کەرامەت لە سەربەخۆییدایە
ئەمەل جەلال
پاراستنی ماف و کەرامەتی کەمئەندامان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە وەرگرتنی مووچە ئەرکی بانکەکانە بە پلەی یەکەم
لە کۆمەڵگەیەکی دادپەروەر و مرۆڤدۆستانەدا، ژیان و خزمەتگوزارییە گشتییەکان بۆ هەموو هاوڵاتییەکان، بە تایبەتی کەمئەندامان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، دەبێت ئاسان و بەردەست بن.
ئەمڕۆ، سیستەمی ATM بۆ زۆرێک لە هاوڵاتیان هۆکارێکە بۆ ئاسانکردنی وەرگرتنی مووچە و پارە، بەڵام بۆ هەندێک لە کەمئەندامان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و کورتەباڵاکان، هەمان ئەم ئامێرانە دەبنە بەربەستێک لە بەردەم دەستڕاگەیشتنیان بە مافێکی سادە و سەرەتاییان.
نەگونجاوی بەرزیی ئامێرەکانی ATM یان دیزاینیان لەگەڵ جۆراوجۆریی توانای جەستەیی مرۆڤدا، نابێت تەنها وەکو کێشەیەکی تەکنیکی تەماشای بکەین، پرسیار ئەوەیە ( ئەی چی لەبارەی مافی مرۆڤ و یەکسانییەوە؟) .
بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، پێویستە بانکەکان و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان هەنگاوی پراکتیکی و خێرا بنێن، لەوانە:
یەکەم / دابینکردنی ATM ـی گونجاو بۆ هەمووان، بە بەرزی و شێوازێک کە کەمئەندامان و کورتەباڵاکان بەبێ یارمەتی کەسی دیکە بتوانن بەکاری بهێنن.
دووەم / دانانی ئامێرەکان لە شوێن و بەرزیی جیاواز، بەتایبەتی لە ناوچە و شوێنە گشتییە قەرەباڵغەکان.
سێیەم/ پەرەپێدانی خزمەتگوزارییە جێگرەوەکان، وەک خزمەتگوزاریی بانکیی گەڕۆک یان ڕێوشوێنی سادەتر بۆ ئەو کەسانەی ناتوانن بە ئاسانی ATM بەکاربهێنن.
چوارەم/ ڕاهێنانی کارمەندانی بانکەکان بۆ مامەڵەکردنی گونجاو و شکۆمەندانە لەگەڵ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و دابینکردنی یارمەتی لە کاتی پێویستدا.
پێنجەم/ بەشداریپێکردنی خاوەن پێداویستییەکایبەتەکان لە بڕیارسازی و دیزاینکردنی خزمەتگوزارییەکان، چونکە هیچ کەسێک باشتر لە خۆیان نازانێت چ بەربەستێک لەبەردەم ژیانی ڕۆژانەیاندا هەیە.
کەرامەت لە سەربەخۆییدایە، هەر هاوڵاتییەک مافی ئەوەی هەیە بەبێ سەختی و بەبێ ئەوەی ناچار بێت هەمیشە پشت بە کەسێکی دیکە ببەستێت، بتوانێت کاروباری دارایی خۆی بەڕێوەببات.
لە کۆتاییدا، داوای ئێمە بۆ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەوەیە کە بە گوێگرتن لە دەنگی کەمئەندامان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان چارەسەرێکی خێرا و بەردەوام بۆ ئەم کێشەیە بدۆزنەوە، چونکە ئاسانکردنی دەستگەیشتن بە ATM هەنگاوێکە بەرەو کۆمەڵگەیەکی یەکسانتر، دادپەروەرتر و بەکەرامەتتر.
*لێپرسراوی بۆردی ڕێکخراوەکان
PM:09:48:29/08/2026
ئهم بابهته 208
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی