لە نێوان دشداشەکەی ئەبو جەهل و جامانەکەی ئەبوبەکر هەڵەدنیدا

‌د. ئەمیر حسێن

باڵادەستیی ئایدیۆلۆژی مەرج نیە هەمیشە لە ڕێگەی تانک و شمشێری خوێناوی، یان بە زەبری توندوتیژی خۆی بسەپێنێ. جۆرێک داگیرکاری و کۆلۆنیالیزم هەیە هێمن و نەرم و لەسەرخۆیە، بەڵام زیاتر پێداگرەو بەنەفەسێکی درێژخایەنەوە پەلامار دەدات، لە دەروازە سنوریەکانەوە هێرش ناهێنێ، بەڵکو لە دەروازەی بیروباوەڕەوە هەڵمەت بۆ داگیرکردنی سیمبولە کلتوریەکان دەست پێدەکات. سەرەتا لەناو زمان، ستایلی جل وبەرگ، ناوی شوێن و کەسەکان، بۆنە نیشتیمانی و یادەوەریە مێژووییەکاندا جێگا بۆ خۆی دەکاتەوە و بە بێدەنگی دەکەوێتە داگیرکاری جوگرافیای کلتوور. ئەم فۆڕمە لە داگیرکاری، لە کەس ناخوازێ ئاین یان بیروباوەڕەکەی بگۆڕێت، لەژێر ناوی پیرۆزیدا، تەنها داوا دەکات، لە کولتوور و فەرهەنگ و شوناسە ڕەسەنە نەتەوەییەکەی دور بکەوێتەوە.

پارادۆکسە مەعریفییە گەورەکە لێرەدایە، ئایینەکان لە جەوهەری مێتافیزیکی و بنچینەییاندا، هەڵگری بەهای ئەخلاقی و ڕۆحیی مەزنن، هەر لە سەرەتاوە سنووری جوگرافیای خێڵ و گەل ونەتەوەکان تێدەپەڕنن، بەڵام مەرج نییە تاکە فۆڕمێکی کولتووریی دیاریکراو، لە پارادایمی جۆرە پۆشاکێک وەک یەکپۆشی، زمانێکی تایبەت بۆ پەیوەندی و گفتوگۆی ڕۆژانە بسەپێنن. ئەوە دامەزراوە ئایینییەکانن بەتایبەت ئەو بزوتنەوەو هێزە سیاسیانەی، ئەجندای ئایدیۆلۆژی شاراوەیان هەیە، بەردەوام هەوڵ دەدەن وا لە شوێنکەوتوەکانیان بگەیەنن، دینداریی ڕاستەقینە بێ قبوڵکردنی کولتووری (ناوەند)ی ئەویتر، نەک هەر تەواو نیە، بەڵکو نوقسانی گەورەی تێدایە، چونکە شوناسی خۆماڵی وەک قۆناغێکی (کەمکوڕی ئەخلاقی)، یان ( غەرقبون لە جەهالەت)، تەنانەت جۆرێک لە لادان و گوناە وێنا دەکەن، بۆیە بەردەوام بانگەشە دەکەن، لە پێناو بەدەستهێنانی ڕەزامەندی خودادا، پێویستە باوەڕداران هەموو ئەمانە تێپەڕێنن.

لەم دیدگا مەترسیدارە ئاسیمیلاسیۆنیستیەدا( توانەوەی کلتووری)، هەوڵدەدرێ سیمبولە خۆماڵییە ڕەسەنەکان نەک هەر هەڵبوەشێنرێنەوە بەڵکو وێران بکرێن، ناوە مێژووییەکان بگۆڕێن بۆ ناوگەلێکی ئاینی زیاتر، جل و بەرگی ڕەسەن و نەتەوەیی، وەک (لادان لە شەرعیەت) ئەژمار دەکرێ، زمانی نەتەوەیی لە بەرامبەر زمانی پیرۆزکراودا، دەخرێتە پەراوێزەوە. ئەولەویاتەکان لای باوڕداران، بەشێوەیەک ڕێکدەخرێتەوە، (ئوممەتی جیهانی)ی بێ سنور، دەچێتە سەروو مێژووی نیشتیمانی فعلیەوە، هەرکاتێک ئینتیمای نەتەوەییش، وەک هۆشیاریەکی سەربەخۆ سەرهەڵبدات، ئەوە دەکەوێتە ژێر گومان و هەڕەشە و مەترسییەوە.

لێرەدا کێشە لە خودی باوەڕو پابەندیدا نییە، بەڵکو لە تێکەڵکردنی چەمکەکاندایە، بەتایبەت لە نێوان (ڕۆحی ڕەها و کولتووری ڕێژەی)دا. ئاینی پیرۆزی ئیسلام، لە مێژووی پەیامە جیهانگیریەکەیدا، تەنها بۆ یەک کولتوورو جوگرافییای دیاریکراو دانەبەزیوە، وەک چۆن مەسیحییەت و بووداییش، تەنها پرۆژەیەک نەبوون بۆ گشتاندنی کولتووری ڕۆمانی یان هیندی. چونکە کاتێک ئایینێک دەچێتە ناو، ژینگەی شارستانیەتێکی نوێوە، ئیتر دەکەوێتە پەیوەندییەکی دیالێکتیکییەوە: وەک چۆن ڕەهەندی ڕۆحی و ئەخلاقی زۆر بەو ژینگە نوێیە دەبەخشێت، لە بەرامبەردا، جوڵە و جوانییە کولتووری و مێژووییەکانی ئەو ژینگەیە هەڵدەمژێت. بەڵام کاتێک داوا لە کۆمەڵگەیەک دەکرێت، دەست لە زمان، جل وبەرگ و بۆنە و ڕەمزە نەتەوەیی و مێژووییەکانی خۆی هەڵگرێت، ئەوکات بەدڵنیاییەوە، ئێمە لەبەردەم فۆڕمێکی سروشتی دینداریدا نەوەستاوین، بەڵکو لەبەردەم ستراتیژێکی بایۆپۆلەتیکی (Biopolitics)دا خۆمان دەبینینەوە، کە ئامانجی سڕینەوەی وجودی و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی کۆمەڵگایە لە فۆڕمێکی نوێدا.

میشێل فوکۆ دەرکی بەوە کردبوو، دەسەڵاتی مۆدێرن، تەنها جۆرێک لە سەرکوتکردنی دەرەکی، بەسەر جەستەدا ناسەپێنێت، بەڵکو هۆشیارییەکی ناوەکی بەرهەم دەهێنێت، بەجۆرێک مرۆڤ، سەرەتا میکانیزمەکانی کۆنترۆڵکردنی خۆی فێردەبێ، دواجار ئەو سیستەمەی بەسەریدا سەپێنراوە وەک ڕاستییەکی ئەخلاقیی قبوڵ دەکات. ئەمە ڕێک ئەوەیە ئەنتۆنیۆ گرامشی ناوی ناوە "هەژموونی کولتووری" (Cultural Hegemony)؛ کاتێک دەسەڵاتی ئایدیۆلۆژی سەرکەوتوو دەبێت لەوەی، بەها هاوردەکراوەکان، وەک یاسای سروشتی و بەدیهی نمایش بکات، تا ئەو ڕادەیەی خەڵکی بە ویستی خۆیان و بێ هەستکردن بە فشاری ماددی و فیزیکی، هێدی هێدی ڕادێن کە چۆن دەست لە میراتی مێژوویی خۆیان هەڵگرن.

مەترسیدارترین لایەنی ئەم پرۆژەیە ئەوەیە، خۆی وەک کایەیەکی دونیایی، یان ململانێیەکی سیاسی ناناسێنێت، بەڵکو عەبای پیرۆزیی ڕەها بە شان وملیدا بەردەداتەوە. بۆیە هەر کەسێک ڕەخنەی لێ بگرێت، وەک دژایەتیکردنی حزبێک، یان گروپێک تۆمەتبار ناکرێت، بەڵکو هەوڵدەدرێ وەک دژایەتیکردنی خودی ئایینەکە پێناسە بکرێ. بەم شێوەیە پیرۆزی دەبێتە قەڵغانێکی ئایدیۆلۆژی بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی کلتوری باڵادەست، ڕەخنەی مەعریفیش دەبێتە تاوانێکی ئەخلاقی، سزاکەی بەرەڵاکردنی لەشکرێک جنێو فرۆشە لە پێناو ناشیرنکردن و لەکەدارکردنی لە ڕوی کۆمەڵایەتیەوە.

کۆمەڵگەی کوردی، نەک تەنها لەبەردەم مەترسیی داخورانی بەردەوامی جوگرافیاکەیدایە، بەڵکو ئێمە لەبەردەم مەترسیی (سڕینەوەی یادەوەری) و جینۆسایدی نەرمی کولتووریدان. ئاشکرایە هیچ کاتێک شوناس لە پڕێکدا و بە یەکجار قوت نادرێ، بەڵکو پێویستی بە نەشتەرگەریی قەیسەری ورد و پارچەکردنی قۆناغ بە قۆناغ هەیە، ئەم کردارەش تەنها لە تاقیگەی ئایدیۆلۆژیادا فەراهەم دەبێت، لە ناوەوە لەڕێگەی بەشێک لە پیاوانی ئاینیەوە دەست پێدەکات، پاشان جل و بەرگ و زمان، نەریت و بۆنەکان، سیمبولە مێژووی و نەتەوەییەکان، لە کۆتاییدا شێوازی تێڕوانینی مرۆڤ بۆ خۆی و مێژووەکەی دەگۆڕێت. تا وای لێدێت کاتێک بەئاگا دێتەوە، دەبینێت چەند نامۆیە بە کولتوورە ڕەسەنەکەی خۆی، نیشتیمانەکەی بۆتە تاراوگە، میراتی ڕەسەنی باب و باپیرانی، لە ڕوانگەی هۆشیارییەکی داگیرکراو، وەک شتێکی بێبایەخ و ڕوکەش، لە بەرامبەر کولتوورێکی هاوردەکراودا دەبینێ، تەنها لەبەر ئەوەی بەرگی ڕەها و پیرۆزی بەبەردا کراوە.

بەرگریکردن لە تایبەتمەندیە کولتووریەکان، هەرگیز بە واتای داخران، یان هەڵکشانی هەستی شۆڤێنیزم نییە، وەک چۆن ڕەخنەگرتن لە هاوردەکردنی کولتووری بێگانە، هەرگیز بە واتای ڕەتکردنەوەی ئایین نییە. ئایین ئەزموونێکی ڕۆحیی باڵایە، بەڵام کولتوور بەرهەمی جووڵەی مێژوو، ململانێی جوگرافیا، داهێنانەکانی زمان و ئەزموونی بەرجەستەی مرۆڤە. بۆیە کاتێک بەناوی پیرۆیەوە کولتوورە جۆراو جۆرەکان قووت دەدرێن، باوەڕ لە هێزێکی ڕزگارکەرەوە، دەبێتە ئامرازێک بۆ ماڵیکردن، مرۆڤیش لە بوونەوەرێکی ئازادەوە دەگۆڕێ بۆ کۆپییەکی دووبارە، ئیتر سەر بە خاک و مێژووی خۆی نەماوە.

کێشەکە ئەوە نییە: (کام جۆری دینداری هەڵدەبژێرین ، یان کام جۆری دینداری ڕاستە ؟!) بە دشداشەوە یان مورادخانی، بەڕیش و دەلینگی کورتەوە، یان سیمای جوانی کوردەواری، بە بۆنی مسک و عەمبەرەوە، یان عەتری شانێل وگەرلان، بە سیواکەوە یان مەعجونی سێنسۆداین .. بەڵکو ئەو پرسیارە وجودیەی ئەمڕۆ لە هەمووکاتێک زیاتر ڕووبەڕوومان دەبێتەوە ئەوەیە: (کام هێز زیاتر مەترسی هەیە بۆ ئەوەی شوناسی کولتووریمان لە قاڵب بدات و چارەنووسی ئەگامەندیمان کۆنتڕۆڵ بکات؟). ئایە بەڕاست دینداری ڕاستەقینە پێویستی بە خۆکوژیی مێژوویی و حاشاکردنە لە سیمبولە کلتووری و یادەوەریە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکان، یان باڵاترین فۆڕم بۆ ناسینەوەی پیاوانی ئاینی ڕاستگۆ، لە ڕۆحێکی ئیمانداری ڕەسەنی کوردانەی زاڵدایە، بەردەوام لە پاڵ دینداریە پاک و بێگەردەکەیاندا، تا ئەبەد بە دڵسۆزی دەمێننەوە لە گەڵ خاک و زمان و تایبەتمەندییە کولتوورییەکانی نەتەوەکەیاندا ؟.


PM:03:23:14/07/2026

ئه‌م بابه‌ته 204 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی