٢٢ی تەممووز؛ بیرەوەریی پەیامێک بۆ ئێستاش

‌سلێمان مستەفا حەسەن


ڕۆژی ٢٢/٧/١٩٩٤ تەنها بەروارێک نییە لە مێژووی باشووری کوردستان؛ بیرەوەریی ڕۆژانێکە کە هەموو دۆستانی کورد هاوارێکی هاوبەشیان هەبوو ،کورد یەک بگرنەوە و شەڕی براکوژی بوەستێنن.

لەو ڕۆژگارەدا هەوڵە دیپلۆماسی و سیاسییەکان زۆر بوون. ئەمریکا، بەریتانیا و فەرەنسا، هەر یەکەیان بە شێوەیەک هەوڵیان دەدا ئاگری ناکۆکی بکوژێنەوە و ڕێگای گفتوگۆ بگرنەبەر.

ساڵی ١٩٩٤، لە دوای ڕوداوێکی نەخوازراو لە قەڵادزێ، ئاگری شەڕێک هەڵگیرسا کە هیچ پەیوەندییەکی بە ماف و دۆزی ڕەوای گەلی کوردەوە نەبوو. هەموو هەوڵەکان بۆ وەستاندنی شەر خرانەگەڕ، بەڵام بەداخەوە ئاگرەکە زوو تەشەنەی کرد و زیانێکی گەورەی بە بەدۆزی کورد و ئەزموونەکەی گەیاند. دەیان گەنج و پێشمەرگەی قارەمان، کە ژیانیان بۆ ئازادی و کرامەتی گەلەکەیان تەرخان کردبوو، بوونە قوربانیی شەڕی نەگریسی براکوژی.

لە ئەم نووسینەدا مەبەستم ئەوە نییە برینەکانی ئەو شەرە نەفرەتییە بکولێنمەوە، نە بۆ نوێکردنەوەی ناکۆکییەکانە. مەبەستم تیشکخستنە سەر هەوڵە دڵسۆزانەکانی ئەو کەسانەی لە دەرەوەی کوردستان، بە بێ هیچ بەرژەوەندییەکی تایبەت، دڵیان بۆ یەکڕیزی کورد دەسووتا.

لە سەروی هەموویانەوە، حکومەت و گەلی فەرەنسا، سەرۆک فرانسوا میتران و بە تایبەتی ڕەوانشاد دانیال میتران، ئەو ژنەی کە کورد زۆرجار بە "دایکی کوردان" ناوی دەهێنن. لەو ڕۆژگارەدا دەرگای کۆشکی ئەلیزێ بۆ کورد کراوە بوو، بۆ ئەوەی ڕێککەوتن و ئاشتبوون بکرێتە بنەمای داهاتوو.

ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا لە بیرەوەرییەکانیدا ئەو هەوڵانە بە وردی باس دەکات، لە ٢٢ی تەمووز دەقی ناوەرۆکی ڕیکەوتنەکە مۆر دەکەن، دوای بڕیار وابوو ڕەوان شاد مام جەلال و کاک مەسعوود بە ئامادەبوونی سەرۆک میتران و دۆستانی کورد ئەو رێکەوتنە رابگێنن. بۆیە نامەوێت  وورد کاری دانیشتنەکە دووبارەی بکەمەوە. بەڵام نامەی دانیال میتران نامەیەکی مێژووییە کە نابێت لە بیر بکرێت. من دڵنیام ئەگەر ئێستاش لەنێوماندا بوایە، هەمان پەیام و هەمان بانگەوازی بۆ گەل و هێزە سیاسییەکانی کوردستان دەنارد.

نامەکە ئەوەندە پڕ لە دڵسۆزی و بەرپرسیارییە، مرۆڤ شەرم لە خۆی دەکاتەوە بەرامبەر ئەو هاوخەمییەی دۆستانی دۆزی ڕەوای کورد نیشانیان داوە.

جا ئەمڕۆ، دوای ٣٢ ساڵ، پرسیارێکی جیددی خۆی دەسەپێنێت:

چۆن دەبێت لە کاتێکدا پەرلەمانی کوردستان دوای ماوەیەکی درێژ هێشتا نەیتوانیوە سەرۆکایەتی خۆی هەڵبژێرێت و دەست بە ئەرکە دەستوورییەکانی بکات؟ چۆن دەبێت لە کاتێکدا ناکۆکییە سیاسییەکان هێشتا بەردەوامن، گفتوگۆ و متمانە لاوازن، داواکاری لە دادگای فیدراڵ دژی حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆمار دەکرێت و بنەمای شەراکەتی سیاسی هێشتا جێگیر نەبووە؟

لەبەر ئەوە، لە یادی ئەو ڕۆژانەدا، باشترین شێوەی ڕێزلێنان لە هەوڵی دۆستانمان ئەوەیە پەیامەکەی ڕەوانشاد دانیال میتران وەک خۆی بخوێنینەوە؛ پەیامێک کە تەنها بۆ ساڵی ١٩٩٤ نەنووسراوە، بەڵکو بۆ هەر ساتێکە کە یەکڕیزی و بەرپرسیارێتی نیشتمانی پێویست بێت.
کاتێ وەفدی یەکێتیی و پارتی لە گەرمەی گفتوگۆ دەبن لە پاریس مادام میتران بەهۆی نەخۆشی دڵەوە لە نەخۆشخانە کەوتوە پەیامێکی بۆ کۆبونەوەکە ناردوە ئەمە دەقەکەیەتی؛

پەیامی مەدام میتران 

دۆستانی بەڕێز..

نیازم وابوو کە بهاتبایەم لە نزیکەوە بەخێرهاتنم بکردبان و چاوم پێتان بکەوتبا و بەشداری گفتوگۆکانتان بووبام ،بەداخەوە بەهۆی نەخۆشی و ناتەواوی باری تەندروستیم ئەم ئارەزوەم نەهاتە دی سەرەرای ئەمە لە نزیکەوە و رۆژ بە رۆژ لە هەواڵتان دەپرسم و هەوڵ دەدەم بە پێی وزە و توانام یارمەتیتان بدەم.

کۆبەنەوەکەتان لە مەڕ داهاتووی گەلی کورد گرنگیەکی تایبەتی هەیە. کوردەکان بە گشتی -هی ئێران و هی تورکیاش- چاوی هیوا و ئاواتیان لە ئەزمونی دیموکراتی ئێوە بڕیوە و لایەنگرانتان لە دەرەوەی وڵات شانازیتان پێوە دەکەن.ڕوداووە دڵتەزێنەکەی ئەم دواییانە بە توندی رایچڵەکاندین و دڵ و دەرونی بریندار کردین سەرۆکی هەردوو پارتی بەرپرسایەتێکی زۆر گەورەیان بەرامبەر بە مێژودا هەیە. ئەگەر بێتو هەر دوولا بە شێوەیەکی جییدی و لە ڕێگای و تووێژ چارەسەری کێشەکانتان نەکەن ، هەوڵ و کۆششی بێوچانی دۆستانتان لە دەرەوەی وڵات بێ بەهرە دەمێنێ و لایەنگرانتان رەنج بە خەسار دەبن. دیمۆکراسی چەکی هەرە بەکارتانە. هەوڵ بدەن بە ڕای گشتی جیهانی بسەلمێنن کەگەلی کوردیش دەتوانی کاروباری ناوخۆی بە شێوەیەکی دیموکراتیانە و لە چوارچێوەی فرەحیزبایەتی و پاراستنی مافی مرۆڤ و ئازادی یەکاندا بەرێوەبەری ئەو کاتە دەتوانن پشتیوانی و یارمەتی هەرچی زیاتر بۆ لای کێشەکەتان ڕابکێشن بەڵام دیموکراسی یەکەتان ڕواڵەتی بێت و خاوەنی بناغەیەکی فرە حیزبی نەبێ و ئەگەر لە جیاتی پەرلەمان و حکومەتی قانون . دەستە و تاقمی جۆربەجۆر خاوەن دەسەڵات بن و حوکمی وڵات بکەن،گەلی کوردیش هەر وەک باقی گەلانی جیهانی سێهەم سەیر دەکرێ و حیسابی تایبەتی بۆنایەتە کرن. لە ژمارەی لایەنگرانتان کەم دەبێتەوە و تەبایی نیشتیمانیتان توشی تەنگوچەڵەمەی بێژمار دێت ؛ داهاتوی خۆتان و نەتەوەکەشتان لە مەترسی دەخەن.

ئێوە هەمووتان لە هەمبەر دیکتاتۆریدا پێشمەرگەی ئازا و بەجەرگ و سەرۆکی کارزان و بەناوبانگ بوون بەڵام لە هەڵومەرجی ناسکی ئیمڕۆ دا گەلی کورد دۆستانتان لە دەرەوەی وڵات چاوەڕوانییان لێتان هەیە کە بە شێوەی 'پیاوی دەوڵەت' بجوڵێنەوە و چارەنوس و سەربەرزی گەل نەکەنە قوربانی بەرژەوەندی سیاسی یان تاکەکەسی حیزبایەتی یەوە.

هیچ شکێکم لەمە دا نیە کە هەموو لایەکتان بەوپەری دڵسۆزیەوە لە پەڕۆشی گەل و وڵاتەکەتان دان، هەر بۆیەش دڵنیام کە سەرەنجام رێگا چارەیەک بۆ ئیدارەی هاوبەشی وڵاتەکەتان دەدۆزنەوە و بە ڕێککەوتننامەیەکی نیشتمانی درێژخایەن چارەسەری کێشەکانتان دەکەن. ئیتر کاتی ئەوە هاتوە کە لاپەڕەی شومی پڕ لە ئازاری شەڕی ناوخۆ هەڵبدەینەوە و بەرەو سەقامگیرکردنی دیمۆکراسیەکی راستەقینە هەنگاو بنینن .

ئەم هەڵو مەرجە سیاسیە تایبەتیەی لە ئاستی جیهاندا بۆ کورد رەخساوە کەڵک وەرگرن و تێبکۆشن لە پێناو سەقامگیرکردنی یەکجارەکی ئازادی و دیمۆکراسی لە وڵاتەکەتاندا.

دوا رۆژی گەلەکەتان بە هیمەت و مەسئولییەتی ئێوەوە گرێ دراوە ، دنیا چاوی لێتانە وئێوەش دەبێ بەسەربەرزی لەم ئەزمونە مێژوییە دا سەرکەون.

جارێکی تر بەخێرهاتنتان دەکەم و ئاواتی سەرکەوتن لە کارەکانتان بۆ دەخوازم.

دانیەل میتران 
پاریس ١٣/٧/١٩٩٤


ئەوە دەقی ئەو نامەیە؛ نامەیەک پڕ لە دڵسۆزی، پڕ لە هیوای ئاشتی و پڕ لە بەرپرسیارێتی مێژوویی. ئەو پەیامە هەرچەندە سی ساڵ لەمەوبەر نووسراوە، بەڵام هێشتا تازەیە، چونکە باس لە بنەماکان دەکات، نەک تەنها لە ڕوداوەکان.
دیموکراسی بە دامەزراندنی دامودەزگا بەهێز دەبێت، گفتوگۆ بە جێگرتنەوەی متمانە واتا دەدۆزێتەوە، و هیچ بەرژەوەندییەکی حیزبی نابێت لە بەرژەوەندیی نیشتیمان بەرزتر بێت.

ئەگەر ئەم پەیامە لە ساڵی ١٩٩٤ بانگەوازی ڕزگاربوون بوو، ئەمڕۆ بانگەوازی پاراستنی ئەو دەسکەوتانەیە کە بە قوربانیی هەزاران پێشمەرگە و شەهید بەدەست هاتوون.

باشترین ڕێزلێنان لە یاد و هەوڵی دۆستانی ڕاستەقینەی کورد، تەنها خوێندنەوەی ئەو نامە نییە؛ بەڵکو کردەوەیەکە کە پەیامەکەی بکاتە ڕێنمایی کار و هەڵسوکەوتی سیاسی.


AM:11:26:22/07/2026

ئه‌م بابه‌ته 176 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی