوە دەوەستێتە سەر کۆمەڵێک فاکتەر پێش هەموویان وابەستەیە بە ئازادی بڕیاری سیاسی ڕۆژاڤا، بەتایبەتی خۆڕزگارکردنی لە کۆتوبەندە ڕێکخراوەییەکانی پەکەکە و قەندیل لەلایەک و سنوور و ڕێچکە ئایدیۆلۆجییەکانی عەبدوڵا ئۆجەلان. ئەم قسەی من هی ئەمڕۆ نییە و زادەی گۆڕانکارییە نوێکان نین، لە ڕاستیدا، من لە ٢٠١٥ەوە داوا دەکەم کە سێبەری ئۆجەلان و قەندیل بەسەر ڕۆژاڤا کەم بکرێتەوە. ئەوە مانای ئەوە نییە کە ئەوەی لە ڕۆژاڤا بەدەست هات قەندیل و ئۆجەلان هیچ ڕۆڵیان تێدا نەبووە، بەڵام ئەوەی هەستی پێ دەکرێ، ئەگەر لەسەرەتا ئەوان ڕۆڵی ئەرێنیان بوو بێت، ئەوا لەگەڵ گەشەکردن و بەرەوپێشڤەچوونی دۆخەکە و دەستکەوتەکان ئەوا ڕۆڵی ئایدیۆلۆجیا و وابەستەیی بە قەندیل و ئۆپۆچییەتیی کاریگەریی نەرێنیان زیاتر بوو لە ئەرێنی.

لە پاڵ ئەم هۆکارە ناوخۆییانە، گۆڕانکاریی لە هاوکێشە ناوخۆییەکان (وەک: ململانێی هێزە میلیشیاکانی ناو سووریا؛ دەسەڵات و تێکۆشان و ڕازیبوون یان یاخیبوونی عەلەوییەکان و دروزەکان)؛ لە هاوکێشە ئیقلیمییەکان (وەک: ململانێکانی نێوان تورکیا و ئیسرائیل بەتایبەتی لەناو سووریا) لەگەڵ هاوکێشە جیهانییەکان (وەک: شەڕی ئەمریکا و ئێران)، هەموویان بەسەریەکەوە کاریگەرییان لەسەر بەرەوپێشچوون و کۆنکریتبوون یان پاشەکشەکردن و هەڵوەشانەوەی ئەوەی بەدەستهاتووە دەبێت. بە واتایەکی دیکە، ئەگەر ململانێکان لە قازانجی کورد بێت (بۆ نموونە، داوای دروستکردنی هەرێم و بەفیدرالبوونی ناوچەی عەلەوییەکان و دروزەکان بەرزبکرێتەوە؛ یان شەڕی ناوخۆ لە نێوان گرووپە جیاجیاکانی سووریا هەڵبگیرسێت)؛ یان ململانێکانی نێوان تورکیا و ئیسرائیل بگاتە دۆخی بەیەکدانی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ؛ یان ئەوەتا، شەڕی ئەمریکا و ئێران بە ئاراستەیەکدا بڕوات کە جارێکی دیکە ئەمریکا پێویستی بە تواناکانی کوردە بێت. هەر یەکێک لەم ئەگەرانە بە تاک یان بە کۆ لە قازانجی کورد بن تای تەرازوو بەلای کورد دا دەشکێتەوە، پێچەوانەکەشی هەر ڕاستە، بۆیە وەسفکردنی دۆخەکە بە دەڵەمیی لە ڕاستی لە هەموو شتێک نزیکترە.

لەم ئانوساتەدا، ناکرێت ئەوە لەبیر بکەین کە یەکێک لە دەستەکەوتەکانی ئەم گۆڕانکارییانەی ئەم دوایە، بە دیفاکتۆش بێت، ئەوە بووە کە کوردانی ڕۆژاڤا زیاتر بۆ باوەشی کورد و کوردستانیبوون گەڕاونەتەوە هەم لەسەر ئاستی گوتار، هەم کردار. لەسەر ئاستی گوتار ئەمە بە ئاشکرا لە قسە و لێدوانەکانی سەرکردەکانی ڕۆژاڤا دەردەکەوێت. لە ئاستی کرداریش هەم لە شێوازی مامەڵەکردنیان لەگەڵ دیمەشق هەم لەگەڵ هەولێر و سلێمانی ئەمە بەڕوونی بەدی دەکرێت.

لە کۆتاییدا گرنگە دوو قسە لەسەر ئەوەش بکەین کە گرنگە کوردانی ڕۆژاڤا لە ئەزموونی ڕابردوویان چەند دەرسێک فێر بن، بەتایبەتی لەوەی کە قووڵایی ستراتیجی ئەوان لە باشوور و ڕۆژهەڵات و باکووری کوردستانە، واتە لە نیشتمانپەروەریی کوردستانیی، نەک لە ئایدیۆلۆجیا یۆتۆپیاکانی وەک نەتەوەی دیموکراتیک و برایەتی گەلان و کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک و ئەنارشیزم و دژە-دەوڵەتی، کە هیچ شتێک ئەو ڕاستییەی نەسەلماندبێت ئەزموونی چەند مانگی ڕابردووی ڕۆژاڤا ئەو گومانانەی ڕەواندەوە.


PM:05:51:30/08/2026

ئه‌م بابه‌ته 64 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی