چۆن فیلمی (ئۆدیسە)ی کریستۆفەر نۆلان بووبە ڕووداوێکی جیهانی؟

‌هیوا فایەق

ماوەی دوو هەفتە زیاترە، (ئۆدیسە) ی کریستۆفەر نۆلان تا ئەم ساتەوەختەی ئەم وتارەی تێدا دەنووسم، بە بەهای نزیکەی ۷٠٠ ملیۆن دۆلار بلیتی فیلمەکە لەسەرتاسەری جیهاندا فرۆشراوە. 

لێرەدا هەوڵدەدەم باس لە لایەنی مارکێتنیگی ئەم فیلمە بکەم کە چۆن توانی ئەم بڕە پارە زەبەلاحە لەم ماوە کورتەدا کۆبکاتەوە، ئەمە لە کاتێکدا ئەو کەسانەی کە بە چەند ملیۆن دۆلارێک بزنسێک دادەمەزرێنن، چاوەڕێی زیاتر لە چوار ساڵ دەکەن تا ئەو پارەیەی بۆ بزنسەکە خەرجکراوە لە ئەوپەڕی حاڵەتی باشدا پارەکەی چنگ بکەوێتەوە.

ئەوەی دیارە تێچووی بەرهەمهێنانی فیلمی (ئۆدیسە)ی کریستۆفەر نۆلان، بە ۲٥٠ ملیۆن خەمڵێنراوە. ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکانی بواری دارایی لە ( Forbes و The Warp)، ئاماژە بەوە دەدەن کە دەبێت فیلمەکە نزیکەی ۸٠٠ ملیۆن دۆلارێک پەیدا بکات تاوەکو بتوانێت قەرەبووی تێچووی فیلمەکە بکاتەوە. بێگومان هۆکارەکەش ئەوەیە کە كۆی بڕی ئەو پارەیەی دەستی دەکەوێت، هەمووی ناگەڕێتەوە بۆ ستۆدیۆی یونیڤێڕساڵ، بۆ نموونە لە سەدا ٥٠ بۆ لە سەدا ٥٥، پارەی بلیتەکانی لە ئەمریکا و کەنەدا بۆ دەگەڕێتەوە، لە جیهاندا بە گشتی و بە پێی ئەو وڵاتەی فیلمەکەی تێدا نمایش دەکرێت، لە سەدا ۳٥ بۆ لە سەدا ٤٥ پارەی بلیتی فرۆشراوی بۆ دەگەڕێتەوە.

پرسیارەکە ئەوەیە چی وادەکات لەماوەی کەمتر لە مانگێکدا بتوانێت بگاتە ئەوەی تێچووی ئەو پارەیە بگەڕێنێتەوە و پاشان قازانجێکی بێشوومار بکات. من لێردا باسی ئاستی فیکری و هونەری فیلمەکە ناکەم و ئەوە بابەتێکە لە دەرەوەی ئەم وتارە. مەبەستی من ئەوەیە باس لە ستراتیژی ئەو مارکێتینگە بکەم کە هاوکارێکی گەورەیە بۆ گەیشتن بەو قازانجە زەبەلاحە.

ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە کۆی تێچووی فیلمەکە، نزیکەی ۱۲٥ ملیۆن دۆلار بۆ كەمپینەکانی مارکێتینگەکەی تەرخان کراوە، ئەمەش دەکاتە بڕی لە٪٥٠ ی تێچووی فیلمەکە.

 پێش ئەوەی باس لەوە بکەم ئەم پارەیە چۆن سەرفکراوە، دەمەوێت باسی ئەوە بکەم کەمپینەکە چۆن پلانی بۆ دانراوە، بە پێی خوێندەوەکانی خۆم وسوود وەرگرتن لەو کۆمەڵە وتارەی لەسەر ئەملایەنەی فیلمەکە خوێندومەتەوە، کە لە چاو ئەو وتارە ڕەخنەیانەی لە نێوان و پەسندکردن و ڕەتکردنەوەی فیلمەکە زۆر زۆر کەمترە.

یەکەم/ فرۆشتنی کریستۆفەر نۆلان لە فرۆشتنی هۆمیرۆس گەورەترە:

سەنتەری مارکێتینگەکەی فیلمەکە کریستۆفەر نۆلانی دەرهێنەرە، نەک هۆمیرۆس وەک شاعیر. خودی نۆلان خۆی لە ئەمڕۆی سینەمادا براندە، ئەمەش مێژوویەکی ویستوە تا کردوێتی بە براند کە زیاتر لە دوای فیلمی ئۆپنهایمەرەوە براندەکەی بەهێزتر کردوە. لەڕاستیدا بینەر لەبەر داستانەکەی هۆمیرۆس ناچێت بۆ فیلمەکە، واشدەردەکەوێت کە جگە لەو کەسانەی لە بواری ئەدەب و فیکردا کار دەکەن و هەست بەگەورەیی و قوڵی شاکارەکەی هۆمیرۆس دەکەن ، بەشی هەرە زۆری بینەرەکانی فیلمەکە، داستانەکەیان نەخوێندبێتەوە. بەڵگەش بۆ ئەمە، بەپێی هەواڵی (Publishers Weekly) بێت، لە دوای نمایشی فیلمەکەوە بە بەراورد بە مانگی ۷ی ساڵی ۲٠۲٥، تا ئەم مانگی ۷ی ساڵی ۲٠۲٦ دا، لە ٪۷٦ فرۆشتنی داستانی ئۆدیسە بەرز بۆتەوە. هەر بۆیە بینەر بۆ بنینی فیلمی نۆلان دەچێت پێش ئەوەی بچێت بۆ بینی داستانەکە.

ئەم جۆرە کارکردنەی مارکێتینگ لەسەر حەزو هەڵسوکەوتی بینەر ئاڕاستە دەکرێت کە ستۆدیۆکان کاری لەسەر دەکەن. ساڵانێکە ستۆدیۆکان لە سەر ئەم بنەمایە، چەندان فیلمی بێمانایان بەرهەم هێناوە بەبێ ئەوەی ستافی کارەکە ئەوەندە ناسراوبن و ملیۆنەها دۆلاریان قازانج کردوە، فیلمەکانی مارڤێل بە نموونە. پێچەوانەکەشی ئەو زەرەرە گەورەیەی دەرهێنەری گەورە فرانسیس کۆپۆلایە لە دوا فیلمیدا کردی کە بە نزیکەی ۷٥ ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت.

دووهەم/ IMAX وەک کاڵا: " فیلمی ئۆدیسە یەکەمین فیلمە لە مێژوودا کە کۆی فیلمەکە بە کامێرای ئایماکس وێنەی گیراوە"

هەموو ئەو چاوپێکەوتنانەی لەگەڵ نۆلان و ستافەکەیدا کراوە و من بینیبێتم یاخود خوێندبێتمەوە، هەموویان ئەو ڕستەیەی سەرەوە بە داڕشتنی جیاوازەوە دووبارە دەکەنەوە، بینەر بەبێ ئەوەی بزانێت ئەم توانای تەکنەلۆژیای IMAX چ جیاوازییەکی هەیە لەگەڵ توانای کامێراکانی تردا، عەوداڵی ئەوەیە بزانێت ئەمە چییە کە تا ئێستا لە مێژووی زیاتر لە ۱۳٠ی ساڵەی سینەمادا نەکراوە. یاخود بەپێی هەواڵێکی ڕۆژنامەی نیۆرک تایمز بێت، لە جیهاندا نزیکەی ٤۱ هۆڵی سینەما لە بە IMAX ی ۷٠ ملم دەتوانێت فیلمەکە نمایش بکات. بێگومان ئەمە هاندەرێک بووە کە بینەر ئامادەیی ئەوەی تێدا بێت لە وڵاتێکەوە بچێت بۆ وڵاتێکتر بۆ بینینی فیلمەکە لە سینەمای IMAX، ئەمە لە چەند ڕۆژی ڕابردودا وەک هەواڵ لەسەر فیلمەکە بڵاو دەکرایەوە.

سێهەم/ بینەر وەک بەشێک لە مارکێتینگی فیلمەکە:

زۆر دوور نەڕۆین، لە تۆرە کۆمەڵەیەتیاکاندا، لە چەند ڕۆژێک پێش دەستپێکردنی فیلمەکەوە، زیادەڕۆیی نییە ئەگەر بڵێین ڕۆژانە شتێکمان لەبارەی فیلمەکەوە بەرچاو نەکەوتبێت، جا ئەمە پەسەندکرنی فیلمەکە بێت یان نا، یاخود باس لەوە بکات نۆلان داستانەکەی تێکداوە یان خوێندنەوەیەکی جیاوازی بۆ کردوە، زۆربەی بۆچوونەکان لەسەر ئەوەکۆکن کە فیلمەکە شاکارێکی هونەری گەورەیە، هەندێک ئامادەن کیشوەرێک ببڕن تا بە IMAX فیلمەکە بیبنن. یان چەند ڕۆژێک پێش ئەوە دەبێت بلیتەکەی بکڕیت، من ڤیدیۆی ئەوەم بینیوە بە سەدان کەس لە فەرەنسا لە ڕیزدا وەستاون بۆ چوونە ژوورەوەی فیلمەکە. هەموو ئەمانە لە لایەن خەڵکەوە بەخۆڕایی مارکێتینگن بۆ فیلمەکە، پاڵنەری گەورەن بۆ ئەوانەشی ساڵانە چەند فیلمێکی زۆر کەم دەبینن بەبێ ئەوەی پلانیان بۆ دانابێت تا کاتێک بدۆزێتەوە و خۆی تەرخان بکات بۆ بینینی فیلمەکە، تا بەلایەنی کەمەوە بۆ ئەوەی بزانێت ئەم هەرایە چییە لەسەر ئەم فیلمە دروست بووە و بەبێ ویستی خۆی دێتە بەردەستی، بەبێ ئەوەی نۆلان و هۆمیرۆس و بڕێکی زۆر لە ستافی فیلمەکە بناسێت.

چوارهەم/ فرۆشتنی کارکردن لە دنیای ڕاستەقینەدا لەسەردەمی ئەی ئای دا:

ستۆدیۆکانی هۆلیود،  بۆ دروستکردنی فیلمەکانیان زۆر جار پەنا بۆ دنیای دیجیتاڵ و گرین سکرین و ئەی ئای دەبەن، بەڵام مارکێتینگی فیلمەکەی نۆلان، بە تیشک خستنەسەر کارکردن لە دونیای ڕاستەقینەدا بەبێ پەنابردن بۆ بەکارهێنانی دنیای تەکنەلۆژیا و دیجیتاڵ و ئەی ئای، بووە بە خاڵێکی بەهێز.

بەڕیۆبەری وێنەگرتن فان هویتمان لە چاوپێکەوتنێکیدا لە نیۆرک تایمزدا دەڵێت، ئێمە زیاتر پشتمان بە دنیای ڕاستەقینە بەست وەک لە دنیای دیجیتاڵ و شتەکان زۆربەی هەرەزۆری حەقیقی و ڕاستەقینەبوون.

پاپۆرەکە، کەش و هەوا ڕاستی بوون، کارەکتەرە ئەفسانییەکانی وەک (سیکلۆپسی) یەک چاو، بەقەبارە زەبەلاحەکەی خۆی دروستکرابوو. تەنانەت کارەساتە سروشتییەکانیش بوون بەشێک لە ڕیکلام بۆ فیلمەکە، وەک ئەوەی دەیلی تەلەگراف نووسیوێتی کە ستافی فیلمەکە لە کاتی وێنەگرتندا لە دەریای ناوەڕاست، لەسەر پاپۆڕەکە ڕووبەڕووی زریانێکی ڕاستەقینە بوونەتەوە، بەجۆرێک داوێتی لە کامێراو ستافی کارەکە.

گەورەکردنی ئەم خاڵە لەم کاتەدا کە جیهان سەرقاڵی ژیری دەستکرد و چۆنیەتی سوود لێوەرگرتنێتی لە سینەمادا، تا دەگاتە ئەوەی ئیلۆن ماسک چالێنجی ئەوە بکات کە داستانەکە لەڕێی ژیری دەستکردوە دەکاتە فیلم، یان زۆربەی ستۆدیۆکانیش سەرقاڵی ئەوەن، کە بێشومارانە پشت بە دنیای دیجیتاڵ و ئەی ئای ببەستن بۆ بەرهەمهێنانی فیلمەکانیان، بەڵام هەر ئەوەی لەم کاتەدا ئۆدیسە دورلەوە کاری کردوە، خاڵێکی بەهێزی کەمپینەکەیە.

پارەی ماركێتینگەکەی چۆن خەرج کراوە و دەکرێت؟

 ئەگەرچی بودجەی مارکێتینگی ئۆدیسە یەکەم بودجەی زەبەلاح نییە لە سینەمادا بۆ فیلمێک تەرخان کرابێت، بۆ نموونە فیلمی باربی بودجەی مارکێتینگەکەی لە ۱٥٠ ملیۆن زیاتر بوو، یەکێک لە زنجیرە فیلمەکانی ئەڤەتار زیاتر لە ۱۷٥ ملیۆن دۆلار بووە. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئەم پارەیەی بۆ مارکێتینگ تەرخان دەکرێت، چۆن خەرج دەکرێت؟ سەرەتا دەمەوێت ئەوە بڵێم، زۆر هەوڵمدا چۆنییەتی سەرفکردنی پارەکە بزانم و بتوانم لەگەڵ ئێوە بەشی بکەم، بەڵام شتێکی تەواو وردودرشتم دەستنەکەوت، ستۆدیۆی یونیڤێرساڵیش، خۆی هیچ زانیارییەکی لەو بارەیەوە نەخستۆتە بەردەست، بەڵام کۆمەڵێک مۆدێلی تر هەیە دەتوانین سوودی لێوەربگرین وەک خەمڵاندنێک دەکرێت شتێک لە وێنەکە ڕوون بکاتەوە. هەرچۆنێک بێت، ستۆدیۆکانی بەرهەمهێنانی فیلم وەک ستانداردێکی گشتی، بەڕێژەی جیاواز پارەکە بەسەر چەند چالاکییەکدا دابەش دەکەن، من هەوڵدەدەم ئەوە بڕەی کە بە ڕێژەی لە (سەدا) تەرخان دەکەن بۆ هەر چالاکییەک، من بەسەر بودجەی مارکێتینگی فیلمی ئۆدیسەدا دابەشی بکەم.

 بۆ نموونە: بە گشتی چالاکی بڵاوکردنەوەی ترەیلەرەکە لە میدیا و تەلەفزیۆنەکاندا، نزیکەی بڕی لە ٪۲٥ بۆ تەرخان دەکرێت، بەم هاوکێشەیە بێت، نزیکەی ۳۲ ملیۆن دۆلار لەبودجەکەی بۆ ئەم چالاکییە تەرخان کراوە، منیش بەم جۆرە بودجەی چالاکییەکانیتر  دەخەمڵێنم.

دیجیتاڵ میدیاو پلاتفۆرمە کۆمەڵایەتییەکان: ۲٤ ملیۆن دۆلار.

کەمپینە نێودەوڵەتییەکان و بەناوخۆییکردنی: ۲۲ ملیۆن دۆلار.

بڵاوکراوەکانی سەر شەقام و سینەماکان: ۱٥ ملیۆن دۆلار.

ترەیلەر و دروستکردنی ماتڕیاڵ: ۱٠ ملیۆن دۆلار.

چاوپێکەوتن و گەشت و نمایشی یەکەم چالاکی ڕۆژنامەوانی: ۸ ملیۆن دۆلار.

نمایشی تایبەت بە چالاکی مارکێتینگ: ۷ ملیۆن دۆلار.

لێکۆڵینەوە و حاڵەتی لە ناکاو: ۷ ملیۆن دۆلار.

بە پێویستی نازانم لێرەدا تەواو ڕەگەزەکانی سەرەوە وورد بکەمەوە. تەنها حەزمکرد وێنەکە تۆزێک ڕوون بکەمەوە، ڕەنگە لە مەی من باسمکرد، زانیاری وردتر هەبێت و من ئاگاداری نەبم.

لێرەوە دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی کە بەبێ مارکتینێگێکی بەهێز هەندێک جار سەرکەوتنی لایەنی ئیبداعی گرەنتی کۆکردنەوەی بینەرێکی زۆر ناکات، یاخود بە پێچەوانەوە، رەنگە مارکێتنیگ، فیلمێکی خراپ بە شاکارێکی گەورە بە خەڵک بفرۆشیتەوە.

ئینجا ئایا ژمارەی زۆری بینەر و دەستکەوتی قازانجی زۆر، مانای سەرکەوتنی کارێکی ئیبداعییە یان نا، ئەوە بابەتێکی ترە و لە سیاقی ئەم وتارەدا شوێنی نابێتەوە.


PM:04:54:02/08/2026

ئه‌م بابه‌ته 108 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی