ئۆپەراسیۆنی بەرەبەیان عێراق بەرەو کوێ دەبات؟
فارس نەورۆڵی
لە دوای دانانی چەک لەلایەن چەند گرووپێکی چەکدارەوە و پەیوەستبوونیان بە دەوڵەتەوە، هەنگاوی دووەمی حکومەت دەستبردن بوو بۆ فایلی گەندەڵی و گێڕانەوەی سەروەتی دزراوی عێراق بۆ خەزێنەی دەوڵەت. دوانەی چەکی نایاسایی و گەندەڵی هۆکاری سەرەکیی ناسەقامگیریی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووریی عێراقن؛ کۆنترۆڵکردنیان لەلایەن دەوڵەتەوە، هێزێکی تەواو بە حکومەت دەبەخشێت.
پرۆسەی ئۆپەراسیۆنی قەڵاچۆکردنی گەندەڵی، نە کودەتایە و نە شۆڕش وەک هەندێک کەس باسی دەکەن، بەڵکو بەکارهێنانی هێزی قانوونە لەلایەن حکومەتەوە بۆ ئەو سەرپێچیانەی لەلایەن کارمەندانی گەورە و بچووکی حکومەتەوە کراون، کە لە ڕێگەی ئیستغلالکردنی وەزیفەکانیانەوە سەروەتێکی بێژماریان دزیبوو و دەبێت بیگەڕێننەوە بۆ حکومەت. ئەم هەنگاوانەی عەلی زەیدی، پشتگیرییەکی نێودەوڵەتی، هەرێمایەتی و شەقامی عێراقی هەیە؛ هەرچەندە دەستبردن بۆ گەندەڵکاران لە عێراقدا وەک یەکێک لە ئاڵۆزترین و هەستیارترین دۆسیەکان دەبینرێت، چونکە ئەم گەندەڵییە لە عێراقدا تەنها سەرپێچییەکی دارایی نییە، بەڵکو گۆڕاوە بۆ پێکهاتەیەکی قووڵ کە ڕەگ و ڕیشەی لەناو جومگەکانی دەسەڵات و دامودەزگاکانی حکومەتدا داکوتاوە.
لێرەدا ئەو پرسیارە سەرهەڵدەدات: ئایا دەستبردن بۆ هەڵکێشانی ڕەگ و ڕیشەی گەندەڵی، عێراق بەرەو کوێ دەبات؟
بەشێکی سەرەکیی وەڵامی ئەم پرسیارە بەستراوە بە ئاستی جدییەتی حکومەت و بەردەوامبوونی لەسەر پرۆسەکە، و دواتر پشتگیریی سیاسی و جەماوەری لە عێراقدا بۆ پاڵپشتیی دەوڵەت لەو پرۆسەیەدا. لەلایەکی دیکەوە، سەردانی سەرۆک وەزیران بۆ واشنتۆن و دیداری ترەمپ، و دواتر سەردانی بۆ وڵاتانی ناوچەکە، هێزی یەکلاکەرەوە دەبەخشێت بە حکومەتی عەلی زەیدی بۆ بنبڕکردنی گەندەڵی و بەرنامەکانی دیکەی حکومەتەکەی. لە هەمان کاتدا، دەبێت بە کردار بسەلمێنرێت کە هیچ لوغزێکی سیاسی لەم پرۆسەیەدا نییە و بێ جیاوازی یاسا بەسەر هەموو گەندەڵکارێکدا جێبەجێ دەکرێت، و تەنها ئامانج لەم پرۆسەیە خزمەتکردنی عێراقییەکانە؛ چونکە کاتێک یاسا بە یەکسانی و بێ جیاوازی بەسەر هەموواندا جێبەجێ دەکرێت، ئیتر ئۆپەراسیۆنەکان دەتوانن بنەمایەکی نوێ بۆ سەقامگیریی سیاسی، کۆمەڵایەتی و بوژانەوەی ئابووری دابمەزرێنن، کە تێیدا داهاتی نیشتمان بۆ خزمەتی گشتی (لە هەڵەبجەوە بۆ بەسرە) دادپەروەرانە بۆ گەشەپێدانی ژێرخان بەکاربێت.
لە لایەکی دیکەوە، ستراتیژی ڕووبەڕوبوونەوەی گەندەڵی، جگە لە گرتن، دەبێت کار لەسەر وشککردنی سەرچاوەکانی گەندەڵی بکات لە ڕێگەی مۆدێرنکردنی سیستمی کارگێڕییەوە.
دواجار دەکرێ بڵێین ئایندەی عێراق لە بەره نجامی نەمانی چەکی گرووپەکان، دژایەتیکردنی گەندەڵی و گەڕانەوەی سەروەتی دزراوی عێراق بۆ خەڵک، لە نێوان دوو بژاردەدایە: یەکەم، گۆڕینی پرۆسەکە بۆ ڕیفۆرمێکی ڕاستەقینە کە متمانە بۆ دەوڵەت بگێڕێتەوە و هیچ هاوڵاتییەک بێ جیاوازیی مەزهەب و نەتەوە هەست بە غەدر نەکات؛ دووەم، یان هێشتنەوەی وەک مانۆڕێکی کاتی کە نەتوانێت گۆڕانکاری لە بنەماکانی حوکمڕانیدا بکات.
PM:07:59:30/06/2026
ئهم بابهته 204
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی