بەهار عەلی لەبری پەرلەمانی کوردستان دەستگیرکرا

‌پەیمان عيزەدين

چالاکی بواری ژنان ، خاتوو بەهار عەلی لەسەر سکاڵای چەند کەسێک فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچوو لەپای بەشداریکردنی لەبەرنامەیەکی کەناڵی ڕوداو تایبەت بەو سکاڵایەی ماوەکانی ڕابردوو لەبەردەم دادگای فیدراڵ دژی ماددەیەکی یاسای ژمارە (١٥)ی ساڵی ٢٠٠٨ هەموارکردنی یاسای باری کەسێتی کە لە پەرلەمانی کوردستان دەرچوێنراوە.

بەر لە چونە ناو ئەو سکاڵایەی لە خاتوو بەهار کراوە ، بەلامەوە گرنگە مێژویەکی کورتی دەرچواندنی ئەو یاسایە باسبکەم.

ساڵی ٢٠٠٨ سەرۆکی حکومەتی ئەو کاتە کاک نێچیرڤان بارزانی لیژنەیەکی ١٠ کەسیی ڕاسپارد بۆ ئامادەکردنی پڕۆژەی هەمواری یاسای باری کەسێتی ، دوای ئەوەی ساڵانێکی دورودرێژبوو کە ڕێکخراوەکانی ژناژ ئیشیان دەکرد بۆ هەموارکردنەوەی ئەو یاسایە کە بەهار خان و سەدان ژنی ترلەو سەردەمەوە تا ئێستا بەردەوامن لە داکۆکیکردن لە مافەکانی ژنان.

ئەو لیژنەیە بە سەرۆکایەتی کۆچکردوو دکتۆر مستەفا زەڵمی بوو و یەندامێتی ئەم بەڕێزانە (د.بەشیر حەداد ، د. محەمەد ڕەوف ، د.موسلح ، دیار مزوری ، پەخشان زەنگەنە ، مهاباد قەرەداغی ، ئەمیرە حەسەن ، شاناز ئەحمەد ، پەیمان عیزەدین ) کە ئەگەر لە ئەندامانی لیژنەکە وردببینەوە زۆرینەی شەرع ناس و قانون زان بون ، من بۆخۆم بڕوا ناکەم زۆری تری هاوشێوەی دکتۆر مستەفا زەڵمی هەبێت لەناو کورددا شارەزا لەهەردوو بواری شەرع و قانوندا ، هەروەک چون ئەوانەی ئێستا دژی بەهارەکان ئەوەستنەوە هێندەی د. بەشیر و د. محەمەد و خاتوو شاناز خەمخۆری سەرپێچیکردنی شەریعەت بن و بەتایبەتیش ئەو ماددانەی پەیوەندیدارن بە فرەژنیەوە.

دوای ئامادبونی پڕۆژەکە ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستان کرا و لەوێ گفتوگۆی کراوە و دەنگی پێدراوە ، بەدرێزایی ئەو چەند ساڵە تا دروستبونی دادگای فیدراڵ هیچ کەسێک سکاڵای لەسەر ئەو یاسایە تۆمارنەکردووە.

بەڵام بەم ساڵانەی دوایی دەستکرا بە جوڵاندنی سکاڵا لەسەر ماددەکانی ئەو یاسایە و سەرەتا بەو ماددەیە دەستیپێکرد کە تایبەتە بە جیابونەوە بەهۆکاری هێنانی ژنی دووەم ( کە ئەویش لەبەر خاتری کەسێک بوو)، دوای ئەویش ئەو ماددەیەی فرەژنی سنوردار دەکات .
لەم بەینە و بە هۆکاری ئەو سکاڵایانە گفتوگۆ لەنێوان دژ و لەگەڵەکاندا دروست دەبێت ، لە گفتوگۆشدا مرۆڤ ئەوپەڕی داکۆکی لە ڕا و سەرنجەکانی خۆی ئەکات ، ئەم مافەش ماددەی (٣٨) لە دەستوری عێراق پاراستویەتی.

ئێمە لە دنیای عەرەبیدا ڕۆژانە بەرنامە و گفتوگۆی جیاواز دەبینین کە بەوپەڕی ئازادیەوە  بیروڕاکانی خۆیان دەردەبڕن و سەرنج و تێبینیەکانیشیان لەسەر ئاینی ئیسلام و کارەکتەرەکانی دەرئەبڕن بێ ئەم هەستیاری و توندیەی لای خۆمان .
کەواتە ئەکرێ بپرسین لای ئێمە چی ڕودەدات ؟

لای ئێمە پارتی و یەکێتی لەبەر بەرژەوەندییە بنەماڵەییەکانیان کۆی کۆمەڵگایان توشی سەرلێشێواوی کردوە ، تەواوی چین و توێژەکانیان کردووە بە کوڕی سێو لەباخەڵ.

- وا دەریدەخەن لەگەڵ مافەکانی ژناندان وپشتیوانیان ئەکەن بۆ دەرکردنی قانونی تایبەت بە پاراستنی مافەکانیان ، ژن کوشتن بەلایانەوە بێشەرەفیە ، کەچی   ژن کوژەکان دەستەو دائیرەی خۆیانن و یاسا دەرەقەتیان نایەت ، دادگاکان ئەو یاسایانە وەک خۆی جێبەجێناکەن کەلەپەرلەمان دەنگی لەسەر دراوە و هیچ ڕێکارێک ناگیرێتە بەر، سکاڵا لەسەر یاساکانی هەرێمی کوردستان دەکرێ و یەک لەدوای یەک هەڵئەوەشێنرێنەوە و هێشتا ئەو دوو حیزبە خەریکی سەوداو مامەڵەی خۆیانن بێ ئەوەی درک بە مەترسیەکەی بکەن.

- ئەوە پیشان ئەدەن کە خەمخۆری قەوارەی هەرێمن وخۆیانی لەسەر بەکوشت دەدەن بەڵام ٣٤ ساڵە خاوەنی پەرلەمانین و لەبەر پاراستنی هەژمونی هەرلایەکیان بەسەر پڕۆسەی سیاسیەوە نەیانهێشتووە ببینە خاوەنی دەستوری خۆمان ، دەستورێک کە قەوارەکە و مافی تاکی تیا پارێزراو بیت کە هیچ کەس و هیچ لایەنێک لەبەر بەرژەوەندیە بچوکەکانیان نەتوانێت کۆی قەوارەی هەرێم بخەتە مەترسیەوە.

- لەخەمی گەنجاندان بەڵام نەخوێندەواری و بێکاریی دیاری دەستیان بووە بۆ گەنجان ، کە دەرەنجامەکەی گەنجێکی توند ڕەویی بێهیوا بووە.

- بڕوای تەواویان بە ئازادی ڕادەربڕینە و دەیان کەناڵ و پێگەیان دروستکردووە بەڵام هەر لەکەناڵەکانی خۆیانەوە بانگەشە بۆ ئەو بابەتانە ئەکەن کە پێجەوانەی یاسا بەرکارەکانن ، دژ بە ئازادی ژنان و مناڵ و تاکن.

ئەوەی لەم هەرێمە ڕودەدات بە باش و خراپیەوە بەرۆکی پارتی و یەکێتی ئەگرێتەوە، مەعلومیشە کە خراپیەکان زۆر زۆرترن.

ئەوەی ئەمڕۆ خاتوو بەهار ڕوبەڕوی ئەبێتەوە داکۆکیکردنە لە یاسایەک کە پەرلەمانی کوردستان دەریکردووە ،  بەتەنگەوەهاتنە بۆ مانەوەی شکۆی ئەم هەرێمە  کە دەسەڵاتدارانی هیچ کات لە خەمیدا نەبون.

بەهار خان و هەر ئازادیخوازێکی تر کە لەم هەرێمە ڕوبەڕوی ناهەقی ئەبنەوە ، ئەوانەی لەسەر ڕای ئازاد کوژراون ، ئەشکەنجە دراون باجی دەسەڵاتێک ئەدەنەوە کەبەداخەوە سەروبنی نیە و ئەوەی بڕیار و یاسا و ڕێنماییەکانی پێدەردەکات بابەتی کاتی و کەسین نەک دیدگایەکی ڕون و جێگیر.


PM:05:10:16/07/2026

ئه‌م بابه‌ته 260 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی