ڕێککەووتنی کوردو دیمەشق و شوێنی کورد لە ڕێککەوتنەکەدا.

‌فارس نەوڕۆڵى

کورد بە ویستی خۆی نەبووە کە لەسەر دەستی زلهێزەکانی جیهاندا دابەشکراوە لە ساڵی ١٩٢٣ وە لە ژێر پەیمانی لۆزان دا خواستەکانی کوردیان لە گۆڕانا، کوردستانی گەورەیان بۆ چوار بەش دابەشکرد و چارەنووسی دراوەتە دەست سێ نەتەوە و سێ جیهانبینیی جیاواز لە بۆتەی یەک ئەخلاقی داگیرکاری و ستەمکاریدا.

بۆیە هەلومەرجی سیاسی، جۆگرافی و کولتووریی هەر پارچەیەکی کوردستان جیاوازترە لەوەی دیکە. لەسەر ئەم بنەمایە، هەمیشە سەرکردایەتیی سیاسیی کورد لە باشوور گووتوویەتی: "ئێمە هاوکار دەبین بۆ هەر پارچەیەک، بەڵام دەستوەردانی نەرێنی لە هیچ پارچەیەک ناکەین؛ هەر پارچەیەک بەپێی ویست و هەلومەرجی خۆی بڕیاری خۆی دەدات."

کورد لە سوریا (ڕۆژئاوا)؛ لە ساڵی ١٩١٦ کاتێک بەریتانیا و فەرەنسا وەک دوو هێزی گەورە بۆ داڕشتنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەخشەی ناوچەکەیان کێشا، کوردیان لە سوریا نەخوێندەوە. بۆیە لەو کاتەوە کورد بێدەنگ کرابوو، تا ئەو ڕادەیەی ناسنامەی سورییشی نەبوو، نەک هەر ناسنامەی کوردبوون؛ جگە لەوەی کە خاوەنی جۆگرافیایەکی پارچەپارچەکراو و ناپەیوەست بوو.

تا ڕووداوەکانی ئەم دواییە و شەڕی ناوخۆی سوریا، کورد بوونی لە هاوکێشەکاندا حیساب بۆ نەکراو بوو. بەڵام دوای شۆڕش لە ڕۆژئاوا و شەڕی داعش، کورد بووە ژمارەیەکی گرنگ کە لە ئاستی جیهاندا دەخوێنرایەوە.
ئێستا کە کورد لە ڕۆژئاوا لەتەک حکومەتی دیمەشق گەیشتووەتە ڕێککەوتنێک، بەداخەوە بێ لێکدانەوە بۆ دوێنێ و بێ خوێندنەوەی سیاسەتی نێودەوڵەتی و ڕۆڵی هەرێمایەتی لە سوریادا ڕەخنەی لێ دەگیرێت.

بێتێگەیشتن لەوەی کورد ، لە باشوور و ڕۆژهەڵات ئەزموونی حوکمڕانی و گفتوگۆی لەتەک حکومەتە یەک لەدوای یەکەکندا هەبووە؛ بۆیە باوەڕم وایە ڕۆژئاوا کەڵکی لە ئەزموونی ئەو گفتوگۆ و ڕێککەوتنانەی باشوور و ڕۆژهەڵات وەرگرتووە بۆ ڕێککەوتن لەتەک دیمەشق.

ئەم ڕێککەوتنەی ڕۆژئاوا و دیمەشق، کە مافە سەرەتاییەکانی کورد وەک زمان، کولتوور و داننان بە بوونی کورد لە سوریادا دەستەبەر دەکات، وەرچەرخانێکی مێژووییە. بەدەستهێنانی دانپێدانان (ئیعتراف) لە هیچەوە بۆ بوون بەژمارە. لەمێژووشدا شەڕی ئیعتیراف شەڕی سەرەکیی خەباتی کورد بووە؛ بۆیە جێگەی دڵخۆشییە کە کورد شەڕی ئیعترافی بردەوە.

لەداڕشتنەوەی پێگەی کورد لەسوریای نوێدا ، ئەم ڕێککەوتنە دوای دانوستاندنێکی ئاڵۆز، نێوەندگیریی نێودەوڵەتی، و ئاسانکاری و هاوکاریی و پاڵپشتی سەرکردایەتیی سیاسیی کورد لە هەرێمی کوردستان هاتە ئاراوە. ئەمەش نەخشەی سیاسی و سەربازیی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریای گۆڕی؛ بەجۆرێک کە هێزی سەربازیی کوردی تێکەڵ بە سوپای سوریا و هێزەکانی ناوخۆ بوو، لە بەرامبەر داننان بە ڕەسەنایەتیی کورد لەو ناوچانەدا.

سەرەڕای هەندێک ڕەخنە و قسەی سادە کەگاڵتە کردن بوو بەڕێککەوتنەکە ئەمەش لێکەوتەی ئەو ململانێ حیزبیە ناتەندروستەی ناوکۆمەڵگەی حیزبی ئێمەیە و لەلایەکی دیکەوە بەرەنجامی فۆبیای سیاسی شکستەکانی کوردە لەسەر ڕێککەوتنەکە، بەڵام بەدیلی لەمە باشتر چیە؟ لە ڕوانگەی تیۆریی واقیعبینیی سیاسییەوە ئەم هەنگاوەی کوردانی ڕۆژئاوا بڕیارێکی ئەقڵانی بوو بۆ بڕینی قۆناغی سەپاندنی "دیفاکتۆ" – کە هەمیشە مەترسیی هێرشی هەرێمی و گۆڕانی بەرژەوەندیی هێزە نێودەوڵەتییەکانی لەسەر بوو . بەرەو شەرعیەتی دەستووری کە مافە بنەڕەتییەکان مسۆگەر دەکات.

واتە بۆ ئەم قۆناغە، ئەمە هەنگاوێکی مێژوویی بوو؛ بەمەرجێک دیمەشق وەفادار بێت بە ڕێککەوتنەکەوە و وەک خۆی جێبەجێی بکات ، واتە حیکمەت لە جێ بەجێکردنە .


PM:04:44:30/08/2026

ئه‌م بابه‌ته 96 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی