بازاڕی تووڕەیی؛ بۆچی توندڕەوی و جنێو لە سۆشیاڵ میدیادا براوەن؟
ئارام سەعید
لە ژینگەی دیجیتاڵیی ئێستادا، پێوەرەکانی سەنگ و قورسایی و بەهاکان تووشی داڕمانێکی گەورە بوون. وتاری توند، جنێودان وپەلاماری شەخسی بە خێرایی دەبنە «ترێند» و زۆرترین کارلێک کۆدەکەنەوە، لە کاتێکدا دەنگی هێمن و شرۆڤەی قووڵ پەراوێز دەخرێن.
ئەم براوەییەی توندڕەوی ڕێکەوت نییە، بەڵکو بەرهەمی هاوپەیمانییەکی سەرسەختانەی نێوان غەریزەی مرۆڤ و مۆدێلی بازرگانیی پلاتفۆرمەکانە. زمانی زبر، پەلاماردانی کەسی و دەربڕینی ڕق دەبنە سەرمایەی سەرەکیی بەدەستهێنانی ناوبانگ و سەرنج. ئەم میکانیزمە بە دوو هێز کار دەکات:
1. مێشکی مرۆڤ بە سروشتی خۆی خێراتر و بەهێزترە لە بەرامبەر پەیامی نەرێنی، هەڕەشە و توندوتیژی زوتر دەی ورووژێنێت. لە لایەکی ترەوە، بێئومێدییە کەڵەکەبووەکانی کۆمەڵگە بەدەست ناعەدالەتیەوە وا دەکات تاکەکان جنێودان وهێرشکردنە سەر ئەم وئەو وەک کەرەستەیەکی خراپ بۆ بەتاڵکردنەوەی تووڕەیی وبەدەستهێنانی هەستی وروژاندن بەکاربهێنن.
2. لە دیوەکەی تریشەوە، ئەلگۆریتمەکانی سۆشیاڵ میدیا لەسەر بنەمای «ئابووریی زۆرترین سەرنج» بنیاد نراون؛ تاکە ئامانجیان هێشتنەوەی بەکارهێنەرە بۆ درێژترین کات لەسەر پلاتفۆرمەکان. بەو پێیەی گرژی، شەڕەدەنووک و هەڵچوونی سۆزداری زۆرترین کۆمێنت و شەیر بەدەست دەهێنێت، ئەلگۆریتمی سۆشیال میدیا پاداشتی ئەو جۆرە دەربڕینانە دەدەنەوە و دەیانخەنە پێشەوەی پۆستەکان.
بەم شێوەیە، توندڕەوی دەبێتە خاوەن زۆرترین بازاڕ، و سەکۆی پلاتفۆرمەکان لە شوێنی گفتوگۆی بنیاتنەرەوە دەگۆڕێت بۆ بازاڕی فرۆشتنی ڕق.
PM:09:42:16/08/2026
ئهم بابهته 68
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی