مێشوولەی رەزاقورس
د. نازەنین عوسمان
ساڵانە،
بەپێی راپۆرتەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، مێشوولە 760 هەزار مرۆڤ دەکوژێت.
راپۆرتە زانستییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە نیوەی مرۆڤایەتی بەهۆی مێشوولەوە
لەناو چووە.
3500 جۆر
مێشوولە لە جیهاندا هەیە، تەنیا سەد جۆریان زیانبەخشن بۆ مرۆڤ، لەو سەد جۆرەش،
پێنج جۆریان لە سەدا نەوەت و پێنجی نەخۆشییەکان دەگوازنەوە. مێشوولە لە سەدا
حەڤدەی نەخۆشییە درمییەکان دەگوازێتەوە.
لە مێشوولە
زیانبەخشەکاندا، تەنیا مێیەی مێشوولەکان نەخۆشی دەگوازنەوە. مێیە پێویستی بە
پرۆتینی خوێنە بۆ هێلکەکانی، بۆیە خوێن دەمژێت. هەرچی نێرەکانیانە، لەسەر شیلەی
گوڵ دەژین.
لەو نەخۆشییانەی
مێشوولە دەیگوازێتەوە، لە هەموویان زیانبەخشتر؛ (مەلاریا)یە. بە شێوەیەکی سەرەکی،
ئەم نەخۆشییە لە ئەفریقا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زۆرە. لە ئەوروپاش، (تای دانگ)
زیاترە. ڤایرۆسی (زیکا)ش، لە ئەمەریکای لاتین و ناوچەکانی دەوری دەریای سپی زۆرە.
مەترسیی نەخۆشیی زیکا، بەتایبەتی بۆ کۆرپەلەیە و تووشی شێواندنی دەکات. نەخۆشیی
شیکۆنگا، لە ئەوروپا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆرە. ڤایرۆسی نایلیی رۆژاوا و تای زەرد،
زیاتر لە ئەمەریکا و ئەوروپا زۆرترە. بەهۆی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتان، ئەو
سنوورانە زۆریان نەماون و لە هەموو جیهاندا ئەگەری تووشبوون بەو نەخۆشییانە هەیە.
نەک هەر کەسەکان نەخۆشییەکان دەگوازنەوە، بەڵکوو جۆری مێشوولەکانیش لە کیشوەرێکەوە
و کیشوەرێکی تر گوازتراونەتەوە، بۆ نموونە؛ مێشوولەی پڵنگی (بەو ناوە ناسراوە بەهۆی
ئەوەی لەشی خەتی سپی و زەردی تێدایە) بە رەچەڵەک لە رۆژهەڵاتی دوور دەژیان لە ژاپۆن،
چین، تایلەند و مالیزیا... ئێستا ئەم جۆرە مێشوولەیە لە هەموو جیهاندا دەبینرێت، کە
بەهۆی گواستنەوەی شتومەک، بەتایبەتی رووەکی جوانی، گواستراوەتەوە. ئەم جۆرە مێشوولەیە،
پێویستی بە کەمێک ئاو هەیە تا ژیانی بەردەوام بێت، کە شێی ئینجانە بەسە بۆی. ئەم
جۆرە مێشوولەیە قەبارە گەورەیە و بە رۆژیش پێوە دەدات، نەک هەر بە شەو، وەک مێشوولەی
ئەنۆفیلس.
هەرچەندە
زۆر رێگە بۆ لەناوبردنی مێشوولە بەکار هاتووە، بەڵام ژمارەیان هەر لە زۆربووندایە.
هەندێک هۆکار هەیە بۆ زۆربوونی ژمارەیان، بەڵام لە هەموویان گرنگتر؛ گۆڕانی کەشوهەوا
و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمایە لە جیهاندا. ئەم بەرزبوونەوەیەی پلەی گەرما، وای کردووە
وەرزی زاوزێی مێشوولە درێژ بێت. هەروەها زۆربوونی بارانی بەخوڕ، کە بەهۆیەوە ئاوی باران
کۆ دەبێتەوە، فراوانبوونی شارستانیەت و گلدانەوەی ئاو لە ماڵەکان، لە باخ و
شەقامەکاندا، وای کردووە مێشوولە لە شارەکان بەردەوام لە زۆربووندا بێت.
ناکرێت
تەنیا وەک هۆکاری بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و پێوەدان و دروستکردنی لیر و خوریشک و
هەستیاری و دەنگە خەوزڕێنەکەی سەیری مێشوولە بکەین، بەڵکوو وەک ژینگەپارێزێکیشە،چونکە مێشوولە کە زاوزێ دەکات لە نێو ئاودا، سەرەمێکوتەکانی
دەبنە خۆراکی ماسی. سێ هەزار جۆر ماسی هەن کە سەرەمێکوتەکان دەخۆن و خواردنی
سەرەکییانە، بۆ نموونە؛ ماسیی کارپ. هەروەها مێشوولە رێژەیەکی باش لە خواردنی
باڵندە پێک دەهێنێت، وەک: پەڕەسێلکە و شەمشەمەکوێرە...
سەرەمێکوتەکان
ئاو خاوێن دەکەنەوە، بەوەی لەسەر پاشماوە ئۆرگانیکەکانی نێو ئاو دەژین، وەک:
نیترات و فۆسفات... ئەوەش وا دەکات ژینگەیەکی باش بۆ زیندەوەرەکانی نێو ئاو دروست
بێت.
زۆربەی
مێشوولە لەسەر شیلەی گوڵ دەژی، لەو رێگەیەشەوە هۆکارێکە بۆ گواستنەوەی هەڵاڵە و
پۆلێنی گوڵەکان.
لە بواری
پزیشکیشدا سوود لە مێشوولە وەرگیراوە؛ ئەو رێژنەی دەیڕێژێت کاتی پێوەدانی و ناهێڵێت
خوێن بمەیێت، وەک مادەیەک بەکار دێت دژ بە مەیینی خوێن. هەروەها سوود لەو مادەیەش
وەرگیراوە کە مێشوولە کاتی پێوەدانی جۆرێک لە بەنج بەکار دەهێنێت پێش گەستن و وا
لە مرۆڤ دەکات هەست بە گەستنەکەی نەکات تا لە گەستنەکەی تەواو دەبێت.
کاتێک کە
مرۆڤ یان خوێنلەبەرانی گەرم هەناسە دەدەن، دووەم ئۆکسیدی کاربۆن دەردەدەن؛ مێشوولە
لە دوورەوە هەست بە دووەم ئۆکسیدی کاربۆن دەکات و دەزانێت سەرچاوەی خواردنی لێ
دەست دەکەوێت و بەرەو ئەو شوێنە دەڕوات.
هەندێک کەس
مێشوولە زیاتر بۆ خۆی رادەکێشێت و زیاتر پێوەی دەدرێت؛ دەرکەوتووە هۆکارەکەی بۆنی
ئۆکتینۆلە. مرۆڤ ئەم بۆنە لەگەڵ هەناسە و ئارەقە دەردەکات و هەندێک کەس زیاتر دەری
دەکەن، ئەوەش وا دەکات مێشوولە زیاتر بیانگەزێت. هەندێک هۆکاری تریش هەیە بۆ
راکێشنی مێشوولە، وەکوو: جلی رەنگی سوور، پرتەقاڵی و رەش... بە پێچەوانەشەوە کەمتر
بۆ رەنگی سەوز و سپی. گەرمیی لەش و شێی لەش هۆکارێکی ترن بۆ راکێشانی مێشوولە.
زانایان لە
هەندێک رێگە دەگەڕێن بۆ کەمکردنەوەی ئەو مێشوولانەی کە سەرچاوەی گواستنەوەی
نەخۆشین، نەک لەناوبردنیان بەشێوەیەکی هەڕەمەکی و کوشتنی هەمووجۆرێک لە مێشوولە لە
رێگەی رشتنی ژەهر، کە زیان بە ژینگە و هاوسەنگیی بوونی زیندەوەران دەگەیەنێت.
یەکێک لەو رێگەیانە؛ نەزۆککردنی نێرینەی ئەو جۆرە مێشوولەیەی مەبەستیانە، هەروەها گۆڕینی
کرۆمۆسۆمەکانیان و تووشکردنیان بەو نەخۆشیانەی لە رێگەی نێرەکانەوە بۆ مێیە و
هێلکەکانی مێشوولە دەگوازرێنەوە. ژمارەیەکی زۆر لە نێرینە لە تاقیگەکاندا بەخێو
دەکەن و تیشکیان لێ دەدرێت تا نەزۆک بن و فڕێیان دەدەنە نێو سروشت، کە لەگەڵ مێیە
جووت دەبن، بەرهەمیان نابێت، یاخود بەو میکرۆبانە تووشیان دەکەن کە نەخۆشین و
تایبەتن بە مێشوولە. کێشەی ئەم رێگایانە لەوەدایە دەبێت ژمارەیەکی زۆر لەو مێشوولە
تووشبوو و دەستکاریکراوانە فڕێ بدەنە ناو سروشت و بە بەردوامی بخرێنە ناو ژینگە.
کێشەیەکی تریش ئەوەیە تێچووی زۆر و کاری زۆر دەوێت.
رێگەی دووەم؛
بەخێوکردنی ئەو جۆرە ماسییانەیە کە بەتایبەتی لەسەر مێکوتەی مێشوولە دەژین، ئەمانە
بەتایبەتی بۆ نێو ئاوی مەنگ و وەستاو باشە و رۆژانە سەدان مێکوتە دەخۆن.
لەسەر ئاستی
تاکیش دەکرێت هەندێک رێگە بگیرێنە بەر بۆ دوورخستنەوەی مێشوولە و گەستنی، وەک:
چاندنی
رێحانە، نەعنا، لاڤەندەر، گوڵە ساردۆنیا، رێحانەی کێوی (رۆزماری)، لیمۆ و سیر لە
نێو باخ و بالکۆنی ماڵدا، ئەم رووەکانە مێشوولە دوور دەخەنەوە.
رشتنی تڵپەی
قاوە بەسەر خۆڵی نێو ئینجانەدا، کە ناهێڵێت مێکوتەکان گەشە بکەن.
نەهێشتنی
ئەو شوێنانەی ئاوی لێ کۆبووەتەوە.
بەکارهێنانی
پانکە؛ مێشوولە حەز بە جووڵەی هەوا ناکات.
تەلبەندکردنی
دەرگا و پەنجەرە.
لە کاتی
دانیشن لە دەرەوە و لە نێو باخ، رووناکییەکان دوور بن و زۆر بەهێز نەبن؛ رووناکی،
مێشوولە رادەکێشێت.
بەکارهێنانی
گڵۆپی سەروو وەنەوشەیی؛ مێشوولە بۆی دەچێت و پێ دەسووتێت.
لیمۆ مێخەکی
تێ بچەقێنرێت و لە لای جێگەی نووستن دابنرێت.
بەکارهێنانی
پەردەکوللە، بەتایبەتی بۆ منداڵ.
هەندێک رۆنی
دژەمێشوولە و رۆنی گیایی هەیە لە نەعنا، ترشییەکان و لاڤەندەر پێک هاتووە، دەکرێت
لە پێست بدرێت و مێشوولە دوور دەخاتەوە. ئێستا بازن دروست دەکرێت ئەو دەرمانانەی
پێوەیە، کە مێشوولە دوور دەخاتەوە و زیانیش بە پێست ناگەیەنێت.
بەگشتی، ئەم
شێوازانە کاریگەرییان بۆ کاتێکی کورت هەیە، دەبێت دووبارە بکرێنەوە، هەموو
مێشوولەیەکیش دوور ناخەنەوە و لەسەر هەندێک کەس کاریگەرترن وەک هەندێکی تر.
PM:07:01:15/07/2026
ئهم بابهته 800
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی