کاک نەزهەت حالی بەرپرسی پێشوی ئاژانسی پاراستن

‌شێخ ئاری هەرسین

کاک نەزهەت حالی گوتارێکی نوسیوە بە ناوی: هێشتا هیوامان ماوە. پێم باش بو لەسەرناوەڕۆکی ئەم گوتارەی جەنابیان، یەک دو قسە بکەم، چونکە پێم وایە کۆی گوتارەکەی جەنابیان تەرازویەکی لاسەنگە. مەوزوع جواب و جوابدانەوە نیە، چونکە بەندە هیچ حەزێکم لەو ئەتوارانە نیە.

ئینسان کە ئەم گوتارە ئەبینێت، ڕوخساری کرێکار، حەماڵ، کارمەندێکی مرور، کەنناس، یان ئەو باوک و دایکەی کە منداڵێکی کەم ئەندام و نەخۆشی شێرپەنجە و ئاوتیزمیان هەیە و، لە بێ دەرامەتیدا هەتا بەرەبەیانی ژیانی ڕۆژانەیان و هەتا ڕۆژ خۆر ئاوابونی ژیانیان بەدیار مناڵەکانیانەوە بە لێزمە فرمێسکی نائومێدی و بێ هیوایی و نەگبەتی ئەڕێژن… نەک بەرپرسیەکی پێشوی ئاژانسی پاراستن.

ئینسان کە ئەم گوتارە ئەخوێنێتەوە، وا هەست ئەکات ماڵی کاک نەزهەت لە قوشتەپپەی ئۆردوگای زۆرەملێی بارزانیەکان لە ساڵی هەشتاکان بێت و حوکمێکی دیکتاتۆر نوتقەی لێ بڕیبێت و، وەک شەهیدەکانی ئیعدامی بەرەبەیان، دوا نامەی بۆ ئەزیزانی نوسیبێت. ئەم گوتارە لە نامەی ئەو شەهیدانە ئەچێت.

ئینسان کە ئەم گوتارە ئەخوێنێتەوە، وا هەست ئەکات ئاژانی پاراستن سەد ساڵ کاک نەزهەد حالی لەسەر مەوقیفی ئینسانی و نیشتیمانیەکانی، لەسەر ئۆپۆزسیۆن بونی، لە ژوری تەعزیبخانە دەستبەسەر کردوە، ئەزیەتی داوە، کەرامەتی شکاندوە و ئێستا لە زیندانەکە هاتۆتە دەرەوەو، حەقیقەتی تەغزیبخانەکە بۆ مەردم باس ئەکات.

جەنابیان ئیشارە بە مەسەلەی مەرجەع ئەدات. مەرجەع لە کوردستان هەیە و جەنابی کاک مەسعودە. ئیتر چۆن مەرجەع نیە؟ هەر بۆ خودی خۆت کاک مەسعود مەرجەع نیە؟…

یەعنی کاک مەسعود ئینسانێکی نموونەیی لە ڕۆڵی شەخسیەتی نیشتیمان پەروەری، شۆڕشگێری، تەوازوع و توانای ڕابەرایەتی کردنی نیە؟… عەجەبا لەو دونیا مۆدێڕنەی کە خەڵکی بێ تەجروبە پێی موعجیبن، مەرجەع نیە؟… لە ئەوروپا، ئەمەریکا، چین، ڕوسیا هەمو ئەفریقا و لاتین ئەمەریکا مەرجەع نیە؟

ئەنسانێک کە ئەندامی سەرکردایەتی پارتی بوبێت… ئینسانێک کە هەتا ئێستا بە ئۆتۆمبێلەکانی ئاژانسی پاراستن جم و جۆڵ بکات. ئۆتۆمبیلی گوللە نەبڕی (درع) پێ بێت. مەفرەزەیەک پاسەوانی هەبێت کە ئاژانسی پاراستن بۆی دانابێت. ماڵی لە هەولێر و مەسیف بێت. تۆزێک هیوای بە چی ماوە؟… بە پارتی و یەکێتی؟… بە حکومەتی هەرێم و سەرۆکایەتی هەرێم؟… بە پارلەمان؟… ئەی ئەوکاتەی کاکە نەزهەت بەرپرسی یەکەمی ئاژنسی پاراستن بو، لە خەونی غیفڵەتابو؟… هەمو مسیبەتەکە کاک مەسعود و نێچیرڤان و مەسرور بون؟… ئەو سەردەمەی کاک نەزهەت حالی تەمەتوعی بە بەرپرسیارێتی ئاژانسی پاراستنەوە ئەکرد عەقڵ لە کوێ بو؟…

گوناهە کاک نەزهەت حالی بەڕێز خۆی لەم جۆرە گوتارانەدا بچوک بکاتەوە. بەڕێز کاک نەزهەت کوڕی شەهێدێکی قارەمانە و حەق نیە خۆ بچەمێنێت، ئیتر بۆ هەر شتێک بێت. پلە و پۆست ئەوە ناهێنێت، لە سیاسەتا (بۆ خەڵکی مەبدەئی) پێگەو مەبد ئی ئینسان گرنگە، نەک پۆست و کورسی. لەجیاتی ئەوە با کاک نەزهەت حیزبێکی نوێی ئۆپۆزسیۆن دروست بکات و (بە بێ بڕوابون بە مەرجەع) سەرکردایەتی ناڕەزاییەکانی کۆمەڵگەکەمان بکات. 

بەشکم بتوانێت ئاستی نا ئومێدیەکانی کۆمەڵگەکەمان کەم بکاتەوە. ئەگەر من ساحێبی ئەو بۆ چونانەی کاکە نەزهەت بومایە، بە دڵنیاییەوە وام ئەکرد. بەس ئەو ئیشانە بە ئینسانی بە جورئەت ئەکرێت. 

بۆچی هەندێک لە سەرکردایەتی حیزبەکان بچوکن؟… چونکە ناوێرن بە بێ پاسەوان و ئۆتۆمبێلی درع و یەک مەفرەزە پاسەوان بچنە ناو جەماوەرەوە. هەربۆیەش ناتوانن لەئاست جێبەجێکردنی فەرمودەی جەنابی مەلا مستەفادا بن کە ئەفەرموێت: خۆشترین شت بۆ مرۆڤ ئەوەیە کە خزمەتکاری میللەتی خۆی بێت. 


بەڵام مەبەستی جەنابی مەلا مستەفا بەدەرەجەی یەکەم ئەوانەیە کە شۆڕشگێڕ و سیاسەتمەدارن و لە پێگەی دەسەڵاتدان. ئیتر لە مودیر ناحیەیەکەوە، بۆ قایمقام، پارێزگار، وەزیر، سەرۆک وەزیران، سەرۆکی هەرێم، پارلەمان و سەرجەم بەرپرسە حیزبیەکان و بازرگانەکان.



PM:10:06:25/08/2026

ئه‌م بابه‌ته 2064 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی