مەرگی چینی ناوەڕاست؛ مەرگی دیموکراسیەت و لەدەستدانی ئاییندەی کۆمەڵگا

‌نووری بێخاڵی

دیاردەی داڕمان و پاشەکشەی چینی ناوەڕاست لە جیهانی هاوچەرخدا، ڕووداوێکی خۆڕسکی ئابووری یان لێکەوتەیەکی کاتی و تێپەڕ نییە، بەڵکوو قەیرانێکی پێکهاتەیی قووڵە کە ڕاستەوخۆ لە بەریەککەوتنی سیاسەتە ئابوورییەکان، مۆدێلەکانی حوکمڕانی و هاوکێشە جیوپۆلیتیکییەکانەوە سەرچاوە دەگرێت.

کاتێک ئەم چینە لە کۆمەڵگایەکدا پاشەکشە دەکات، زیانەکە تەنیا لەدەستدانی ئاستێک لە خۆشگوزەرانی یان هێزی کڕین نییە، بەڵکوو هەڵوەشانەوەی بنەمای ژێرخانی کۆمەڵگای مەدەنی، داڕمانی سەرمایەی کولتووری و لەناوچوونی ڕاگرەکانی سیستمە دیموکراتی و دامەزراوەییەکانە.

لە ڕوانگەی فەلسەفی و مێژوویییەوە، چەمکی چینی ناوەڕاست ڕەگێکی قووڵی لە هزری سیاسیی کلاسیکدا هەیە. ئەرستۆ لە پەرتووکی (سیاسەت)دا پێی وابوو کە سەقامگیریی دەوڵەت لەسەر بوونی توێژێکی ناوەند ڕاوەستاوە؛ توێژێک کە نە وەک زۆرینەی هەژاران بەدەست دەستکورتییەوە دەناڵێنێت تا دەست بۆ شۆڕشی ڕادیکاڵ بەرێت، نە وەک کەمینەی دەوڵەمەندەکانیش تووشی لووتبەرزی و خۆپەرستی و زۆرداریی ڕەها دەبێت. 

لە سەدەکانی ناوەڕاست و سەرهەڵدانی سەردەمی مۆدێرنێتەدا، کارل مارکس ئەم توێژەی لە چوارچێوەی (بۆرژوازی)دا وەک کاراکتەرێکی شۆڕشگێڕ دژی دەرەبەگایەتی دەستنیشان کرد، بەڵام دواتر ماکس ڤێبەر چەمکەکەی لە ئاستی دارایی پەتی دەرهێنا و ڕەهەندی پێگەی کۆمەڵایەتی، پەروەردە و بەها کولتوورییەکانی بۆ زێدە کرد. 

لە سەردەمی ئێستاشدا، ئەدەبیاتی سیاسیی هاوچەرخ جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، کە دیموکراسیی مۆدێرن بەبێ بوونی چینێکی ناوەڕاستی بەهێز و سەربەخۆ؛ بێ نرخ و بێ واتا دەبێت. چونکە خودی ئەم چینەیە کە بناغەی لێبووردەیی، سەروەریی یاسا و دامەزراوەییبوون دادەمەزرێنێت. بەوپێیەی کە چینی ناوەڕاست تەنیا پێوەرێکی ئاماریی داهات نییە، بەڵکوو حاڵەتێکی بوونگەرایی، مەعریفی و سیاسییە؛ هۆشیارییەکە ڕێگا بە تاک دەدات لە خولی بێکۆتای تێکۆشان بۆ مانەوەی فیزیکی بێتە دەرەوە و بپەڕژێتە سەر کاراکردنی مافە شارستانی، سیاسی و ڕۆشنبیرییەکانی. 

لە ڕوانگەی پیێر بۆردیۆوە؛ چینی ناوەڕاست لە پزیشکان، مامۆستایان، ئەندازیاران و ڕۆژنامەنوسانەوە تا دەگاتە دادوەران و خاوەنکارە ناوەندەکان تەنیا کەرتی بەرهەمهێنان نین، بەڵکوو ئەوان هەڵگری سەرمایەی کولتووری و دروستکەری فەزای گشتیین. بۆیە کاتێک سەربەخۆیی ئابووریی ئەم توێژانە دەپووکێتەوە، توانای ڕەخنەگرتن، بەشداریی سیاسی و هەڵوێستە عەقڵانییەکانیش لە کۆمەڵگادا لاواز دەبن و فەزاکە بۆ جەمسەربەندیی توند، خاڵی دەبێتەوە.

لە سەدەی بیستەمدا، سیستمی نێودەوڵەتی ڕێگای جیاوازی بۆ دروستکردنی ئەم چینە تاقیکردەوە؛ وڵاتانی ڕۆژئاوا لە ڕێگای دەوڵەتی خۆشگوزەرانی و وڵاتانی تازەگەشەسەندووش لە ڕێگای فراوانکردنی کەرتی گشتی، خوێندنی بەخۆڕایی و خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتییەوە توانییان لە پرۆسەکەدا سەرکەوتوو بن، بەڵام لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەمدا بە سەرهەڵدانی نیولیبرالیزم و کەمکردنەوەی ڕۆڵی دەوڵەت و دواتریش بەهۆی جیهانگیری و هەڵئاوسانی ئابووری، شێوازی دابەشکردنی سەرمایە لەسەر ئاستی جیهان تووشی ناهاوسەنگییەکی قووڵ بووەوە (خێراتربوونی گەشەی سەرمایە لە گەشەی ئابووریی ڕاستەقینە)، ئەمەش بووە هۆی کۆبوونەوەی سامانی جیهان لە دەستی کەمینەیەکی زۆر بچووکدا لەسەر حساب و وێرانبوونی چینی ناوەڕاست.

ئەم وێنەیە لە کۆمەڵگا جۆراوجۆرەکاندا بە شێوازی جیاواز ڕەنگی داوەتەوە؛ لە تورکیا، دابەزینی بەهای لیرە و هەڵئاوسانی پێوانەیی و دابەزینی هێزی کڕینی چینی ناوەند تا ئاستی هێڵی هەژاری. لە ئێران، سزاکانی دەرەوە و ئابووریی کۆنترۆڵکراو، چینی ناوەڕاستی ڕووبەڕووی دابڕانی ئابووری و داڕمانی بنەما کۆمەڵایەتییەکان کردووەتەوە. لە عێراق ( بە هەرێمی کوردستانیشەوە)، پشتبەستنی ڕەها بە ئابووریی ڕەیعی (نەوت)، نەبوونی کەرتی تایبەتی بەرهەمهێن و قەیرانە داراییەکانی مووچە و پاشەکەوت، وای کردووە ئەم چینە هەمیشە دەستەمۆی بڕیارە سیاسییەکان و گۆڕانکارییەکانی بازاڕی وزە بێت. چونکە حوکمڕانیی ڕەیعی لە بنەڕەتدا بەستێنێک دەخوڵقێنێت کە تێیدا هاووڵاتی لەبری ئەوەی لێپرسینەوە لە دەسەڵات بکات، وابەستەی مووچەی دەوڵەتی دەکات، بەمەش سەربەخۆیی سیاسیی چینی ناوەڕاست لە ڕەگەوە دەسڕێتەوە.

پرۆسەی پاشەکشەپێکردن و لاوازکردنی چینی ناوەڕاست تەنیا دیاردەیەکی خۆجێیی تورکیا، ئێران و عێراق نییە، بەڵکوو نەخۆشییەکی پێکهاتەییی سەراپای ناوچەکەیە. ئەگەر لە تورکیا لەڕێی داڕمانی لیرە و قەیرانی ئابوورییەوە، لە ئێران بەهۆی گەمارۆکان و ئابووریی سوپایی و لە عێراق (بە هەرێمی کوردستانیشەوە) لەڕێی گەندەڵی و سیستەمی پشکپشکێنەوە چینی ناوەڕاست ڕووبەڕووی داڕمان بووبێتەوە؛ ئەوا لە وڵاتانی عەرەبیشدا ڕێک هەمان سیناریۆ دووبارە بووەتەوە.

بۆ نموونە؛ لە میسر، چ پێش بەهاری عەرەبی و چ دوای گەڕانەوەی ڕژێمی سەربازی، کۆنترۆڵکردنی ئابووری لە لایەن دەزگا ئەمنی و سەربازییەکانەوە دەرفەتی کار و گەشەی لە چینی ناوەڕاست زەوت کرد. لە تونس و وڵاتانی دیکەی عەرەبیش، ئەو هیوا و پەڕینەوە سیاسییەی کە پاش بەهاری عەرەبی هاتە ئاراوە، نەبووە مایەی بووژانەوەی ئابووری؛ بەڵکوو هەڵئاوسان، قەرزداریی دەرەکی و داڕمانی داهاتی تاك، توێژی ڕۆشنبیر، فەرمانبەر و خاوەن پیشە بچووکەکانی بە تەواوی بەرەو هێڵی هەژاری شۆڕ کردەوە. بەم شێوەیە، چ لە دەوڵەتە هەرێمایەتییە گەورەکان (تورکیا و ئێران) و چ لە شۆڕش و بەهاری وڵاتانی عەرەبیدا، چینی ناوەڕاست وەک مەترسییەکی سیاسی بینرا و لەڕێی گوشاری ئابوورییەوە، پەراوێز خرا.

لێکەوتەی ڕاستەوخۆی نەمانی چینی ناوەڕاست بۆ سیستمی سیاسی، داڕمانی دیموکراسیەت و سەرهەڵدانی دەسەڵاتی ستەمکار یان پۆپۆلیستییە. چونکە کاتێک کۆمەڵگا بەسەر کەمینەیەکی خاوەن سەرمایەی ڕەها و زۆرینەیەکی هەژارکراو دابەش دەبێت، ئیتر چەمکەکانی وەک (هەڵبژاردنی ئازاد، ئۆپۆزسیۆنی شارستانی و میدیای سەربەخۆ) واتای خۆیان لەدەست دەدەن. لە بارودۆخێکی لەم شێوەیەشدا، مرۆڤی ماندوو بەدەست بژێوی ڕۆژانە، توانای خۆڕێکخستنی لەناو کۆمەڵگای مەدەنیی نابێت؛ هاوکات توندڕەویی ئایینی، ئایدۆلۆژی و سیاسی گەشە دەکات، چونکە هەژارکردنی کۆمەڵگا ڕێگا لە شیکاریی عەقڵانی دەگرێت و تاک ناچار دەبێت پەنا بۆ سادەترین دروشمی ڕادیکاڵ ببات. ئەمە لەکاتێکدایە کە چینی ناوەڕاست هەمیشە هێزی میانڕەوی بووە، چونکە خاوەنی سەرمایە، ماف و دەستکەوتێک بووە کە نەیویستووە لە ئاڵۆزییەکاندا زیانی بەربکەوێت.

بۆ ڕاگرتنی ئەم داڕمانە و سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی چینی ناوەڕاست وەک مەرجێکی سەرەکیی حوکمڕانیی دروست و دیموکراسیەی، هیچ چارەسەرێک لە ڕێگای دروشم یان هاوکاریی کاتیی کۆمەڵایەتییەوە بەدەست ناهێنرێت، بەڵکوو ئەم پرۆسەیە پێویستی بە سێ توخم و کۆڵەگە و پایەی پێکهاتەیی گرنگ هەیە: 

یەکەم، سیستمی پەروەردە و خوێندنی باڵای خاوەن کوالێتیی بەرز، کە وەک (ئاسانسۆری کۆمەڵایەتی) کار بکات و هەلی وەک یەک و یەکسان لەسەر بنەمای شیان و لێهاتوویی، بۆ هەمووان دابین بکات. 

دووەم، ئابوورییەکی بەرهەمهێن و فرەڕەنگ، کە لە ڕەیعی نەوت یان کەرتی ئاڵوگۆڕی دارایی بێ بنەما دوور بێت و پیشەی جێگیر و بەهاسازی دروست بکات. 

سێیەم، سیستمی دادوەریی سەربەخۆ و سەروەریی یاسا، کە پارێزگاری لە مافی تاک، موڵکدارێتی و وەبەرهێنانی بچووک و ناوەند بکات. 

دواجار؛ بەر لە هەموو تەلارسازیی و پێشمەرجێکی لەم شێوەیە و ڕێگاچارەکانی سەرەوە، مەرجی جەوهەری و بنەڕەتی، بوونی ناوەندێکی حوکمڕانی و دەوڵەتێکە، کە ویستێکی ڕاستگۆیانە و ئیرادەیەکی سیاسیی ڕاستەقینەی بۆ گۆڕانکاری و گەشەکردن و باوەڕێکی نەگۆڕ و پتەوی بە هەبوونی ئازادی و سەربەخۆیی هاووڵاتییانی هەبێت، نەک دەوڵەت و حکومڕانییەک کە لە بەرزبوونەوەی ئاستی هۆشیاری و مەیلی سەربەخۆیی هاووڵاتییانی خۆی، بترسێت.


PM:08:39:24/08/2026

ئه‌م بابه‌ته 504 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی