ئازادی لە فەلسەفەی شاردا
هەڤاڵ محەمەد
لە فەلسەفەی شاردا، شار تەنها جێگەی کۆبونەوەی دانیشتوانی چر و ئاپارتمانی بڵند و دیواری کۆنکرێتی پتەو و شەقامی قیرتاو نیە، بەڵکو قەوارەیەکی زیندوە کە بە دەنگ و گۆڕینەوەی بیروبۆچون دەژی. کاتێک دەنگێک بە هێزێکی زۆر کپ دەکرێت، وەک ئەوە وایە قەڵایەکی فیکری لەناوببرێت.
ئەو بڵندگۆیانەی کە دەنگی ناڕازی پەخشدەکەن تەنها موڵکی ئاڕاستەیەکی سیاسی دیاریکراو نیین، بەڵکو بەشێکن لە پڕۆسەی ژیاری و فەلسەفەی شار، داخستنیان تەنها کوژاندنەوەی شاشەیەک و کزکردنی رادیۆیەک نییە بەڵکو لێدانە لەو متمانە کۆمەڵایەتییەی کە شارێکی وەک سلێمانی بناغەکەیلەسەر بنیات ناوە؛ سلێمانییەک کە هەمیشە شانازیی بەوەوە کردوە لانکەی قەڵەمی ئازاد و ڕەخنەگرەکان بوە.
لە ڕوانگەی ڕۆژنامەنوسییەوە، ڕۆژنامەنوس نە پاسەوانی دەسەڵاتە و نە سێبەری بڕیارە سیاسییەکان؛ ڕۆژنامەنوس ئاوێنەی کۆمەڵگەیە. هەمو سنوردارکردنێکی پەیامە رۆژنامەوانییەکان، پەیامێکی ترسناکی پێچەوانەیە بە ئاڕاستەی بەرتەسککردنەوەی پانتاییەکانی ئازادی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە و فرەپێگەیی سیاسیی، رێگە راستەکە ئەوەیە پەیامی سیاسیی بە پەیامی سیاسی و پەیامی میدیایی بە پەیامی میدیایی وەڵامبدرێتەوە نەک بە داخستنی زۆرەملێ.
سلێمانی و هەمو شارەکانی تر، بە مێژوی پڕ لە قوربانیدان و شانازییەکانیانەوە جوانن، شایستەی ئەوە نین بکرێنە گۆڕەپانی پاشەکشەی ئازادییەکان. سلێمانی بە خەڵکەکەی، بە ڕۆشنبیرەکانی و بە ڕۆژنامەنوسە بوێرەکانیەوە دەژی، کە ئامادە نین لە پێناو هیچ هێزێکدا قەڵەمەکانیان بدۆڕێنن.
پەیامی ئێمە وەک ڕۆژنامەنوس ئەوەیە کە هیچ هێزێک ناتوانێت یادەوەریی مێژویی و حەقیقەت بسڕێتەوە. لە یادگەی ئەم شارەدا تەواوی ئەو روداوە ناشرینانە دەمێننەوە کە هەوڵی کپکردنی دەنگە دڵسۆز و ناڕازییەکانیانداوە، ئازاردانی رۆژنامەنوس و داخستنی میدیا و بەرتەسکردنەوەی ئازادی رادەبڕین لەپێناو زاڵبونی سیاسیدا جۆرێکە لە شکست، شارێک کە لەسەر بنەمای قەڵەم و سەکۆی ئازادی بنیاد نرابێت، بە قوفڵ و زنجیر کۆنتڕۆڵ ناکرێت.
ئەوانەی پێیان وایە بە بڕیاری داخستن و پەلاماردان دەتوانن دۆخی بێدەنگی بەسەر ئەم شارەدا بسەپێنن، لەبیریان چوە کە مێژوی سلێمانی پڕە لە ڕوبەڕوبونەوەی سەرکەوتوانە لەگەڵ ستەمدا.
AM:09:31:23/08/2026
ئهم بابهته 164
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی