حەسڕەتێکی مێژوویی لەساڵڕۆژی لالەزاردا

‌محه‌مه‌د هه‌ورامی‌

حەسرەتێکی مێژوویی: ئەو دەرفەتەی دەیتوانی ئارامی سلێمانی بپارێزێت ( بە بۆنەی ساڵیادی ڕوداوەکانی لالەزارەوە)

دەمەوێت لە سەرەتادا جەخت لە شتێک بکەمەوە؛ من هەرگیز عادەتم نەبووە و نییە ڕووداوە سیاسییەکان بکەم بە بابەتی نووسین و کەرەستەی میدیایی. ئەمە یەکەمین و کۆتا جاریش دەبێت کە شتێکی لەم شێوەیە دەگێڕمەوە. هۆکاری نووسینی ئەم نوسینەش تەنها یەک شتە: حەسرەتێکی قووڵ.

حەسرەت بۆ ئەوەی ئەگەر ئەم هەوڵەی خوارەوە سەری بگرتایە، ڕێگری لە ڕشتنی خوێنی چەندین گەنج دەکرد و ئارامییەکی زیاتری بە شاری سلێمانی دەبەخشی.

ساڵێک پێش ئێستا ؛ ڕۆژانی بەر لە ڕووداوەکانی لالەزار

ڕۆژێک دوای دەرچوونی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان ، کاک لاهور پەیوەندی پێوە کردم و دەعوەتی کردم بۆ لالەزار.

ئێوارەکەئ چوومە ئەوێ ، پێی وتم: "تەزویر کراوە."

من لەو بڕوایەدا نەبووم کە تەزویر کرابێت، بەڵام ئەو سوور بوو لەسەر قسەکەی و دەیگوت: "ئەگەر وانەبێت، بۆچی پێش هەڵبژاردن پێیان وتووم کە تەنها دوو کورسی دەهێنم؟"

دوای موناقەشە و گفتوگۆیەکی زۆر، لێی پرسیم: "ئێستا من چی بکەم بە ڕای تۆ؟"

پێشنیارێکی قورس، بەڵام چارەنووسساز

پێم وت: "بە دوو کورسی هیچ ناکرێت. ئەم ژمارە کورسییە هی گۆڕانکاری نییە، تەنها دەتکات بە کارتێکی فشار بەدەست لایەنێکی ترەوە ، بۆیە مەهێڵە ئەوە ڕووبدات."

کە پرسی چارەسەر چییە، پێشنیارێکم خستە بەردەمی:

"دوو کورسییەکەت بەبێ هیچ مەرجێک بدەرەوە بە یەکێتی! بەیاننامەیەک دەربکە و بڵێ: 'لە پێناو یەکڕیزیی یەکێتی، ڕێگریکردن لە ڕشتنی خوێنی خەڵک و پاراستنی ئارامیی سلێمانی، هەردوو کورسییەکەی پەرلەمان تێکەڵی فراکسیۆنی یەکێتی دەکەم. بەڵام تکایە با ئەمە بە بێ هیچ مەرجێک بێت و تەنها بیکە بە دەستپێکی نیازپاکیی."

کاک لاهور پرسی: "ئاخر چیم دەست دەکەوێت؟"
منیش خاڵ بە خاڵ بۆم ڕوون کردەوە:
ئەو هەموو زەخت و فشارەی لەسەر خۆت و کەسە نزیکەکانت هەیە نامێنێت.

ئەو ترسەی کە ئێستا خۆت دەیڵێیت کە منداڵەکانت بە ٢-٣ ئۆتۆمبێلەوە دەچن بۆ قوتابخانە، کۆتایی دێت و نامێنێت.

ئەو قسانەی دەوترێت گوایە نزیکی لە پارتی و لیستەکەت بۆ خزمەتی ئەوانە، هەمووی بە درۆ دەخرێتەوە.

لەو کاتەدا جگەرەیەکی داگیرساند و بە نیگەرانییەوە وتی: "ئاخر خەڵک دەڵێن خیانەتی کرد و دەنگەکانی فرۆشت!"

وەڵامم دایەوە: "ئەوەی دەنگی بە تۆ داوە، قاعیدەی یەکێتییە کە ناڕازییە لە حیزبەکەی. یەک کەس نییە کە لە کۆی سیستەمی سیاسی هەرێم ناڕازی بێت و دەنگی دابێت بە بەرەی گەل. واتە تۆ دەنگی خەڵکی ناڕازی لە یەکێتی و پارتیت نەبردووە، خەڵک جەنابت بە بەشێک لە سیستەمەکە دەزانێت و دەنگانە هەر هی یەکێتین کە لەگەڵتن."

قەناعەتی کرد و وتی: "باشە، بەڵام با کاک (فڵان) لە نێوانماندا بێت و ئاگادار بێت بەم پێشنیاره."

پێم وت کە خۆت قسەی لەگەڵ بکه بەڵام ئەو وتی: "نا، تۆ تەرحی بکە و پێی بڵێ کە ئەمە تەرحی منە و لاهوریش ڕازییە."

هەر لەلای خۆیەوە تەلەفۆنم کرد و وردەکارییەکانم بۆ شیکردەوە کە چیم پێشنیار کردووە. ئەویش وتی: "ئەمە باشترین و عاقڵانەترین بڕیارە."

کاک لاهور داوای کرد کە کاک (فڵان) خۆی ئەم بابەتە لەگەڵ کاک بافڵ باس بکات و ئەنجامەکەیمان پێ بڵێتەوە.

دوای دوو ڕۆژ، ئەو برادەرە تەلەفۆنی بۆ کردم و پێی وتم: "سەرەتا کاک بافڵ ڕازی نەبووە و وتویەتی 'من کورسیی ئەوم ناوێت'، بەڵام دوای موناقەشە قەناعەتی کردووە و ڕازی بووە و وتویەتی کە خۆی قسە لەگەڵ لاهور دەکات."

ڕۆژی دواتر، کاک لاهور پەیوەندی پێوە کردم و وتی: "کاک بافڵ تەلەفۆنی بۆ کردووم و وتویەتی با لە سەر ئەو پێشنیارە دانیشین بە دوو قوڵی.
منیش وتوومە باشە، بەڵام پێم باشە کاک (فڵان)یشمان لەگەڵ بێت، چونکە بەخوا من بافڵ دەناسم و نامەوێت دوو بە دوو لەگەڵی دانیشم. با ئەویش لەگەڵمان بێت."

مادام پێشنیارەکە هی من بوو، داوای لێکردم من ئەو پەیامە بە کاک (فڵان) بگەیەنم، منیش وتم باشە و بڕیار بوو دانیشتنەکە لە چەند ڕۆژی دواتر بکرێت.

بەڵام ئێوارەی ڕۆژی دواتر، یانەی نەورۆز لەگەڵ تیمێکی تر یاری هەبوو. دوای تەواوبوونی یارییەکە، ڕۆژنامەنووسان دەوری کاک لاهوریان دا و پرسیاریان لەسەر هەڵبژاردن و ئەنجامەکان کرد.
لە وەڵامی پرسیارێکدا، لەپڕ وتی:
"کاک بافڵ تەلەفۆنی بۆ کردووم و داوای دانیشتنی کردووە!"

ئەم یەک قسەیە لەبەردەم کامێراکاندا، بووە هۆی پەشیمانبوونەوەی کاک بافڵ و کۆی پرۆسەکە و ئەو هەوڵە ئاشتیانەیە هەڵوەشایەوە، و ڕووداوەکانی دواتری بەسەردا هات کە هەموومان بینیمان..


AM:10:46:22/08/2026

ئه‌م بابه‌ته 656 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی