کورد لەبەردەم مەترسیی گۆڕینی دیموگرافیاو وەلانانی مادەی 140ـی دەستوردایە

‌رێبین عومەر

پرسی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم، بە تایبەتی کەرکوک، خانەقین، شەنگال، جەلەولا، خورماتوو و زومار، هێشتا یەکێکە لە هەستیارترین کێشە سیاسی و دەستوورییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان. هەرچەندە دەستوری ساڵی ٢٠٠٥ لە رێی ماددەی ١٤٠ چارەسەری ئەم کێشەیەی دیاریکردووە، بەڵام تا ئێستا جێبەجێنەکردنی ئەو ماددەیە هۆکاری بەردەوامبوونی ناکۆکییەکان بووە.

ماددەی ١٤٠ی دەستوری عێراق سێ هەنگاوی سەرەکی بۆ چارەسەری ناوچە جێناکۆکەکان دیاری کردووە لەوانە : یەکەم، ئاسایی‌کردنەوە و چارەسەری کاریگەریی سیاسەتەکانی گۆڕینی دیموگرافیا؛ دووەم، سەرژمێریی دانیشتوان و سێیەم هەنگاو، ڕاپرسی بۆ دیاریکردنی ویستی دانیشتوانی ئەو ناوچانە.

ئەم پرۆسەیە دەبوو پێش کۆتایی ساڵی ٢٠٠٧ تەواو بکرایە، بەڵام تا ئێستا جێبەجێ نەکراوەو ماددەکە تۆز گرتوویەتی.
لە باسی ماددەی ١٤٠دا، زۆر جار ئاماژە بە سەرژمێری ساڵی ١٩٥٧ دەکرێت، چونکە لایەنە سیاسییە کوردییەکان ئەو سەرژمێرییە بە دوا سەرژمێری پێش دەستپێکردنی سیاسەتەکانی گۆڕینی دیموگرافیا دەزانن. ئەم بابەتە هێشتا جێگای مشتومڕی سیاسی و یاساییە و نەیارەکانیشی لە ئاسمیلەکردن نەوەستاون و دەستیان لە تەعریب نەپاراستووە.

لە کۆڕێکدا بە ناونیشانی (کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکان؛ مەترسیی تەعریب) کاک فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم، هۆشداری لە بەردەوامبوونی گۆڕانکاریی دیموگرافی و کاریگەرییەکانی لەسەر ناسنامەی ناوچەکان دا.

بە بڕوای ئەو، گۆڕانکارییەکان تەنها لە بواری دانیشتواندا نەوەستاون، بەڵکو کاریگەرییان لەسەر ژینگە، کشتوکاڵ، کلتور، زمان و مێژووی ناوچەکانیش داناوەو بە بەرنامەو ستراتیژ کار بۆ فراوانکردنی تەعریب دەکرێت.
لە تازەترین پێشهاتدا، هەڵوێستی پارێزگاری کەرکوک لە پشکی تورکمان کە خۆی قوربانی تەعریبە؛ سەبارەت بە ماددەی ١٤٠ ڕەخنەی جددی لێکەوتەوە، کە پێیان وایە ئەو ماددەیە هەڵەیەکی ستراتیژییەو تێپەڕبووە. لە کاتێکدا ماددەی ١٤٠دەرفەت واڵادەکات تا دادپەروەری جێبەجێبکرێت و حەق بۆ خاوەنەکەی بگەڕێتەوە. ئەم ماددەیە تاکە چوارچێوەی دەستورییە بۆ چارەسەری کێشەی ناوچە جێناکۆکەکان و دابینکردنی مافی هەموو پێکهاتەکانە.

لە کۆتاییدا، چارەسەری ئەم بابەتە تەنها بە جێبەجێکردنی دەستور، پاراستنی مافی هەموو دانیشتوان، و گفتوگۆی نیشتمانی لەنێوان هەموو لایەنەکان دەکرێت.

ماددەی ١٤٠ هێشتا یەکێکە لە گرنگترین کەرەستە دەستورییەکان بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی دادپەروەرانە بۆ گەڕانەوەی حەق بۆ خەڵکی ناوچەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان.


PM:06:08:06/08/2026

ئه‌م بابه‌ته 116 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی