گوتاری ڕەق؛ تێکدانی پرۆسەی سیاسی و ئاشتیی کۆمەڵایەتی
نووری بێخاڵی
لە دنیای سیاسەتدا، قەیرانەکان تەنیا لە ئەنجامی ململانێی یاسایی یان دەستووریی لەسەر دەسەڵات سەرچاوە ناگرن، بەڵکوو زۆرجار ئەو قەیرانانە لە قووڵایی کایەی زمان و گوتاردا لەدایک دەبن و گەشە دەکەن.
بە واتایەکی ڕوونتر؛ کاتێک هێزە سیاسییەکان گوتاری ڕەق و پێداگریی بێچەندوچوون دەکەنە تاکە ستراتیژی مانەوە و سەرکەوتن، زمان لە ئامرازێکی عەقڵانی بۆ بەیەکگەیشتن و دۆزینەوەی خاڵی هاوبەش و چارەسەر، دەبێتە چەکێکی کوشندە کە یەکەمین قوربانییەکانی، پرۆسەی سیاسی، ئاشتیی کۆمەڵایەتی و ئارامیی دەروونیی تاکەکانن.
وەک ئاشکرایە؛ گوتار و هێڵی ڕەق لە سیاسەتدا، کار لەسەر بنەمای (سفر-سەرکەوتن) دەکات، واتە سەرکەوتنی من، تەنیا لە ڕێگای سڕینەوە یان شکاندنی تەواوەتی تۆوە دێتە دی. دیارە ئەم جۆرە تێڕوانینەش زیانێکی کوشندە بە پرۆسەی سیاسی و تەواوی کۆمەڵگا دەگەیەنێت. بۆیە دەکرێت لەسەر سێ ئاست و ڕەهەندی سەرەکیدا، قسە لەسەر کاریگەریی مەترسیداری ئەم گوتارە بکەین، کە ئەوانیش بریتیین لە ئیفلیجبوونی پرۆسەی سیاسی، پارچەپارچەبوونی جەستەی کۆمەڵایەتی و تیرۆری دەروونیی تاک.
ئەم جۆرە گوتارە، بەهۆی زمانە زبر و تۆمەتبەخشەکەیەوە، پرۆسەی سیاسی ڕووبەڕووی ئیفلیجبوونێکی گشتگیر دەکاتەوە. چونکە چەمکی سازان و نەرمینواندن وەک پاشەکشە و ناپاکی وێنا دەکات، نەک وەک جۆرێک لە لێهاتوویی دیپلۆماسی. بەمەش دەرگاکانی دیالۆگی ڕاستەقینە کڵۆم دەدات و متمانەی گشتی بە خودی دامەزراوە شەرعی و فەرمییەکان بە تەواوی لاواز دەکات، بە جۆرێک کە هاووڵاتیان دەگەنە ئەو بڕوایەی؛ ئەم دامەزراوانە لە بری چارەسەرکردنی کێشەکان، بوونەتە مەیدانی شەڕەدەنووکی کاتیی هێزەکان.
دیارە ئەم چەقبەستووییە سیاسییە تەنیا لەناو هۆڵە داخراوەکان و کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا قەتیس نابێت، بەڵکوو بە تێپەڕبوونی کات، لە ڕێگای میدیا و سەکۆ جیاوازەکانی پەیوەندییەوە، دزە دەکاتە ناو قووڵایی دەمارەکانی کۆمەڵگا. بە شێوەیەک کە شەقامی سیاسی بەرەو ئاراستەی ڕق و جەمسەرگیرییەکی ستوونیی توند دەبات. چونکە کاتێک زمان لە ڕەخنەگرتنەوە دەگۆڕێت بۆ بەشەیتانکردنی نەیار، نەک هەر پەیوەندیی سیاسی، بگرە ڕایەڵە کۆمەڵایەتییە دێرینەکانی وەک دۆستایەتی، هاوسێیەتی و تەنانەت پەیوەندییە خێزانییەکانیش لەسەر بنەمای دڵسۆزیی کوێرانە یان دژایەتیکردنی ئەوانی تر، دابەش دەبن.
لە جیهانی سیاسەتدا دەگوترێت سیاسەتمەداران بەو زمانە دەدوێن کە شەقام پێی دەجووڵێت، بەڵام مەترسییە گەورەکە لەو ختووکەدانەدا ئەوەیە، کە شەقامەکە بە ئاراستەی ڕقدا دەجووڵێنن. چونکە گوتاری ڕەق هەمیشە پێویستی بە زیندووڕاگرتنی دوژمنێکی هەمیشەیی هەیە بۆ ئەوەی جەماوەرەکەی لەدەوری خۆی کۆ بکاتەوە، بەمەش ڕۆحی پێکەوەژیانی ئاشتیانە و لێبوردەیی لەناو ڕەوتی گشتیی کۆمەڵگادا دەکوژێت و فەزایەکی لێوانلێو لە گومان و دڕدۆنگی بەرهەم دەهێنێت.
هەڕەشەی هەرە گەورە و شاراوەی ئەم دۆخە، لە ڕەهەندە دەروونییەکەیدا بەرجەستە دەبێت. چونکە توندوتیژیی زمانەوانی و تاریکبوونی ئاسۆی سیاسی، تاک تووشی گوشارێکی دەروونیی تووند دەکەن. ئەم بارگرانییە دەروونییەش؛ لە داهاتوودا دەبێتە هۆی دروستبوونی گومان و دڵەڕاوکێیەکی درێژخایەن، کە تێیدا مرۆڤەکان متمانەیان بە چارەنووسی خۆیان، کار و بژێویی خێزانەکانیان نامێنێت، ئەمەش وایان لێ دەکات یان بەرەو گۆشەگیری و نامۆبوونی سیاسی پاشەکشە بکەن (دوورکەوتنەوەی وزە عەقڵانی و داهێنەرەکان لە کایەی گشتی) یان تووشی بێهیواییەکی قووڵی گشتگیر ببن کە دەرەنجامەکانی بە شێوازی جۆراوجۆر لەناو خێزانەکاندا ڕەنگ بداتەوە (کۆچی بەکۆمەڵی گەنجان، خەمۆکیی کۆمەڵایەتی، بەرزبوونەوەی ڕێژەی توندوتیژیی ناوخۆیی).
دواجار، هەرچەندە دەکرێت قەیرانە سیاسییەکان لە ڕێگای ڕێککەوتنی کاتییەوە تێبپەڕێندرێن، بەڵام ئەو برینە دەروونی و کۆمەڵایەتییانەی کە گوتار و هێڵی ڕەقی سیاسی لە دوای خۆیدا جێیان دەهێڵێت، پێویستیان بە ساڵانێکی زۆرە بۆ سارێژبوونەوە، ئەمەش بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی دەخاتە سەر شانی سەرکردە عەقڵانییەکان و دەستەبژێری ڕۆشنبیری و میدیایی بەرپرسیار، کە وەک هێڵی سووری نیشتمانی؛ کار بۆ گێڕانەوەی زمانی دیالۆگ، متمانەی سیاسی، ئاشتیی کۆمەڵایەتی و پاراستنی سەقامگیریی دەروونیی تاک بکەن.
AM:11:05:30/06/2026
ئهم بابهته 76
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی