لە هۆشیاریی تاکەوە بۆ کۆ

‌کنێر عەبدوڵا

کنێر عەبدوڵا 

هۆشیاری دەستەجەمعی؛ بریتییە لەو کۆمەڵە باوەڕ، بەهای هاوبەش، هەڵوێست و تێگەیشتنە کۆمەڵایەتییەی کە تاکەکانی یەک کۆمەڵگە بەیەکەوە دەبەستێتەوە و ئاڕاستەی هەڵسوکەوت و تێڕوانینیان دەکات بەرامبەر بە ڕووداوەکان. 

لە کۆمەڵگەی کوردیدا، ئەم هۆشیارییە خەسڵەتێکی ئاڵۆز و گۆڕاوی لەخۆگرتوە، بەهۆی جوگرافیایەکی پارچەپارچە و کاریگەری مێژوویەکی پڕ لە ستەم، کاولکاری ، بەرگری و هەڵسانەوەدا.

ڕاستە؛ تاکەکان لەمڕۆدا هۆشیارانەتر دەخوێننەوە، دەبینن، دەزانن کێ گەندەڵە و نادادپەروەری لە کوێوە سەرچاوە دەگرێت، بەڵام کاتێک ئەم هۆشیارییە تاکەکەسییە دەگاتە ئاستی کۆ ودەستەجەمعی، تووشی پەککەوتن یان بێدەنگی دەبێت و ناتوانێت گۆڕانی ریشەیی دروست بکات.
ئەم جیاوازییە لە چەند هۆکارێکدا خۆی دەبینێتەوە لەوانە؛ لە کۆمەڵگەیەکدا کە دامەزراوە فەرمییەکان لاواز بن و سستمی سیاسی لەسەر بنەمای دابەشکاری حزبی و خێڵەکی بونیادنرا بێ، تاک بۆ مانەوەی خۆی ڕووی لەو سستمە کردوە.

 هەروەها ڕەنگە تاکێک لە ناخی خۆیدا دژی گەندەڵی بێت، بەڵام واقعی زۆرینەکە کە گەندەڵییە وایکردوە زۆر شت بە سروشتی وەربگرێت وەک ئەوەی ئاسایی بێت ؛ بۆیە لە کاتی پراکتیکدا، بەهۆی هۆکارگەلێکەوە پێگەکەی دەکەوێتە مەترسییەوە، و لەئاکامدا رەنگە ملکەچی ئەو پێکھاتەیە بێت کە ڕەخنەی لێدەگرێت. ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی کە هۆشیارییە تاکەکان لە خزمەت مانەوەی سستمەکەدا بەکار بێت نەک ڕووخاندنی.

وێڕای ئەوەی گۆڕانی ریشەیی پێویستی بەوەیە کە کۆمەڵێک مرۆڤ پێکەوە بوەستن. بەڵام کاتێک تاک هەست دەکات ئەگەر دەنگ هەڵبڕێت، لەلایەن ژینگەی دەوروبەرییەوە (کە هێشتا بە کۆتوبەندە نەریتی و حزبییەکانەوە بەستراوە) گۆشەگیر دەکرێت یان سزا دەدرێت، ترسی تەنهایی سەر هەڵدەدات و ئیدی تاکەکان دەترسن ببنە قوربانیی بێئەنجام، بۆیە پێشتر دەڵێن: "دەنگی من گۆڕانکاری ناکات، بۆچی ببمە قوربانی؟" ئەمەش جۆرێک لە بێهیوایی دەستەجەمعی دروست دەکات.

ئەمە جگە لەوەی دەسەڵات و ناوەندەکانی بڕیار لە کۆمەڵگەی کوردیدا، زۆر جار شارەزان لە چۆنیەتی کپکردنی هۆشیاریی دەستەجەمعی لە ڕێگەی؛ ماندوکردن و خەریککردنی تاک بە دابینکردنی بژێویی ژیانی و کێشە سەرەتاییەکانی وەک (کارەبا، مووچە، نان...) بە جۆرێک کە مرۆڤ کاتی نەمێنێت بۆ بیرکردنەوە لە گۆڕانی گەورە و گشتی، هەروەها بڵاوکردنەوەی بێهیوایی بە دروستکردنی ئەو تێگەیشتنەی کە "هیچی تێدا ناگۆڕێت و هەمووان وەک یەکن" کە ئەمە گەورەترین کوشندەی بزووتنەوە ڕیشەیییەکانە.

پرسیار ئەوەیە تاکەی  ؟ ئایا بێدەنگی چارەسەرە؟ ئایا ئەم دۆخە هەمیشەییە؟

مێژوو و ئەزمونە رابردووەکان پیشانی دەدەن کە هۆشیاریی تاکەکەسی، ئەگەرچی بۆ ماوەیەکی درێژ لە ژێر فشاردا پەنگدەخواتەوە و دەشاردرێتەوە، بەڵام وەک پەتایەکی هێواش لەناو خانەکانی کۆمەڵگەدا بڵاودەبێتەوە. کاتێک ئاستی نادادپەروەری دەگاتە خاڵی تێپەڕبوون، ئیدی هۆشیاری  تاکەکان دەتوانێت بتەقێتەوە و وەک شەپۆلێکی دەستەجەمعی خۆی نیشان بدات.

راستییەکە ئەوەیە گۆڕانی ڕیشەیی پێویستی بە بوێرییەکە کە تێپەڕینی دەوێت لە ڕەخنەی ژووری نووستن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ کردەی مەیدانی و کاری  هاوبەش کە ئەوەیان هێشتا لە قۆناغی پێگەیشتندایە.

لە ئەنجامدا؛ هۆشیاری دەستەجەمعی لە کۆمەڵی کوردیدا پرۆسەیەکی بەردەوامە و لەنێوان مێژوویەکی پڕ لە  زام و داهاتوویەکی کراوەدا دەژی. لە کاتێکدا هەستی نەتەوەیی، مرۆیی و هاوسۆزی لە کاتی قەیرانەکاندا وەک هێزێکی هاوبەش دەردەکەون، بەڵام بۆ ئەوەی ئەم هۆشیارییە ببێتە بناغەیەکی پتەو بۆ پێشکەوتنی هەمیشەیی، پێویستی بە گەشەپێدانی زیاتر هەیە لە ڕێگەی بەهێزکردنی بیری ڕەخنەگرانە، سەروەریی یاسا، و تێپەڕاندنی بەربەستە حزبی و ناوچەییەکان بەرەو تێگەیشتنێکی نیشتمانیی گشتگیر.؛ بۆیە هۆشیاری تاک وەک دەستپێک گرنگێتی و کاریگەری خۆی هەیە لەپێناو هێنانەدی هۆشیارییەکەی دەستەجەمعیدا.


PM:05:48:28/07/2026

ئه‌م بابه‌ته 48 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی