نەخشەڕێگای نیشتمانی بۆ ڕزگاربوون لە تەنگژەکان
هیوا عومەر
دەقی پرۆژەی نەخشەڕێگای نیشتمانی بۆ ڕزگاربوون لە تەنگژەکان كە لەلاین هاورێ هیوا عمر جێگری سكرتێری كۆمیتەی ناوەندی حیزبی شیوعی كوردستان لە كەڕنەڤالێكی جەماوەری لە شاری هەولێر بڵاوكرایەوە .
بەرەو دادپەروەری، بەشداریی سیاسیی هەمووان، ڕێککەوتن لەسەر بەرنامەی گۆڕانکاری و پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان
هەموولایەک دەزانین هەرێمی کوردستان بە بارودۆخێکی هەستیار و ئاڵۆزی سیاسی و کارگێڕیدا تێدەپەڕێت. بەلای ئێمە، ئەمە بەشێکی زۆری پەیوەستە بە کەڵەکەبوونی کۆمەڵێک دیاردە و کێشەی ڕابردوو و هەنووکە لە شێواز و ڕەوتی بەڕێوەبردنی دەسەڵاتدا، کە بۆتە قەیرانی گشتگیر و هەموو بوارەکانی (سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری) گرتووەتەوە و لێکەوتەکانی دەبینین.
قەیران و کێشە ناوخۆیییەکانی هەرێمی کوردستان تەنیا پەکخستنی پەرلەمان و حوکوومەت و دامەزراوە نیشتمانی و شەرعییەکان نییە، بەڵکو بە پلەی یەکەم پەکخستنی ڕۆڵی هاووڵاتییانە لە سیاسەت و بەڕێوەبردندا. بەهۆی گۆڕانکارییە جیهانی و ناوچەیییەکان و دۆخی ناوخۆ، هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی قۆناغێکی مەترسیدار دەبێتەوە. قەیرانەکە تەنیا لە بنبەستی سیاسیی نێوان دوو هاوپەیمانیی حوکوومڕاندا خۆی نابینێتەوە وەک ئەوەی لە میدیاکاندا دەردەکەوێت، بەڵکوو جەوهەری قەیرانەکە نەمانی بەشداریی سیاسی و هاووڵاتیی کارای کوردستانییە وەک سەرچاوەی شەرعییەتی سەرەکی و میللیی دەسەڵات. ڕاپرسییەکان لەو بارەیەوە ئاماژەی ترسناک پیشان دەدەن؛ چیتر هاووڵاتی خۆی وەک سەرچاوەی دەسەڵات و بەشدار لە بەڕێوەبردندا نابینێتەوە، ئەمەش نەک هەر لە ئاستی پرسە ناوخۆیییەکان، بەڵکو لە ئاستی پرسە نیشتمانییەکانیشدا گەیشتووەتە قۆناغێکی مەترسیدار.
۱ـ قەیرانی گشتگیر
دیاردەی نەمان یان لاوازیی بەشداریی سیاسی، ڕەنگدانەوەی بەرنامە و هەیکەلیەتی سیستەمی سیاسی، ئابووری و کارگێڕیی زیاتر لە سی ساڵی هەرێمی کوردستانە کە لە ئەمڕۆدا ڕووبەڕووی قەیرانی گشتگیری کردووەتەوە. وێنە گەورەکە ئەوە پیشان دەدات کە کۆی سیستەمەکە و تەنانەت ژیانی حیزبیش، چیتر هاووڵاتی و نیشتمان چەقەکەی نییە، بەڵکوو لە پێناو ناوەندێکی بنەماڵەیی و ئۆلیگارشییە کە تادێت زیاتر هێز و پارە کۆدەکاتەوە لەسەر حیسابی پەراوێزخستن و هەژارخستنی زیاتری هاووڵاتییان و خودی قەوارەکەش. داتاکان پاشەکشەی ترسناک لە مافە سیاسی، مەدەنی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان پیشان دەدەن؛ هاوکات ئەم پاشەکشەیە پەڕیوەتەوە بۆ سەر خودی قەوارەی هەرێمی کوردستان لەبەرامبەر عەقڵییەتی ناوەندێتیی دەوڵەتی عێراقدا.
۲ـ گوتار و عەقڵییەتی پۆپۆلیستی
بەرنامە و عەقڵییەت و ئەدای حوکوومڕانیی هێزەکانی هاوپەیمانی دەسەڵات، بەرپرسیاری سەرەکین لەم بارودۆخەی ئەمڕۆ. لە لاکەی تریش گوتار و بەرنامەی پۆپۆلیستیی زۆرینەی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنیش بەپێی پێگەی خۆیان بەرپرسیارێتی هەڵدەگرن و دەسەڵاتیش لەو گوتارە بێبەری نییە. بەبێ ڕەخنە گرتن لە گوتاری پۆپۆلیستی و خستنەبەردەم بەرپرسیارێتیی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن، ناتوانین هەڵسەنگاندنێکی بابەتیانەی دۆخی ئەمڕۆ بکەین.
لە بارودۆخێکی وادا کە هەڕەمی دەسەڵات دەبێتە سەرچاوەی قەیران، گەڕانەوە بۆ خەڵک و ناوەندە زانستی و ڕۆشنبیرییەکان ڕێچارەیە. لەو بارەیەوە «مەکتەبی سیاسیی حیزبی شیوعیی کوردستان» زنجیرەیەک گفتوگۆی لەگەڵ چین و توێژەکان و دەستەبژێر لە شارەکانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆک، کەرکووک، ئیدارەی ڕاپەڕین) ئەنجامداوە و ئەم نەخشەڕێگایەش بەرئەنجامی ئەو گفتوگۆیانەیە کە لەگەڵ سەدان هاووڵاتی و دەستەبژێر ئەنجامدراوە.
---
بەشی یەکەم: کایەی سیاسی و گۆڕینی چەقی کاری سیاسی
بۆ ئەوەی لە بازنەی بەتاڵی شەڕێکی تەواونەکراوی ناوخۆ دەربچین، دەبێت جارێکی تر پێداچوونەوە بە چەقی کاری سیاسیدا بکەین. بۆ ئێمە دیاریکردنی چین و توێژە بە ئامانجکراوەکان وەک کرێکاران، کارمەندان، فەرمانبەران، ژنان و گەنجانی بێکار، چەقی کار و ڕوئیای ئێمەن. ئەم نەخشەڕێگەیە لە بری ژماردنی ئیستیحقاقاتی کورسیی هەڵبژاردن، نەخشەڕێگەی ئیستیحقاقی چین و توێژە پەراوێزخراوەکانە. کاری ئێمە ئامۆژگاریکردنی دەسەڵات نییە بۆ دابەشکردنی کێکی دەسەڵات، ئەمە چارەسەری قەیرانەکان ناکات، بەڵکوو هەوڵێکە بۆ گەڕانەوەی مانا بۆ کاری سیاسی و زەمینەسازی بۆ بەشداریی سیاسیی هەمووان، ئەمەش کارێکی لەسەرخۆ و پشوودرێژانەی دەوێت.
بەشی دووەم: بواری حوکوومڕانی
داواکاریی ئێمە تەنیا خۆی لە کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی تازەدا نابینێتەوە، بەڵکو ناوەڕۆکی ڕوئیای کارنامە و ئیرادەی سیاسیی کابینەی تازە ئەوە دیاری دەکات. بۆ ئەمەش جەخت لەسەر ئەم خاڵانە دەکەینەوە:
١. پێویستیی ئەنجامدانی گۆڕانکاری و چاکسازیی گشتگیر لە سیستمی سیاسی و ئابووریدا و پێداچوونەوە بەو سیاسەتانەی بوونەتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی و غیابی خۆژینی.
٢. پێویستە چەمکی چاکسازی بە هەنگاوی کردەیی بۆ جەماوەر ڕوونبکرێتەوە، قۆرخکاری کۆتایی پێ بهێنرێت و سنوورێک بۆ دەستتێوەردانی حیزبی لە کاروباری حوکوومەت و دامەزراوەکاندا دابنرێت.
٣. پێداچوونەوە بە سیاسەتی ئابووریدا و دوورکەوتنەوە لە سیاسەتەکانی بانکی نێودەوڵەتی و هەنگاوەکانی بۆ تایبەتکردنی (خصخصە) کەرتی گشتی.
٤. پابەندبوونی حوکوومەت بە دابینکردنی هەلی کار، بیمەی بێکاری، تەندروستی و خزمەتگوزارییەکانی خوێندن بە خۆڕایی، لەپاڵ دابینکردنی شەفافییەت و کاراکردنی چاودێری.
٥. هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات وەک: کشتوکاڵ، گەشتوگوزار و پیشەسازی و پشتگیریکردنی گەنجان بۆ دامەزراندنی پڕۆژە بچووک و مامناوەندەکان.
٦. یەکخستنی هێزی پێشمەرگە و دامەزراوە ئەمنییەکان لەسەر بنەمای بیروباوەڕی نیشتمانی و بڕینی دەستی حیزب لەناو هێزەکانی پێشمەرگە، ئاسایش، پاراستن، زانیاری، پۆلیس، زێرەڤانی و ...هتد.
٧. جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و بەهێزکردنی دامەزراوەی دادوەری و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵکاران و ژینگەی بەرهەمهێنانی گەندەڵی و تاڵانیی سامانی ژێر زەوی و سەر زەوی.
بەشی سێیەم: قەوارەی هەرێمی کوردستان
داڕشتنی نەخشەڕێگەیەکی نیشتمانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی فشارەکانی حوکوومەتی عێراق پێویستییەکی هەنووکەیییە تا هەرێم بتوانێت ئەو گەمارۆیانە تێپەڕێنێت. تێکۆشان بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و تەواوکردنی قۆناغی ڕزگاریی نیشتمانی بە دروشم ناکرێت، بەڵکو گرێدراوە بە دابینکردنی مافەکان، ژیانێکی شەرەفمەندانە و بەدیهێنانی حکوومڕانییەکی باشەوە. ئەمەش بەدی نایەت بەبێ گۆڕانکاری و جێبەجێکردنی ئەو خاڵانەی ئاماژەیان پێکراوە. بۆ بەدیهێنانی ئەم داواکارییانە، ئێمە سەرجەم تواناکانمان یەخەین و بە شێوازی مەدەنی و ئاشتییانە، خەباتی هاوبەش لەگەڵ بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و ئەو هێزانەدا دەکەین کە خۆیان بە بەشێک لە هێزی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی و سیاسی دەزانن.
چەند تێبینییەکی گشتی:
* یەک: ئەمە هێڵە گشتییەکانی نەخشەڕێگای نیشتمانییە بۆ ڕزگاربوون لە تەنگژەکان؛ بەرەو دادپەروەری، بەشداریی سیاسیی هەمووان، ڕێککەوتن لەسەر بەرنامەی گۆڕانکاری و پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان. ئەم هێڵە گشتییانە لە هەموو بوارەکاندا پێویستییان بە وردکردنەوە و میکانیزمی گونجاوە بۆ چۆنیەتیی بەکۆمەڵایەتیکردنیان، بۆ ئەوەی ببێتە سەرچاوەی فشارێکی فیکری، سیاسی و جەماوەری لەپێناو گۆڕانکاری و چاکسازیی هەمەلایەنە. ئەمە پرۆسەیەکی بونیادنانە و کاری شەو و ڕۆژێک نییە؛ کاری بەردەوام و بەیەکەوەیی دەوێت.
* دوو: هەروەک چۆن ئەم پرۆژەیە بەرژەوەندیی ناوەندێکی ئۆلیگارشی وەک ڕێگری سەرەکی دەبێت لە بەردەم جێبەجێکردن و سەرکەوتنی، بەڵام ئەوەش دەزانین کە کۆک و تەبایە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی زۆرینەی خەڵکی کوردستان، پەراوێزخراوەکان و خودی قەوارەی هەرێمی کوردستان؛ بۆیە بە ئومێدەوە تەماشای داهاتوو و سەرکەوتنی ئەم پرۆژەیە دەکەین.
* سێ: ئەم نەخشەڕێگایە هەوڵێکە بۆ گواستنەوەی گفتوگۆی سیاسی لە ئاستی ململانێی هێزە سیاسییەکانەوە بۆ ئاستی قووڵتری قەیران، واتە: قەیرانی بەشداریی سیاسی، شەرعیەتی دەسەڵات و پەیوەندیی نێوان هاووڵاتی و دامەزراوەکان. وەک دەبینین لە گفتوگۆ سیاسییەکانی هەرێمی کوردستاندا، هۆکارە قووڵەکانی قەیران لە ژێر سێبەری ململانێی ڕۆژانەی حیزبیدا ون کراوە. ئەم نەخشەڕێگایە هەوڵ دەدات چەمکی «هاووڵاتی» وەک ناوەندی پرسی سیاسی بگەڕێنێتەوە ناو فەزای گفتوگۆکان. هەموو ئەزموون و سیستمە سیاسییە سەرکەوتووەکان نیشانی دەدات کە هیچ چاکسازییەکی بەردەوام و گۆڕانکارییەک بەبێ بەشداریی کارای هاووڵاتییان بەدی نایەت.
* چوار: کاری ئێمە لەگەڵ گروپ، چین و توێژە پەراوێزخراوەکان و هەموو هێز و لایەنە چەپ و پێشکەوتنخوازەکان و ڕۆشنبیران بەردەوام دەبێت بۆ دروستکردنی هێزێکی گەورەی گۆڕانکاریی سیاسی و کۆمەڵایەتی لەپێناو هاووڵاتییان و کوردستانێکی دادپەروەرو بەهێز و سەرکەوتوو.
PM:02:58:01/07/2026
ئهم بابهته 72
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی