دیدگای نێچیرڤان بارزانی بۆ سەروەریی یاسا و بونیادنانی دەوڵەتی هاووڵاتی
نووری بێخاڵی
عێراقی دوای گۆڕانکارییە خێراکانی ناوچەکە، لە بەردەم وەرچەرخانێکی مێژوویی و هەستیاردایە؛ قۆناغێک کە لۆژیکی چاوەڕوانی و ڕەچاوکردنی ناوچەیی تێیدا بێ کاریگەری بووە و پێویستی بە بڕیاری بوێرانە و دیدگایەکی ستراتیژیی ڕوون هەیە.
لە هەڤپەیڤینەکەیدا لەگەڵ کەناڵی ئاسمانیی (ئەلشەرقییە)، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە ڕاشکاوی و هۆشیارییەکی سیاسیی قووڵەوە؛ تیشکی خستە سەر جەوهەری قەیرانەکانی ئێستای عێراق و ڕێگای دەربازبوون لە ئاڵۆزییەکان.
لە نێو کۆمەڵێک دۆسیەی هەستیاردا، پرسی هەڕەشەی گرووپە چەکدارە لەیاسا دەرچووەکان و ئاییندەی قەوارەی سیاسیی عێراق، بوونە چەقی ڕوانگە ستراتیژییەکەی سەرۆکی هەرێم بۆ هێنانەدی سەقامگیریی بەردەوام.
لە دیدی نێچیرڤان بارزانییەوە، مەترسیی هەرە گەورە بۆ سەر ئاسایشی عێراق و ناوچەکە، بەردەوامیی چالاكیی ئەو گرووپە چەکدارانەیە کە لە دەرەوەی ئیرادە و بڕیاری دەوڵەت ڕەفتار دەکەن. بوونی چەک لە دەست کۆمەڵێک لایەنی لەیاسا دەرچوو، نەک هەر بنەماکانی سەروەریی دەوڵەت هەڵدەتەکێنێت، بەڵکوو سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و سەرجەم پارێزگاکانی عێراق دەخاتە بەردەم مەترسییەکی بەردەوام.
هێرشە درۆنی و مووشەکییە بێ پاساوەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان و بەئامانجگرتنی ژێرخانی ئابووری و سەرمایەگوزاری، تەنیا زیان بە هەرێم ناگەیەنن، بەڵکوو ئابووریی سەرانسەری عێراق دەشێوێنن و کۆمپانیا بیانییەکان لە وەبەرهێنان پاشگەز دەکەنەوە. سەرەڕای ئەوەش، بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ دەستوەردان و هەڕەشەکردن لە وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە، وڵات رووبەڕووی گۆشەگیرییەکی مەترسیداری نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی دەکاتەوە؛ گۆشەگیرییەک کە باجەکەی تەنیا هاووڵاتیی ئاسایی عێراق دەیدات.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان بڕوای وایە کە دەربازبوون لەم چەقبەستووییە، تەنیا بە یەک ڕێگادا تێپەڕ دەبێت: کۆکردنەوەی تەواوی چەک لە دەستی دەوڵەتدا و کۆتاییهێنان بە بەکارھێنانی سیاسیی هێز. لەم ڕوانگەیەوە، دەبێت سەرجەم هێزە چەکدارەکان لەژێر چەتری فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان (سەرۆکوەزیران) کۆ بکرێنەوە.
ئەم بڕیارە بەلای بەڕێزیانەوە نەک پابەندییەکی دەرەکی یان ئەمریکی، بەڵکوو پێویستییەکی نیشتمانیی پەتییە بۆ پاراستنی داهاتووی نەوەکان. پشتیوانیکردنی ڕەهای سەرۆکی هەرێم بۆ هەنگاوەکانی حکوومەتی فیدراڵی لە بڕیار و هەنگاوەکانی سەرۆک وەزیران ئەلزەیدی لەم بارەیەوە، ئیرادەیەکی ڕوون نیشان دەدات بۆ ئەوەی ڕێگا نەدرێت یاری بە چارەنووسی دەوڵەتەوە بکرێت.
دیارە ئەم بەرەنگاربوونەوەیە لە بۆشاییدا کار ناکات، بەڵکوو بەشێکە لە دیدگا فراوانەکەی سەرۆکی هەرێم بۆ بونیادنانی (دەوڵەتی هاووڵاتی). لە تێڕوانینی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئێستا و داهاتووی سیاسیی عێراق، پێویستە دەستبەرداری لۆژیکی پێکهاتەیی، حزبی و تایفی بین و جێگا بۆ دەوڵەتێک چۆڵ بکرێت کە لەسەر بنەمای دەستوور، سیستەمی فیدراڵیی ڕاستەقینە و سەروەریی یاسا وەستابێت.
ئەمەش لەو ڕوانگەیەی کە لە دەوڵەتی هاووڵاتیدا، مافی هەموو پێکهاتەکان (کورد، عەرەب، تورکمان و کەمایەتییە ئایینییەکان) پێوەری سەرەکیی حکومڕانییە و دامەزراوە فەرمییەکان تاکە مەرجەعی پاراستنی ئاسایش و دابینکردنی خزمەتگوزارین.
سەرۆکی هەرێم لە هەڤپەیڤینەکەیدا جەخت لەسەر بنەمای (هەموومان لەناو یەک کەشتیداین) دەکاتەوە؛ ئەمەش بەو واتایە دێت کە سەقامگیری یان داڕمانی ناوچەیەک، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر تەواوی عێراق دەبێت. بۆیە، بونیادنانی داهاتوویەکی ئارام، بەندە بە بوونی دیالۆگێکی جیددی، پاککردنەوەی ژینگەی سیاسی لە گرووپە یاخییەکان و جێبەجێکردنی دەستوور وەک خۆی.
سەرئەنجام، ڕوانگەی سەرۆکی هەرێم ئاماژەیەکی ڕوونە کە عێراق تەنیا کاتێک دەتوانێت لە قەیرانە دارایی و ئەمنییە ئاڵۆزەکان ڕزگاری بێت و ببێتە یاریکەرێکی ئەرێنی لە ناوچەکەدا، کە سەروەریی خۆی لە ناوخۆدا بەسەر چەکدا بسەپێنێت و کۆڵەگەکانی دەوڵەتێکی هاوچەرخ و هاووڵاتیپەروەر دابمەزرێنێت.
PM:09:18:13/08/2026
ئهم بابهته 172
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی