ڕاڤەیتر5: گوتنی نا(نەخێر).... گوتنێ پێویستە!
ئازاد حەمە
"نا"(نەخێر)، کە نکوڵیکردن دەخاتە گەروومانەوە بۆ هاتووەتە کایەوە؟بۆئەوەی لە کاتی پێویستدا بگوترێت. لێ گوتنی"نا" فێربوونی دەوێت؛فێربوونی چۆنیەتی گوتنی. ئەوەش پەروەردە داوادەکات. بەمجۆرە چاندنی"نا"ی پێویست کارکردنێکی پەروەردەییانە دەخوازێت تا بزانرێت لە کوێ و بە کێ دەگوترێت "نا".
شرۆڤەی"نا"، شرۆڤەی"بەڵێ"ش لەخۆدەگرێت. ئەمە بەو مانا بەرتەسکە نایەت، کە"نا"دەکەوێتە ژێر سێبەری "بەڵێ"وە. هاوکێشەی نێوان "نا" و "بەڵێ" وەک هاوکێشەی نێوان ڕووناکیی و تاریکیی نییە. چونکە گوتنی "نا" و "بەڵێ" چاوەڕێی یەکناکەن و پاشکۆی یەکیش نیین، مەگەر بۆ ئەوانەی بێ بیرکردنەوە دەڵێن "نا" و بێ بیرکردنەوە دەڵێن"بەڵێ".ڕاستە لە ڕووکەشدا "نا"خۆی وەک وابەستەی"بەڵێ" نیشاندەدا، لێ لەڕووی لۆجیکییەوە بەو جۆرە نییە. تەنانەت گوتنی "نا" ئەو هەستەش لە ئەویتردا دروستدەکات، کە جۆرە یاخیبوونێک لەگەڵ خۆی دێنێت. ئەمە وادەکات"نا" بەسەمەرەییەوە لێبڕوانرێت.
تێکشکاندنی تێگەیشتن بۆ"نا" هەڵوەشانەوەی ئەو تەماشاکردنە ڕەهایەیە،کە بۆ گوتنی"بەڵێ" هەیە. ئەمەش لەسەر ئەو بناغەیەی هیوا هەڵچنیین لەسەر گوتنی بەردەوامی"بەڵێ"هۆکارە، کە گوتنی"نا" قێزەوەنکرێت. لێرەدا دەبێت بیرکردنەوە ئیشی خۆی لەسەر گوتنی "نا"بکا، تا "نا"ش بەدەردی "بەڵێ" نەبرێت. ئەمە بەو تەماشاکردنەش دێت، کە گوتنی "نا" با وەک گوتنی "بەڵێ" بێحورمەت نەکرێت.
گوتنی"نا" بەردەوام ئاسان نییە. چونکە ئەم گوتنە لەسەر ئەوە وەستاوە بە کێ و کەی دەگوترێت؟ گومانیناوێت، "نا"فۆڕمی ڕەتکردنەوە وەردەگرێت؛ بەو مانایەی پەسەندکردن دەبێت بە"نا"یەک. ئەڵبەتە ئەم"نا"یە بۆیە جێگای خۆی دەکاتەوە چونکە پێویستە. بەمجۆرە بێت"نا" تابوو(قەدەغە) نییە. بەهەق گوتنی"نا"، کە لە پێویستییەوە بێ شایانی ئەوەیە هەبێت. کەواتە، گوتنی "نا"یەکی پێویست بۆ بەگژاچوونەوەی "بەڵێ" پرۆسەیەکە لە بیرکردنەوە.
ناشێت نە گوتنی "نا" و نە گوتنی "بەڵێ" لەناو مەغزی کروزانەوە و لاوازیی لە گوتندا جێکرێتەوە. گوتنی چ "نا" و ج "بەڵێ" جۆرە جوامێرییەکی دەوێت، کە هەموو ئەوەش لە پەیوەندیدایە بە خودی بیرکردنەوەوە. ڕاستە زۆرێکجار بەسەختی دەڵێین"نا"؛ بەڵام ئەو "نا"یە گەر لە پێویستییەکی لۆجیکییەوە هاتبێت گوتنی ئەرکە. جابێتو، بەم جۆرە "نا"بکەین هەست بە تاوانباری ناکەین بەرامبەر بەو کەسەی "نا"یەکەی لە ئێمەوە وەرگرتووە.
گوزارەی"نا"سڵکردنەوەش دروستدەکات، چونکە پەیپێبردنە بە شتێک، کە دێت، کە ڕوودەدات. بۆ ئەوانەی ڕانەهاتوون لەسەر گوتنی"نا"، ئەو"نا"یە ناخهەژێن و نێگەتیڤە. ئەمە ئەوەشمان پێدەڵێت، کە دەبێت شێواز هەبێت، لە گوتنی"نا". چونکە "نا" تاڵە، ناپەسەندە و زۆرێک حەز بە بیستنی ناکەن.
بیانووی درێژخایەن بۆ گوتنی "نا" پێویست نییە، گەر بیرکردنەوە پێش گوتنەکە هەبووبێت. بۆ ئەوەی پێویست نەکات لە سەرەتاوە بڵێیت "بەڵێ"؛ بۆ ئەمەشیان کاتت پێویستە بۆ بیرکردنەوە. کەوابێت گوتنی "بەڵێ" یان "نەخێر" بەرهەمی بیرکردنەوەیە. ئەوەتا بیرمەندی فەڕەنسی ژاک دێریدا پێماندەڵێت بیرکردنەوە ئەوەیە بڵێین "نەخێر". ئەمە بۆ (ئەو) ئەوە دەخاتەڕوو، کە"" "نەخێر" ڕەتکردنەوەی پێویستی ڕواڵەت و باوەڕی دەستبەجێیە"". لە هەمان کاتدا لە "بەڵێ"ێکی بێ بنەما جیایە کە ڕووکەش بێت.
"نا"، کە بەڵگەی حاشا هەڵنەگری لەگەڵ خۆی هێنا توخمەکانی"نا" دەپارێزێت. لەوێڕا "نا" دەرخەری ئەوەیە شایانی گۆکردنە. ئەمە لەسەر شێوازی گوتنەکەی"نا" وەستاوە. لەبەرئەوەی بۆ زۆرێک دەستڕاگەیشتن بە "نا"سانا نییە. ئەمەش بەپێی ئەوەی هەندێک لە گۆکردنی"نا" دەترسێت.
سەرباریئەوە، بۆ بەشێک لە ئێمە "نا" بیناکراوە لەسەر ڕەتکردنەوەی کردارێک، گومانێک،بەڵام خودی ئەو کردار و گومانە پرۆسەیەکیشە لە شیکردنەوە و پرسیارکردن و لۆژیک. گەر وابێت لە بەرامبەر ڕاستییە نوێیەکان ناتوانین بە ئاسانی"نا" گۆبکەین.
وێڕای ئەوەی لای سەرەوە گوترا، گوتنی"نا" ئەو هەستەش لە ئەویتردا دروستدەکات، کە گۆکردنی"نا"جۆرە یاخیبوونێک لەگەڵ خۆی دێنێت. ئەمە وادەکات "نا" خۆشەویستنەبێت و تێگەیشتن بۆ "نا" بەرەو هەڵدێربچێت. لێ "نا" گەواهی دەدات لەسەر شتێک متمانەی تیا نییە، کە هێشتا پەیپێنەبراوە. بۆیە گشت"نا"کان یەک مانا و تامیان نییە، هەمان ناواخن و تایبەتمەندیی دروستینەکردوون.
ڕاستە گوتنی "نا "دیدێکی ڕەخنەگرانەیە بەڵام زۆرجار دیلی فشارەکانە. ئەمە بێمانایی و سەرکۆنەکردنیش لەگەڵ خۆیدا دێنێت. هاوکات ئەمە ئەوەمان پێدەڵێت،کە هەردەم "نا"کان لەکاتی خۆیاندا نەگوتراون. بۆ؟زۆرێک "نا" فریودەر و چەواشاکارانەن، گوتنیان شکستیهێنەرە بۆئەوەی پێیدەڵێن"نا". لێرە دەتوانین ئەوەش بڵێین، کە "گەلێکجار بیرۆکەیەک بە ڕاست دەزانین بەبێ ئەوەی پێویستمان بە بەڵگەی فەرمی هەبێت. دەتوانین بیر لەو شتانە بکەینەوە،کە باوەڕمان پێی نییە، لە کاتێکدا زۆرجار بیروباوەڕەکانمان شێوازی بیرکردنەوەمان فلتەر دەکەن".
سەرئەنجام ئەوەش دەڵێین، ئەی کە گوتنی "نا" نەیتوانیبوو ڕەگێکی قووڵ لە کولتوور، یان نەریت داکوتێ چۆن؟ لێرە ناخوازین گفتوگۆکە بەرەو ئەوە بەرین کولتوورەکانی"نا" خەمناکیمان بۆ دێنێ و ناچارماندەکات بە "بەڵێ"ی پێشوەخت.بەڵام بەپێی جوگرافیای بیرکردنەوەکان بێت لە هەندێک کولتوور یان نەریت"نا" شەقڵێکی دیکە وەردەگرێت و ناواخنێکی دی هەیە.
لە کۆتایدا، گرنگە هێما بۆ ئەوە بکەین"بەڵێ"سەرقافڵەی"نا" نییە. خودی "نا"ش روداوه تاڵ و خهمبارانهکەی ناو "بەڵێ"نییە. چونکە گوتنی"نا" توانایە، درکە، بەواتەیەکیتر بیرکردنەوەیە. کاتێک لەسەرەتاوە ناخوازین بڵین"بەڵێ" لەبەرئەوەیە پێویستمان بە کاتە بۆ بیرکردنەوە بۆ گوتنی شتێکی تر. ئەمە بەو تێگەیشتنە نایەت کە نەگوتنی"بەڵێ" گفتگۆی بەدوادێت.هاوکات گوتنی"نا" لەبەرناواخنە نەرینییەکەی وزە و خواستی دەوێت. واتە گوتنی "نا" دەشێت بەر هەندێک شیاویتر خرێت: نا بۆمناگونجێت لە ئیستادا، نا لەو بارەوە زانیارییم نییە، نا ناخوازم چونکە..... .
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی
PM:05:10:09/08/2026
ئهم بابهته 680
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی