وتەیەک بە بیانووی کاغەزە هەزاران ساڵەکەی تیڤییەکی پرۆفیشناڵ

‌شوان عەباس بەدری

بیست دەقیقەیەک لەمەوبەر بە ڕێکەوت پارچە ڤیدیۆیەکم لە فەیس بووک بینی کە کابرا دەیگوت؛کاخەزی ئەم قورئانە دەگەڕێتەوە بۆ 2000 سال تا 3000 ساڵ و کابرای مایک بەدەستیش لە خۆیەوە ماشاڵا ماشاڵای بۆ دەکرد و هیچ زانیارییەکی نە لەبارەی بابەتەکەوە هەبوو و نە لەبارەی مێژووی ئیسلام و کۆکردنەوەی قورئان و نە لەبارەی مێژووی کاغەز !
با من لێرە چەند زانیارییەکی مێژوویی کورت لەبارەی کاغەز و ئیسلام و قورئان بخەمە بەردەمتان.

کاغەز بە مانا سەردەمییەکەی هەمووی 1900 ساڵە لە چین دروستکراوە و لە ساڵی 751زایینی و دوای جەنگی تالاس گەیشتە سەرزەمینی ئیسلام، هەروەها لە سەدەکانی یانزە و دوانزەی زایینی لەلایەن موسڵمانانەوە گەیەنرایە ئەوروپا، میسرییەکان نزیکەی 3000ساڵ لەمەوبەر گیای پاپیرۆسیان وەک کاغەز بەکار دەهێنا کە لە راستیدا کاغەز نەبوو و تەنها گیایەک بوو و دوای ماوەیەک شی ئەبووەوە، سۆمەری و بابلییەکانیش دیارە چیان بەکارهێناوە، ئا لێرەدا دەردەکەوێت کە باکگراوندی رۆشنبیری و زانیاری و زانیاری گشتی بۆ میدیاکار چەند گرنگە بۆ ڕاستکردنەوە و گەیاندنی زانیاری دروست بە بینەر و خوێنەر !

مێژووی ئیسلام خۆی 1448 ساڵە و مێژووی کۆکردنەوە و نووسینەوە و پێداچوونەوە و یەکخستنەوە و بڵاوکردنەوەی قورئان بە شارە سەرەکی و گەورەکانی جیهانی ئیسلامیش دەگەرێتەوە بۆ ساڵی 651 زایینی، ئیتر نازانم ئەم 3000 ساڵە لە کوێوە هاتووە !!؟

لەلایەکی ترەوە گریمان ئەمە وا کابرای قورئان بەدەست بە هەڵە ساڵەکەی وتووە و پەیامنێرەکەش زانیارییەکانی سفری دوای فائیزەیە ئاخۆ لەو کەناڵە کە خۆی بە بێ ڕکابەر ئەزانێت و شەو و ڕۆژ بە شان و باڵی خۆیدا هەڵئەدات شارەزایەکیان تێدا نەبوو بڵێ؛ بۆ خاتری خوا و قورئان کوا شتی وا هەیە و بڵاوکردنەوەی ئەم بابەتە ناڕاستە کاریگەری لەسەر ڕاستگۆیی کەناڵەکە ئەبێت!؟

ئەم بابەتە نموونەیەکی زۆر بچووکی ئەو شێواوی و بێ سەروبەرەییەی ناو میدیای کوردیمان بۆ ئاشکرا دەکات و ئەو بەناو پەیامنێرە مایک بەدەستەش کە لە ئێستادا کار بۆ میدیایەکی حزبی دەکات نموونەیەکی زەقە بۆ ئەو کەسانەی کە لەخۆیانەوە و لەبەر نەزانی کەسە یەکەمەکانی ناو میدیا یان بە دەستی ئەنقەست هێنراون و خوا ئەزانێ رۆژانە خۆی و هاوشێوەکانی چەند زانیاری هەڵە و نادرووست دەدەن بە گوێی بیسەر و بینەرەکانیان.

رەنگە هۆکارێکی سەرەکی زەق کردنەوەی کەسە نەزانە بەناو ڕاگەیاندکارانە ئەوە بێت کە زۆربەی هەرە زۆری ئەوانەی کە لە ئێستا لێپرسراو و بەرپرسی یەکەمی تەلەفزیۆن و رادیۆ و دەزگا و میدیاکانن خۆیان فڕیان بە هیچەوە نییە و لەبەر خاتری خاتران و لە بارودۆخێکی تایبەت یان بە ماستاوچێتی و هاوڕێتی و پلەی حزبی و خزم خزمێنە گەیشتوونەتە ئەو پلەیە و هەر بۆیە بۆ داپۆشینی نەزانیان هەوڵ ئەدەن کەسانی نەزانتر لە خۆیان بێنن و لەو میدیا و دەزگایانە کۆیان بکەنەوە کە لێپرسراویانن و ئەوانەی لە خۆیان بەرزترن لە ڕووی کار و ئەزموون و زانیاری و زانستی میدیا و کاری ڕۆژنامەنووسییەوە دەمکووت بکەن و دەریان پەڕێننە دەرەوە.


AM:11:11:23/08/2026

ئه‌م بابه‌ته 168 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی