لە پێناوی زۆرترین بینەر و ڵایک؛ میدیا متمانەی خۆی لەدەست دەدات
ئەحمەد ستار
لە سەردەمی میدیای دیجیتاڵدا، پەیامنێری دەزگاکانی ڕاگەیاندن ڕۆڵێکی گرنگیان لە گواستنەوەی ڕووداوەکاندا هەیە.
پەیامنێر ئەو کەسەیە کە لەلایەن دەزگایەکی ڕاگەیاندنەوە دەنێردرێت بۆ شوێنی ڕووداو، بۆ ئەوەی زانیاری کۆبکاتەوە، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان گفتوگۆ بکات و بە شێوەیەکی ورد و بەرپرسانە ڕووداوەکە بگەیەنێتە بینەر و خوێنەر. بەڵام لە ژینگەی میدیایی ئەمڕۆدا، ئەرکی پەیامنێر هەندێک جار لەگەڵ فشارێکی نوێ تێکەڵ دەبێت؛ فشارێک کە سەرچاوەکەی تەنها ڕووداوەکە نییە، بەڵکوو ژمارەکانی ڤیو، ڵایک، کۆمێنت و ئەکتیڤی بەکارهێنەرانە.
لەو کاتەدا کە ئەم ژمارانە دەبنە پێوەری سەرەکیی سەرکەوتن و دیاربوون، مەترسیی ئەوە هەیە کە ڕاستیی ڕووداوەکە بۆ پلەی دووەم بڕوات و سەرنج ببێتە ئامانجی سەرەکی.
کێشەکە لە خودی بینین و ڵایک نییە. ناوەڕۆکێکی باش کە بینەری زۆری هەبێت هیچ کێشەیەکی نییە، بەڵکوو دەکرێت نیشانەی ئەوە بێت کە بابەتەکە گرنگ و کاریگەر بووە. کێشە لەو ساتەدا دەست پێ دەکات کە ژمارەی بینین و ڵایک دەبێتە ئامانج، نەک ئەنجامی کارێکی باش.
لەو کاتەدا پەیامنێر لەوانەیە لەبری ئەوەی سەرەتا بپرسێت «ڕاستیی ئەم ڕووداوە چییە؟»، زیاتر بیر لەوە بکاتەوە کە «چۆن ئەم ڕووداوە بگوازمەوە کە سەرنجی زیاتر ڕابکێشێت؟». ئەم گۆڕینی پرسیارە بە ڕووکەش بچووکە، بەڵام لە بنەڕەتدا دەتوانێت شێوازی کارکردنی میدیا بگۆڕێت.
پەیامنێر لە شوێنی ڕووداو زۆرجار لەگەڵ زانیارییەکی ناتەواو و دۆخێکی خێرا و گۆڕاو ڕووبەڕوو دەبێتەوە. هەموو ئەوەی لە چرکەیەکدا دەبینرێت، لەوانەیە هەموو ڕاستییەکەی ڕووداوەکە نەبێت. ڕووداوێک دەتوانێت پێش ئەو ساتە دەستی پێکردبێت و دوای ئەو ساتەش بەردەوام بێت.
بۆیە پەیامنێری پیشەیی تەنها ئەوە ناگوازێتەوە کە بە چاوی خۆی بینی؛ بەڵکوو هەوڵ دەدات کۆنتێکستی ڕووداوەکە بدۆزێتەوە، سەرچاوەکان بپشکنێت و جیاوازیی نێوان زانیاریی پشتڕاستکراو و زانیاریی گومانلێکراو بکات. بەڵام ئەگەر فشار بۆ خێرایی و بەدەستهێنانی بینەر زۆر بێت، ئەم قۆناغە گرنگانە دەتوانن کورت بکرێنەوە، هەندێک جاریش بەداخەوە هەر نەمێنن.
لێرەدا خێرایی دەتوانێت ببێتە دوژمنی وردبینی. لە میدیای دیجیتاڵدا کێبڕکێ بۆ ئەوەی «یەکەم کەس» بیت لە بڵاوکردنەوەی هەواڵێک زۆرە. بەڵام یەکەم بوون لە بڵاوکردنەوە هەمیشە بە مانای باشترین بوون لە گواستنەوەی هەواڵ نییە. هەواڵێک کە چەند خولەک زووتر بڵاو دەکرێتەوە، بەڵام پاشان دەردەکەوێت زانیارییەکە ناتەواو یان هەڵە بووە، دەتوانێت زیانێکی زۆرتر دروست بکات لە هەواڵێک کە بە کەمێک دواخستن، بەڵام بە پشتڕاستکردنەوەی پێویست بڵاو کراوەتەوە. ئەمەش دەبێتە یەکێک لەو خاڵانەی کە دەزگای ڕاگەیاندن و پەیامنێر پێویستە لە نێوان خێرایی و دروستی هاوسەنگی دروست بکەن.
هەروەها هەموو کێشەکان بە هەواڵی ناڕاست دەست پێ ناکەن. هەندێک جار هەواڵەکە لە بنەڕەتدا ڕاستە، بەڵام شێوازی گواستنەوەکە دەتوانێت تێگەیشتنێکی هەڵە دروست بکات. وێنەیەکی ڕاست دەتوانێت لە کۆنتێکستی خۆی داببڕدرێت، ڤیدیۆیەکی ڕاست دەتوانێت تەنها بەشێکی ڕووداو پیشان بدات، یان قسەی کەسێک دەتوانێت بە شێوەیەکی وا بگوازرێتەوە کە مانای سەرەکیی قسەکە بگۆڕێت.
لەم دۆخەدا، پەیامنێر لەوانەیە هەواڵێکی ناڕاست نەگوازێتەوە، بەڵام بە شێوازی پێشکەشکردنی زانیارییەکە دەتوانێت تێگەیشتنێکی نادروست لە مێشکی بینەر دروست بکات. ئەمەش نیشانی دەدات کە بەرپرسیارییەتی پەیامنێر تەنها لە «چی بڵێت» نییە؛ بەڵکوو لە «چۆن بیڵێت» و «چی کۆنتێکستێک لەگەڵی بێت»یشە.
لەگەڵ ئەمەدا، سیستەمی کارکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ژینگەی کێبڕکێی سەرنج توندتر دەکات. ناوەڕۆکی سەرسوڕهێنەر، هەستبزوێن، توڕەکەر، ترسناک یان جێی مشتومڕ زۆرجار کارلێکی زیاتر دروست دەکەن. ئەمە دەتوانێت فشارێکی ناڕاستەوخۆ لەسەر دەزگا میدیاییەکان و پەیامنێران دروست بکات بۆ ئەوەی هەواڵەکە بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێشتر پێشکەش بکەن. بەڵام ئەگەر سەرنج ببێتە پێوەری سەرەکی، ئەوا مەبەستی هەواڵ ــ کە گەیاندنی زانیارییە ــ لەگەڵ ئامانجی بە بازاڕکردنی ناوەڕۆک تێکەڵ دەبێت.
کاتێک ئەم شێوازە دووبارە دەبێتەوە، زیانەکە تەنها بۆ یەک هەواڵ یان یەک پەیامنێر نییە؛ متمانەی بینەر بە میدیا بە گشتی دەخاتە مەترسییەوە.
تاک کە چەند جارێک هەواڵێکی سەرسوڕهێنەر دەبینێت و دواتر دەزانێت زانیارییەکە هەڵە یان ناتەواو بووە، بە هێواشی گومان لە سەرچاوەکە دەکات. پاشان ئەو گومانە لە پەیامنێرەکە تێدەپەڕێت و دەگاتە دەزگای ڕاگەیاندن. ئەگەر ئەمە بەردەوام بێت، دەتوانێت لە قۆناغێکی تر ببێتە گومان لە هەموو کەناڵەکان. لەو ساتەدا، هەڵەیەکی میدیایی تەنها زیانی هەمان هەواڵ نییە؛ بەشێک لە سەرمایەی مادی میدیا، واتە متمانە، دەخاتە مەترسییەوە.
لەدەستدانی متمانەش دەتوانێت ببێتە هۆی بێزاریی تاک لە میدیا.
ئەو تاکەی سەرەتا بۆ ئاگاداربوون لە ڕووداوەکانی دەوروبەری سەیری هەواڵ دەکات، لەوانەیە بە هێواشی هەست بکات کە هەموو ئەو هەواڵانە بۆ زانیاری نین؛ بەڵکوو بۆ ڕاکێشانی سەرنجی ئەون. کاتێک ئەم هەستە جێگیر دەبێت، بەکارهێنەر دەتوانێت دەست لە شوێنکەوتنی هەواڵ بکێشێتەوە، یان هەموو هەواڵێک بە گومانەوە وەربگرێت. ئەمە بۆ میدیا دۆخێکی مەترسیدارە، چونکە میدیا بەبێ متمانەی کۆمەڵگە تەنها دەزگایەکی بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆک دەبێت.
لە هەمان کاتدا، تاک لە ژینگەیەکی پڕ لە هەواڵدا لەگەڵ کێشەیەکی تریش ڕووبەڕووە: زۆریی زانیاری بەبێ دڵنیایی لە دروستییەکەی. هەموو ڕۆژێک دەیان و سەدان هەواڵ و ڤیدیۆ و ناونیشان لەبەردەم چاوەکانیەتی، بەڵام ئەگەر بەشێکیان پشتڕاستنەکراو یان ناتەواو بن، ئەوا زۆریی زانیاری بە زانیاریی بەسوود ناگۆڕێت؛ بەڵکوو دەتوانێت مێشکی تاک پڕ بکات لە زانیاریی تێکەڵ. لە کۆتاییدا، کێشەکە تەنها ئەوە نییە کە تاک هەواڵی هەڵەی بینیوە؛ بەڵکوو ئەوەیە کە نازانێت کام هەواڵەکان جێی متمانەن.
لەبەر ئەمە، پەیامنێری دەزگای ڕاگەیاندن پێویستە لە نێوان خێرایی و وردبینی، و لە نێوان سەرنج و بەرپرسیارییەتی هاوسەنگی دروست بکات. دەزگای ڕاگەیاندنیش نابێت کاری پەیامنێر تەنها بە ژمارەی ڤیو و لایک و ئەکتیڤ هەڵبسەنگێنێت. ژمارەکان دەتوانن ئامرازێک بن بۆ زانینی ئەوەی ناوەڕۆک چەند گەیشتووە، بەڵام نابێت ببنە پێوەری سەرەکیی کوالێتیی هەواڵ. پێوەری ڕاستەقینە دەبێت دروستیی زانیاری، پشتڕاستکردنەوە، ڕوونی، هاوسەنگی و متمانەی خەڵک بێت.
لە کۆتاییدا، ڕێژەی بینین و ڵایک دوژمنی میدیا نین؛ بەڵام ئەو کاتە دەبنە مەترسی کە میدیا بۆ بەدەستهێنانیان ڕاستیی ڕووداوەکە لەبیر بکات. پەیامنێر دەتوانێت خێرا بێت، بەڵام نابێت خێرایی ببێتە هۆی پشتگوێخستنی وردبینی. دەتوانێت هەواڵێک سەرنجڕاکێش بێت، بەڵام نابێت سەرنج ببێتە جێگرەوەی ڕاستی.
دەتوانێت هەواڵێک بینەر و ڵایکی زۆر بهێنێت، بەڵام ئەگەر بەهای ئەو بینەر و ڵایکانە بە نرخی متمانەی خەڵک بێت، ئەوا میدیا لە ڕووی ژمارەوە سەرکەوتووە، بەڵام لە ڕووی پیشە و متمانەوە شکستی هێناوە. چونکە متمانە ئەو سەرمایەیە کە بە هەزاران بینین و ڵایک ناتوانرێت بگەڕێندرێتەوە. میدیا ئەگەر بیەوێت لەگەڵ کۆمەڵگەدا بمێنێتەوە، دەبێت لەبیر نەکات کە ئەرکی سەرەکی پەیامنێر تەنها ئەوە نییە کە ڕووداوێک بگەیەنێت؛ بەڵکوو ئەوەیە ڕاستی ڕووداوەکە بگەیەنێت.
چونکە کاتێک میدیا بۆ زۆری ڕێژەی بینین سەرنج دەفرۆشێت، لە کۆتاییدا ئەو شتە لەدەست دەدات کە هیچ ئەلگۆریتمێک ناتوانێت بۆی دروست بکاتەوە: ئەویش متمانەی تاکە.
PM:10:44:27/08/2026
ئهم بابهته 204
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی