زەیدی لەژوری چاودێری چڕ!

‌ د.بەختیار شاوەیس

سەد رۆژ بەسەر تەمەنی کابینەکەی عەلی زەیدی گوزەشت. سەد رۆژی پر لەناکۆکی سیاسی و تێکچنڕاوی دۆخی ئەمنی و بگرە و بەردەی گەندەڵکاران و جموجوڵی دیپلۆماسی بەچەشنێک کە سەرۆک وەزیرانە گەنجەکەی والێکرد کە بەتۆنی دەنگێکی ماندوکەر و بێزەرکەرەوە لەمونتەدای هەشتەمی بەغداد بەئاشکرا لەبەرچاوی هەموان وتی: سەد رۆژ لەمەوبەر ئەگەر بمزانیایە ئەم کارەی وەرمگرتوە بەو شێوەیەیە قبوڵم نەدەکرد. هەروەک وتی: بەهیچ جۆرێک و لەژێر هیچ بارو دۆخێک بیر لەویلایەتی دووەم ناکەمەوە.

ئەمێستا گەر بەچاوی ئینسافەوە لاپەرەی رووداوەکانی ئەو سەد رۆژە هەڵبدەینەوە، تێدەگەین کە بۆچی زەیدی بەوشێوەیە و لەماوە کورتەدا هێندە وەرس و بێزارە و بەوچۆرە پەشیمانە لەوەرگرتنی پۆستی بەرزترین دەسەڵاتی عیراق.

بێزاری و پەشیمانی سەرۆک وەزیران، ئاڵێنراوە بەکۆمەڵێک دۆسیە کەرەگەکانی لەناوخۆی وڵاتەوە درێژ دەبێتەوە تادەگاتە جیهانە پر لەشەر و ململانێکەی دەرەوە.

-لەناوخۆدا : 

١- ململانێی سیاسی رێگەی نەداوە کابینەکەی تەواو بکات و هێشتا نۆ وەزارەت دەنگی نوێنەرانی بەدەست نەهێناوە. 

٢- حکومەت بەدەست قەیرانێکی فعلی دارایەوە دەناڵێنێت، بۆ یەکەم جارە حکومەتی عیراق ماوەی دوو مانگ لەسەر یەک موچەی فەرمانبەرانی دوادەکەوێت. 

٣- یەدەکی بانکی لەو ماوە کورتەدا ٣١.٥ ملیار دۆلار داکشاوە بەهۆی داخستنی گەرووی هورمز و بەبازارنەکردنی نەوتەکەی.

٤- حکومەتەکەی زەیدی شەرێکی گەورەی گەندەڵی بەرپاکردوە، کەئەمەش نەیار و دژەکانی زیاد کردوە و لەهەندێک شوێن و ناوەندەوە چەقۆی لێ ئەسوون بەو هۆکارەی کەپێیان وایە ئەم هەڵمەتی ریشەکێشکردنەی گەندەڵکاران رەهەندی سیاسی هەیە و دواجار پاکتاوی سیاسیە( ئەندامانی چوارچێوەی هەماهەنگی راستەوخۆ بەزەیدیان راگەیاندوە کەلەگەڵ شێوازی گرتنی تۆمەتباران نین)

٥- سەرباری هەموو ئەمانە حکومەتی زەیدی بەدیارکردنی کۆتایی ئەیلول وەک وادەی کۆنترۆڵکردنی چەک لەدەستی دەوڵەت، خۆی خستوەتە ناو مەوقیفێکی شەرمەزار کەرەوە کەناتوانێت چۆن راستی بکاتەوە. هەر بۆیە بەپەلەپروزێ وتەبێژی حکومەت حەیدەر عەبودی رایگەیاند: کۆتایی ئەیلول وادەی دەستپێکردنی( نەک کۆتایی)  رادەستکردنی چەکی گروپە چەکدارەکانە. ( ئەڵبەت ئەمە دوای سەردانە سەرکەوتوەکەی قاڵیباف بۆ عیراق ) و لەدوای ئازادکردنی بەرپرسی هەواڵگری حەشدی شەعبی و گروپی نوجەبا عەباس یەعقوبی، کە گرتنەکەی و بەپەلە ئازادکردنەکەی لێدانێکی کارگەر بوو لەشکۆی حکومەت و دژەتیرۆری عیراق. چونکە دەرکەوت کە لەژێر هەرەشە و گوشاری میلیشیاکان ناچارانە بریاری ئازادبوونەکەی دراوە.

-لەدەرەوە:

حکومەتی زەیدی لەقوڵایی ژانی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئیران لەدایک بوو. هەر خۆی تویتەکەی ترەمپ بۆ لادانی مالکی لەکاندیدبونەکەی سەرەتای ئەو وێنە تەڵخەی روونکردەوە کە زەیدی ئەگەر بەموبارەکەی تۆم باراک و بە پشتیوانی پیاوی دەوڵەتی قوڵ ( فایەق زەیدان) بازەکەی بەسەرشان نیشتبێتەوە، ئەوا هیچ لەو حەقیقەتە پراگماتکیە ناگۆری کە ئاسەواری ئەم ژانی لەدایک بوونە بەبەردەوامی جەنگی سەربازی و ئابووری نێوان واشنتن و تاران بەردەوام دەبێت. هەر بۆیە سەردانە دیپلۆماسیەکانی سەرۆک وەزیران بۆ تورکیا و ئیران و هەوڵدان بۆ دەرچەی دیکە لەفرۆشتنی نەوت وەک رێکەوتنی یەک ملیۆنی هەناردەی نەوت لەگەڵ ئەردۆگان نەیتوانیوە پارسەنگی ئەوە بداتەوە کەعیراق لەنێوان بەرداشی ئەمریکاو ئیران دەهاررێ. (دەبێ لەقاڵیباف بپارێتەوە بۆ لێخۆشبوونی تێپەرینی کەشتیەکانی هەڵگری نەوتی عیراق بەهورمزدا و لەترەمپیش شەفاعەت بکات بۆ ئەوەی پارەکانی لەئەمریکاوە بۆ بنێرێت ) هەروەک لێدانی مۆڵگەکانی حەشد لەلایەن سعودیە و ئەمریکیەکان لەچەند رۆژی رابردوو ئاستی سەرئێشەکانی عەلی زەیدی لەئاستە دەرەکیەکەدا گەورەتر کرد و سەردانەکەیشی بۆ ریاز پێ هەڵوەشاندەوە.

سەرەرای هەموو ئەمانە، خاڵی ئیجابی لەتەمەنی زەیدی لەو سەردانە دیپلۆماسیانە دەبینرێت کە خۆی و زەیدان بۆ ئەمریکا و ئیران و تورکیا و سوریا ئەنجامیانداوە و بەشێوەیەکی رێژەیەی کۆمەکی رووبەرووبونەوەی کۆی ئاستەنگەکانیان کردوە، ئەگەر نا وەک زۆرێک لەچاودێران پێیان وایە لەئێستادا زەیدی لەژووری چاودێری چر( انعاش ) دایە و لەدوای ٣٠ ی ئەیلول دەزانین کەبە سەلامەتی یان بەمەرگ دێتە دەرەوە.


PM:10:16:25/08/2026

ئه‌م بابه‌ته 520 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی