كاتژمێری دیوارەكە

‌ره‌حمان غه‌ریب

كەس تەماشای من ناكات، بەڵام من چاوم بڕیوەتە ئەم پانتاییەی بە ئاگرو ئاسن گەمارۆ دراوە، لەناو گرمەی تەقینەوەكان و دەسڕێژی چەكی بێشووماردا دەنگی ژنێك دەبیستم بە تەنیا هەندێ جار دەگری و هاوار دەكات هەندێ جاریش رووی بابی ئەو ڕۆژە ڕەش دەكات كە ئامۆزاكانی گەیاندە ئەم شەوە ترسناك و خوێناوییە. ئەو شەتڵی ئاشتییە، لە هەموو ماڵێكدا بچێندرێت.

بە پاڕانەوە هاوار دەكات؛ هەردولا كورد و یەكێتی و یەك بنەماڵەن شەڕ ڕاگرن، بەڵام وەك ئەوەی قسە بۆ دیوار بكات، ئاگر دەهاتە ناو ژوورەكان، هەنگاوە ماندووەكانی دەنا، بەسەر تەرمێكا دەگریا و باوەشی بە براكەی دەكرد، شۆكی بۆردوومان نەیدەتوانی ئومێدی ئاشتی لە رووخساریا ئاوابکات.

ئەم ژنە عینادە، لەو شەوەی ژیان و مەرگ زۆر لەیەكتر نزیكبوون، ئەو پڕبوو لە سۆز و دڵنەوایی، لەناو ئەو ماڵە تاریك و وێرانەدا، رایدەكرد، بە براكانی دەووت بە خۆشی و نەرموونیانی بدوێن و وەڵامی پەیوەندییەكان بدەنەوە، لەگەڵ دوو ژنی ژوورەكە بیردەكاتەوە و دەڵێت: ئەم نەزیفی خوێنە دەبێت بوەستێت.

دەچێتە نهۆمی سەرەوە، هەركاتێك لە ئومێد نزیك دەبێتەوە زرمەیەك درزی تێدا دەكات، مۆبایلەکەی دەكاتەوە، لە سۆشیال میدیا باس لە هاتنی (باجەر) دەکرێ، هێزێكی زۆر كۆدەبنەوە، لە ئاسمان و زەوی ئاگر دەبارێ، ئەم هەر دەجوڵێ و هاواری ئاشتی دەكات، دەمبینی دوعای ژیان و ئاشتی دەكات، بە پاڕانەوە ئایەتێكی قورئان دەخوێنێت: یارەبی وەك من جەرگم سوتاوە كەس جەرگی نەسوتێت.

ئەو كاتەكانی بەسەر كارەساتی ئەو رۆژە دابەشدەكرد، هەوڵی دەدا هەموو هێمن بن، دەچوە لای بریندارێك، كارگوزار و پاشان براكانی، ئاگریش لە هەموو لایەكەوە پەلاماری دەدات، پەیوەندی بە ئاگركوژێنەوە دەكات، نە ئاگری ماڵ و نە ئاگری دەرونی کەس نەیکوژانەوە، پەیوەندی بە ماڵەوایان دەكات و پێیان دەڵێت ئێمە تەواوبووین... تەواو.

لەو شەوە توندوتیژەدا سەرنج دەدات جگە لە ئاگرو ئاسن و فیشەك هیچی تر نایەتە ژوورەوە، رادەكاتە دەرەوە پێیان دەڵی شەڕ راگرن، نەدەوەستا و هاواری ئامۆزا دەكات، شەڕ راگرن شەڕ راگرن بەناو هێزەكە دەڕوات: من ئاواتم دایكی بەیارم، ئیتر بەس نییە؟.

ئێستاش شوێنەواری ئەو ڕۆژە كارەستبارە لەدڵ و بیركردنەوەیدا نەسڕاوەتەوە. "خۆزگە لەناو خەوێكدا دەبووم كە خەبەرم دەبێتەوە هەموو ئەو رووداوانە درۆ دەبوون" خەویش بێت راگوزەر نەدەبوو، قەت ئەو ئازارە لە دڵم دەرناچێت، ئاواتی شێخ جەنگی وای ووت.


AM:11:31:22/08/2026

ئه‌م بابه‌ته 64 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی