هەموومان تاوانبارین!

‌نووری بێخاڵی


(کافکا) لە ڕۆمانی (دادگایی) و لە میانی گەمەی زمان و ئاماژەکاندا ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پێمان دەڵێت:

دادگا یاسایی بێت، یان نا. دادوەرە دادپەروەر بێت،یان بێداد. مرۆڤ دەبێ هەمیشە ترسی ئەوەی هەبێت، کە چەندەش لە بێتاوانی خۆی دڵنیا بێت، بەڵام لەناو خۆیدا توانای تاوانبارکردنی خۆی هەڵگرتووە. بە واتایەکی دیکە، مرۆڤ لە سای سیستەمی نوێدا (سیستەمە سەرتاسەرییە جیهانی و گەردوونییەکە!)،لەگەڵ ئەوەی لەوپەڕی بێتاوانیشدا بێت، بەڵام دواجار بێتاوان نییە!

ئەو سیستەمە نوێیە پێمان دەڵێت، نە پۆلیس کە دەستگیرت دەکات، نە لێکۆڵەر کە لێت دەپرسێتەوە، نە جەللاد کە ناچار بە ددانپێدانانت دەکات و نە دادوەریش کە دادگاییت دەکات و بڕیاری حوکمت بەسەردادەدات، بەڵگەیەکی تاوانباریی تۆیان پێ نییە، وەلێ هێشتا بە هۆی بونیادی سیستەمەکە، کەلێنێک، شتێک،کارێک، گوفتارێک، ڕەفتار و هەڵوێستێکی ئەگەر بچووکیش بێت، بۆ سەلماندنی تاوانباریت دەدۆزنەوە (چونکە لە هەر شوێنکاتێک و ژینگە و سەرزەمینێک بێت، مرۆڤ تاوانبار کراوە، ڕەنگە جۆری تاوانەکە و شێوازی تاوانبارکردنی جیا بێت!)

لەم نێوەدا و لەو جەبری بە تاوانبارکردنی یان تاوانباریی مرۆڤەکان، بەرپرسیارێتیی گەورە و گوناهی مەزن لە ئەستۆی خودی سیستەم، یان ئەو دەسەڵات، یاخود ئەو هێزە شەیتانییە دایە، کە لە پێناوی بەردەوامیی خۆیدا، هەموو ناشیرینیێکی بە جوانی سواخ داوە، هەموو هەڵەیەکی لە دەمامکی ڕاستیدا وەرپێچاوە، هەموو بێدادیێکی لە کراسی یەکسانیدا هەڵکێشاوە، هەموو ستەمێکی لە تابلۆی پاراستنی یاسادانەخشاندووە. ئینجا با (جۆزێف)ـەکانی ناو ڕۆمانەکە و ئەوانەی ناو واقیعی ئێرە و ئەوێ هەر بڵێن: "من تاوانبار نیم، باوەڕ بکەن هەڵەیەک هەیە".

ڕاستییەکە ئەوەیە، کە لەبنەڕەتدا هەڵەیەک نییە، بەڵکوو هەمان ئەو واقیعە تاڵە سەپێندراو و ئەو ستەمە بە ڕەوایی ناسێندراوەیە، کە لە ڕۆمانی (کاتژمێر 25) هاتووە و لەسەر زاری کاراکتەرێکیدا دەڵێ : "ئەو گەمەیە کۆنە، بۆ ئەوەی بێتاوانێک تاوانبار بکەن، دەیخەنە نێوان دوو تاوانبار!"

لە (کافکا)وە فێر دەبین، ئەوە سەدان ساڵە گیرۆدەی ئەو سیستەمەی تاوانباری کردنەین، کە دەسەڵاتێک،ڕێکخراوێک، دامەزراوەیەک، بەناوی دادوەرییەوە دەسەڵاتی هێز بەکار دێنن بۆ بەرجەستەکردنی واقیعی تاوانبارکردن، گرتن، لێپرسینەوە، ئەشکەنجەدان، دادگاییکردن و دواجاریش حوکمدانی هەر کەسێک کە بیانەوێت، ئەمەو بە بێ ئەوەی ئەو ڕاستییەمان بیر بچێتەوە، کە ئامرازەکانی دەستی سیستەم، لە پۆلیس و لێکۆڵەر و  جەللاد و دادوەر، هەر هەموویان دواجار، لە شوێنکات و دۆخێکی دیکەدا، دەبنەوە تاوانباری بەردەم سیستەمەکە خۆی و بە ئامراز و شێوازی دیکە تاوانبار دەکرێن!

بە کورتی و بە کوردی، لەوەتەی مرۆڤایەتی ئاشنای بەناو یاسا و ڕێسا و سیستەم بووە و تا ئێستاش، سەرەڕای جیاوازیی سەرزەمینی کولتووری و ژینگەی کۆمەڵایەتی و فەزای سیاسی، مرۆڤەکان قوربانیی سیستەم و دەزگایەکی گەندەڵن. مرۆڤ لە سایەی ئەو سیستەمەدا؛ کە سیستەمێکی گەردوونیی سەرتاسەرییە و ڕەنگە تەنیا زمان و تەکتیک و تەکنیک و ئامرازەکانی تاوانبارکردنیان لە شوێنکاتێکەوە بۆ یەکێکی تر، لە کولتوور و ژینگەیەکەوە بۆ یەکێکی تر، لە دۆخ و هەلومەرجێکەوە بۆ یەکێکی تر جیاواز بێت، لە ڕۆژهەڵاتی زەوییەوە بۆ ڕۆژئاوای، لە باکوورییەوە بۆ باشووری، لەبەردەم مەترسیی تاوانبارکردن دایە و مەحکوومە بە تاوانباریی.


PM:03:37:30/08/2026

ئه‌م بابه‌ته 324 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی